سەبارەت بە نوسینەکەی دوێنێم، ژمارەیەک دۆست و چالاکوانی سیاسی هەم بە نواندنی لوتف و کۆمێنت نوسین و ئیمایل و تەلێفون و، هەم بە دەربڕینی رەخنە و مولاحەزە، تێکۆشاون یارمەتیدەرم بن و دڵسۆزانە نەزەری خۆیان باس کردوە. وێڕای سوپاسی هەموویان، دەبێ بڵێم زۆر شتیان لێ فێر بووم. لەم بەشەدا هەوڵدەدەم زۆرتر باسەکە بکەمەوە و کۆنکرێتتر چەند خاڵێک بنوسم:
١. من وەک ئەندامی کۆمەلەی زەحمەتکێشان، خۆم و حیزبەکەم تەنیا نین لە هەستکردن بەم گرفتەی ئێستامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر کەس و لایەنی دیکەش لەمبارەوە دواون و پێوەی ماندوون. گرینگ ئەوەیە ئەم بیرۆکەیە لە ناسینی کەموکورییەکان ئەوەندە زەق بکەینەوە و بیکەینە مەسەلەی هەموان تا گشتگیرتر بێ بۆ ئەوەی بتوانین بیرۆکەکە بخەینە جێ و میکانیسمی هەنگاونان بۆ پراتیک هاسانتر بکەینەوە. ئیرادە شەرتی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی هەر بیرۆکەیەک. بە دڵنیایی ئێمە پێویستیمان بە کردەی کۆنکرێت لەم بوارەدا هەیە. ئەوە هەنگاوێک نییە کە کەس وەک رامبۆ دەربکەوێ و بە کاری ئاوانتۆریستی زیان بە خەلک و بزوتنەوەکە بگەیەنێ یان لایەنەکانی دیکە بتۆرێنێ. بۆ هەر هەنگاوێک بەرەو سازدانی چەترێکی هاوکاریی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات کارێکی هەمە لایەنەی دەوێ، کۆمەلەی زەحمەتکێشان کوردستان هیچ مەرجێکی نییە و حازرە لەم رێگایەدا هاوکارێکی سادقی لایەنەکانی دیکە بێ و بە تەوازوعەوە لەگەڵیان هاوکار دەبین.
٢. پێموایە نابێ لەم دەورەدا کێشە لە ناو بزوتنەوەی کوردی گەورە بکەینەوە. لە ئەندامێکی سادەوە بگرە تا سەرکردایەتی. بۆ نمونە ئەو لێدوانانەی بەرێز جەمیل بایەک بەرانبەر بە پێشمەرگە، سەرەرای هەموو حورمەتم بۆ دەوری پ.ک.ک و گرینگی خەباتەکەیان، باش و لە کاتی خۆیدا نەبوو. ئەوڕۆ هێزە کوردییەکانی بەشەکانی کوردستان ئاشکرایە کە جیاوازی فیکر و رێبازمان هەیە، گرینگ ئەوەیە بتوانین بەم جیاوازییانەوە هاوکار بین بۆ دوو ئەرکی سەرەکی: یەکەم : رزگاری نەتەوەیی و ئاسودەیی خەڵکی کوردستان و هاوئاهەنگی خەبات لە هەموو پارچەکان. دووهەم: بەهێزکردنی دێمۆکراسی و بەربەرەکانێ لەگەڵ بیری کۆنەپەرەستانەی سەدەکانی ناوەراست. هەر وەک پێشوتر باسم کردبوو بە هۆی هەڵکەوتەی ژئۆپۆلیتیکی کوردستانەوە، لایەنە کوردییەکان لە پارچەکانی کوردستان تووشی مەحزوراتن(هەڵبەت ئەوە بەلای منەوە خاڵی لاوازی بزوتنەوەکە و هەموومانە، بەڵام واقعیەتێکە کە حاشای لێنەکرێ باشترە). با ئەم زەعفە هەڵگرین بۆ دیالۆگی سیاسی ناو خۆمان و پێویست ناکات ئێستا هەموو شت مێدیایی بکەینەوە. با شەڕی راگەیاندنی باشور و باکور و هێزەکانی باشور لە ناو خۆیان و ڕۆژهەڵات لە ناوخۆیان و…. هێور بکەینەوە. بۆیە ئێمە قورسایی راگەیاندنمان دەخەینە سەر داگیرکەران و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆ کوردی ڕۆژهەڵات کەمکردنەوەی کاریگەریی کۆماری ئیسلامی ئامانجە، نەک دژایەتیکردن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، بەڵام رەخنە لێگرتن و بێدەنگ نەبوون لە حاند کەمبایەخکردنی دەوری ڕۆژهەڵات، ئەرکی ئێمەیە و دەبێ پێی هەستین.
٣. لە نوسینی پێشودا باسم لەوە کرد کە گرێکوێرەی دەوری ئێران لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەشی زۆری بە دەستی ئێمەی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەکرێتەوە. حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات تا ئێستا و ئەوەندەی من تێیبگەم کاریگەریی هیچ وڵاتێکیان لە شێوەی ئێران و تورکیە بە سەرەوە نیە، دۆستایەتی خۆیان بەرانبەر بزاوتی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان نیشان داوە، دوژمنی سەرەکی کۆماری ئیسلامین کە دەوری خراپ و لەمپەردانەر و تێکدەرانەی لە بزوتنەوەی کوردیدا هەیە، دوای باکور زۆرترین نفوس و خاکی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتە، ئێران وڵاتێکی موزاییەکە و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئۆتۆریتەی بزاوتی کوردیان لە ناودا دەبیندرێ.
جیا لەوانە بە بڕوای من ئەوەی ئەوڕۆ لەم ناوچەیە لە ئارادایە “راوی رێویە بۆ کەوڵ”، دونیای ڕۆژئاوا و هەموو وڵاتانی دێمۆکرات و ولاتانی ناوچەکە، هەر یەکەو بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە هەوڵدان، بەڵام هەر هەموویان ئێران بە کۆسپێکی جیددی دەزانن، گەلانی ئێرانیش بە جۆرێکی دیکە دژ بەم رژیمەن. دروستکردنی داعش لە راستیدا بۆ کۆکردنەوەی پێگەی ئەلقاعیدە بوو لە رێکخراوێکدا کە ئیتر دژی شا و شێخ و طاغوت نییە، دژی غەرب و ئامریکا نییە، دیمۆکراسی ناوێ و تا مۆخی ئێسقان کۆنەپەرەستە، کۆچەرە و بێ وڵات. لە هەوەڵ هەنگاودا وەک خانمی کلینتۆن دەڵی؛ “هیلانە زەردەواڵەکەیان” لێ پێکهێنان و ئەلقاعیدەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە کۆڵ خۆیان کردەوە و داعشیان هێنا کە ئەساسەن زیدی سەفەویە، واتە زیدی کۆماری ئیسلامیە . لەم قۆناغەدا ئامریکا، تورکیە، عەرەبستان و قەتەر و ….هەر یەکەی لە روانگەیەکەوە توانیان شەری شیعە و سونی ساز بدەن و دەستی ئێران لە سوریە و عێراق کورت بکەنەوە. بەڵام هێلانە زەردەواڵەکە کۆنتڕۆڵ نەکرا و لە ئوروپا و ئامریکاشەوە پێگەی ئەلقاعیدە پێی پەیوەست بوون و دەزگا هەواڵگری و جاسوسییەکانی ئەم وڵاتانەش کە داعشیان دروست کرد، بەرژەوەندیی و ئامانجیان لە هەموو بوارێکدا وەک یەک نەبوو، بۆیە داعش لە خۆی دەرچوو و لە هەندێک بواردا پێی لە بەڕەی خۆی زۆرتر راکێشآ و بە تایبەتی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو بە گرفتی گەورە و هەر بینا خۆکوژەکانی داعش روویانکردە دامودەزگاکانیان لە ڕۆژئاوا، ئەوانەی لە ئەلقاعیدەوە چوونە ناو داعش ئامانجیان دژایەتی کوفر و نوێکردنەوەی شەڕی ئیسلام و مەسیحیەتیش هەیە.
هەموو ئەو راستیانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامییەک کە سیاسەتی بردنە دەرێ قەیرانە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی سنورەکان بوو، بە ماجراجویی لە دەرەوەی سنورەکان و کێشەی دەرەکی دەستی دابوە سەرکوتی ناوخۆیی، ئێستا لە لوبنان، عێراق، سوریە و … توشی پاشەکشە هاتوە و ئەو ئیمپراتوریەی کە خەونی کورشی وەدیهێنابوو و دەستی گەیشتبوە ئاوەکانی زەریان ناوەڕاست، ئێستا لە فەلەستینەوە تا عێراق توشی گرفت و لێکدابڕان هاتوە. زۆر ئاساییە کە ئەمجارە پاشەکشە و قەیرانە دەرەکیەکانی کە لە ناوخۆدا کز و لاوازتری دەکات، ئیمڕاتوریەکە لە رووخان نزیک بکاتەوە. بۆیە پێموایە ئێران زیانمەندی سەرەکییە و خەڵکی ئێران هەلێکی باشیان بۆ هەڵکەوتوە تا خەباتی ئیعتیرازی خۆیان پەرە پێبدەن و ئەوەش هەلی باش بۆ کوردی ڕۆژهەڵات دەرەخسێنێ، ج لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. بە گشتی لەو باوەڕەدام بزوتنەوەی کوردی پێشوەچونی گەورەی بە خۆوە بینیوە و پێگەی کورد بە گشتی لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەبێ.
٤. لێرەدایە کە کوردی ڕۆژهەلات دەبێ قبوڵی ئەو راستیانە بکات و بزانی: “کس نخارد پشت من، جز ناخن انگشت من” ئەوە بۆ بێ منەتی نیە لە هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان. بە پێچەوانە بەستێنی عەینی و زەینی(ئۆبژەکتیڤ و سۆبژەکتیڤ) بۆ دەورنواندنی کوردی رۆژهەڵات پێکهاتوە و نابێ لە دەستی بدەین و هەر بە خۆشمان دەکرێ و بە سازدانی چەترێکی هاوکاری لە چەند بواردا دەتونین وەرەقەکە لە قازانجی خۆمان هەڵگێرینەوە. بۆ نمونە نەماندەتوانی لە جوابی جەوادی زەریفدا راگەیاندنێکی هاوبەش بدەین و بڵێین کێ تیروریست و کانگای تیرۆر و تیرۆریست پەروەرە؟ رەنگە هەر لایەنە و بە جۆرێک قسەی خۆی کردبێ لە جوابی زەریفدا، بەڵام دەمانتوانی هەر ئەو ڕۆژە و گەرماوگەرم لە مێدیا جیهانیەکاندا وڵامی بدەینەوە. رۆژانە ئێمە زۆرهەلی ئاوا لە دەستدەدەین. پێموایە هەنوکە لە چەند بواردا دەتوانین سازەی هاوبەشمان هەبێ: لەوانە : لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بۆ پێوەندی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی باشور، باکور و ڕۆژئاوا، دەتوانین کومیتەی هاوبەشمان بنێرین بۆ پارلمانی ئوروپا، دەکرێ هێزی هاوبەش بۆ پشتیوانی کوردانی باشور پێکبێنین، دەتوانین کۆبوونەوە و جۆرێک کونفەرانسی کوردی رۆژهەڵات لە تاراوگە بگرین( بە هەزاران ئاکادمیست و جالاکوانی رۆژهەڵاتی هەن کە دەبێ دەوریان بۆ دابندرێ و دڵنیام بۆ کارکردن لەگەڵ سازەیەکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر ئامادەن و دڵسۆزانە کاری بۆ دەکەن). ئەوانە وەک نمونە باس دەکەم و دەکرێ کۆنکرێتتر لەوەش بە فیکری هەمومان کاری جیددیتر بکەین. نابێ راوەستین تا بەرە پێکبێ، بەڵکوو لە کاری خوارتر ەوە دەست پێبکەین تا بەستێن بۆ پێکهێنانی بەرە خۆش بکرێ، تەنیا بوێری و ئیقدامێکی بەکۆ هێزمان دەداتێ و، وەک کوتم لە ناو بزوتنەوەی کوردیشدا زۆر زیاتر بە هەندمان وەردەگرن. بە خۆشییەوە هەوڵی باش لە ناو هەندێک لە هێزەکان دەبیندرێ و گومانم تێدا نییە هاورێیانم لە حیزبەکانی دیکەش بە پەرۆشەوە دەڕواننە دۆخەکە، هەموو مەسەلەکە ئەوەیە کە: کات نابێ لە دەست بدەین و تا مەسەلەکانی ئەم ناوچەیە لە سەرەوەی هەواڵەکانن و دونیا باسی دەکات، ئێمەش با نانی خۆمان بە تەندورەوە بدەین.بەو هیوایە و بە دڵنیایی ئەوە کە پێمان دەکرێ.

بابەتی پێشوواطلاعیه کومەلە به مناسبت جانباختن هیوا فارس “مسعود تاقانکی”
بابەتی دواترتۆ له ڕوانگه‌ی به‌رزییه‌وه (بۆ کاک فوئادی مسته‌فاسوڵتانی) / حه‌مه‌ عه‌زیز