بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی کە لە مهابادەوە بڵاو دەبنەوە ، شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٥ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئاگرێکی گەورە لە بازاری ئەسغەریی مهاباد کە بازاری فرۆشتنی شتوومەکی کۆنە و بەکارهاتووە و،هەروەها هاوکات لە نێو قامیشەڵانەکانی باغی میکاییل کە شوێنێکی گەشتیاری و ناسراوی ئەو شارەیە کەوتۆتەوە و زەرەروزیانێکی زۆری ماددی و ژینگەیی لێکەوتووەتەوە.
هەرچەند هەتا ئێستا لایەنە پێوەندیدارە ئیداری و حکوومەتییەکان و ڕاگەیاندنەکانی سەربە رژیم لەو شارە لە بابەت هۆکارەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوانە هیچ روونکردنەوەیەکی ئەوتۆیان نەداوە، بەڵام لە ناو خەڵکدا باس لە دەستی شاراوە و گوماناوی کەسانێکی نەناسراو لە پشت ئەو رووداوانە دەکرێ. شایانی باسە کە سپای پاسدارانی رژیم جێگیر لە شاری مهاباد ، بەشێک لە هێزەکانی خۆی بە تایبەت چەکداروبەکرێگیراوانی خۆجێی بە ناو شاردا بڵاوە پێکردووە و لە هێندێک شوێن تەقەیان بە ئاسماندا کردووە و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو و دەنگۆی ناراست باسیان لە بریندار بوونی چەند کەس لە هێزەکانیان لەو رووداوانەدا کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە بە تایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا دەزگا ئەمنی وسەرکوتگەرەکانی رژیمی ئیسلامی و دەست وپێوەندەکانیان لە کوردستان،شوێنپەنجەیان بەسەر گەلێک رووداو و کارەساتی بەرواڵەت سرووشتی لە جۆری ئاگرکەوتنەوە و شتی لەو بابەتەوە دیارە و،لە کاتی رووداوی لەمجۆرە بە خێرایی سەرنجەکان دەچنەسەر دام ودەزگاکانی رژیم کە کردەوەی لەوجۆرەیان لێدەوەشێتەوە.
ئێمە لە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەوە وێرای دەربرینی هاودەردی قوڵی خۆمان لەگەڵ کاسبکارانی شاری مهاباد و بەتایبەت ئەو کاسبکارانەی کە لە رووداوەکەی شەوی رابردووی بازاری ئەسغەریدا زەرەمەند بوون،بە تووندی پیلانگێریی دام ودەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی و دەست وپێوەندەکانیان لە دژی خەڵکی کاسبکاروزەحمەتکێش و ژینگە و سرووشتی کوردستان مەحکووم وریسوا دەکەین و، داواکارین کە خەڵکی تێکۆشەری شاری مهاباد یەکدەنگ و یەکپارچە دەست بدەنە کۆبوونەوەی نارەزایەتی و خوازیاری ئاشکراکردنی ئەو دەستە گوماناوییانە بن کە ژیان و گوزەران وژینگەی خەڵکی کورستانیان کردووەتە ئامانج.

بابەتی پێشووکۆبوونەوەی نوێنەرایەتی دەرەوەی وڵاتی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
بابەتی دواتروەفدێکی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی پەیوەندییەکان کۆمەڵەی کرد