خەڵكی خەباتکاری کوردستان!

هاورێ و تێکۆشەرانی دێرین و دۆستان ودڵسۆزانی کۆمەڵە!

زۆر بەداخەوە رادەگەیەنین کە سەرلەبەیانیی ئەمرۆ چوارشەممە ٢٨ی رەزبەری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی هاورێ بەهرامی رەزایی فەرماندەی دێرین و کادری لێهاتووی کۆمەڵە بە هۆی نەخۆشی دڵەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری فرانکفۆرت لە وڵاتی ئاڵمان ماڵئاوایی لە ژیانکرد و کۆری هاورێ و هاوسەنگەرانی بەجێهێشت.

هاورێ بەهرام رەزایی کە بە بارامە رەش دەناسرا ساڵی 1339ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بوو.لە قۆناغی ژیانی منداڵی وتازە لاویدا بە هۆی ئەوەی باوکی لە پلەدارەکانی ئەوکاتی ئەرتەشی حکوومەتی شا بوو،بەشێک لە تەمەنی لە شارەکانی تەورێز و ورمێ بردەسەر و سەرەنجام لە ساڵانی پێش راپەڕینی گەڵانی ئێراندا لە شاری سنە نیشتەجێ بوونەوە.

بەهرامی رەزایی هەتا وەرگرتنی دیپلۆم درێژەی بە خوێندن دا و لەگەڵ دەستپێکردنی راپەرینی گەلانی ئێران و خرۆشی جەماوەریی لە کوردستان پێوەندیی بە کۆمەڵەوە کرد و وەک خەباتکارێکی شێلگیر و تێکۆشەرێکی لەخۆبردوو لە پێناو ئامانجەکانی کۆمەڵە وخەڵکی کوردستاندا هەتا دوا هەناسەی لەسەر ئەو رێبازە وەفادار مایەوە.

هاورێ بەهرام رەزایی لەو یەکەم دەستانەی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو کە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت خولی راهێنانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەی سەرکەوتووانە تێپەراند و پلەکانی پێشمەرگانەی قۆناغ بە قۆناغ و بە لێهاتووی تێپەراند.

هاورێ بەهرام رەزایی لە بەرپرسیارەتی نیزامی دەستەوە دەستیپێکرد و هەتا فەرماندەیی گوردانەکانی نەکەرۆز و کاک فوئاد و گوردانی کاوە بەتایبەت لە ناوچەکانی دیواندەرە و کامیاران بەو پەڕی لێهاتووی و فیداکارییەوە ئەرکەکانی خۆی بەرێوە دەبرد. لەگەڵ تووند بوونەوەی شەری نێوان ئێران و عێراق و پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی کوردستانی باشوور،هاورێ بارام ئەندامی تیمی شناسایی کۆمەڵە بوو کە بە هۆی ژیری و لێهاتووەیەکانییەوە زۆربەی گەڵاڵە رێکارە دیاریکراوەکانی بۆ چوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ قوڵایی ناوچەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و زەبروەشاندن لە هێزەکانی دوژمن بە سەرکەوتوویی بەرێوە دەچوون. جیا لەو ئەرکە پێسپێردراوانە،هاورێ بارامی رەزایی دەورەیەکی دیاریکراویش راوێژکاری یەکەمی کاروباریی نیزامیی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بوو.

ساڵی 2000ی زایینی هاورێ بارام پشتیوانی لە رەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە کرد و لە کۆنفراسی ساغکردنەوەی کۆمەڵەدا بوو بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی.

هاورێ بەهرامی رەزایی لە کۆنگرەی ١٢ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

هاورێ بەهرامی رەزایی کە لە ماوەی ژیان و خەباتی پێشمەرگانەدا یازدە جار بریندار ببوو،لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی باری تەندرووستی و جەستەیی لە دەرەوەی ولات دەژیا و بەداخەوە ئەمرۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری فرانکفۆرت لە وڵاتی ئاڵمان بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ئازیزانی بەجێهێشت.

ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی هاورێ بەهرامی رەزایی ناسراو بە بارامەرەش فەرماندە و کاری لێهاتووی کۆمەڵە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و ئازیزانی بە تایبەت رۆزای جگەرگۆشەی و هاورێ پەروین پیشیاری یاری دێرین و بە ئەمەگی قۆناغە دژوارەکانی ژیانی و،هەروەها دایک و باوکی ئازیزی پەروانە خانمی زەندی و کاک محەممەدی رەزایی و، هەردوو خۆشکی ئازیزی لەیلا خانم ومەنیژە خانم وکاک شەهرامی برای ئازیزی و هەموو هاورێ و تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە و خەڵکی شاری سنە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین.

بژی یادی ئازیزی هاورێ بەهرام رەزایی (بارامە رەش)

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٨ی رەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی

٢٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١ی زایینی

بابەتی پێشووپەیامی هاوخەمیی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی ئاسییە خانمی عەزەمی
بابەتی دواترتێکۆشەرێکی دێرین وخوشکی گیانبەختکردوویەکی کۆمەڵە لە مهاباد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.