بە پێی هەواڵێک کە لە شاری سەقزەوە گەیشتووە بەداخەوە ئەمرۆ یەکشەممە ١٩ی مانگی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی نادرە پەنا تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە و بزووتنەوەی چەپ وسوسیالیستی کوردستان لە شاری سەقز و بەهۆی تووشبوون بە پەتای کرۆنا ماڵئاویی لە ژیانکرد و دڵی پرلە هیوا و خۆزگەی بە رزگاریی بەشمەینەتان بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
هاورێ نادرە پەنا لە سەروبەندی راپەرینی گەلانی ئێران لە دژی رژیمی پاشایەتی،وەک هەڵسووراوێکی چەپ وئازادیخواز لە ریزەکانی رێکخراوی پەیکاردا خەریکی کار وتێکۆشانی سیاسی بوو.دواتر و لە رەوتی ئاڵوگۆرەکانی ئەو سەردەمدا وەک زۆرێک لە تێکۆشەران وهەڵسووراوانی چەپ وئازادیخواز خەبات و هەڵسوورانی سیاسی ورێکخراوەیی خۆی لەنێو ریزەکانی کۆمەڵەدا درێژە پێدا.
هاورێ نادرە کە لەگەڵ هاورێ جەواد وسووقی ژیانی هاوبەشیان پێکهێنابوو،پاش ساڵانێک گەرانەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان،بەڵام هەتا دوا ساتەکانی تەمەنیان وەک دوو خەباتکاری بە ئەزموون و وەفادار بە رێبازی کۆمەڵە مانەوە ولە نێو خەڵکی شار وناوچەکەدا خاوەن رێز ومتمانەیەکی تایبەتی بوون.
زۆر بەداخەوە هاورێیان نادرە و جەواد لە ماوەی رابردوودا تووشی پەتای کرۆنا ببوون کە رۆژی شەممەی رابردوو ١١ی مانگی گۆڵان هاورێ جەواد وسووقی گیانی لەدەست دا و،ئەمرۆش رێکەوتی ١٩ی مانگی گوڵان هاورێ نادرە پەنا بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.
ئێمە بەبۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی هاورێی دێرینمان نادرە پەنا پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەسوکاری،بە تایبەت سەرەخۆشی لە نشات ونامۆی جگەرگۆشەیان و،هەروەها سەرەخۆشی لە تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە کاک محەممەدی خاکی و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی شاری سەقز دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.
یادی ئازیزی هاورێ نادرە پەنا بەرزوبەرێز بێت.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٩ی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٩ی مەی ٢٠٢١ی زایینی.

بابەتی پێشووشوێنەکانی دەنگدان لە کوردستان دەبێ لە هەموو ئێران چۆڵتر بێ
بابەتی دواترکەسایەتییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مهاباد ماڵئاوایی لەژیانکرد