هەوڵی خەمخۆرانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەتی تاک‌زمانیی کۆماری ئیسلامی و هەوڵی سیستماتیکی دەسەڵات بۆ پەراوێزخستن و تواندنەوەی زمانە نافارسییەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆی لە بایەخدان بە زمانی کوردی و کردنەوەی فێرگە و خولەکانی زمانی کوردی‌دا دەبینێتەوە، ترس و نیگەرانیی زۆری بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان دروست کردوە. هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی ئەو هەوڵانە، ناوەندە ئەمنیەتییەکانیش بە دروست‌کردنی کۆسپ و تەگەرە و وەگەڕخستنی پەروەندەی ئەمنییەتی لەدژی چالاکانی زمانی کوردی بەرهەڵستی تێکۆشەرانی ئەم بوارە بوونەتەوە.
بەندکرانی چەند چالاکێکی مەدەنی و مامۆستای فێرکردنی زمانی کوردی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە شار و ناوچە جیاکانی کوردستان‌دا کە بە تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی نیشتمانی پەروەندەیان لە دژ دروست کردوون و سزای قورسی زیندانیان بەسەردا سەپاندوون، ئاماژەی ڕوون بۆ بەردوامیی ڕێژیم لە سیاسەتی سڕینەوە و بەگژداچوونەوەی زمانی کوردین.
لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا زارا محەممەدی، موژگان کاوسی و کەیوان مینوویی بەشێک لەو کەسانە بوون کە خۆبەخشانە ویستوویانە خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی بکەن و لەو ڕێگەیەدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لە لایەن دادگاکانی ڕێژیمەوە دادگایی و ڕاپێچی بەندیخانە کراون.
زارا محەممەدی بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی “نۆژین” یەکێک لەو مامۆستایانەی زمانی کوردییە کە نیزیک بە دە ساڵە لە بواری فێرکردنی زمانی کوردیدا چالاکە، لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە دەستبەسەر و دوای ئەوەی کە ماوەی ٦مانگ لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو، مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. هەروەک ئەنجومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی “نۆژین” کە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ئەمساڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، پاش ئەوەی سەرجەم ڕێگا بەناو یاساییەکان، لە قۆناغەکانی دادگای سەرەتایی و دیوانی باڵای دادگای پێداچوونەوەیان بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ”سزای نادادپەروەرانە و بێ‌بەڵگەی پێنج ساڵ زیندانی بە سەر زارا محەممەدی”دا گرتۆتە بەر، بەڵام دیسان ئەو سزایە لە لایەن بەرپرسی گشتیی دەزگای دادی پارێزگای سنەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
موژگان کاوسی مامۆستای زمانی کوردی، نووسەر و ژینگەپارێز یەکێکی دیکە لەو چالاکەیە کە لە خۆپێشاندانەکانی گەلاوێژ ی ١٣٩٨ی هەتاوی بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی ڕێژیم و هاوکاری لە گەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا و لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣٦ مانگ بەند کرانی بەسەردا سەپا.
کەیوان مینوویی، چالاکی فەرهەنگی و ماموستای زمانی کوردی خەڵکی مەریوانیش چالاکێکی دیکەی مەدەنیی کوردە کە پاش دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی و سەرەڕایی بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
لەگەڵ ئەوەی کە لە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا ڕێگە بە خوێندن و نووسین بە زمانی نەتەوە ستەملێکراوەکان یان وەک خۆیان دەڵێن زمانە ناوچەییەکان دراوە و پەسەند کراوە بەڵام ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک پێشگیری و ڕێگریی لە خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بێجگە لە زمانی فارسی کردووە. هاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕێگرییە چالاکانی فەرهەنگی و مامۆستایانی زمانی دایکی هەمیشە کەوتوونەتە ژێر گوشاری هەڕەشە و ئەشکەنجە و زیندانی کراون.
سیاسەتی سڕینەوەی زمانی نەتەوە و پێکهاتە غەیرە فارسەکان لە ئێران و پێداگری لەسەر سیاسەتی تاک‌زمانی لە حالێک‌دایە کە بەشی کولتووریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (یۆنسکۆ) ٢ی ڕەشەمەی بۆ پاراستن و پێشگیری لە فەوتانی زمانی دایکی گەلان، بە ڕۆژی زمانی دایک دیاری کردووە، بەڵام وەک باس کرا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بەهایەک بۆ یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتیییەکان دانانێ و گەلانی ئێرانی لە مافە سەرەتاییە ئینسانی و یاساییەکانی بێبەش کردووە و هەڵسوکەوتەکانی لە گەڵ یاسا مرۆییەکان ناکۆک و ناتەبایە.
زمانی کوردی وەک پێناسەی نەتەوەیەکی ژێر دەست و توخمی سەرەکیی شوناسی ئەو نەتەوەیە هەردەم لەژێر تەوژم و هوروژمی زمانی نەتەوەی باڵادەستدا بووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. داگیرکەرانی کوردستان بە هەر شێوەیەک کە بۆیان لوابێ و لە توانایاندا بووبێ ویستوویانە زمانی کوردی لەنێو زمانی نەتەوەی سەردەستدا بتوێننەوە و نەتەوەیەکی دەیان میلیۆنی لە زمانی زگماکیان بێبەش و بێ‌بەری بکەن. لەگەڵ ئەوەی کە بە کردەوە، لە هەر دوو نیزامی پاشایەتی و حکومەتی ئیسلامیدا خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی قەدەغە بووە، بەڵام دڵسۆزان و خەمخۆرانی زمانی کوردی بەشێوەی جۆراوجۆر لە هەر ڕێگەیەکی مومکین کە بۆیان گونجابێ خزمەتیان بە زمانی کوردی کردووە و زمانی کوردییان لە فەوتان و لەنێوچوون پاراستووە. لەگەڵ ئەوەی هەڕەشەکانی دەزگاکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ئەوپەڕی زەخت و فشاریان خستۆتە سەر وانەبێژان و نووسەرانی کورد و بە تۆمەتی ناڕەوا و دوور لە ڕاستی پەلکێش کراونەتە ئیدارەی ئیتلاعات و ئازار و ئەشکەنجە دراون و زیندانی کراون، بەڵام خەمخۆرانی زمانی کوردی کۆڵیان نەداوە، لە هەڕەشەکانی دژمن نەترساون و لە بەربەستەکان نەپرینگاونەوە و ئازایانە لە مەیداندا بوون و لە سەنگەری بەرگری و برەودان بە زمانی کوردیدا ئازایانە ڕاوەستاون و نەبەزیون. هەروەک زارا محەممەدی دەڵێ ئەمە کۆتایی ڕێگا نییە، بەڵکوو سەرەتایەکی دیکەیە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی بڕیاری دەزگای دادی سنە لەسەر حوکمی بەندکرانی زارا محەممەدی و زیندانی کردنی موژگان کاوسی و کەیوان مینوویی مامۆستایانی زمانی کوردی بە تاوانی تێکدانی ئاسایشی گشتیی وڵات، سپاس و ڕێزی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو وانەبێژ و خەمخۆرانەی زمانی کوردی و چالاکانی مەدەنی دەکا کە بەوپەڕی ئازایەتییەوە لە سەنگەری پاراستنی زمانەوە بەرگری لە زمانی نەتەوەکەمان دەکەن و لەو ڕێگەیەدا خۆبەخشانە هاتوونەتە مەیدان و خزمەتی زمانی کوردی دەکەن.
لە هەمان‌کاتدا داوا لە خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازادیخوازان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە لەو پێوەندییەدا خەمسارد و کەمتەرخەم نەبن و، بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ پشتیوانی لە زارا و زاراکان بکەن و ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەی دادگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٥ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی
بەرانبەر بە ٦/١/٢٠٢٢ی زایینی

بابەتی پێشووڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی لەسێدارەدانی خەباتکاری سیاسی کورد حەیدەر قوربانی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە
بابەتی دواترجمهوری اسلامی بکتاش آبتین را به کام مرگ کشاند