بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مهابادەوە گەیشتووە،ئێوارەی دوێنێ شەممە ٢٣ی مانگی گەلاوێژ بەداخەوە رووناک خانمی خودایار لە رووداوێکی دڵتەزێندا گیانی ئازیزی لەدەست دا وبۆ هەمیشە دڵی گەورە وپر لە هیوا و خۆزگەی سەرکەوتنی لە لیدان کەوت.
رووناک خانم کچی ئەمینە خانمی مەولوودیان(ئامە) هاوسەری مامۆستا محەممەدی ماملێ بوو.رووناک خانم کە خۆی کچی کاک ئەسعەدی خودایار لە کەسایەتییە دیارەکان و لە تێکۆشەرانی دێرینی شاری مهاباد بوو،ژنێکی نیشتمانپەروەر ودۆستێکی دڵسۆز وبە وەفای کۆمەڵە بوو لە شاری مهاباد.سەرەرای دۆخی ئەمنی نالەبار،بەڵام رووناک خانم بۆ دیدار تازەکردنەوە لەگەڵ تێکۆشەرانی کۆمەڵە لە نزیکەوە سەردانی کردین وهەتا کاتی ماڵئاواییکردن لەژیانی پێوەندی خۆی لەگەڵ ئێمە بەردەوام راگرت وگەورەترین خۆزگە وئاواتی خۆی لە سەرکەوتنی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کوردا دەبینییەوە.
بێگوومان لەدەست دانی رووناک خانمی خودایار بۆ ئێمە وبۆ هەموو رێبوارانی رێگای ئازادی و رزگاری خەسارێکی گەورەیە و،ئاپۆرەی بەرینی جەماوەری شاری مهاباد وشارەکانی دەورووبەر سەرەرای مەترسییەکانی تەشەنەی پەتای کورۆنا لە کاتی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئازیزی،نیشانەی خۆشەویستی و متمانە و پێگەی رووناک خودایارە لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەلکی کوردستاندا.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی رووناک خانمی خودایار لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی خۆمان پیشکەشی بنەماڵەی ئازیزی و بەتایبەت کاک سولەیمانی خودایارو، کاک سادقی ئەمیری هاوسەری ئازیزی وجگەرگۆشەکانی ،شەپۆل و شاهین و ئاسۆ وشاهۆو هەموو بنەماڵەی گەورەی ماملێ و خەڵکی شاری مهاباد دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی رووناک خانمی خودایار بۆ هەمیشە لە دڵماندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.
بژی یادی ئازیزی
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٥ی ئاگوستی ٢٠٢١ی زایینی

