لە رۆژی ٢٦ی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا رێکخراوەیەک بوون و هەڵسوورانی ئاشکرای خۆی راگەیاند کە نزیکەی دە ساڵ بوو رەگی بە قووڵایی کومەڵگای کوردستاندا و لە نێو دڵی رووناکبیران و خەباتکاراندا رۆچوو بوو.دەتوانین راشکاوانە بڵێین کە راگەیاندنی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە تەنیا سەرهەڵدانی رەوتێکی کۆمەڵایەتی و رێکخراوێکی سیاسی نوێخواز و پێشکەوتنخواز نەبوو،بەڵکوو لە هەمانکاتدا رۆژی راگەیاندن و هاتنەئارای ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز بوو بەرامبەر بەو رەوتە ئیسلامییەی کە لە راپەرینی رۆژی ٢٢ی رێبەندان دا بەدەسەڵات گەیشتبوو.
کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە لێبراوانە لەسەر چەمکی سێکۆلاریزم،یەکسانی رەگەزی و رزگاریی ژنان،مافی گەلان لەدیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا،دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پشتیوانی و بەرگریکردن لە ماف و داخوازی کرێکاران و چەوساوەکان،دێموکراسی و ئازادیی سیاسی،جیایی دین لە دەوڵەت،ئازادیی ڕادەربڕین لە رۆژی ٢٦ی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا “رێکخراوەیەک” و رەخنەگرتن،ئازادی ئایینی و کردنی ئایین بە بابەتێکی تایبەت بە کەسەکان و،لەسەر ئازادیی پێکهێنانی سەندیکا و دامەزراوە سیاسی و جەماوەری و مەدەنییەکان لە هەموو بوارێکدا پێداگری کرد.هەموو ئەوانە لەکاتێکدا بوو کە کوماری ئیسلامی لە دژایەتی و دوژمنایەتیکردنی هەموو ئەو ئامانجانەدا بەدەسەڵات گەیشتبوو. ئەو سەردەم بزووتنەوەی کوردستان بە پشتیوانی و بەرگریکردن لە سێکۆلاریزم و ئازادییە سیاسییەکان ببووە تاقە ئاڵترناتیوی بەهێزی کۆمەڵایەتی و بژاردەی غەیرە ئیسلامی جەماوەری خەڵک بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و وەڵامی “نا”ی بە رێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی دایەوە.کۆمەڵە ئەو رەوتە سیاسییە کە لە کوردستان بە شێلگیری و لێبراوانە ئەو ئاڵترناتیڤەی بەرجەستە و بەهێز کرد و لەسەر جیاوازی و تایبەتمەندی پێشکەوتنخوازانەی کوردستان بەرامبەر بە کۆنەپەرستی و تاریک بینیی ئایینی کۆماری ئیسلامی پێداگری کرد.
ئەمرۆ ئێمە لە کاتێکدا رێزدەگرین لە رۆژی کۆمەڵە کە چل وسێ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە لە لایەک و،بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە لایەکیترەوە تێپەریوە و کۆماری ئیسلامی لە نالەبارترین بارودۆخ و لە بێزراوترین رۆژانی ژیان و دەسەڵاتی خۆی و،لە قەیراناویترین قۆناغی ژیانی کۆمەڵایەتی،ئابووری و سیاسی و ناوچەیی نیوسەدەی رابردووی کۆمەڵگای ئێراندا بەسەر دەبا.بەڵام پاش ئەم نیوسەدەیە کۆمەڵە و ئامانج و رێبازەکەی لە قووڵایی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا جێی خۆی کردوەتەوە و لە لایەن خەڵکی باقی ناوچەکانی ئێرانیشەوە جێگای رێز و خۆشەویستی و پشتوانییە.لە ئێستادا هەموو خەڵکی ئێران بە چاوی رێز وپێزانینەوە لە کوردستان و لە هەڵوێستەکانی بزووتنەوەکەی دەروانن.لە خەباتی سیاسی وسەرتاسەری لە ئێراندا هەڵسووراونی بزووتنەوەی جەماوەری و مەدەنی کوردستان خاوەن پێگە و سەنگ وقورساییەکی تایبەت و بەرچاون.ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو و رۆشن خەبات و داخوازی و نارەزایەتی کرێکاران،مامۆستا وخانەنشین وباقی چین وتوێژە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ دێموکراسیخوازی و سێکۆلاریزم تاوێتەی یەکتر بوون.ئەمرۆکە کوردستان لە بوارگەلی فەرهەنگی و کلتووری،ژینگەپارێزی و جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ترۆپکی گەشانەوەدایە و بووەتە مەڵبەندی دامەزراوە و رێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکان و لە کۆی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستاندا ئاسۆیەکی گەش و رووناکە. کۆمەڵە بە روانین و بەرزنرخاندنی ئەم دەسکەوت و پێشکەوتنە بەرچاوانە لە کوردستان و ئێران و، لەسەر بنەمای ئەم رەوتە کۆمەڵایەتییە روولەگەشەیە هەنگاوەکانی داهاتووی خۆی رێکدەخات.
کۆمەڵە لەم قۆناغە هەستیارە سیاسییەی ئێستادا لەسەر پێویستی یەکێتی و یەکریزی قووڵ و پتەوی ریزەکانی خۆی و،هاوکاری و یەکدەنگی نەتەوەیی لە نێوان خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا پێداگری دەکا و بۆ ئەم ئەرکە گرینگە تێدەکۆشێ.کۆمەڵە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە پێویست و گرینگە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە یەکریزی ویەکێتییەکی تۆکمەوە لە گۆرەپانی سیاسی ئێراندا چالاک و شوێندانەر بن و لە پێناو بەهێزکردنی بنەماکانی دێموکراسی و سێکۆلاریزم دا تێبکۆشن.هەروەها کۆمەڵە خۆی بە دۆست و پشتوانی خەباتی خەڵکی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دەزانێ و پشتیوانییان لێدەکات.
ئێمە لە پێگە وئاراستەی بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی کوردستانەوە لەگەڵ هەموو ئەو رەوت ولایەنانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە دان بە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستاندا بنێ و رێزی لێبگرێ،خوازیار و ئامادەی دیالۆگ و کاری هاوبەش دەبین.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین لەسەر ئەوە پێداگری بکەینەوە کە لە کاتێکدا کۆمەڵە ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەییە لە کوردستان،هاوکات پشتیوانی لە ماف و داخوازیی خەڵکی چەوساوە و بە دیاریکراوی کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردستان،لاوان و رەوت و دامەزراوە پێشەنگ وپێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێ و لە پێناویدا تێدەکۆشێ.
لەم رۆژە پرشکۆیەدا پێویستە جاریکیتر لەسەر بەڵێنی خۆمان بەرامبەر بە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان،هەڵسووراوانی مەدەنی و پیشەیی،زیندانییە سیاسییەکان و لەسەر بەڵین بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئارەزووەکانی لاوانی کوردستان پێداگری بکەینەوە و دڵنیایان بکەین کە لە پێناو دەستبەرکردنی مافە رەواکانیاندا کۆمەڵە لە ریزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشاندا بەردەوام دەبێت. ئێمە ئاسۆ و داهاتووی سیاسی لە ئێران لە بەرژەوەندی خەڵک و دێموکراسیدا دەبینین و لەسەر ئەو باوەرەین کە بوارەکانی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی بزووتنەوەی رەوا و مافخوازانەی کوردستان لەبار و بەرفراوانە.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی کۆنەپەرەست و نەیارانی دێموکراسی و ئازادیخوازی لە ئێران
بژی بزاڤی رزگاری و ئازادیخوازی لە کوردستان

بابەتی پێشووپیرۆز بێت ۲٦ ی ڕێبەندان ڕۆژی “کۆمەڵە”
بابەتی دواترپێشوازی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی کۆمەڵە