زۆر بەداخەوە ئەمرۆ دووشەممە ٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی هاورێی دێرین و پێشمەرگەی ناسراوی کۆمەڵە هاورێ ئیبراهیمی رەمەزانی ناسراو بە مام برایمی چیانە بە هۆی نەخۆشی لە وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی لە ژیانکرد.
مام برایم کە لە بنەماڵەیەکی جوتیاری ئاوایی چیانەی ناوچەی پیرانشار لە دایک ببوو،هاوکات لەگەڵ راپەرینی گەلانی ئێران و ئاخێزی جەماوەری وەزاڵەهاتوو لە دژی دەسەڵاتی پەهلەوەی چالاکانە لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستان دا بەشداری کرد.
مام برایم کە خۆی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە دایک ببوو،لە پێناو وەدیهێنانی ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی و هاوچارەنووسانی، خەباتی خۆی لە پێناو رزگاری و سەربەستیی گەلەکەی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا بە خەباتی کۆمەڵەوە گرێ دا و هەتا دواساتەکانی تەمەنی وەک تێکۆشەرێکی وەفادار و شێلگیری ئەو رێبازە بەردەوام بوو.
لە ساڵانی رابردوودا هاورێ ئیبراهیم بە هۆی نەخۆشی و گرفتی جەستەییەوە لە دەرەوەی وڵات دەژیا و بەداخەوە سەرەنجام ئەمرۆ ٨ی خاکەلێوە بۆ هەمێشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و کۆری هاورێ و هاوسەنگەرانی بەجێهێشت.
مام برایمی چیانە،کەسایەتییەکی قسەخۆش و تێکۆشەرێکی بەورە و پێشمەرگەیەکی لێهاتووی کۆمەڵە بوو کە لە نێو دڵی هەموو هاورێیانی و ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیانناسی جێگا و پێگەیەکی تایبەتی بوو،بۆیە بڵاوبوونەی هەواڵی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی مام برایم شەپۆلێکی بەرینی لە هاوخەمی و پەرۆشی لە نێو خەڵکی کوردستان و هاورێیان و دۆستانی دێرینی کۆمەڵەدا لەگەڵ خۆی هێنا.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی هاورێ ئیبراهیم رەمەزانی ناسراو بە مام برایمی چیانە لە لایەن هەموو هاورێیانی کۆمەڵەوە پر بە دڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری ئازیزی و هەموو خەڵکی تێکۆشەری ئاوایی چیانە و شاری پیرانشار دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی هاورێ ئیبراهیم رەمەزانی ناسراو بە مام برایمی چیانە بەرز وبەرێز بێت.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی
٢٨ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی

بابەتی پێشووپەیامی نەورۆزیی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
بابەتی دواتروەفدێکی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەردانی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد