رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە راگەیاندنێکدا وێرای مەحکوومکردن ودەربرینی نارەزایەتی بەرامبەر بە شەپۆلی ترسناکی ئێعدامکردنی دەستبەسەرکراوەکانی سەر بە کەماتییە نەتەوەییەکان لە دوو مانگی رابردوودا،داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد دەستبەجێ سزای لە سێدارەدانی چوار بەندکراوی بەلووچ و چوار بەندکراوی عەرەبی ئەهواز رابگرن. ئەم رێکخراوەیە هەروەها داوای لە کۆمەڵگای جیهانی و لەوانە دامەزراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئورووپا کرد کە لە پێناو رزگار کردنی گیانی ئەو گیراوانەدا هەوڵ بدەن.
دیانا تەحاوی جێگری ئۆفیسی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئافریقای رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ووتی :چوونەسەری رێژەی لە سێدارەدانی گیراوەکانی بەلووچ و عەرەبەکانی ئەهواز لەم مانگانەی دواییدا ئەو نیگەرانیانەی پەرە پێداوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سزای سێدارە وەک ئامرازی ترس و تۆقاندنی کەمایەتییە ژێردەستەکان و هەموو کۆمەڵگا بەکاردێنن. لەسەرەوە بوونی رێژەی ئێعدامکردنی گیراوەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران بەلەبەرچاوگرتنی رێژەی حەشیمەتی ئەو نەتەوانە بە روونی ئاستی ئەو ستەم وهەڵاواردنە دەردەخات کە بە درێژایی چەند دەیە بەرامبەریان بنەجێ کراوە.
دیانا تەحاوی لە درێژەی قسەکانی دا ووتی “لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە کۆمەڵی جیهانی دەکات کە بەگرتنە بەری کۆمەڵێک رێکاری تۆکمە، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزای ئێعدامانە کە بە ئاشکرا لە دادگای ناعادڵانە و لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و لەژێر ئازار وئەشکەنجەدا سەپێندراون،کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر گوشار.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە کە چوار دەستبەسەرکراوی بەلووچ کە لە گرتووخانەکانی زاهیدان لە سیستان وبەلووچستان و لە دەستگردی ئیسفەهان راگیراون ومەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە،بە شێوەی ئاشکرا مافەکانی مرۆڤ بەرامبەریان پێشێل کراوە. بۆ نموونە پاش بێ سەروشوێنکردن،لەژێر ئازار و شکەنجەی جەستەییدا تاوانی نارەوایان خراوەتەپاڵ و بە شیوەی ناعادڵانە دادگایی کراون کە لەبەر هۆکار و نیگەرانی ئەمنییەتی تەنیا ناوی دوو کەسیان ئاشکرا دەکەن کە ئەوانیش “مێهران ناروویی” و “حامد ریگی”ین. هەروەها سێ بەندکراوی عەرەب بە نێوەکانی ” عەلی خەسرجی ، حوسێن سیلاوی و جاسم حەیدەری ” کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و لە گرتووخانەی شیبان لە ئەهواز دەستبەسەرن ،بۆ دەربرینی نارەزایەتی بەرامبەر بە دۆخی نالەباری زیندان،قەدەغەکردنی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان وهەرەشەی بەردەوامی لە سێدارەدانیان، بە دوورینی لێوی خۆیان دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن. لە لایەکیترەوە بەندکراوێکی دیکەی عەرەب بە نێوی ” ناسر خەفاجیان” لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوییەوە بێ سەروشوێن کراوە و بەمجۆرەش لەبەردەم هەرەشە ومەترسی ئەشکەنجە وئێعدامکردنی نهێنی و شاراوە دایە.

بابەتی پێشووکوردستان و دۆخی نائاسایی  / مستەفا زاهیدی
بابەتی دواترکۆبوونەوەی هاوبەشی شەش ڕێکخراوی لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات