زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری١٣٩٩ی هەتاوی کاک عەلی میرەکی کادر و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە(رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)  بە هۆی جەڵدەی مێشک و لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ئازیزان و هاورێیانی بەجێهێشت.

کاک عەلی میرەکی کە ئەندامی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی ئاوایی میرەکی ناوچەی سنە بوو،بە هۆی نالەباربوونی دۆخی ژیان و گوزەرانیان هەر لەسەرەتای مێرمنداڵییەوە هاورێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ دۆزینەوەی کار و دابینکردنی بژیوی ژیان روویان کردبووە کوردستانی باشوور و، سەرەنجام بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە ئاوارەیدا و لە شاری بەغدا نیشتەجێ بوون.

سەرەنجام بنەماڵەی کاک عەلی پاش سێ دەیە ئاوارەیی گەرانەوە کوردستانی رۆژهەڵات و کاک عەلی کە ئیتر ئێستا مرۆڤێکی پێگەیشتووی خاراوی کورەی ژیان و خەبات بوو و زیاتر لە ٦ ساڵی تەمەنی بە هۆی نارەزایەتی و راسان لەدژی بێدادی لە بەندیخانەکانی حکوومەتی بەعسی عێراق هێنابووە سەر،وەدیهاتنی خەون وئامانجەکانی خۆی و هاوچارەنووسانی خۆی بە خەباتی کۆمەڵەوە گرێ دا و لە ساڵانی ٦٠ی هەتاویدا وەک تێکۆشەرێکی نهێنی دەستی دایە کار و هەڵسوورانی سیاسی و، پاش ئەوەیکە چەندین جار لەلایەن دام ودەزگا ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا،بە مەبەستی درێژەدان بە خەبات رووی کردە بنکەکانی کۆمەڵە و لە ریزەکانی  کۆمەڵەدا چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی و بۆ ماوەی زیاتر لە  ٢٥ ساڵ لەخەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە بەردەوام بوو.

ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک” عەلی محەممەدمیرەکی ” کادر وپێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس وکاری،بە تایبەت سەرەخۆشی لە پاکیزخانمی هاوسەری و لە رۆمەن وروبین ورامیاری جگەرگۆشەی وهەموو هاورێ وهاوسەنگەرانی لە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.

یادی ئازیزی تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە کاک عەلی میرەکی بەرز وبەرێز بێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی

٦ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زاینی

بابەتی پێشوومەبەستە سەرەکییەکانی چەتەگەریی دەریایی سپای پاسداران لە کەنداو-ئارام مودەڕیسی
بابەتی دواترپەیامی سەرەخۆشی بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی میرزا عەلی نادری تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە و سیمای ناسراوی شاری سەقز و خەڵکی کوردستان.