زۆر بەداخەوە مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان ئەمرۆ جومعە ۲ی خەزەڵوەری ۱۳۹۹ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لەژیان کرد.
مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان کە لە نێو خەڵکی مهاباد و ناوچەکەدا بە مەلا کۆمەڵە دەناسرا،کەسایەتییەکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و عەداڵەتخواز بوو کە هەر لە سەرەتای راپەرینی گەلانی ئێرانەوە وەک خەباتکارێکی هەڵسوور و نیشتمانپەروەر،وەک ئەندامی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی و ،وەک دۆستێکی نزیکی کۆمەڵە لە مەیدانی خەباتدا مایەوە و بە هۆی هەڵوێستەکانی و پشتگیریی لێبراوانەی لە سیاسەتەکانی کۆمەڵە،وێرای وەرگرتنی نازناوی “مەلا کۆمەڵە” بوو بە خاوەن پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەی موکریان.
مامۆستا مەلا حەمەدەمین پاش داگیرکرانی کوردستان لە لایەن رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ناوخۆی وڵات مایەوە و سەرەرای دوو جار دەستبەسەرکران و هەرەشە و هوشداری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگا ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی رژیم و،هەروەها هەرەشەی رەوتە تووندئاژوە ئیسلامییەکان لەم ساڵانەی دواییدا،هەر وەفادار بە عەهد و پەیمانی خەباتکارانەی لەگەڵ گەلەکەی و کۆمەڵە مایەوە و ،ئەو تایبەتمەندییە شۆرشگێرانەیەی کردبوویە کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێ متمانە لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا.
بێگوومان بە مەرگی مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان”شیلاناوێ” خەڵکی مهاباد و ناوچەی موکریان سیمایەکی خۆشەویست و کەسایەتییەکی خەباتکار و ماندووینەناس و،کۆمەڵەش هەڵسووراو و دۆستێکی نزیک و بەوەفای خۆی لەدەست دا.
ئێمە بە بۆنەی مەرگی مامۆستا مەلاحەمەدەمین ئازەریان لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی و لە دۆستان و ناسیاوانی و خەڵکی شارەکانی مهاباد و بۆکان و ناوچەکە دەکەین و،وێرای ئەوەیکە خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین،بەڵێن دەدەین یادی مامۆستا مەلا حەمەدەمین وەک دۆستێکی ئازیزمان بۆ هەمیشە لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
سەری رێز و پێزانین دادەنوێنین بەرامبەر بە خەبات و هەڵسوورانی ماندووینەناسانەی مامۆستا و رێز لە یادی ئازیزی دەگرین.
بژی یادی ئازیزی مامۆستا مەلاحەمەدەمین ئازەریان و هەموو تێکۆشەرانی رێگای ئازادی و رزگاری.
کومیتەی ڕێکخستنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
۲ی خەزەڵوەری ۱۳۹۹ی هەتاوی
۲۳ی ئۆکتۆبری ۲۰۲۰ی زایینی

بابەتی پێشوودواڕۆژ ژمارە ٩٧
بابەتی دواترناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەوە