لە مانگەکانی رابردوودا لێکترازانێکی دیکە لە نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران روویدا. حیزبێک کە هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئەمڕۆکە بێجگە لە پێگەی جەماوەریی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هەرگیز نەبووە و نابێتە خاوەن بنگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و راستەقینە لە نێو جەماوەری خەڵکدا. حیزبێک کە نە تەنیا بێجگە لە (هاورێ ئیبراهیمی عەلیزادە) هەموو دامەزرێنەرانی لێی چوونەتەدەر، بەڵکوو سەردەمانێکە لە قەیرانێکی قووڵی فیکری و کرداریدا چەقیوە. حیزبێک کە وەک تەرمێکی بێ‌گیان لە لایەن بەشێک لە چالاکانی کۆمەڵەوە چاودێری دەکرێ و بە نیوەگیانی لەسەر شانی رێکخراوی کوردستانی حیزب (کۆمەڵە) هەڵگیراوە. ئاشکرایە حیزبێکی لەم چەشنە ئاوسی گەڵیک قەیرانی نوێ دەبێ. بەداخەوە هەتا ئێستا رێبەریی سازمانی کوردستانی حیزبی  کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) نەیتوانیوە یان نەیویستووە ئەو راستییە بسەلمێنێ کە: هەر لەسەرەتاوە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەپشتبەستن بە پێگەی جەماوەریی کۆمەڵە پێکهات. بەداخەوە پێکهێنان و راگرتنیشی ئەرکی کۆمەڵەی قورستر کرد و، رەوتی چەپ لە کوردستانیشی کێشایە نێو قەیران و ئاڵۆزییەکانی خۆی و سەرەنجام گەلێک زیانی بە یەکڕیزی و پێگەی جەماوەریی کۆمەڵە گەیاند.

بۆ ئێمە (لایەنگران و رێکخەرانی رەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە کە نزیکەی ٢٥ ساڵ پێش ئێستا رەوتی فیکری و رەخنەگری پێکهێنانی ئەو حیزبە و رۆڵ و کرداری خۆمان لەو پێوەندەدا بووین و بە ئاشکرا و راشکاوانە رەخنەمان لە خۆمان و کاریگەریی و سەنگ و قورساییمان لە پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیست گرتووە و، سەرەنجام ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی دەستمان کرد بە پێداچوونەوەی جیددی و قووڵی روانگەی سیاسی کۆمەڵە و جەختمان لەسەر سەربەخۆیی کۆمەڵە وەک رەوتێکی چەپ و پێشەنگی جەماوەریی و بەڕێوەبەری بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان کردەوە)، درێژەکیشان وقووڵبوونەوەی قەیران و دژوازییەکان لەو حیزبەدا چاوەڕوانکراو بوو. لەلایەکیترەوە بەداخەوە بووین کە کۆمەڵەییەکانی جێماو لەو حیزبەدا هێشتاش گیرۆدەی ئەو گرفت و ئاریشە قووڵ و کوشندە سیاسییە بوون. لە گەلێک بۆنە و کاتی گونجاودا و بە شێوازی جۆراجۆر روانگە و بۆچوونی خۆمان گەیاندووەتە کادر و ئەندامانی رێبەرایەتی رێکخراوی کوردستانی حیزبی  کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) و لە سەرنج و تێبینی خۆمان لە بابەت ئەو گرفتانە ئاگادارمان کردوونەتە. ئەم نووسراوە لەسەر شرۆڤە و شیکردنەوەی بەشێک لەو روانگە و هەڵوێستە باوانە چڕدەبێتەوە کە هەنووکەش لە لایەکەوە بەستێن و هەوێنی پێکهێنانی حیزب و، لە لایەکیترەوە سەرچاوەی قەیران و لێکدابڕانەکانی هەتا ئێستا و داهاتوون. هەمیش هۆکاری کەوتنە پەراوێزی بزووتنەوەی کوردستان و رەنج بەخەساریی و خاوکردنەوەی توان و لێهاتوویی بەشێک لە هێز و کادرەکانی کۆمەڵە بوون و دەبن. لە چەند مانگی بەر لەو دابڕانە و پاش ئەوەش لە کاتی بەڕێوەچوونی هەژدەهەمین کۆنگرەی سازمانی کوردستانی حیزب (کۆمەڵە) و لەو چوارچێوەیەدا گەلێک قسەوباس و شرۆڤەی سیاسی لەو بابەتەوە هاتەئاراوە و ئەو هەلەی رەخساند هەتا دڵسۆزان و دۆستانی کۆمەڵە و کوردستان روانگە وبۆچوونەکانیان بخەنەڕوو. لە لایەکیترەوە لە دژی کۆمەڵە وچەواشەکردنی سیاسەت و مێژووەکەی رەوتە پەراوێزکەوتووەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری”یش هەلەکە بقۆزنەوە و هەرکامە و لە جێی خۆیەوە دەست بکەن بە هەڵەوێژی. دوو رەوتی پێکهاتووی نێوخۆی حیزبی  کۆمۆنیستی ئێرانیش لە روانگەی خۆیانەوە کەوتنە بەرگریکردن لەخۆ. ئاساییە کە وەها پێشهاتێک کادر وئەندامانی رێکخراوی کوردستانی حیزبی  کۆمۆنیستی ئێرانیش تووشی سەرنج و تێڕامان و تەنانەت پێشنیارکردنی رێگەچارەی دربازبوون لەو قەیرانە بکات. پرۆسەیەک کە بە بڕوای من نە کۆتایی هاتووە و نە بە سەرەنجامیش گەیشتووە. قسەی ئێمە روو لە هاوڕێیانی کۆمەڵەی نێو حیزبی کۆمۆنیست ئەوەیە کە ئەگەر ئاسۆ رۆشن نەکرێتەوە چاوەڕواننەکراو نییە کێشمەکێش و خەساری گەلێک زیاتری لێدەکەوێتەوە.

لەم نووسراوەیەدا هەوڵ دەدرێت بە مەبەستی باشتر دەرخستنی کاریگەرییە زیانبارەکانی روانگەی دژە کۆمەڵەیی و سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر کێشە و گرفتە کۆن و نوێیەکانی حیزبی کۆمۆنیست سەرلەنوێ وەردی ئەو روانگەیە بدەینەوە و، هەروەها هۆکاری خۆقوتار نەکردنی فیکری هاوڕێیانی رێکخراوی کوردستانی حیزب (کۆمەڵە) بدەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

کوردستان ئاستەنگ یان خاڵی بەهێز!

لایەنی زۆرینەی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بێ باوەڕیی لایەنی بەرامبەر بە کۆمەڵێک بنەما، بە خاڵی ناکۆکییەکانی نێوانیان ناولێدەبەن و لە راگەیاندنی جیابوونەوەکەیاندا لەبابەت ئەو خاڵانەوە دەڵێین: “دەرفەتی دامەزراندنی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا، دەسەڵاتی شورایی و کرێکاری لە کوردستان، شۆڕشی کرێکاری و حکومەتی کرێکاری لە ئێران، نەزۆک هێشتنەوەی حیزبە کوردی و ناسێونالیستییەکان”. خۆیان بە لایەنگر و میراتگری ئەو سیاسەت و روانگانەی حیزبی  کۆمۆنیست و، لایەنی بەرامبەر (رێبەریی رێکخراوی کوردستانی حیزب)یش بە لایەنی “راست” و ناسیونالیست و هەڵگری بۆچوونی لادەرانە بەرامبەر بەو روانگەیە دەزانن.

کۆمونیزمی کرێکاری کە هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە فیتنەگێڕ و دنەدەری جیابوونەوە بوون و، هەر بە پێی پێناسە وشوناسیان کە دژایەتیکردنی کۆمەڵە و پەلاماردانی بچووکترین تانوپۆی نێوان کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستانە، ئەمجارە کەوتنە پەلاماردان و تۆمەت بەخشینەوە و سووکایەتیکردن بە هاوڕێ ئیبراهیمی عەلیزادە کە هەتا پێش ئەوە بۆ دژایەتیکردنی ئێمە (رەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە و هاورێ عەبدوڵڵای موهتەدی) خۆیان بە یار و هاوپەیمانی دەزانێ. میداڵیای “چەپ بوونیان” لە شانی داماڵی و بە بەرۆکی سازمانی کوردستانی حیزب و لایەنی بەرامبەریاندا هەڵواسی و، دەستیان کرد بە رێنوێنیکردنی فیکریی لایەنی بەرامبەر و لەدژی رەوتی کۆمەڵە لە هیچ کارێکی نەشیاو و هەراوهوریایەکی بێ بنەما دەستیان نەپاراست. بەڵام بە شێوەیەکی کتوپڕ و تەنیا ٤٨ کاتژمێر پاش جیابوونەوە پشتیان لە “باڵە چەپ”ە خۆکردەکەشیان کرد و بە بیانووی باسکردن لە “پێکهێنانی شوورا کرێکارییەکان لە کوردستان” کە لە راگەیاندنی جیابوونەوەکەیاندا ئاماژەیان پێکردبوو، وێڕای ناودێرکردنیان بە “ناسیونالیست”، کەوتنە تانەو تەشەرلێدان و لۆمەکردنیان. رێبەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە وێبنارێکدا لە ژێر ناوی “کۆمۆنیزم و ناسیونالیسم لە کوردستان” وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێ: “قسەوباسی من لە جیابوونەوە تێدەپەڕێ و بەولاوەترە” (لە درێژەدا ئەم تێپەڕین لە جیابوونەوەیە شیدەکەمەوە)،و لە درێژەدا دەڵێ: “ئەگەرچی باڵی چەپی حیزبی کۆمۆنیست (مەبەست زۆرینەی کومیتەی ناوەندییە) بە باڵی چەپی کۆمەڵە دەناسرێن، بەڵام ئەوانیش ناسیونالیستن و ناوچەیی بیر دەکەنەوە، بڕوانن لە شیکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ باڵی راستی کۆمەڵە باس لە دەسەڵاتی شوورا کرێکارییەکان لە کوردستان دەکەن و حیزبە کوردییە ناسیونالیستەکان بە کۆسپی بەردەم شووراکان دەزانن، لە راگەیاندنی جیابوونەوەکەیاندا قسە لە ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر لە کوردستان دەکەن، کۆماری ئیسلامی بە حکوومەتی داگیرکەری کوردستان دەزانن و…بەمجۆرە دەبینین کە هەموو ژیانیان لە چوارچێوەی کوردستان دایە، بیرکردنەوەیان ناوچەییە… شوورا و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان جێگای باس نییە، شووراکان سەرتاسەرین…قسە لە ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر لە کوردستاندا دەکەن، ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر سەرتاسەری بوو، دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا دەبێ قسەی لێبکرێ، دەسەڵاتی سیاسی لە تارانە، دەبێ خەباتی چینایەتیمان لە ئێراندا لەبەرچاو بێ نەک لە کوردستان و…”.

 باسکردن و ناساندنەوەی سەرلەنوێی حەمید تەقوایی و رەوتە جۆراجۆرەکانی کۆمونیزمی کرێکاری کە بۆ هەمووان ناسراون و لە بنەڕەتدا بۆ سڕینەوەی کۆمەڵە دامەزراون، مەبەستی من نییە، بەڵکوو مەبەستمە روو لە کۆمەڵەییەکان و تێکۆشەرانی چەپ لە کوردستان بڵێم: ئێوە لای ئەوانە و روانگە فیکرییەکەیان تەنانەت ئەگەر هاوشێوە و هاونموودیشیان بن پەسند نین. بڕوایان پێتان نییە، کوردبوونی ئێوە بۆ ئەوان جێگای شوبهە و گومانە،کۆمەڵەبوونتانیان بەدڵ نییە. ئەوانە بزووتنەوەی کوردستان بە ئاستەنگ و ئاریشە دەزانن و مەبەستیانە لە بزووتنەوەی سەرتاسەریدا بیتوێننەوە. هاوفیکربوون هیچ بایەخێکی نییە و نە تەنیا بە داگیرکردنی بیروهزرتان ئۆغژنیان نایەتێ، بەڵکوو داگیرکردن و خۆڕادەستکردنی بیروهزر لە روانگەی ئەوانەوە رێک دەستەمۆکردن و ملکەچکردنە. ئامانجی ئەوان سڕینەوە و داماڵینی شووناس و ناسنامەی ئێوە و خەڵکی کوردستانە. تەنانەت ئەو “چەپی کۆمەڵە” و هاوپەیمانی خۆشیان تەنیا بۆ بەردەبازی گەیشتن بە پلانەکانی خۆیان دەوێ. “بنج و بنەڕەت”ی بوونیان بە ویست و ئامانجدار و بەرنامە بۆداڕێژراو یان وەک مەیلێکی نوستووی ناخیان ئەوەیە کە لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیی ناسیونالیزمی ئێرانی بەڵام بە گوتاری چەپ کوردستان بخەنە ژێر چنگی خۆیان و، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی کرداری لە هاوبیران و شوێنکەوتووانی خۆیان دەخوازن. ئێوە سەرنج بدەن ئەگەر لە رابردوودا بڕوایان بە دروشمی “هێزی داگیرکەر لە کوردستان بچێتە دەرەوە” بوو و دەنگیان پێدەدا، بەڵام ئەمڕۆ بەوپەڕی رووهەڵماڵدراوی لۆمەتان دەکەن کە بۆچی بە کۆماری ئیسلامی دەڵێن داگیرکەر؟ رێک ئەو بابەتەی کە هەڵسوڕاوانی حیزبی  کۆمۆنیست و ئەندامانی بەجێماوی کۆمەڵە لەو حیزبەدا نایسەلمێنن، بەڵام حەمید تەقوایی و کەسانی وەک ئەو نەک ئەوە بەڵکوو لەو روانگەیەش تێدەگەن کە حیزبی  کۆمۆنیستی ئێران و هەڵسوڕاوانی گیرۆدەی بوون و پێوەی دەناڵێنن. هەر بۆیە لەو وێبنارەدا هەوڵدەدا بە “رەوتی چەپی نێو کۆمەڵە” (زۆرینەی کومیتەی ناوەندی) بڵێ: گەلۆ! ئێوە بڕواتان بە روانگە و ئاراستەیەکی فیکری هەیە بەڵام بە کردەوە جێبەجێی ناکەن و، بە راشکاوی و بێ پێچ و پەنا دەڵێ دەست لە کوردستان هەڵگرن و پشتی تێبکەن؛ “شوورا و دەسەڵات لە کوردستان بێ واتایە، کرێکاری کورد و کرێکاری ئیسفەهانی یەک داخوازییان هەیە و.. “زیاتریش پێ رادەکێشێ و دەڵێ: “ناسیونالیزمی کورد هیچ نییە و ئەوە ناسیونالیزمی ئێرانی و دەوڵەت و کۆماری ئیسلامین کە شوێندانەر و چارەنووسسازن”.

لێرەدا پێویستە بڵێین بەڕێز تەقوایی ئەگەر گوایە ناسیونالیزمی کورد هیچ و بێ کەڵکە، چۆنە ئێوە بناغەی بوون و شوناس و هەموو توانی خۆتان لە ژێرنێوی وەستانەوە بەرامبەر ناسیونالیزمی کورد لە دژی کوردستان و کۆمەڵە خستووەتەگەڕ؟ ئایا ئێوە وەک کۆمۆنیستێکی ئێرانی هەتا ئێستا یەک لەسەدی ئەوەی دژی مافی رەوای کوردەکان وتووتانە لەحاند ناسیونالیزمی ئێرانی (پان ئێرانیزم) دەرتان بڕیوە؟ ئەوە چ باسە کە تەنیا ئەو کاتانەی کە قسەوباس و خواستی کوردستان یان حیزبە کوردستانییەکان دێتەگۆڕ خەوتان دەزڕێ و دەکەونە پەلەقاژە؟ ئەگەر چالاکی و خەباتی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان نەبێ ئێوە “لە گوێی گادا خەوتوون”، کەوابوو گونجاوتر نییە بۆ خۆسەرقاڵکردنە سیاسییەکانتان بابەتێکی دیکە بدۆزنەوە؟ بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم هەموو رووهەڵماڵدراوی و ئەم گشتە خۆبەزلزانی و بە کەمگرتن و بایەخنەدان بە کوردستان و بەرامبەر بە حیزبی  کۆمۆنیست و تەنانەت بەرامبەر بە “باڵی چەپ”ی شوێنکەوتووی کۆمونیزمی کرێکاری کە خەریکی رەچاوکردن و دووپاتکردنەوەی روانگە و بۆچوون و بنەما فیکرییەکانی ئەوانن لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟ وەڵامم بەم پرسیارە ئەوەیە کە: بەداخەوە حیزبی کۆمۆنیست بە گشتی و رێکخراوە کوردستانییەکەشی بە ئێستاشەوە لە بازنەی ئەو روانگە هزری و فیکرییەی کە پێکهێنەری حیزبی  کۆمۆنیست و کۆمونیزمی کرێکاریش بە میرات بۆیان بە جێهێشتوون دەرباز نەبوون. کەسانێک پڕاوپڕ و بێ کەموکورتی سیاسەت و روانگەکانی ئەوان رەچاو دەکەن و لە ناکۆکییە نێوخوییەکانیاندا پشتیان پێ دەبەستن و بەداخەوە وادیارە تەنانەت پردەکانی پشتی سەری خۆشیان رووخاندبێت؛ بەشێکی دیکەی ئەو هاوڕێیانە مەیلێکی ئەوتوویان بەرەو کۆمونیزمی کرێکاری نییە، بەڵام سنووری جیاوازییە فیکری و روانگەییەکانیان رۆشن و بەرچاو نییە، هەرچەند لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان تێکەڵاوبوون و هەن ، و لۆژیک و ئەزموونیش دەیسەلمێنێ کە بەرژەوەندییان لەو بزووتنەوەیەدایە، بەڵام لە رووی فیکرییەوە لە بزووتنەوەکە دوور کەوتوونەتەوە و راستییەکان و هێز و توانی هەست پێناکەن و تەنانەت لە هێندێک بڕگەدا لەگەڵی لە ناتەبایی و دژوازیدان. (لە درێژەی بابەتەکەدا بە وردی لەسەری دەدوێم). گرفتی سەرەکی ئەو هاوڕێیانە نەبوونی سنوورێکی دیاریکراو لەگەڵ ئەم روانگەیەیە نەک بوون و پێگەیان لە کوردستان و بزاوتەکەیدا. ئەم روانگە و فیکرەیە کە بووەتە هۆی ئەوە کە “قسە”یان لە “کردار”یان نەگوونجاوتر بێت. ئەگەر گونجاو و واقیعبینانە بیر بکەنەوە کوردستان و بەشداربوونیان لەو بزووتنەوەیەدا تاقە خاڵی بەهێزیانە کە بەداخەوە بەهۆی قەتیس مانەوە لە بازنەی ئەو بیر و ئەندێشەیەدا خەریکە دەبێتە خاڵی لاوازیان.

مشتومڕی نێوان کۆمونیزمی کرێکاری و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کێشمەکێشەکانی نێوان حیزبی توودە و چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێرانم لە سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا دەخاتەوە بیر. چریکە فیداییەکان کە رەوتێکی خەباتکار و لە کاری “کردەیی”دا خاوەن پێگە و سەنگی تایبەت بوون، لە سەرەتادا بە قسەی توندوتیژ و رەخنەگرانە هێرشیان دەکردە سەر حیزبی توودە، بەڵام بە پێچەوانە حیزبی توودە لە روانگەیەکی سەرووتر و بە خۆبەگەورە زانینەوە پێی دەگووتن: “روانگە و هەڵوێستەکانتان لەگەڵ ئێوە جیاوازیی نییە، ئێوە بە دروستی و لە جێی خۆیدا لە بەرەی دژی ئەمپریالیزم و پارێزەری کۆماری ئیسلامی دان، بەڵام کردەوەتان یەک نییە و جیاوازە. خراپ دەجووڵێنەوە، کرچ‌وکاڵ و کەم ئەزموونن، بەبێ هۆ دووریمان لێدەکەن، وەرن و لەگەڵ حیزبی توودە تێکەڵ بن.(گواستنەوەی مانا لە منەوەیە). هەرچەند جاروبار شوێنیان کەوتن و وەک “رێکخراوە” تێکەڵ بە حیزبی توودە نەبوون، بەڵام زۆربەی چریکە فیداییەکان بوونە شوێنکەوتووی حیزبی توودە و، هەر ئەوەش هۆکارێکی گرینگ و سەرچاوەی زۆرێک لە جیایی و لێکدابڕانی چریکە فیداییەکان بوو. لە قۆناغێکی دیکەی مێژوویدا و بە روانگەگەلی جیاوازەوە خەریکە هەر ئەو پلان و پێشهاتە لە حیزبی  کۆمۆنیستدا چەند پاتە دەبێتەوە. هەنووکەش سێبەری کۆمونیزمی کرێکاری بەسەر فیکر و روانگەکانی حیزبی  کۆمۆنیستدا قورسایی دەکا و هەتا ئەو داوە هەڵنەبڕن لەو جەغزە دەرباز نابن.

نکۆڵی کردن لە “تایبەتمەندی” جیاواز و سەربەخۆ لە بزووتنەوەی کوردستاندا

هەموان دان بە بزووتنەوەی کوردستاندا دەنێن، بەڵام هەموان وەک یەک پێناسەیەکی رۆشن و هاوسانیان بۆی نییە. روانین و خوێندنەوەی هەموان بۆ ئاست و جۆری پێوەندی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری وەک یەک نییە، بە تایبەت زۆرێک لە رەوتە نا کوردییەکان بە “چەپ” و “راستەوە” هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی توان و لێهاتوویی و ناوەرۆک و ئامانجی ئەو بزووتنەوەیە لە ئاراستەی سیاسەتەکانی خۆیاندا چەواشە بکەن. لە بیر و روانینی ئەواندا پێناسەی گشتی و خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ باقی خەڵکی ئێران بە گشتی یەک بابەتە و تەواو. هەرچەند جاروبار کەسانێکیان گوایە لە رووی ئینساف و دێموکراسیخوازییەوە خۆیان بە پەرۆش و خەمخۆری خەڵکی کوردستان دەنوێنن. ئاشکرایە کە ئەم روانگەیە لەگەڵ ئەوەیکە راستی گەلێکی لە بابەت بزووتنەوەی کوردستان لەگەڵ باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران تێدایە و بە دروستی پەنجە دەخاتە سەر پێوەندی و هاوچارەنووس بوونی خەباتی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە سەرەرۆیی و نادادپەروەری لەگەڵ باقی خەڵکی ئێران و جەخت لەسەر دێمۆکراسی دەکاتەوە، بەڵام هەروەک لە قۆناغی جۆراوجۆری مێژووییدا بینیومانە، روانگە و بیری ئەوان بەرامبەر بە حیزبە کوردییەکان و بزووتنەوەی کوردستانی ئێران و جۆری پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری لانیکەم لە جۆری داخوازییەکان و سەرەنجام بەرامبەر بە ئیدارە و دەسەڵاتی داهاتووی کوردستان تووشی ناکۆکی دەبن. یار و هاوپەیمانی دوینێ دەبنە نەیار و دژبەری سبەینێ. بەڵام هۆکار چییە؟ سەرەتا پێویستە لە جووڵانەوەی خەڵکی ئێران تێبگەین و پێناسەی بکەین. لە روانگەی ئێمەوە خەباتی گشت خەڵکی ئێران لە پێناو ئازادیی سیاسی و دەستەبەرکردنی دێمۆکراسی، بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هێنانەدی ژیانێکی باشترە کە ئەگەر پێوەر دەنگی ئازادانەی جەماوەر بێ، لە چوارچێوەی ئازادی و دێمۆکراسیدا دەگونجێ. (لەم بڕگەیەدا روانگەی بەشێک لە چەپی پەراویزکەوتووی ئێران و کوردستانم لەبەرچاونەگرتووە کە دروشمی “سوسیالیزم هەر ئێستا”یان هەڵبژاردووە و حکومەتی کاریگەری ئەجندای کاریانە).

بەمجۆرەش بزووتنەوەی جەماوەری و سەرتاسەری لە ئێران بە بزووتنەوەیەکی دادپەروەر و ئازادیخواز و دێموکراتیک ئەژمار دەکرێ. هەروەها لەو جووڵانەوە گشتییەدا ئێمە بزووتنەوە و خەباتی کرێکاران، ژنان و خەبات بۆ سێکۆلاریزم و داخوازیی چین و توێژ و کەماتییە کۆمەڵایەتییەکان بەدی دەکەین کە هەرکامەوە خواست و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. بەڵام لە کوردستان تایبەتمەندییەکی دیکەش هەیە کە هەم بەرامبەر بە دەسەڵاتە دیکاتۆرەکان و هەم لەحاند بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەمڕۆ و هەمیش دەسەڵاتی دێموکراتیک و سێکۆلاری داهاتوو خۆی رێکدەخات. ناوەرۆکی بزووتنەوەی گشتی لە کوردستان دێموکراتیک و نەتەوەییە، بەو واتایە کە لە لایەکەوە داخوازییەکانی بزووتنەوەی سەرتاسەری تێیدا رەنگ دەداتەوە و خۆی لەگەڵ رێکدەخات، هەمیش خوازیاری سڕینەوەی هەڵاواردنی نەتەوەیی و کۆتاییهێنان بە رەوتی مێژووی چەوسانەوەی نەتەوەییە. ئەو تایبەتمەندییە لە بزووتنەوەی کوردستاندا کاریگەریی بنەڕەتی لەسەر داخوازییەکانی هەیە، هەتا رادەیەک کە خواستی کوردەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و لە وڵاتانی دیکەشدا لە ژێر کارتێکەریی ئەو تایبەتمەندییە دایە. بەڵام روون و ئاشکرایە کە هەموو دانیشتوانی ئێران بەدەست ئازاری ستەمی نەتەوەییەوە ناتلێنەوە و لەم باتەوە هەست بە هەڵاواردن و بە کەمگرتن ناکەن، بەڵکوو ئەوە ژان و ئازاری نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێرانە کە بە تایبەت لە کوردستان قەوارەی بزووتنەوەیەکی مێژووی و مافخوازانە وسیاسی و کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و بەرینی بەخۆوە گرتووە.

دوو شێوە هەڵسوکەوت بەرامبەر بەم راستی و داخوازییە نەتەوەییەی کوردان رەچاو دەکرێ. یەکەمینیان لە ژێر ناوی “وەستانەوە دژی جیاییخوازی” و حاشاکردن لە شووناسی نەتەوەیی و مێژووی کوردان و دژایەتیکردنی هەموو داخوازییە نەتەوەییەکانی بزووتنەوەکە خۆی دەنوێنێ. بەمجۆرەش ئەم روانگە و بۆچوونە بەرامبەر بە ویست و داخوازییەکان دەست دەداتە هێزی سەرکوت و داپڵۆسین و بە دروشمی “پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران” باوەشێنی دەمارگرژیی ناسیۆنالیزمی سەردەستی ئێرانی دەکا و پەنا دەباتە بەر لەشکرکێشی و داگیرکاری سەربازی و کوشتوبڕ. نزیکەی سەدەیەکە ئەم شێواز و بەنێو رێگەچارەیە نەتەنیا لە کپکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانە بەرین بوونەوەی پانتایی و رووبەری جوغرافی و خۆوشیاریی قووڵی نەتەوەیی بەدواوە بووە.

