بە پێی هەواڵێک کە گەیشتووەتە دەستمان بەداخەوە دوێنێ شەممە رێکەوتی ١١ی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی کاک جەوادی وسووقی لە تیکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە لە شاری سەقز ماڵئاوایی لەژیانکردووە.
کاک جەواد وسووقی لە ساڵانی پێش راپەرینی گەلانی ئێران لەگەڵ خەباتی سیاسی ئاشنا بوو. هەر ئەو سەردەم لەگەڵ کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی سیاسی لەوانە لەگەڵ هاورێ رەزا کەعبی بۆ کرێکاری کردن و ئاشنایی زیاتر لەگەڵ کۆرۆکۆمەڵی سیاسی چوونە شاری تاران. لەسەروبەندی راپەرینی جەماوەریی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا کاک جەواد خەباتی سیاسی خۆی لەگەڵ رێکخراوی پەیکار دەستپێکردو،دواتر و پاش رووداوەکان و ئاڵۆگۆرە سیاسییەکانی ئەو سەردەم کاک جەوادیش وەک زۆرێک لە هەڵسووراوان و خەباتکارانی ریزەکانی رێکخراوی پەیکار پێوەندی بە کۆمەڵەوە گرت و چالاکی و تێکۆشانی سیاسی خۆی بە کۆمەڵەوە گرێدا.
هەرچەند هاورێ جەوادی وسووقی پاش چەند ساڵ خەباتی پێشمەرگانە گەرایەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی لە شاری سەقز،بەڵام بە شاهیدی هەمووان هاورێ جەواد هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی وەک تێکۆشەرێکی وەفادار بە رێبازی کۆمەڵە مایەوە و هەر بەو هۆکارەش لە نێو خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەردا کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێگای متمانە بوو.
زۆر بەداخەوە ئەم تێکۆشەرە دێرینەی رێبازی کۆمەڵە وچەوساوەکانی کوردستان دوێنێ شەممە ١١ی گۆڵان هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی کرێکار دڵە گەورە وپر لە ئاوات وخۆزگەکەی بە ئازادی وسەربەستی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و کۆری هاورێیان و خەباتکارانی ئازادی بەجێهێشت.
ئێمە مەرگی هاورێ جەوادی وسووقی بە خەسارێکی گەورە دەزانین بۆ کۆمەڵە وبزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.هەر بەو بۆنەوە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی دەکەین لە بنەماڵەی گەورە وسەربەرزی وسووقی و، بەتایبەت سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی نادرە خانمی پەنا هاوسەری ئازیزی و، نامۆ ونشات دوو جگەرگۆشەکانی کاک جەواد و هەموو خەڵکی شاری سەقز وتێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە لە ناوچەی سەقز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی کاک جەوادی وسووقی بەرزوبەرێز بێت.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان
١٢ی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٢ی مەی ٢٠٢١ی زایینی.

بابەتی پێشووبەشداریی ژمارەیەک لە هاورێیانی پێشمەرگەو ئەندامانی کۆمەڵە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ڕۆژی جیھانی کرێکار لە شاری سلێمانی
بابەتی دواتردژ بە ھێرش و پیلانی رژیم و سەلەفیەکان بۆ دارسەیران و مەریوان بوەستین