راگەیاندنی “ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات” بۆ پشتگیری لە بانگەوازی دایکی گیانبەختکردووانی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ رۆژی ٥ی بەفرانبار

کۆمەلێک لە دایکی گیانبەختکردووانی سیاسی لە ئێران و کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی دەستی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت دایکانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی هاوبەش خوازیارن، رۆژی ٥ی بەفرانبار بۆ ناڕەزایەتی بە کوشتنی قوربانیانی مانگی خەزەڵوەر، بە هەر شێوەیەک کە لە توانادایە ناڕەزایەتی خۆمان بۆ بەرزراگرتنی یادی شەهیدان دەرببڕین.
ئەو دایکانە داوا لە خەڵکی ئازدایخوازی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن رۆژی ٥ی بەرفرانبار (٢٦ی سێپتامبر)کە هاوکاتە لەگەڵ چلەی گیانبەختکردنی رۆڵەکانیان، ببێتە رۆژی نێودەوڵەتی رێزگرتن لە گیانی قوربانیانی مانگی خەزڵوەر و بۆ رێزلێنان لە یاد و بیرەوەریان خولەکێک بە بێ دەنگی رابوەستین.

ئەو دایکانە لە پەیامەکەیاندا ڕوو بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن؛ تا کەی دەتانهەوێت رەشبگیری، جینایەت و ئەشکەنجەی خەڵک درێژە پێ بدەن؟
ئێمە شێلگیرانە دادخوازین…
ڕۆلەکانی ئێمە بۆ بەدەست‌هێنانی ئازادی و ژیانی ئینسانی هاتنە سەر شەقامەکان، بەڵام لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی بە گوڵلەی راستەخۆ کوژران. لەو نارەزایەتییانەدا بە سەدان کەس کوژران و بە هەزارن کەسیش دەستبەسەرکراون و لە ژێر ئەشکەنجەدان و تەنانەت رەحم بە منداڵانی خوار ١٨یش ساڵ نەکراوە و چەندین منداڵ کوژراوان.
ئەو دایکانە دەڵێن ئێمە بێدەبگ نابین و ئەو تاوانانە مەحکووم دەکەین و دەبێ بەرپرسانی ئەو تاوانانە لە دادگا نیودەوڵەتی و ئاشکراکاندا وەڵامدەر بن.

تا ئیستا زۆرێک لە کەسایەتی و حیزب و ناوەندە سیاسی و مەدەنییەکان بە جووڵانەوەیەکی هاوبەش، پشتیوانیان لەو بانگەوازە کردووە.
“ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات”یش، وێرای پشتیوانی کردن لەو بانگەوازە، داوا لە ژنانی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان و هەر تاکێکی عەداڵەتخواز دەکات، بە پەیوەست بووم بە جووڵانەوەیە، رۆژی ٥ی بەفرانبار بکەن بە رۆژی محکووم کردنی کۆماری ئیسلامی و تاوانەکانی.
هەربۆیە داوا دەکەین بە هەر شێوەیەک کە بۆتان دەکرێت پەیوەست بن بەم جووڵانەوەیە و ببن بە دەنگی دادخوازی دایکی گیانبەختکردووان و لە رۆژی ٥ی بەرفرانبار بە راگرتنی چەند خولکێک بێدەنگی لەهەرشوێنێک و ئەنجامدانی هەر کردەیەکی تر، دەنگی دادخوزای خۆمان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی بەرزکەینەوە و بە دونیا بیگەێنین.

“ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات”
٤ی بەفرانباری ۱۳۹۸ی هەتاوی
٢٥ی دسامبری ۲۰۱۹ی زایینی
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات لە لایەن پێنج رێکخراوی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات پێک هاتووە کە بریتین لە:
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران