زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە دوێنێ دووشەممە ١٠ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی مامۆستا مەلا محەممەدی غەفووری کەسایەتی ناسراو و سیمای خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی شاری سەقز بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پر لە خۆشەویستی بۆ ئازادی و سەربەستی لە لێدان کەوتووە.
مامۆستا مەلا محەممەد کە خەڵکی شارۆچکەی” ساحێب”ی ناوچەی سەقز بوو،لەو مامۆستا و کەسایەتییانە بوو کە هەر لە پێش راپەرینی گەلانی ئێران لە دژی رژیمی پاشایەتی دەنگێکی رەسا و بوێر بوو بەرامبەر بە زۆڵم و بێدادی.مامۆستا مەلا محەممەد کە دواتر لەئەندامانی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسەینی بوو،بەردەوام لە دژی خورافە و کۆنەپەرستیی باو دەوەستایەوە و وەک خەباتکارێکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز پێوەندییەکی تووند وتۆڵ و قایمی لە گەڵ تێکۆشەرانی چەپ وئازادیخواز و هەڵسووراوانی کۆمەڵە لە شاری سەقز و ناوچەکە بوو.بە تایبەت لەگەڵ هاورێیان کاک حەمەحوسەینی کەریمی و کاک یەحیای خاتوونی و ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران و رووناکبیرانی شاری سەقز و دێهاتەکانی دەوروبەر لە پێوەندییەکی خەباتکارانە و نزیک دابوو. لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە دژی رژیمی پەهلەوی و خرۆشی جەماوەری لە کوردستان،مامۆستا لە بەرەی لاوانی خەباتکار ولە ریزی ئازادیخوازاندا مایەوە و پاش رووخانی رژیمی پەهەلەوی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و هێرش بۆسەر کوردستان،مامۆستا مەلا محەممەدی غەفووری وەک تێکۆشەرێکی ئازادیخواز بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی خەڵکی کورد چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و ماوەیەکی زۆر لە دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین درێژەی بە خەبات دا.دواتر گەرایەوە سەر ژیانی ئاسایی و لە زێدی خۆی”ساحێب” و لە شاری سەقز ژیانی بردەسەر.
مامۆستا مەلا محەممەدی غەفووری کە کەسایەتییەکی قسەخۆش و مەجلیس گەرم و سەمیمی بوو،هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی وەک دۆستێکی نزیکی کۆمەڵە و وەک کاسایەتییەکی خەباتکار و لایەنگری ئازادی و پێشکەوتنخوازی مایەوە و،هەر بەم هۆیەش لە نێو خەڵکی کوردستان بە گشتی و شار و دێهاتەکانی ناوچەی سەقز بە تایبەتی خۆشەویست و جێگای باوەر و متمانەی خەڵک بوو.
زۆر بەداخەوە ئەم کەسایەتییە خەباتکارە و ئەم تێکۆشەرە دێرینەی کوردستان دوێنێ دووشەممە بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی شاری سەقز بۆ هەمیشە بە جێی هێشتین.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی خەباتکاری دێرین و دۆست ولایەنگری بەوەفای کۆمەڵە مامۆستا مەلا محەممەدی غەفووری،لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەسوکاری مامۆستا،بە تایبەت سەرەخۆشی لە کاک “وریا”ی کوری و خەڵکی شارۆچکەی ساحێب و شاری سەقز بە تایبەتی و هەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکەین.
یادی مامۆستا مەلا محەممەدی غەفووری بەرز وبەرێز بێت
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی
٢ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی.
پەیامی هاوخەمیی کۆمەڵە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی مامۆستا مەلا محەممەدی غەفووری تێکۆشەری دێرین وکەسایەتی ناسراو و ئازادیخوازی ناوچەی سەقز.
