بە پێی هەواڵێک کە لە شاری سنەوە گەیشتووەتە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە، ئەمرۆ سێ شەمە ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ژنێک بە نێوی “ڕۆیا جەلالی” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە.

بە گوێرەی ئەو هەواڵە کاتژمێر یەکی دوای نێوەرۆی ئەمرۆ هێزەئەمنییەتییەکانی رژیم لە شاری سنە، بە بێ هیچ بەڵگەیەکی رێگەپێدراوی یاسایی هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی ڕۆیا جەلالی و دەستبەسەریان کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ڕۆیا جەلالی نادیارە و هەوڵی بنەماڵەکەیان لەم چوارچێوەیە بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە ڕۆیا جەلالی هاوژینی چالاکی ژینگەپارێز خەبات مەفاخرییە کە ڕۆژی پێنجشەممە 18ی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ بە دانانی بارمتە بە شــێوەی کاتی لە زیندانی رژیم له شاری ســنە ئازادکرا بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم هەواڵە ڕۆیا جەلالی کە گیرۆدەی نەخۆشی “ئێم ئێس “ە و هاوکات دایکی دوو منداڵە کە لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵیان و گرتن و راگواستنیدا، ترس و دڵەراوکێیەکی زۆریان تووش کردوون و هەم باری تەندروستی دایکەکە و هەم باری دەروونی مندالەکان پاش ئەم رووداوە بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکەیان.

بابەتی پێشووپیلانگێرییە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی سنوورەکانی ئەفریقاشی بەزاند
بابەتی دواترلە ئاکامی دەسترێژی گوللە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە کرماشان سێ کەس گیانیان لەدەستدا.