زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە کاتژمێر ٨ ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنج شەممە ١١ی خەرمانان ١٤٠٠ی هەتاوی، مینی بووسی هەڵگری ژمارەیەک لە دانیشتوانی گووندی پیرسەفای مەریوان کە بە مەبەستی چوون بۆ “وەیسولقەرەنی” کەتبوونەرێ،لە نێوان ئاواییەکانی تفێن وپاڵنگان تووشی رووداوی هەڵدێران بووە و لە ئاکامی ئەم رووداوە دڵتەزێنەدا ١٦ کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکیش بریندار بوون و کە بەداخەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی دوو لە بریندارەکانیش بڵاو بۆتەوە.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە ئێمە گەیشتوون ١٤ کەس لە قوربانییەکانی ئەو رووداوە خەڵکی ئاوایی پیرسەفا و،٢ کەسیان خەڵکی ئاوایی بەردەرەشەی مەریوان بوون.
بەداخەوە لە ئاکامی سیاسەتی هەڵاواردنی بەئەنقەستی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و پشتگوێخستنی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و نۆژنکردنەوەی رێگاوبانەکان و،هەروەها ناکارامەیی ونائیستانداردبوونی کەرەسە وئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی، ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان لە رووداوگەلی لەم جۆرەدا گیانیان لە دەست دەدەن، بەجۆرێک کە ئیتر ئێستا رێگاوبانەکانی کوردستان و بەتایبەت شارە سنوورییەکان کە قورساییەکی زیاتری هاتووچۆیان لەسەرە بە “رێگای مەرگ” ناوزەد کراون.
ئێمە بە بۆنەی ئەم رووداوە دڵتەزێنەوە وێرای دەربرینی خەم وپەژارەی خۆمان، پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەسوکاری قوربانییەکانی ئەم پێشهاتە دڵتەزێنە وخەڵکی ئاواییەکانی پیرسەفا وبەردەرەشە وهەموو خەڵکی ناوچەی مەریوان دەکەین.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٢ی سپتامبری ٢٠٢١ی زایینی

بابەتی پێشووڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
بە بۆنەی ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی کاک فواد مستەفا سوڵتانی
بابەتی دواترڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران