خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕێکخراو و ئەنجومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان!
مامۆستایان و فێرخوازانی زمانی دایک!
ئەمساڵیش لە کاتێکدا چالاکییەکانی پێوەند‌ار بە زمانی دایک لە گوند و شارەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێ کە سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو پێشوو لە سیاسەتی ئینکار و حاشاکردن و پێشێلکردنی مافی ڕەوای خوێندن و نووسین بە زمانی دایک! بەردەوامە، هەڕەشەکردن و لەمپەڕ سازکردن لەسەر ڕێی چالاکانی ئەو بوارەدا وەکوو خۆی ماوەتەوە. بەڵام ئەوەی کە جێگای هومێدە، گەشەی ڕۆژبەڕۆژی زمان و وێژەی کوردییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نائومێدبوونی داڕێژەڕانی سیاسەتی داگیرکاریی و تواندنەوەی فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەی کوردە. بایەخێکی دیکەی ئەو پرسە لەوەدایە کە چەندین ساڵە کوردستان بۆتە پێشەنگی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی تاک‌زمانی و زاڵکردنی فەرهەنگی باڵادەست بەسەر نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێراندا، کە بێگومان لە ڕێگای زمانەوە هەوڵی بۆ دەدرێ. هەربۆیە ئەم پێشەنگایەتییەش بۆ چالاکانی مەدەنی و بەرێوەبەرانی فێرگەکانی ڕێنووسی زمانی دایک بێ‌تێچوو نەبووە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا تەنانەت بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی خۆیشی جووڵاوەتەوە و، ئەو ڕێژیمەش وەک میراتگرێکی بەوەجی ڕێژیمی پاشایەتی هەر سیاسەتی یەکدەست‌کردنی زمان و فەرهەنگی باڵادەستی پێڕەو کردوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ بە شەڕ و پلانی نەرمەوە سوورە لەسەر پاکتاوی فەرهەنگی و کولتووریی نەتەوەکانی بندەست لە ئێران. کوردستانیش کە ڕچەشكێن و پێشەنگی تێکۆشان و خەبات بەدژی کۆماری ئیسلامی بووە، لەم سەنگەرەشدا بۆتە نموونەیەکی شیاو بۆ ڕاوەستان بەدژی ئاسمیلاسیۆن و یەکدەست‌کردنی نەتەوەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە.
٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵ زیاتر لە چل رۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی یەکێک لە مامۆستایانی فێرگەکانی زمانی کوردی، خاتوو “زارا محەممەدی” تێ‌دەپەڕێ کە بەپێی بڕیاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەزگای دادی ڕێژیم سزای پێنج ساڵ زیندانی تەنیا لە سۆنگەی سووربوونی لەسەر داواکردنی مافێکی ئینسانی و دێموکراتیک بەسەردا سەپاوە. ئەم سزایە زیاتر هەڵقوڵاوی تووڕەیی ناوەندە ئەمنییەتییەکانە هەتا پێڕەوکردنی یاسا و پڕنسیبە فەرهەنگییەکان. چونکە چەندین ساڵە “فێرگەکانی زمانی دایک” خۆڕسکانە و ژیرانە خەریکی پەرەپێدان بە خوێندن و نووسین بەزمانی دایک-ن و، هەتا دێ زمان وەک کۆڵەکە و ئەستۆندەکی هەوێتی و بوونی نەتەوەیی بایەخی پتری دەدرێتێ و بێگومان ئەمەش بە قازانجی سیاسەتی تاک‌زمانی و پاوانخوازانەی ڕێژیمدا نییە. چونکە بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی دەوڵەتەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوان زیاتر لە ڕێگای زمانەوە پەرەیان بە هێژمۆنی و زێدەخوازی و خۆسەپاندنی خۆیان داوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە وەبیرهێنانەوەی گوشاری سەرڕێی مامۆستایان و چالاکانی بواری زمای دایک، هاوکات لەگەڵ پاڵپشتی‌کردن لەو تێکۆشەرانە، داوا لە کوڕوکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و بەتایبەت ڕێکخراوی یۆنسکوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا، داکوکی لە مافە فەرهەنگییەکانی گەلانی نێو جوغرافیای ئێراندا بکەن و، هاوکات لەگەڵ مەحکوم‌کردنی سیاسەتی حاشا و بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی کوماری ئیسلامیی ئێران لە زمان و شوناسی نەتەوەکانی “غەیرە فارس” ، گوشار بخەنە سەر ئەو ڕێژیمە ماف‌پێشێلکەرە بۆ ئازادکردنی چالاکڤانانی ئەو بوارە.
هەمووان دەزانن کە لە ئێستادا هەوڵدان بۆ جێخستنی زمانی دایک، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە نەریتێکی فیکری و فەرهەنگی و تەنیا نەبەستراوەتەوە بە ڕۆژێکی تایبەت یان چینێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگە‌دا. بەسەرنجدان بە باسی نێو توڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی وێنە و هەواڵی ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی دایک، ڕوون و ئاشکرایە کە ئەگەر حکوومەت و دەسەڵات لەو بارەوە خەمساردە و سیاسەتی دژبەرانەیان گرتووەتەبەر، بەخۆشییەوە لەلای خەڵکی نیشتمانپەروەر و، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی زیندووی کوردستان، پرسی زمانی دایک بۆتە پرسێکی گرینگ و بە گەرمییەوە پێشوازیی لێ دەکرێ.
لە کەس شاراوە نییە کە بۆچی کۆماری ئیسلامی پرسی زمانی، کە لە بنەڕدا پرسێکی فەرهەنگی و کولتوورییە کردۆە بابەتێکی ئەمنییەتی و سیاسی. هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو ڕێژیمە ماهییەتی خۆی و بوونی خۆی لە دەستەمۆکردنی گەلان و بەکۆیلەکردنی ئەواندا دەبینێ کە بەهێزترین ڕێگاش بۆ درێژپێدان بە پیلان و سیاسەتی خۆزاڵکردن، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ڕێگری‌کردنە لە گەشەی زمان و شوناسی نەتەوەکانی دیکە. لەم پێوەندیەش نەتەوەی کورد کە خاوەنی باگراوندی خەباتێکی بەردرێژ و سیاسییانەیە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زیاترین تێکۆشانی بەدژی دەسەڵاتی خۆسەپێنەر هەبووە. لە ئێستا‌دا سەرەڕای هەموو بەربەستەکان و هەڕەشە و تۆقاندن و سەرکوت و دەمکوت‌کردنەکان جێگەی دڵخۆشییە کە لە ئەمرۆکەی کوردستانی بندەستی ئێراندا، نەتەنیا پرسی زمانی دایک -کە ڕۆچنەیەکە بەرەو پانتایی شوناسخوازی- پرسێکی نامۆ نییە؛ بەڵکوو بە هەوڵ و هیممەتی بێوچانی هەموو لایەک بۆتە ویست و خوازێکی جەماوەری و خالێ هاوبەشی هەموو ڕێکخراوەکان و سەنگەرەکانی شار و شاخی لەیەک نیزیکتر کردۆتەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە سەرجەم چالاکییەکانی پێوەندیدار بە “زمانی دایک” لە کوردستان و دەرەروەی کوردستان، وەکوو هەمیشە پاڵپشتیی خۆی لە داوا ڕەواکانی خەڵکی کورد بەتایبەتی “مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک” دووپات دەکاتەوە و ڕوو بە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەتایبەتی مامۆستایانی دەروەست و بەڕێوەبەرانی خۆبەخش و فێرخوازانی بەرزەئاواتی فێرگەکانی زمانی کوردی، لە گوند و شارەکانی کوردستان ڕادەگەینێ: کە ئەگەر لە ئێستادا زۆرینەی خەڵکی ئێران بەتایبەتیتر خەڵکی کوردستان بڕوایان هێناوە کە کۆماری ئیسلامی وەڵامدەری هیچ کام لە داخوازە ڕەواکانی گەلانی نێوجوغرافیای ئێراندا نییە و لە ئاستی جیهاندا بە حکومەتێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر دەناسرێ؛ بەشێکی زۆری ئەم ڕیسوابوونەی ڕێژیمی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی بەرهەمی ئازایەتیی ئێوە و کۆڵنەدان و هاوخەباتی گەلی کوردە بە دژی دەسەڵاتدارانی تاران. چالاکی و سەنگەرچۆڵ‌نەکردنی ئێوە لە پێناو پەرەپێدان بە زمان و شوناسی نەتەوەیی
پێش‌ هەموو شتێک “نا”وتنێکی ژیرانە و سەردەمیانەیە بە ڕیژیمی ئازادی‌کوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و، بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و گەشاوەیە بۆ نەوەکانی دواڕۆژ.
ئێوە داژداری فەرهەنگ و کولتووری گەلێکی چەوساوەن و بە تێکۆشانی خۆتان شکستتان بە پیلانگێڕییەکانی دەسەڵاتێک هێناوە کە بێجگە لە هەڕەشە و زیندان و ڕاودوونانی ڕۆڵەکانی نیشتمان و شەرمەزارییەکی نێونەتەوەیی هیچی دیکەی بۆ نەماوەتەوە.
هەربۆیە بوونی نەتەوەکەمان لە ئێستا و لە داهاتووشدا، بەئەرک‌وەخۆگرتن و هاتنە مەیدانی بەرفراوانی هەموو لایەک بەستراوەتەوە. کە خۆیان بە دڵسۆز و خەمخۆری زمان و شوناسی نەتەوەیی دەزانن و لەم یادە جیهانییە‌دا واتە ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک وێڕای بەرزنرخاندنی چالاکییەکانتان، داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی مامۆستایان و خوێندکاران و لاوان و مێرمنداڵان دەکەین خۆیان بە پاڵپشتی بەندییە فەرهەنگی و سیاسییەکانی کورد بزانن و، بە هەناسەگەرمییەوە درێژە بە خەباتی فەرهەنگی و سیاسییانەی خۆیان بدەن.
پیرۆز بێ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک و، سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بۆ دەستەبەرکردنی کیانێکی سیاسی و فەرهەنگی لە کوردستانێکی ئازادا.

ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی

بابەتی پێشووپێشوازی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی کۆمەڵە
بابەتی دواتربەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی هاوبەشی ڕۆژی کۆمەڵە – وێنە