گه‌لانی ئازادیخوازی ئێران!
خه‌ڵكی خه‌باتکاری كوردستان!
ڕووداوه‌كانی كۆتایی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر نیشانی دایه‌وه‌ كه‌ حکوومەتی كۆماری ئیسلامی هه‌ر وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ویست وداخوازیی ڕه‌وای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران ته‌نیا توندوتیژی و زمانی سه‌ركوت ده‌ناسێ، بۆیه‌ش خۆپیشاندانی هێمنانه‌ و مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێرانی به‌توندی سه‌ركوت كرد و شه‌قامی شار و شوێنه‌ گشتییه‌كانی له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌ ڕاپه‌ڕیوه‌كانی ئێران و کوردستان بە خوێنی لاوانی ئازادیخواز سوور كرد. ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ سه‌ركوتی دڕندانه‌ی ئه‌مجاره‌شیدا به‌ سه‌دان كه‌سی به‌ ئه‌نگاوتنی ڕاسته‌وخۆ كوشت، به‌ هه‌زاران كه‌سی بریندار كرد و هه‌روه‌ها به‌ هه‌زاران كه‌سی دیكه‌شی ڕاپێچی به‌ندیخانه‌كان كرد كه‌ ئێستاش به‌شی زۆریان له‌ گرتووخانه‌كاندا ڕاگیراون.
ئه‌م ڕاده‌یه‌ له‌ توندوتیژی و سه‌ركوتی خوێناوی نیشاندەری ترسی زۆری ڕێژیم بوو له كڵپه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی گەلان و چین و توێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکانی ئێران و ناڕه‌زایه‌تییه‌ گشتییه‌كان به‌هۆی كۆی ئه‌م قه‌یران و نه‌هامه‌تییانه‌ی له‌ سۆنگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری و سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ تووشی خه‌ڵك كراوه‌. خه‌ڵكی ئێران و بە تایبەت گەلی چەوساوە و ئازارچەشتووی کورد له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا ئیڕاده‌ی مافویستی و به‌ره‌نگاریخوازانه‌ی خۆیان سه‌لماند ‌و،‌ و نیشانیان دا كه‌ لێبڕاون ئیراده‌ و وزه‌ی خه‌باتکارانەی خۆیان به‌دژی ئەم دەسەڵاتە درەندەیە ڕێكبخه‌ن. بۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و مافخوازیی خه‌ڵكی کوردستان نەک سه‌ركوت نەکراوە، بەڵکوو لە گەشە و پەرەسەندن دایە و هه‌تا وه‌دیهاتنی ماف و داخوازیە رەواکانی ئەم گەلە چەوساوەیە درێژه‌ی ده‌بێ.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
كوردستان كه‌ هه‌میشه‌ ناوچه‌یه‌كی له‌په‌راوێزدا ڕاگیراو بووه‌ و به‌هۆی ڕوانینی ئه‌منیه‌تیی ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها پاشخانی خه‌باتی مافخوازی له‌ ماوه‌ی ٤ ده‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا به‌شی شێری له‌ سه‌ركوت و زه‌وتكردنی مافه‌كانی پێبڕاوه‌، ئه‌مجاره‌ش له‌ ره‌وتی خۆپیشاندانه‌كانی خه‌زه‌ڵوه‌ردا تێچوویه‌كی قورسی دا.
سه‌ركوتی خوێناوی خۆپیشاندانه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ شاره‌كانی سنە و كرماشان و جوانڕۆ و مه‌ریوان و شوێنه‌كانی تر سەلماندیەوە كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌میشه‌ له‌ كوردستان ده‌ستی خۆی ئاوه‌ڵاتر بینیوه‌ بۆ سه‌ركوتی خەڵک و زەوتکردنی ماف و داخوازه‌كانی جەماوەر. گیانله‌ده‌ستدانی دوو كۆڵبه‌ری تازه‌لاوی خه‌ڵكی شارەدیی “نێی” مه‌ریوان به‌هۆی رەقبوونەوە لە ناو بەفر و سەرما سۆڵەی كوێستانه‌كانی ته‌ته‌ی هه‌ورامان کە ئاوێنەی باڵانوێنی ‌ سیاسه‌تی نامرۆڤانە و دژی ئینسانیی كۆماری ئیسلامیە له‌ كوردستان‌، برینێكی دیكه‌ بوو كه‌ كه‌وته‌ سه‌ر جه‌سته‌ی نیشتمان و هینده‌ی دیكه‌ خه‌ڵكی تازیه‌بار كرد.

خەڵکی تێکۆشەر و خەباتکاری کوردستان!
بانگه‌واز و ویستێكی گشتی هه‌یه‌ كه‌ ڕۆژی ٥ی به‌فرانبار بكرێ به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاوخه‌می له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قوربانییانی سه‌ركوتی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییانه‌ی ئێران، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێكی دی بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و به‌رده‌وامیی ڕه‌وتی خۆپیشاندانه‌كان.
ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران داوا ده‌كا له‌م ڕۆژه‌دا خه‌ڵكی كوردستان وێڕای هاوخه‌می له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ده‌ستی غه‌در و تاوانی كۆماری ئیسلامی و،بۆ بەرزراگرتنی یادی ئەو قوربانیانە کە به‌ ئیراده‌ی هاوبه‌شیان دیمه‌نێكی دی له‌ سووربوونیان له‌سه‌ر مافه‌ ڕه‌واكانیان بخوڵقێنن و بیسه‌لمێننه‌وه‌ كه‌ سه‌ركوتی خوێناوی و زه‌بروزه‌نگ چۆك به‌ بیروباوه‌ڕیان دانادا و سه‌نگه‌ری خه‌بات و تێكۆشان بۆ مافه‌كانیان پێ چۆڵ ناكا.
ناوه‌ندی هاوكاری به‌ ڕوونی داوا ده‌كا ڕۆژی پنجشه‌ممه‌، ٥ی به‌فرانبار:
١) كاتژمێر ٣ی دوانیوڕۆ له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان، له‌ بازاڕ و له‌ سه‌ر كار ماوه‌ی ٥ ده‌قه‌ بۆ ڕێزگرتن له‌ یاد و بیروه‌ریی قوربانییانی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییانه به‌بێده‌نگی‌ له‌سه‌ر پێ ڕابوە‌ستین. هه‌روه‌ها به‌هه‌ر شێوازێکیتر كه‌ بۆمان ده‌لوێ یاد و بیره‌وه‌ریی ئه‌م نه‌مرانه‌ به‌رز رابگرین.
٢) سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیەکان، بریندارەکان و به‌ندكراوانی ئه‌مدواییانه‌بکەین و، وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میمان، هاوپێوه‌ند‌یی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتگێڕیی نێوانمان نیشان بدەینەوە..
٣) به‌ چالاكیی ته‌بلیغی و نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی دروشم و تڕاكت شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ مه‌یدان و سه‌نگه‌ری خه‌بات دژی كۆماری ئیسلامی.