هاونیشتمانییانی خۆشەویست

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان

 کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان

هەر وەک هەموومان ئاگادارین زیاتر لە ٤ مانگە لە وڵاتی چینەوە نەخۆشیی کوشندەی کۆرۆنا سەری هەڵداوە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کۆمەڵگای جیهانیی تەنیوە و دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و بە ملیۆنان کەسیش ئێستا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان. لەم پێوەندییەدا لە سەرتاسەری دونیادا کادری پزیشکی و دوکتور و پەرستار و دامەزراوە پزیشکی و خێرخوازییەکان بۆ پێڕاگەیشتن بە تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە و قوتاربوونی تووشبووان و گەڕاندنەوەی باری تەندروستییان بۆ دۆخی ئاسایی، ڕۆڵێکی مێژوویی، کاریگەر و مرۆڤدۆستانەیان لە خۆیان نیشان داوە و هەر لەم ڕێگەیەشدا دەیان کەس گیانیان لە پێناو ئەم خزمەتە بەشەردۆستانەیەدا پێشکەش کردووە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان بۆ خۆیان تۆمار کردووە. لە وڵاتی ئێمەشدا کە ڕێژەی تووشبووان و قوربانیان لە سەرترە و ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سیاسەتی هەمیشەییان لە بەرامبەر ئەم ڕووداوە مرۆیی و مەترسیدارەدا کەمترین هەنگاوی ئەرێنییان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە هەڵنەگرتووە و زۆر چەواشەکارانەش لەم پێوەندییەدا خۆیانیان دەرخست. ئەوەی جێی سەرنجە ئاستی وشیاریی کۆمەڵانی خەڵک و دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسیارێتیی دوکتورەکان وپەرستارەکان و سەرجەم کادری دەرمانی و پزیشکی و خەڵکی خۆبەخش بوو کە بە پێڕاگەیشتن بە نەخۆشەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان، بەردەوام لە خزمەتکردن و شەونخوونیدا بوون. کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم ئافەت و پەتایە بێبەش نەبوونە و بە دەیان کەس گیانیان لە دەست داوە و بە سەدان کەسیش لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی و بە گشتی لە قەرەنتینەدان. بە نیشانەی بەرز نرخاندنی خزمەتی دوکتورەکان وپەرستارەکان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو بوارەدا بە هانای کۆمەڵانی خەڵکەوە ڕۆیشتوون، کۆمەڵێک لە ئۆگرانی خزمەت بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی کەمپەینێکیان لە ژێرناوی “پارێزەرانی ژیان ” و بە  دروشمی “پێشمەرگانی سپی پۆش، قەت ناکرێن فەرامۆش”بۆ رۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوە کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی رۆژهەڵات ڕاگەیاندووە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە سپی پۆشانە لە سەرتاسەری دونیا و بە تایبەت لە ئێران و کوردستاندا، پشتیوانی لە هەڵویستی ئەمەگناسانەی ئەو پۆلە چالاکڤانە سیاسی و مەدەنییە دەردەبڕێ و داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانیش دەکات کە بە پیری ئەم بانگەوازە مرۆڤدۆستانەیەوە بێن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی ٩ی ئاپریلی ٢٠٢٠ی زایینی

بابەتی پێشووپەیامی سکرتێری کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی جەمال ئاغا
بابەتی دواترراگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی