خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی کە بەدەستمان گەیشتووە سەعات دە و سی و شەش دەقیقەی ئەم شەو واتە پێنجشەممە ١٤ی سەرماوەز رێکەوتی ٥ی دسامبر “تالار”ێکی ئاهەنگێران لە جادەی مەلقەرەنی لە شاری سەقز بە هۆی تەقینەوەی گاز ئاگری گرتووە و لە ئاکامدا و بە پێی دوایین ئامارەکان  لەو رووداوە دڵتەزێنەدا بەداخەوە ١١ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٣٨ کەسیتر بریندار بوون.

ئەمە یەکەمجار نییە کە بە هۆی ئیستاندارنەبوونی شوێنە گشتییەکان و کەمتەرخەمی دام ودەزگا و ناوەندەکانی پەیوەندیداری دەوڵەتی، کارەساتی دڵتەزێنەی هاوشێوە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی  کوردستان روونەدا و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک نەکاتە قوربانی.

خەڵکی خەمباری کوردستان و شاری سەقزی خوێناوی!

لە کاتێکدا هێشتا تەمی خەمی روژانی رابردووی قوربانیانی سەرشەقامەکانی کوردستان نەرەویوەتەوە،بێگوومان ئەم کارەساتەش ئەوەندیتر بەداخبوون و خەمباربوونمانی قورستر کردووە.ئێمە هەروەک چۆن ئەم خەم و ئازارە بە هی هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری سەقز بە تایبەتی دەزانین،دڵنیاین هەمووتان بەدەم بنەماڵە و کەس و کاری ئازیەتباری قوربانیانی ئەم کارەساتەوە دەچن و،وەک هەمیشە شانۆیەکی شکۆمەند لە یەکێتی و هاوپشتی دەخوڵقێنن.

لەلایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە وێرای بەداخبوونمان بە هۆی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە،لە قوڵایی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری قوربانیانی ئەم رووداوە و خەڵکی دڵبرینداری شاری سەقز و هەموو خەڵکی خۆراگری کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.هەرەوها هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی ئەم رووداوە دەخوازین.

 

 

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی

٥ی دسامبری ٢٠١٩ی زایینی