بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەداخەوە کاتژمێر ۱۰ی شەوی رابردوو ۱۲ی مانگی سەرماوەز کاک مەولوودی شەریف ئازەر ناسراو بە مەمولوودی سۆفی رەحمان خەڵکی ئاوایی ئاتابڵاغی، لە شاری مهاباد و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی بۆ هەمیشە دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت. کاک مەموولود کە بە هۆی بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورددا تووشی گەلێک ئازار و چەرمەسەری هاتبوو،بەڵام بەردەوام بە ورە و بە هیوای گەشی بەدوارۆژ پاڵپشتی رۆڵەکانی و خەباتی رزگاریخوازی کوردستان بوو. کاک مەمولوود بە هۆی رووخۆشی و سیمای سەمیمانە و دڵسۆزانەی خۆشەویستی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوو. هەرچەند کاک مەمولوود بەهۆی دوورەوڵاتبوونی کوران و کچانی و هەمیش لەئاکامی گوشار و ئازارەکانی دامودەزگا سەرکووتگەرەکانی رژیم،باری ژیان و گوزەرانی تووشی ئاستەنگ و گرفت هاتبوو،بەڵام بۆ ساتێکیش ورەی بەرنەداو هیوابڕاو نەبوو،هەر بۆیە هەتا دواساتەکانی ژیانی وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و بەوەفا و دڵسۆز لە نێو هەموو ئەو کەسانەی کە دوورونزیک دەیانناسی و بەتایبەت لە نێو خەڵکی ناوچەکانی شامات و محاڵی مهاباد خۆشەویست و جێگای رێز و متمانە بوو. هەرچەند کاک مەلوود بەرلە وەدیهاتنی خۆزگە و ئاواتی بە سەربەستی و شادبوونەوەی بە دیداری ئازیزانی دوورەوڵاتی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا،بەڵام دڵنیاین کە وەک هەزاران باوکی تێکۆشەرو خەباتکاری ئەم کوردستانە یاد و ناوی بۆ هەمیشە لە دڵی ئەویندارانی ئازادیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئێمە بە بۆنەی مەرگی کاک مەمولوودی شەریف ئازەر لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خۆراگر و سەربەرزی و بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاورێیان سەعید و سەعدوون و ئارەزوو و میناخانم دەکەین و خۆمان بەشەریکی غەم و پەژارەیان دەزانین. یادی ئازیزی کاک مەولوودی شەریف ئازەر بەرز و بەرێز بێ.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

۱۳ی سەرماوەزی ۱۳۹۹ی هەتاوی ۳ی دسامبری ۲۰۲۰ی زایینی

بابەتی پێشووكۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوە چوو
بابەتی دواتردایکی دوو هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.