هاونیشتمانیانی بەرێز و خۆشەویست
خەڵکی شۆرشگێر و مافخوازی کوردستان
لە ڕێبەندانی پڕ شکۆدا جارێکی تر لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی گەلانی ئێران هەڵدرایەوە و گەلانی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە دژی رژیمی گەندەڵی پاشایەتیی و بنەماڵەی دیکتاتۆری پەهلەوی بەرز کردەوە و بە هیوای دابین کردنی داهاتوویەکی گەش و ئازاد شۆرشێکی بەربڵاویان ڕێک خست و رژیمی دەسەڵاتداریان رووخاند.
دیارە ئەم شۆرشە بەرهەمی نارەزایەتییەکی پەنگخواردووی پتر لە چەند دەیەی پێشی گەلانی ئێران بوو کە بە درێژایی ئەم مێژووە هەر دەم لە ژێر گوشاری بێ ڕادەی دەسەڵاتداران و دەست و پێوەندەکانیان دا بوون و هیچ داهاتوویەکیان بۆ خۆیان و بنەماڵەیان و وڵاتیش بەدی نەدەکرد.
پێک هاتنی بەستێنی سەرهەڵدانی شۆرشی ٥٧ جگە لە ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە رژیمی دەسەڵاتدار، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەشی هەبوو کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە شۆرشی سپی ( انقلاب شاه و مردم) ، پیشەیی بوونی خێرای ئێرانی ئەو سەردەم و هێرشی بەربڵاوی خەڵک بەرەو شارەکان بۆ دۆزینەوەی کار لە کارگە و کارخانەکان، کرانەوەی خوێندگاکان و زانکۆکان و چوونە سەرەوەی ئاستی سەواد و زانیاری خەڵک و پەرە سەندنی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتیی بکرێت. بە چوونە سەرەوەی بەهای نەوت لە سەرەتاکانی دەیەی ٥٠ی هەتاوی و داهاتی یەکجار زۆری نەوتی ئەو سەردەم، شای ئێرانی ( محمد رەزا پەهلەوی) بەو قەناعەتە گەیاندبوو کە تازە بەو ڕادەیە لە داهات پێگەی خۆی قایم کردووە و بێ منەت لە خەڵکی ئێران و خواستە سیاسی و ئازادیخوازەکانیان ئەسپی خەیاڵی خۆی واتە زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆری ٢٥٠٠ ساڵەی ئێرانی لینگ دەدا. خێرا بوونی پێشکەوتنی ئابووری لەگەل داخرانی سیاسی پێکەوە هاوتەریب نەبوون و درەنگ یا زوو مەعلووم بوو کە ئەم ناڕەزایەتییە پەنگخواردووەی خەڵکی ئێران لە جێیەک دەتەقێتەوەو گۆڕانکاری پێک دێنێت..
دیارە ٢٢ـی ڕێبەندان تەنیا نوختەی سەرکەوتنی کاتیی ئەم شۆرشە بوو بەڵام لە راستیدا ماوەیەکی زۆر بوو کە خەڵکی ئێران و شۆرشگێرانی دەستیان بە هەڵگیرساندنی شۆرش کردبوو و سەدان و هەزاران کەس لەو ڕێگایەدا گیانیان بەخت کرد و هەزاران کەسی تریش کەوتنە بەندیخانە و لە ژێر ئەشکەنجەی تاقەتپرووکێنی ئەشکەنجەگەرانی ساواک دا تاقەتیان هێناوە و بلێسەی ئاگری ئەم شۆرشەیان داگیرساو ڕاگرت.
بە داخەوە لە نیوەی ڕێگەی شۆرشدا خۆمەینی توانی بە دەست دانان لە سەر خاڵە لاوازەکان ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کات و خەڵکی ئێران خۆی بەسەر شۆرشی ئازادیخوازانە و دێمۆکراتیکی خەڵک دا بسەپێنێ و بە درۆ و فریو دانی خەڵک و هەندێک لە هێزە خۆش باوەڕەکانی ئەو سەردەمە جڵەوی شۆرشەکە بگرێتە دەستی خۆیەوە و بەرامەی خوێن و خەبات و ماندووبوونی خەڵکی ئێران بە تاڵان بەڕێت و دیارە لەو نێوەدا پشتیوانی و خۆشباوەری وڵاتانی دەرەکیش بەرانبەر خومەینی نابێ نادیدە بگیرێت.
