زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە دوێنێ جومعە ٣٠ی مانگی رەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی نەسرین عومەر عەلی لە هەڵسووراوان وتێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی شاری مهاباد ماڵئاوایی لە ژیانکردووە.
نەسرین خانم ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە کۆشی بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە ئاوایی ئاجیکەندی ناوچەی بۆکان چاوی بە ژین پشکووت.لەگەڵ دەستپێکردنی شۆرشی گەلانی ئێران و خرۆشی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە دژی رژیمی پەهلەوی و کاریگەریی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستان و سازدانی بەرەنگاریی جەماوەری لە دژی هێرشی کۆماری تازەبەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی بۆسەر کوردستان،بنەماڵەی هاورێ نەسرین وەک زۆربەی بنەماڵەکانی کوردستان ئاوات و ئارەزوەکانی خۆیان بۆ ئازادی و سەربەستی بە خەباتی کۆمەڵەوە گرێ دا و لەو پێناوەشدا هاتنە ریزەکانی کۆمەڵەوە. نەسرین عومەر عەلی هەر لە تەمەنی تازەلاوییەوە وەک هەڵسووراوێکی لێهاتووی کۆمەڵە شان بە شانی هاورێ حەمەی برای شانی دایە بەر جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە پێدەسپێردرا و زۆر بەجۆش و خرۆشەوە لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵەدا تێدەکۆشا.زۆر بەداخەوە یەکێک لە براکانی هاورێ نەسرین، هاورێ دەروێش عومەر عەلی کە بە “حەمەی ئاجیکەند “دەناسراو و لە پێشمەرگە فیداکارەکانی گوردانی ٢٤ی مهاباد بوو،مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە بۆمبارانی شیمیایی مقەرەکانی کۆمەڵە لە لایەن رژیمی رووخاوی بەعسەوە لە دۆڵی بۆتێ لە ناوچەی رانیە لە کوردستانی باشوور لەگەڵ ٢٢ کەسیتر لە هاورێیانمان گیانی ئازیزی بەختکرد.پاش گیانبەختکردنی هاورێ دەروێش، یەک لە دوای یەک براکانی دیکەی هاتنە نێو ریزەکانی کۆمەڵە و ئەرکی سەر شانی هاورێ نەسرین ئەوەندەی دیکە قورستر بوو.بەڵام هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی و سەرەرای ئیدارەدانی ژیانی بنەماڵەکەی بە ئامانج و باوەرەکانی وەفادار مایەوە و پاڵپشتێکی قایمی کۆمەڵە بوو.
بەداخەوە نەسرین خانم ماوەی چوار ساڵ بوو تووشی نەخۆشییەکی قورس ببوو،سەرەرای هەموو هەوڵ و ماندووبوونی بنەماڵەکەی بۆ چارەسەرکردنی،بەڵام رۆژی رابردوو لە نەخۆشخانەی شاری مهاباد بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پر لە خۆزگە و هیوای بە ئازادی وسەربەستی لە لێدان کەوت و ئازیزانی بەجێهێشت.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی خوشکە نەسرین عومەر عەلی لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی،لە کاک رەحمانی هاوسەری و شیرین وفەرهادی جگەرگۆشەی و، بە تایبەت لە کادر و تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە هاورێیان حەمە و عەلی و عەزیزی ئاجیکەند و هەموو خەڵکی ئاوایی ئاجیکەند دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.
بژی یادی ئازیزی نەسرین عومەر عەلی.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی
٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١ی زایینی

بابەتی پێشووراگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی کاک بەهرامی رەزایی فەرماندەی قارەمان و کادری لێهاتووی کۆمەڵە
بابەتی دواترپەیامی هاوخەمیی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی مامۆستا مەلا محەممەدی غەفووری تێکۆشەری دێرین وکەسایەتی ناسراو و ئازادیخوازی ناوچەی سەقز.