لە چەند رۆژی رابردوودا جێگری بەشی چاپەمەنی وبڵاوکراوەکانی وەزارەتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی بە بریارێک ئەو برە هاوکارییە داراییەی لە رۆژنامە وچاپەمەنییەکانی کوردستان بری کە پێشتر پێیاندەدرا. ئەم بریارە لە گەڵ نارەزایەتی و کاردانەوەی هاوبەشی نووسەران و ئەنجوومەنی پێشەیی بڵاوکراوەکان و ماڵی چاپەمەنییەکانی ئوستانی کوردستان بەرەوروو بوویەوە.
ئەنجوومەنی پیشەیی بڵاوکراوەکان و ماڵی چاپەمەنییەکانی ئوستانی کوردستان لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا وێرای سەرکۆنەکردنی ئەو بریارەی وەزارەتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە بەستێنی گەشەکردن و دواکەوتوومانەوەی راگەیاندنەکان بەستراوەتەوە بە گەشەسەندنی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگاوە،بوونی ژێرخانێکی تۆکمەی راگەیاندن و بڵاوەکراوە یەکێک لە کۆڵەکەکانی گەشەی فرەرەهەند و گشتگیرە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیاندنەدا باس لەوە کراوە کە لە بارودۆخی دژوار و ئەستەمی ئابووریدا کە تان و پۆی کارگە وکارخانە گەورەکانی وڵات لەبەر یەک هەڵوەشاوە،لە ئوستانێکی گەشەنەسەندوو و بێ پیشەسازی لە چەشنی ئوستانی کوردستان بڵاوکراوە وچاپەمەنییەکان بەبەردەوامی لە رووی ئابووری و سیاسەتی هەڵاواردندا لەژێر گوشار و مەترسی ئیفلاس ومایەپووچ بوون دان.بە تایبەت لە سێ ساڵی رابردوودا کە بە هۆی تەشەنە وبڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا زۆربەی سەرچاوە ئابوورییەکان وشک بوون،بڵاوکراوەکان و چاپەمەنی لە کوردستان دوو هێندە تووشی زیان و خەسار بوون و،هەروەک ئەوەی لە زومرەی لە بیرکراوەکانی مێژوو بن هیچ فریادرەسێکیان نییە.
هەر لە درێژەی ئەم راگەیاندنەدا لە بابەت سەرچاوەی ماددی ئەم بوارە هاتووە: یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی تێچووی بڵاوکراوەکان ئەو بڕە هاوکارییە ماددییە بوو کە لە لایەن وەزارەتی ئیرشادەوە دابین دەکرا کە بە پێی ئامار وتۆمارکراوەکانی ساڵانی رابردوو ئەو بڕە هاوکارییەی ئەم بوارە لە ئوستانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تر تەنانەت یەک لەسەر چواری هاوکاریکردنی بڵاوکراوەیەکی ئاسایی و مامناوەند لە ئاستی ئێراندا نییە.
ئەو دوو رێکخراوە چاپەمەنییەی ئوستانی کوردستان لە کۆتایی راگەیاندنەکەیاندا وێرای سەرکۆنەکردنی ئەو بریارەی وەزارەتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی دەڵێن: بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاربوونی بابەتەکە ئەو ئەنجوومەنە لە حاند ئەو بریارە نابەرپرسانە ونازانستییانەی جێگری چاپەمەنییەکانی وەزارەتی ئیرشاد کە مانەوە وژیانی بواری چاپەمەنی لە کوردستانی کردووەتە ئامانج بە تووندی نارەزایەتی خۆی دەردەبرێ و،خوازیاری ئەوەیەکە بەو پێیەی ئوستانی کوردستان یەکێک لە ئوستانە بێ دەرفەت و بێ بەشکراوەکانی ئێرانە،نەک تەنها لە رێگای ئەو بڕە هاوکارییە ماددییە،بەڵکوو دەبێ بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و پشتگیری بکرێ،بە پێچەوانە بەرپرسیارەتی زیان و لێکەوتە کلتووری وسیاسییەکانی ئەو بریارە لە ئەستۆی بریاردەرانی ئەو برێارەیە.

بابەتی پێشوووتووێژی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە لەگەڵ کاناڵی کەلەمە
بابەتی دواتربرای هاورێیەکی گیانبەختکردووی کۆمەڵە لە شاری مەریوان ماڵئاوایی لە ژیانکرد