هاونیشتمانیانی خۆشەویست، خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان!
بەرەبەرە خەریکین لە کۆتاییی ساڵ نزیک دەبینەوە و پێ دەنێینە نەورۆز و ساڵی تازە. بەو بۆنەوە سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوە تێکڕای خەڵکی خۆشەویست، بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان، تێکۆشەرانی سیاسی و خەمخۆرانی نیشتمانی خۆشەویستمان لە هەموو بوارەکانی خەباتدا دەکەین. هیوادارین ئەو ساڵتان بە هەموو کێشە و گیروگرفتەکانی سەر ڕێگای ژیانتان بە سەرکەوتوویی بەڕێ کردبێ و بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن.
خەڵکی شۆڕشگێڕ و خەباتکاری کوردستان هەروەک هەموو لایەکتان دەیزانن ساڵی ڕابردوو وەکوو ساڵانی پێشووتر خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ساڵێکی پڕ لە زەحمەت و کێشە و گرفتیان لە سایەی دەسەڵاتدارییەتی کۆماری ئیسلامی بەڕێ کرد. بەداخەوە ئەو ساڵیش لە درێژەی سیاسەتی شەڕخوازانە و نەزانکارانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، گرانی و هەژاری و بێکاری و کێشە یەک لە دوا یەکەکانی خەڵک، نەک کەمی نەکردووە بەداخەوە زیاتریش بوون و بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەرپرسانی ڕێژیم و دەسەڵاتدارانیش داهاتی وڵاتێکی پڕ پیت و بەرەکەتی وەک ئێران یان خۆیان و دارودەستەکەیان بە ئاشکرا دەیدزن یان خەرجی دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و یارمەتیی ڕێکخراو و تاقمە تێرۆریستەکانی هاوپیشەی خۆیان دەکەن. بە جۆرێک کە گەندەڵیی هەزاران میلیاردیی مافیاکانی ناو دەسەڵات و سپای پاسداران بڕستی لە خەڵک بڕیوە و ژیانێکی ئاسایی بۆ زۆرێک لە خەڵکی ئێران بووەتە خەون و خەیاڵ. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە بە خۆشییەوە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک تەسلیمی ئەو سیاسەتە وێرانکارییانەی ڕێژیم نەبوونە و بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. بە جۆرێک کە ئەو ساڵ زیاتر لە ساڵانی پێشوو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردوە و لە بەرامبەر دیکتاتۆریی ئاخوندیدا ڕاوەستاون.
نەورۆز یەکێک لە بۆنە گەورە نەتەوەییەکانی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی گەلی ئێمەیە کە ساڵانێکە خەڵکی کوردستان جیا لە بۆنەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، کردوویانەتە مەیدان و مەتەرێزێکی بەهێز و ئەوەی تێدا دەبینرێ خەباتێکی بەربڵاو و “نا”یەکی گەورەیە بە داگیرکەرانی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا پتەوترکردنی زیاتری ڕیزەکانی خۆیانە. ساڵانێکە هەوری و جامانە و گوڵی سوور تێکەڵ بە شایی و گۆڤەندی کوردەواری بووە و سیمایەکی جوانی بە ڕووحی یەکگرتوویی و شوناسخوازیی نەتەوەکەمان بەخشیوە. بۆیە ئەو ساڵیش وا چاوەڕوان دەکرێ کە نەورۆزی ئەوساڵی کوردەواری بە جۆش و خرۆشێکی زیاتر لە ساڵان لە هەموو شار و دێهاتەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت و مزگێنیدەری بەهارێکی ڕەنگین و ساڵێکی پڕ دەسکەوت بۆ گەلەکەمان بێ.
خۆشەویستان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی هەموو ساڵانی دەسەڵاتداریی ڕەش و پڕ لە عەیب و عاری بەردەوام هەوڵی داوە کە پێش بە خۆشی و شایی خەڵک بگرێت و ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان درێغی نەکردوە. هەر لە گرتن و بانگکردنی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنییەوە بگرە تا هەڕەشە و گوڕەشە لە خەڵک، هەوڵی داوە نەهێڵێ ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بەڕێوە بچن، بەڵام بەخۆشییەوەخەڵکی کوردستان کۆڵیان نەداوە و بە هەر شێوەیەک بۆیان کرابێ بە حەماست و بە جۆش و خرۆشەوە ڕێوڕەسمەکانی خۆیان بە شکۆیەکی زیاترەوە بەڕێوە بردووە. ڕێژیم کە لەو هەوڵەیدا سەر نەکەوت ئێستا دەیهەوێ بە پیلانێک ڕێوڕەسمەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە لایەکی دیکەشەوە سیمایەکی دیکە لە خۆی پیشان بدا. ئەویش ئەوەیە کە دەیانهەوێ لە هەندێ جێگا و بۆ وێنە لە شاری سنە بە وتەی خۆیان کەڕنەڤاڵی نەورۆزی وەڕێ بخەن کە هیچ گومان لەوەشدا نییە کە خەڵک بە نەریتی ساڵان لەو شوێن و جێگایانەی کە مەبەستی خۆیانە ڕێوڕەسم دەگرن و ئاوری نەورۆز دەکەنەوە. دەبا لێرەشدا بە بایکۆتی ڕێوڕەسمەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕێژیم “نا”یەکەی گەورەیان پێ بڵێین و ئەو پیلانەشیان لێ لەقاو بدەین.
هاونیشتمانییانی خۆشەویست داواتان لێ دەکەین بە ئامادەبوونتان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کە لەلایەن خەڵکی خەمخۆری خۆتانەوە بەڕێوە دەچن، بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگینی کوردەواری و لەمل‌کردنی جامانە و هەوری و بەدەستەوە گرتنی گوڵی سوور نەورۆزی ئەمساڵیش بکەنە دەرفەتێکی باش بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان.
جارێکی دیکە نەورۆزی کوردەواری لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێ و بە هیوای ساڵێکی پڕ دەسکەوت و شایی و خۆشی بۆ هەموو لایەک.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠

بابەتی پێشووکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەستێنێ
بابەتی دواترپەیامی نەورۆزیی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان