بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە داخەوە لەچەند رۆژی رابردوودا مەحبووبە خانمی سەجادی لە شاری سنە بە هۆی چوونەسەری تەمەن و نەخۆشی دڵە بریندارەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد. مەحبووبە خانم کە دایکی دوو هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە هاورێیان سادق وەزیری ناسراو بە حەمید سنە وحەمەعەلی وەزیری و هەروەها خوشکی هاورێی گیانبەختکردوو مەحموود سەجادی بوو،لە زومرەی دایکانی ناسراو بە “دایکە سنەیی” یە کە لە ماوەی چواردەیەی رابردوودا بە بەخشینی جگەرگۆشەکانیان بە خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد و،بە پاڵپشتی کردنی بەردەوامی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بوونەتە هێمای خۆراگری و سیمای خۆشەویست و خاوەن رێز و متمانەی خەڵکی کوردستان. هەرچەند بە داخەوە دایە مەحبووبەش وەک زۆربەی دایکانی جگەرسووتاوی کوردستان بەر لە وەدیهاتنی ئەو ئامانجانەی کە رۆڵە ئازیزەکانیان گیانیان لە پێناویدا بەختکرد ماڵئاوایی لە ژیان کرد،بەڵام دڵنیاین کە خەباتی هاورێ و هاوسەنگەرانی رۆڵە ئازیزەکانیان هەتا وەدیهاتنی ئامانجە بەرزە ئینسانییەکانیان بەردەوام دەبێ و،ناو و یادی ئازیزیان بۆ هەمیشە لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی مەحبووبە خانمی سەجادی لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی و لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری شاری سنەی خۆراگر دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین. یادی ئازیزی دایە مەحبووبەی سەجادی بەرز وبەرێز بێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی ٧ی دسامبری ٢٠٢٠ی زایینی

بابەتی پێشووباوکی سێ هاورێی کۆمەڵە لە شاری مهاباد ماڵئاوایی لەژیان کرد.
بابەتی دواترڕاگەیاندنی کۆتایی پلێنۆمی ١٢ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان