خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
لاوانی خاوەن هەڵوێست
هەموومان ئاگادارین کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی دیکتاتۆریی 40ساڵەی خۆیدا، جگە لە سەرکوت و هەڵاواردن، کوشتن و بڕین و لەنێوبردنی نەتەوە بندەستەکان و لە سەرووی هەموویان نەتەوەی کورد، لە هیچ جۆرە کردەوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، پارێزی نەکردووە.
ئەم ڕێژیمە ماوە بە ماوە و لە ڕێگای هەڵبژاردنگەلێکی نمایەشییەوە و هەرجارە و بە پڕۆپاگەندای جۆراوجۆر و هەڵخەلەتاندن، خەڵکی کێشاوەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە مەبەستی سەرەکیی لەم کردەوەیە، بەڕێوەبردنی شانۆیەکە بۆ ڕەواییدان بە سیستەم و دەسەڵاتدارییە ناڕەواکەی.
لەو شانۆیەدا، شاروومەندانی ئێرانی چەشنی بووکەڵەی سەرشانۆ بەکاردەهێندرێن بۆ ڕەواییدان بە ئایدۆلۆژی چەقبەستووی ویلایەتی فەقیه و پەرە پێدانی کە بە درێژایی دەسەڵاتداری خۆی هیچ هەڵبژاردنێکی ئازادی تێدا بەڕێوە نەچوە و هێج بنەمایەکی ئینسانی و دیموکڕاسی تێدا ڕەچاو نەکراوە و بگرە هەموو کاتێکیش دژی وەستاوەنەتەوە.
لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی، کەمپەینێکی ڕێک خستووە، کە داوا لە لاوان و بەگشتی خەڵکی بە هەڵوێستی کوردستان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی و نووسینەوەی دروشمەکان و هەشتاگەکان لەسەر پلاکارد یان ناردنی ڤیدیۆ بە ناوەرۆکی بایکۆتی هەڵبژاردن دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە ئەو شانۆیەی ڕێژیم دەرببڕن.

یەکدەنگیمان نیشانەی سەرکەوتنمانە

لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات