ئەمرۆ دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی دادگای تاوانەکانی هەولێر سەبارەت بە پەروەندەی تیرۆرکردنی کاک قادر قادری یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دانیشتنی کۆتایی خۆی بەرێوەبرد و پاش دانپێدانانی ئاشکرای تۆمەتبارەکان هەم لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە وهەمیش لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا، بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ۳ کەس لە بکوژەکان دەرچوو.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەسەر زاری پارێزەرەکانەوە بڵاو بۆتەوە و هەروەها بە پێی دانپێدانانی خودی تۆمەتبارەکان،سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی گەڵاڵەدارێژ و بریاردەری سەرەکیی ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە بووە و لێپرسراوانی سپای پاسداران پاش چەندین جار کۆبوونەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان وبەڵێنی پێدانی یەک ملیاردتمەن چاودێری بەرێوەبردنی ئەو کردەوە تێرۆریستییەیان کردووە.
هەر لە ئەنجامی ئەو پرۆسەی دادگاییکردنەدا دوو تۆمەتباری دیکەی ئەو پەروەندەیە هەر یەک سزای ٥ ساڵ بەندکران وغەرامەی نەختیان بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە رۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ ی هەتاوی، تەرمی کاک “قادر قادری” لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە و هەر ئەوکات ئاشکرا بوو کە ناوبراو لە پیلانێکی تێرۆریستیدا لە لایەن دەزگا تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی لەدەست داوە.

بابەتی پێشووئیدانە کردنی دۆخی خراپی مافی مرۆڤ له وڵاتی ئێران له لایەن هاوڕێیانی کوملەی زەحمتکێشان کومیتەی سویس دانیشتوی شاری لۆتزەرن
بابەتی دواترپەیامی هاوخەمی کۆمەڵە بە بۆنەی رووداوی تێرۆرکرانی مووسا باباخانی ئەندامی رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان.