ڕۆژی کۆمەڵە، ڕۆژی ڕێز گرتنە لە شکۆ و ئیرادەی ژنان و پیاوانی پێشکەوتنخواز و بیرو باوەڕی پێشڕەو و تابۆشکێنی کوردستان بۆ ڕزگاری و سەربەستیی و مافخوازی.
کۆمەڵە، لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و ژێردەستە و داگیرکراودا بە جموجۆڵێکی جیاواز و نوێ سەری هەڵدا کە تا ئەوکات بۆ زۆر کەس نامۆ  بوو. ڕێکخراوێک و کەسانێک لەناویدا سەریان هەڵدا و زۆر زوو گەشەی کردو چووە ناو دڵی جەماوەر، کە پێشتر وێنەی نەبوو. ڕێکخراوێک کە بەو پەڕی ڕاستگۆیی و لەخۆبردوویی باسی مافی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان و کرێکاران و چەوساوەکانی کوردستانی دەکرد، باسی دیموکراسی و مافی گەلی کورد و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هێنایە ئارا و ژیانێکی باشتری بۆ هەموو مرۆڤێک دەخواست و شێلگیرانەش لە پای وەستا و ئەم بیرو باوەڕەی کردە خواست و ئاوات و ئارمانی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان.

کۆمەڵە بوو بە ئاڵاهەڵگرو چرای ڕێنوێنی بزوتنەوەی بەرینی حەقخوازانە و یەکسانیخوازانەی گەلی کورد. بە بیرو باوەڕی چەپ و پێشکەوتنخوازانەی خۆی، ژنان و کرێکاران و زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای بە مافی خۆیان ئاگا و وشیار کردەوە و بوو بە ڕابەر و داکۆکیکاری پەیگیری ئەم بزوتنەوەیە، هاوکات لایەنی ڕاستەقینە و شێلگیری بەسەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ڕێبەری دەکرد و بە حەق جێگەی هیوا و ئومێدی خەڵک بە تایبەتی ژنان و گەلی چەوساوە و بێمافەکان بوو.

لە دڵی کۆمەڵگای پیاوسالار و ستەم لێکراوی کوردستاندا، ئەوە کۆمەڵە بوو کە بۆ یەکەم جار ئاڵای یەکسانی و ڕزگاری ژنانی هەڵکرد و بوو بە پاڵپشت و هاتنە مەیدانی ژنان. بە هەزاران ژنی خەباتکار هیوای ڕزگاری خۆیان و هاوڕەگەزەکانیان بە کۆمەڵەوە گرێداو بە هاتنە مەیدان و بەشداری گەرموگوڕیان لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا، سیمای بزوتنەوەی خۆڕاگرانەی خەڵکی کوردستان و ڕەوتی مێژووی ئەم خەباتەیان گۆڕی. شان بە شانی پیاوان لە شاخ و لە شار ئازایانە حەماسەیان خوڵقاند و جیا لە خەباتی مەدەنی و وشیارکەرانە و فێمێنیستی، چەکی پێشمەرگایەتییان کردە شان و چونە شەڕی چەکداری دژی تاریکترین و دژە ئینسانیترین دیکتاتۆری داگیرکەر. ئەوە کۆمەڵە بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە ڕەسمی و بە بەرفراوانی ژنانی چەکدار کرد و ئەم شانازییەی بۆ خۆی و بۆ هەموو ژنانی کوردستان لە مێژوودا تۆمار کرد.

تا ئێستاش لە هەرکوێ باسی ئازادی و یەکسانی ژنان هەبێ، باسی مافی کرێکارو زەحمەتکێش هەبێ ، باسی کۆمەڵگایەکی ئازادو پێشکەوتوو کە هەموو چین و توێژێکی مافخوراوو ژێردەستە هەبێ ، مۆرکی کۆمەڵە و ڕێبازی کۆمەڵەی پێوە دیارە. ئەم سوننەت و کولتورو ڕێبازە ئینسانی و پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵە ، ئێستاش کە ئێستایە بۆتە بنەما و سەرەتای هەموو خەباتێکی مەدەنی و جەماوەریی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

ئاسۆی ژنی کورد درێژەدەر و هاندەری ئەم خەباتە بێ وچانەیە کە بە سەدان ژنی تێکۆشەر گیانیان لە پێناویدا بەخت کرد و هەروەها بە هەزاران ژنی خەباتکار هەر ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژوارترین بارودۆخدا خەباتی بۆ دەکەن.
ئێمە لێرەوە سڵاو دەنێرین بۆیان و بەڵێن دەدەین کە تا بەسەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەکەیان هەر لەگەڵیانین و پاڵپشتیان دەبین. هەروەها سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی هەموو گیانبەختکردووانی سەربەرزی کۆمەڵە، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و هەموو چالاکوانانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.  

پیرۆز بێت یادی سەرهەڵدان و خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە!

سەرکەوێت خەبات لەپێناو یەکسان ژیان!

“ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد”
 ۲٥ی ڕێبەندانی ۱٤۰۰ هەتاوی

بابەتی پێشووبەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان
بابەتی دواترشکۆدار بێ ٢٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە