خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان! لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناکۆکییەک لەسەر کێشەی زەوی و مافی دەستڕاگەیشتن بە ئاو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرژی و تێکهەڵچوونی خەڵک لە ناوچەی داڵاهۆ کە بە داخەوە زەرەر و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی دڵ‌نیگەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە. بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە، هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی قەیرانە سروشتییەکان لەوانە قەیرانی ئاو و فەوتاندنی دارستان و سەرچاوەکانی ژینگە، دەرەنجام و لێکەوتەی ڕاستەوخۆی سیاسەتی چەوت و تێکدەرانەی ژینگەیی و بەڕێوەبەری ناکارامەی کۆماری ئیسلامییە. لەم نێوانەدا جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران، وەکوو ناوچەیەکی دەوڵەمەند لەبواری ئاو و دارستان و کانگە سروشتییەکان هەژمار دەکرێت بەڵام بەداخەوە هاوکات و هاوئاراستە لەگەڵ هۆکارگەلی ئاماژەپێدراو، بەهۆی ڕوانینی ئەمنییەتی، ڕاگواستنی ئامانجداری ئاو، ئاگر‌تێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکان و پشتگوێخستنی بەرژەوەندی درێژماوەی ناوچەکە لە بواری ژینگەییەوە بە دووقات چەوسێندراوەتەوە. کۆماری ئیسلامی لەمێژە دەیهەوێ بە دەستێوەردان و زەقکردنەوەی جیاوازیی باوەڕی، ئایینی، ئایینزایی و کەڵکوەرگرتنی پلان بۆ دارێژراو لەم ڕەنگاوڕەنگی و جیاوازییە سروشتیانە، یەکیەتی و تەبایی نێو ماڵی کورد تێک‌بدا، کێشە و پرسی نەتەوەیی کورد چەواشە بکا و هاوکات وەکوو ئامرازێک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان خەڵکدا بەکاری بێنێت. ڕێژیم ڕاستەوخۆ یان لەڕێگای دەست‌وپەیوەندییەکانیەوە بەردەوام هەوڵی داوە بە قۆستنەوە و قووڵکردنەوەی هەر جۆرە هەل و ناکۆکییەک، بیانوویەکی نوێ بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی بدۆزێتەوە و ئەم هۆکارە ساختەیە بکات بە پاساوێک بۆ لەشکەرکێشی و میلیتاریزەکردنی کوردستان و سەپاندنی کەش‌وهەوای ئەمنییەتی لە ناوچەکە. خەڵکی وشیاری کوردستان! هەزاران ساڵە خەڵکی کورد بە هەموو جۆرە جیاوازییەکی بیر و باوەڕ و ئایینیەوە، بەدوور لە توندئاژۆیی و لە ئاشتی و ئاشتەوایی دا ژیاوە و کوردستان هێمای پێکەوەژیان و پێکەوەبوونی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان بووە. ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆمان لە قووڵبوونەوەی کێشەکان و سەرەخۆشی لە قوربانیانی ئەم تێکهەڵچوونانە، لەو باوەڕەداین خەڵکی کوردستان بۆ پێکەوەژیانی شارستانیانە و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی پێویستی بە هێزی ئەمنی و نیزامی هاوردەی ڕێژیم نییەو هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە خەڵک و کەسایەتییە خاوەن پێگەی مەدەنی و ئایینییەکانی ناوچەی داڵاهۆ دەکەین هەرچی زووتر چارەسەرێکی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانە بدۆزنەوە و لە پێناو گەڕانەوەی ئاسایش و ئەهوەنی بۆ ناوچەکە کۆتایی بەم گرژیانە بێنن. درێژەدان بەم کێشە و ئاڵۆزییانە تەنیا لە بەرژەوەندیی دوژمنانی گەل و نیشتماندایەو دەستی ڕێژیم و نەیاران بۆ پیلان و دەستێوەردانی زیاتر و کاری تێکدەرانە ئاوەڵا دەکا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی ٣ی ژوئەنی ٢٠٢١ی

بابەتی پێشووڕاگەیاندنی کۆتایی پلۆنۆمی ١٣ی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
بابەتی دواترڕاگەیاندنی ژمارە ٢ی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سەر بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران