کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان

وەک ئاگادارن شەوی هەینی ٤ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲٤ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی بومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای خارپێت لە باکووری کوردستانی هەژاند کە ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە شاری سڤیریج بوو. بەهۆی ئەو ڕووداوە ماڵوێرانکەرە کە ڕۆژی دواتر ناوچەکانی دیکەشی لەو پارێزگایە و هەروەها پارێزگای مەلاتییە گرتەوە، مخابن دەیان هاونیشتمانی گیانیان لە دەست داوە و سەدان كەس بریندار بوونە و سەدان خانوو رووخاون و خەڵکێکی زۆر تووشی کارەسات و بێ ماڵ و حاڵی بوونە و لە چارەنووسی بەشێکیان کە لەوانەیە لە ژێر دار و پەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا مابن، هێشتا هەواڵێک لە بەردەستدا نیه. بەپێی هەواڵی گەیشتوو، خەڵکی لێقەوماوی ئەو دەڤەرانە ئێستا بەهۆی کاریگەریی بەفر و سەرمای تاقەتپڕووکێن و زیان و ماڵوێرانییەک کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە تووشی هاتوون، لە دۆخێکی زۆر نالەباردان و پێویستیی خێرایان بە یارمەتیی مرۆیی و فریاکەوتن هەیە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە سروشتییە دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت. هەروەها داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، مرۆڤدۆستان لە هەر شوێنێکی جیهان و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆست و خێرخوازییەکان دەکات بە هەر شێوەیەک کە پێیان دەکرێت، بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانەوە بچن و یارمەتیی مرۆیی خێرا و پێویست بگەیەننە فریای ئەو خەڵکە بێ دەرەتانە و ڕێگە نەدەن سەرما و زوقمی زستان ببێتە هۆی قووڵتربوونی برینی ئەو کارەساتە گەورەیە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٦ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی
۲٦ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی