خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

بەمجۆرە رادەگەیەنین کە رۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی  رێکەوتی ١٤ی مانگی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی کاک عەبدوڵرەحمان ئیسماعیلی ناسراو بە “مەلائەورەحمان” سیمای خۆشەویست و ناسراوی خەڵکی ناوچەی سنە و باوکی سێ هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە بەداخەوە دڵی گەورە و پر لە خۆزگە وئاواتی بۆ رزگاریی بەشمەینەتان بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

کاک عەبدوڵرەحمان کە دوو کوری ئازیزی، هاورێ کەماڵ ناسراو بە دکتور رەحمەت و هاورێ بەدیعی لە ریزی گوردانی قارەمان و بەناوبانگی”شوان”دا  و لە کارەساتی دڵتەزێنی رۆژی ٢٧ی رەشەممەدا گیانیان بەخت کرد و، ساڵی ١٣٦٧یش  سێهەم کوری واتە هاورێ حیکمەت لە زیندانی سنە لە لایەن رژیمی جینایەتکاری ئیسلامییەوە گولەباران کرابوو، سیمایەکی خۆشەویست و ناسراو و جێگای متمانەی هەمووان بوو.باخەکەی مەلائەورەحمان لە باوەرێز سەرچاوەی هەواڵپرسین و زانیاری وەرگرتنی بنەماڵە و کەس و کاری پێشمەرگە بوو.

“مەلا ئەورەحمان” گەلێک جاران لەلایەن ئیتلاعات و هێزەچەکدارەکانی رژیمی ئیسلامییەوە کەوتە ژێر ئازار و گووشارەوە، بەڵام وەک زۆربەی باوکە خۆراگرەکانی کوردستان،وەک ئەو باوکانەی بە ورەی پۆڵاینی خۆیان مایەی دڵگەرمی رۆڵەکانیان بوون لە ریزەکانی خەبات و شۆرشی کوردستاندا،نەک دام و دەزگای سەرکوتگەرانی بە چۆک دا دەهێنا،بەڵکوو وەک هێمای خۆراگریی و شۆرشگێریی ببووە سیمایەکی ناسراو و جێگای متمانە و، بەبەردەوامی ماڵ و ئیمکاناتی ژیانی لەخزمەت پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی رەوا و مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا بوو.مەلا ئەورەحمان نەتەنیا بە هۆی رۆڵە خەباتکار و تێکۆشەرەکانیەوە،بەڵکوو بە هۆی ورەی بەرز و تەرخانکردنی ماڵ و منداڵی بۆ شۆرشی چەوساوەکان و، کەسایەتی بەرزیەوە خۆشەویست و ئازیزی خەڵکی ناوچەکە بوو.

ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری کاک عەبدوڵرەحمان ئیسماعیلی و خەڵکی خەباتکاری باوەرێزی سەربەرز و سنەی خۆراگر دەکەین.

بژی یادی ئازیزی کاک مەلا ئەورەحمان و هەموو گیانبەختکردووانی رێبازی رزگاریی بەشمەینەتان و خەڵکی کوردستان.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٥ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی

٢٦ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی