بەمجۆرە رادەگەیەنین کە زۆر بەداخەوە سەرلە ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، میرزا محەممەد حوسێن پەناهی ناسراو بە خاڵۆ میرزا باوکی دوو گیانبەختکردووی کۆمەڵە،هاورێیان ئەشرەف و رامین حوسێن پەناهی و،سیمای خۆشەویست و ناسراو وخۆراگری ناوچەی لەیلاخی سنە لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ماڵئاوایی لە ژیانکرد.
خاڵۆ میرزا و بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا بە هۆی بوونی دوو لە کورەکانیان و هەرەها ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و خزمانی نزیکی بنەماڵەکەیان لە نێو ریزەکانی کۆمەڵەدا، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە بەردەوامی لە ژێر هەرەشە وگرتن وئازار و ئەزییەت دا بوون. هاورێ ئەشەرف یەکێک لە کورەکانی خاڵۆ میرزا و تێکۆشەری رێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵە لە کاتێکدا بەدوای پەروەندەی یەکێک لە براکانییەوە بوو کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەسبەسەر بوو، بە داخەوە شەوی ٧ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە پیلانێکی تێرۆریستیدا لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی بەختکرد.
بەڵام سیاسەتی گرتن وتێرۆر و ئەشکەنجە لە دژی ئەو بنەماڵە خۆراگرە نەک هیچ کاریگەرییەکی نەبوو،بەڵکوو بە پێچەوانە هەستی خەباتکارانەی لە ناخی ئەندامانی بنەماڵەکەدا زیاتر بە تین دەکرد.چەند ساڵ دواتر لەگەڵ پێگەیشتنی هاورێ رامین،ئەویش وەک باقی براکانی ریزەکانی شۆرش وخەباتی هەڵبژارد کە بەداخەوە مانگی پووشپەری ساڵی١٣٩٦ی هەتاوی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی حیزبیدا لە شاری سنە بە برینداری کەوتە دەست داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی و بۆ ماوەی ساڵیک خستیانە ژێر درندانەترین ئازار و ئەشکەنجە،بەڵام رامین حوسێن پەناهی نەک لە حاندی ئازار وئەشکەنجەی جەللادانی رژیمدا چۆکی دانەدا،بەڵکوو بە خۆراگری و ورەی بەرزی خۆی بوو بە یەکێک لە سیما خۆراگرەکانی نێو زیندان و ناوی بوو بە وێردی سەرزاران.بەداخەوە پاش ساڵێک ئازار وشکەنجەی درندانە هاورێ رامین حوسێن پەناهی رۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە لایەن رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا کە هەتا ئێستاش شوێنی ئەسپەردەکردنی نادیارە.
خاڵۆ میرزا سەرەرای ئەوەیکە دوو لە کورە ئازیزەکانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی نزیکی بنەماڵەکەی گیانیان بەختی ئامانج و رێبازی بەرزی کۆمەڵە کردو،سەرەرای باری ناهەمواری ژیان،بەڵام هەتا دوا هەناسەکانی وەک باوکێکی خۆراگر و وەک کەسایەتییەکی خەباتکار،سەرباری گوشار و هەرەشەکانی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی رژیمی ئیسلامی،شان بە شانی دایە شەریفەی هاوسەری شار و شار و ماڵ بە ماڵ دەگەران و سەردانی بنەماڵە و کەسوکاری گیراوەکانیان دەکرد و ببوونە مەرهەمی زامەکانیان و نموونەی خۆراگری و هیوا بە داهاتوویەکی گەش.
زۆر بەداخەوە خاڵۆ میرزا لە سێهەمین ساڵرۆژی لەسێدارەدرانی هاورێ رامین دا دۆخی تەندروستی تێکدەچێ و دەکەوێتە دۆخی بێهۆشیی تەواو(کۆما) و سەرەنجام سەرلەئێوارەی ئەمرۆ لە نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە دڵە گەرەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
شایانی باسە سبەینێ پێنجشەممە تەرمی خاڵۆ میرزا لە شاری سنەوە بەرەو ئاوایی قوریچیا دەبرێتەوە و لە گۆرستانی زێدی خۆی ئەسپەردە دەکرێ.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی میرزا محەممەد حوسێن پەناهی لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە دایە شەریفە و هاورێیانی ئازیزمان ئەمجەد، رەفیق ، پوویا و سیروان حوسێن پەناهی و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی خۆراگریان وهەموو خەڵکی گەورەئاوایی قوریچیا وناوچەی لەیلاخی سنە دەکەین وخۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی میرزا محەممەدی حوسێن پەناهی بەرز وبەرێز بێت.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٥ی سپتامبری ٢٠٢١ی زایینی.

بابەتی پێشووڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تیرۆری شەهیدانی میکۆنۆس
بابەتی دواتربانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە وڵاتی فینلاند