دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١/١٢/٢٠١٩ بە بەشداریی نوێنەرانی کومیتەی حیزبەکانی سەر بە ناوەندی هاوکاریی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، “کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران/فینلاند” پێک هات.

کۆبوونەوەکە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی و یەکسانی بە تایبەت گیانبەختکردوانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا پاش باسکردن لەسەر زەروورەتی هاوکاریی، رێکخستن‌و چالاکی هاوبەش‌، لەسەر چەندین خاڵ رێکەوتن کرا.

بەرپرسایەتیی ئەم کۆمیتەیە بە شێوەیەکی دەورەیی بەڕێوە دەچێ‌و هەر وەرزێک واتە سێ مانگ جارێک، نوێنەری یەکێک لە حیزبەکانی بەشدار، ئەو بەرپرسایەتی‌یە لە ئەستۆ دەگرێ.

بە پێشنیاری ئەندامانی بەشدار لە کۆبوونەوەدا، بەرپرسایەتی یەکەمین دەورە، نۆێنەری “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” خاتوو پڕشنگ محەممەدی دیاری کرا.

لۆگۆی ئەم کۆمیتەیە، هەمان لۆگۆی “ناوەندەی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران”ە.

“کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە فینلاند”، بۆ پشتیوانیی خەباتی خەڵکی شوڕشگێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ژێر دەسەڵاتی کۆنەپەرەست و فاشیستی ‘کۆماری ئیسلامی ئیران”  یەکگرتووانە و هاودەنگ. چالاک ئەبێت.

بەو هیوایە بە هەوڵ و تێکۆشانی هەمووان لە داهاتوو دا کۆی  جموجوڵ و ناڕەزایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هی خۆمان بزانین و هاوکار و پشتیوانی گەلەکەمان  لە ناوخۆی وڵات بین.

لە ئاخر دا کۆبوونەوەکە پاش سێ کاتژمێر لە فەزایەکی دۆستانە و شۆڕشگێڕانە کۆتایی پێ هات.

کۆمیتەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی فینلاند