کۆبوونەوەیەکی گشتی بە بەشداری هێز و لایەنەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و چەندین کەسایەتی سەربەخۆ، بە دەسپێشخەری کومیتەی هێزە سیاسیە کورد و کوردستانیەکانی شاری یۆتۆبۆری و هەروەها ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

لەم کۆبوونەوەیە دا کومیتەیەکی بەرفراوان بە ناوی کومیتەی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران پێک هێنرا بۆ ڕێکخستنی ئاکسیۆن و خۆپیشاندان و چالاکی جەماوەری دژ بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەم ماوەیەداو بۆ پشتیوانی ڕاپەڕینی نوێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران

یەکەم پلانی ڕێکخستنەکە چالاکی خۆپیشاندانی گەورە لەناوەڕاستی شاری یۆتۆبۆری بوو کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۳/۱۱/۲۰۱۹ لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە و بە بەشداری سەدان کەس لە هێزو لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی ئازادیخوازی دانیشتووی شاری یۆتۆبۆری بەڕێوەچوو.

لەم چالاکیەدا پاش ڕێپێوان و هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی و درووشم بە دژی ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی، جەماوەرەکە لە مەیدانی “گوستاڤ ئادۆلف تۆری” بە مەبەستی سازدانی میتینگێک کۆبوونەوە.
میتینگەکە بە سروودی شۆڕشگێڕانەو چەن ساتێک بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختکردووانی ئەم ڕۆژانەی ئێران و کوردستان، دەستیپێکرد.
لە ڕیزی بەرنامەکاندا سەرەتا پەیامی کومیتەکە بەسویدی و پاشان بەزمانی کوردی لە لایەن هاوڕێ -بێهنام فەتحی- ئەندامی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری خوێنرایەوەو پاشان پەیامەکانی هەریەک لە بەڕێزان: ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن بەڕێز: بەهار وەیسی و ڕێکخستنەکانی پژاک لە لایەن: بەڕێز ڕێبوار یارئەحمەدی و چەند کەسایەتی دیکەی بەشداربوو لەم خۆپیشاندانەدا خوێنرایەوە.
میتینگەکە بە چەند سروودێکی شۆڕشگێڕانە لە لایەن هۆنەرمەند “فیغان” ڕازایەوە.

“کومیتەی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران” لە درێژەدان بە چلاکیەکانی خۆی لەم شارەدا بەردەوام دەبێت.