بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە، بەداخەوە سەعات  ٦ ی ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە ٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی رێکەوتی ٢٥ی دسامبری ٢٠١٩ی زایینی کاک خالید قادری عیساکەند لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە بۆ هەمیشە چاوی لێکنا.

کاک خالید قادری برای دکتور” لەیلا قادری” چیرۆکنووس و کەسایەتی ناسراوی ئەدەبیی کورد و برازای هوونەرمەندی ناسراو و سیمای خۆشەویست وخاوەن هەڵوێستی کوردستان کاک “برایمی قادری”یە، کەسەعات ٢ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٤ ی سەرماوەزی ئەمساڵ رێکەوتی ٢٥ی نوامبر واتە مانگێک لەوەپێش لە شاری بیجار تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبێ و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە.

بەداخەوە سەرەرای بەخەمەوە بوون و حەولی دۆستان و کەسە نزیکەکانی کاک خالید لە دەرەوەی وڵات و لە ناوخۆی وڵات بۆ دابینکردن و ناردنی دەوا و دەرمان و پێداویستیە پزشکییەکان ئێوارەی ئەمرۆ و لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت و سێ جگەرگۆشەی لە پاش خۆی بە جێ هێشت.

ئێمە لەلەیەن خۆمانەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس وکاری کاک خالید و بە تایبەت لە دکتور لەیلا قادری و مامۆستا برایمی قادری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٤ی بەفرانباری ۱۳۹٨ی هەتاوی

۲٥ی دسامبری ۲۰۱۹ی زایینی