زۆر زوو و هەر دوابەدوای سەرکەوتنی شۆرش زۆریەک لەو هێز و خەڵکانەی کە بوونە پاڵپشتی خۆمەینی بۆ دەستەوە گرتنی دەسەڵات بوونە قۆربانی دەستی حکوومەتی رەشی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو کە بەداخەوە ئەو ڕەوشە تا هەنووکەش هەر بەردەوامە.
بە درێژایی ٤٢ ساڵی ڕابردوو و هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر کاری ئەو رژیمە دیکتاتۆرەوە بۆ هەمووان دەرکەوت کە رژیمی نوێ نەک تەنیا جوابی شۆرشی رزگاریخوازانەی خەڵک نەبوو بگرە بە شێوەیەکی دڕندانەتر لە رژیمی پێشوو و بێبەزەییتر لەوان کەوتۆتە گیانی،گیان و ماڵ و داهاتووی خەڵکی ئێران و رۆژ لە دوای رۆژ دڕندەتر دەبێت. سەرکوتی خەڵک و لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٥٨ بە فەرمانی خۆمەینی، لەشکرکێشی بۆ تورکمەن سەحرا و بلوچستان، ئێعدامی بەربڵاوی نارازیان ، گرتنی سەفارەتی ئامریکا و هەڵگیرساندنی شەڕی ماڵوێرانکەر لەگەڵ عێراق لە دەسکەوتەکانی ٢ ساڵی سەرەتای دامەزرانی ئەم رژیمە نوێیە بوو و هەژاری، بێکاری، ئێعدام و ئەشکەنجە، گەندەڵی ڕاو ڕووت، هەڵاواردنی سیستیماتیکی کەمایەتییە نەتەوەیی،ئایینی،رەگەزی،زمانییەکان ، دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و گەمارۆ ئابوورییەکان و هتد… تەنیا بەشێک لە بەرهەمەکانی دەسەڵاتداری ئەم رژیمەیە.
جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان هەر لە سەرەتاوە هیچ دڵخۆشییەکییان بەو رژیمەی کە لەقووڵای تاریکی مێژوو را هاتووە نەبووە و هەر لە سەرەتاوە دەستی رەدیان لە سینگی ئەم ڕژیمە داوە و جوابی نا یان پێ داوەتەوە و تا ئێستاش هیچ دڵخۆشییەک بە گۆڕانکاری لە چوارچێوەی ئەم حکومەتەدا لە دڵی تاکی کورد دا بوونی نییە و هەر دەم لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بە دژی ئەم رژیمە وەستاونەتەوە.
خەڵکی ئێران بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی سەرەڕای هەموو ئەو زەبر و زەنگ و کوشتار و ئێعدامانە بەردەوام و لێبڕاوانە چۆکیان بۆ رژیمی کۆماری ئیسلامی دانەداوە وتا دێتیش ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەم نیزامەیان زیاتر بۆ دەردەکەوێ وسەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردووی خەڵک بە دژی حکومەتی ولایەتی فەقیه شاهیدی ئەم ئیدعایان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی و پێزانین لە بەرەنگار بوونەوە و خۆڕاگری بەردەوامی خەڵکی ئێران و کوردستان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ، لە سەر ئەوە پێداگرە کە شۆرشی ٥٧ی گەلانی ئێران بە سەرئەنجامی ڕاستەقینەی خۆی کە وەدیهاتنی ئازادی و دێمۆکراسییە نەگەیشتووە وشۆرش بەرانبەر دیکتاتۆر تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی گەلان و مافی نەتەوەکانی ئێران بەردەوام دەمێنێتەوە.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی
١٠ی فێوریەی ٢٠٢١ی زایینی

بابەتی پێشووئاشکرا بوونی تۆمارێکی” دەنگیی” ی وەزیری دەرەوەی ئێران، تاوانباربوونی سپای پاسداران لە بابەت خستنەخوارەوەی فرۆکەکەی هێڵی گواستنەوەی ئۆکراین زیاتر دەسەلمێنێ.
بابەتی دواترڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، ڕاگەیەندراوێکی بە بۆنەی ڕۆژی کۆمەڵە بڵاوکردەوە