زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە ئەمرۆ جومعە ٢٤ی رەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی ئاسییە خانمی عەزەمی بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
دایە ئاسییە، دایکی دوو هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە،هاورێیان فەرهاد و فەرزاد مورادی،ماوەی پێنج ساڵ بوو کە بە هۆی نەخۆشی لەسەر جێ بوو.
هاورێ فەرهاد مورادیان ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی و پاش هاتنەسەرکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەداخەوە پاش دەستبەسەر بوونی، لە زیندانی شاری سنە لە سێدارە درا.
هاورێی گیانبەختکردوو فەرزاد مورادیان پاش هێرش و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و بەرەنگاریی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەرامبەر بەو هێرش و داگیرکارییە، ساڵی ١٣٦٢لە ناوچەی ئالانی سەردەشت گیانی ئازیزی بەختی رێبازی بەرزو پیرۆزی کۆمەڵە کرد.
دایە ئاسییەش وەک زۆربەی دایکانی کوردستان کە کوران و کچانیان لە ریزەکانی کۆمەڵەدا خەباتیان دەکرد،لە چاوی دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دوور نەبوو.ماوەی شەش مانگ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەستبەسەر کرا، بەڵام هەتا دوا هەناسەی وەک دایکێکی خەباتکار و تێکۆشەربەرامبەر بە رێبازی جگەرگۆشەکانی وەفادار مایەوە و، بە داخەوە پاش پێنج ساڵ دەستوپەنجە نەرمکردن لە نەخۆشی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و دڵی پر لە خۆزگە و ئاواتی بە رزگاریی و ئازادی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی دایە ئاسییە عەزمی پر بە دڵ سەرەخۆشی لە کەسوکار وبنەماڵەی ئازیزی بە تایبەت لە مریەم خانم و کاک زاهید و کاک عارف و هەموو خەڵکی شاری سنە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئاسییە خانمی عەزەمی بەرز و بەرێز بێت.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤ی رەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی
١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١ی زایینی

بابەتی پێشوودواڕۆژ-ژمارە ١١٢
بابەتی دواترراگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی کاک بەهرامی رەزایی فەرماندەی قارەمان و کادری لێهاتووی کۆمەڵە