یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی ۲٠۱٤ی شورای ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست ڕۆژانی ۳٠ی مانگی ژووئەن و ۱ی مانگی جولای بە بەشداری حیزبە ئەندام و چاودئێرەکانی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست لە شاری میکزیکۆسیتی پێتەختی وڵاتی میکزیک بەڕێوە چوو. كۆبوونەوەکە لە سەر میوانداریەتی دوو حیزبی ئەندامی شورای ئەنترناسیوناڵی سوسیالیست لە میکزیک، حیزبی دامەزراوەی شۆڕشگێڕ (PRI) و حیزبی شۆڕشگێڕی دیموکرات (PRD) بەڕێوە چوو.

ڕێبەران و نوێنەرانی شوراکە کۆمەڵێک قسەوباسیان لەبابەت تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پێشکەش بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرد.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە ئەولەویەتەکانی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست لە ئابووری جیهان، هەوڵەکانی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست بو دەستەبەرکردن و سەقامگیرکردنی ئاشتی، گەشەپێدانی دیموکراسی و شی کردنەوەی مەنشووری پەنابران SI.

لوویس ئایالا سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا قسەوباسێکی لە بابەت مێژووی خەباتی چەوساوەکان لە میکزیک و دەوری دوو حیزبی میوانداری شوراکە لەو وڵاتە لە خەبات و تێکۆشان بۆ ژیانێکی باشتر پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ناوبراو گرینگی کۆبوونەوەکەی بەرز نرخاند و ئاماژەی بە پرسە سەرەکییەکانی بەجیهانی بوون لە ئابووری، دیموکراسی، ئاشتی و پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادان کرد.

سێسار کامانچۆ سکرتێری حیزبی دامەزراوەی شۆڕشگێڕ (PRI) لە قسەوباسێکدا بۆ بەشداربووان باسی بایەخە لەیەکچووەکانی سوسیال دیموکراسی و سیاسەتی حیزبەکەی بۆ داکۆکی لە چەوساوەکان و کۆمەڵگایەکی یەکسانتر ودادپەروەر لە میکزیک کرد. ناوبراو بایەخەکانی سوسیال دیموکراسی بۆ داکۆکی لە چەوساوەکان بەرز نرخاند. دواتر سکرتێری هەر دوو حیزبی میواندار حیزبی دامەزراوەی شۆڕشگێڕ (PRI) و حیزبی شۆڕشگێڕی دیموکرات (PRD) قسە وباسیان لە بابەت دیموکراسی و بەجیهانی بوون کرد. جێوز زامبرانۆ سکرتێری (PRD) لە قسەوباسەکەیدا باسی لە هەوڵدانی حیزبەکەی و چەپی کۆمەڵگای میکزیک بۆ سەقامگیری، دیموکراسی و کۆمەڵگایەکی یەکسانتر و بەدەستهێنانی مافی چەوساوەکان لەو وڵاتە کرد.

سەرۆکی ئەنتیرناسیوناڵی سوسیالیست جۆرج پاپاندرۆ سپاس و پێزانینی خۆی و شوراکەی بە هەر دوو حیزبی میواندار ڕاگەیاند. ناوبراو لە قسەوباسەکەیدا تیشکی خستەسەر پەرەسەندنی زیاتری نابەرابەری لە ئەنجامی بەجیهانیبوون و هەوڵە مێژووییەکانی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی لە نێوان چین‌وتوێژەکانی نێو کۆمەڵگا. پاپاندرۆ لە درێژەی قسەوباسەکەیدا جەختی لەسەر کاریگەری هەوڵدانی هەموو نەتەوەکانی جیهانی بە تێکڕا بۆ وەدیهاتنی مافەکانی خەڵکی هەژار و بێ ماف کرد بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر. ناوبراو ڕایگەیاند کومیتەیەکی نوێی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست لە پاییزی ئەمساڵدا دادەمەرزێ بۆ بەدواداچوون و هێنانە بەر باس و دیالۆگ لەمەڕ پرسە سەرەکییەکان و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بە هۆی بەجیهانیبوونەوە کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ لە هەموو جێگایەکی گۆی زەویدا هەیە.

هەروەها لەبابەت شەڕوپێکدادان و تیرۆر و ناسەقامگیری لە چەندین وڵاتدا چەند بەشداربوویەک قسەوباسیان پێشکەش کرد. لەوانە قسەکەرەکان باسی شەڕۆپیکدادان لە عێراق و هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستەکان کە دژی مافی ژنان و دیموکراسین کرد و ڕۆڵی کوردیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە دواکەوتووە ئایینییەکان بەرز نرخاند. بەشداربووان لە قسەوباسەکانیاندا باسی ڕۆڵی بەرچاوی کوردەکان بە گشتی و یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەتی وەکوو ئەندامی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشیان لە عێراقدا کرد کە دوور لە هەموو توندوتیژییەک و بە بێ بەشداری گرووپە توندڕەوەکان پێک بێ.

جیگەی باسە هاوڕێیان ڕەزا کەعبی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵە و سەعدی موحەممەدپوور ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە لایەن کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی شورای ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست لە میکزیک کرد. کۆمەڵە لە چەند ساڵ لەمەوبەر وەکوو ئەندامی چاودێری شورای ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنتێرناسیوناڵی سوسیالیست دەکا.

http://www.socialistinternational.org/viewArticle.cfm?ArticleID=2299&ArticleImageID=5373&ModuleID=18