دووهەمینیان ئەو هەڵسوکەوتەیە کە لە روانگەیەکی چەپەوە دێ و کێشەی نەتەوەیی دەسەلمێنێ و حاشای لێ ناکات، بەڵام هەروەک لە درێژەی بابەتەکەدا باسی دەکەم چارەسەری کێشەی نەتەوەیی بە هێندێک ئەملاوئەولاوە دەبەستێتەوە بە پرۆسەی سەرکەوتنی سوسیالیزم و حکومەتی کرێکارییەوە، تەنانەت باس لە مافی دیاریکردنی چارەنووسیش دەکات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە لەگەڵ تاقمی یەکەم خاوەن روانگەی زاڵ و هاوبەشن، لە سەرەتادا و بە مەبەستی نەزۆک کردنی بەستێنی هێز و توان و تایبەتمەندی بزووتنەوەی نەتەوەیی کۆمەڵێک مەرج و بەربەست دێنێتەگۆڕ و، دواتر مافی پێکهێنانی هەرجۆرە دامەزراوە و دەسەڵاتێکی خۆجێی بەدەنگ و ویستی جەماوەری خەڵک زەوت دەکات و سەرەنجام لەگەڵی دەکەوێتە دژایەتی و رووبەڕووبوونەوە. راستییەکەی ئەوەیە کە لە هەڵسەنگاندنی ناوەرۆک و پێکهاتەی بزووتنەوەی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێراندا جیاوازی گەلێک هەن کە ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێن و راستەخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر توان و هێزی بزوێنەری جووڵانەوەکە. رەنگدانەوەی خواستی نەمانی هەڵاواردنی نەتەوەیی لەسەر زۆرێک لە بوارەکانی تاکتیک و شێوازی خەبات و تەنانەت لەسەر پێوەندی نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دیار و بەرچاوە. بۆ نموونە “پێشمەرگایەتی” و بەرگریی چەکدارانە بۆچی لە ئیسفەهان و مەشهەد و شیراز سەرهەڵنادا؟ چلۆنە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان جا بەهەر مەبەستێک بێ بەڵام ناچارن لە قۆناغ گەلێکدا لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان بکەونە وتووێژکردن؟ جۆری پێوەندی و نزیکایەتی کوردەکانی دانیشتووی ئێران لەگەڵ باقی کوردەکان لە عێراق و تورکیە و سوریە هاوشێوەی پێوەندی خەڵکانیتری ئێران لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانە نییە. کوردەکانی دانیشتووی ئێران لەگەڵ کوردەکانی ئەودیو سنوورەکان لە پێوەندییەکی توندوتۆڵی هاوکاری و پشتیوانی و هاوپشتی مێژوویی دان. بۆچی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەتوانن لەسەر گەڵاڵە و پلاتفۆرمێکی هاوبەش رێککەون و لە ئاستی کوردستاندا هاوکاری و یەکریزی جیددی پێکبهێنن، بەڵام هەر ئەوە لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا زۆر بە دژواری بەدی دەکرێ و تەنانەت هێندێک جار کارێکی ئەستەم و نامومکینە؟ هۆکار چییە کە لە کوردستان بچووکترین جووڵانەوەی ناڕەزایەتی بە خێرایی و هەر لە سەرەتاوە رەنگ و بۆی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێ؟ ئایا کوردستان لە بواری پێوەندە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کلتوورییەکان لە تاران وشیراز و هتد… پێشکەوتووترە؟ ئایا بزووتنەوەکانی کرێکاران و ژنان و خوێندکاران و هتد… لە کوردستاندا لەبابەت پێوەندە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەچاو باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەت بە بەراورد لەگەڵ ناوچە گەشەسەندوو و پێشکەوتووەکان پێشەنگترن؟ لە بواری ئەدەب و فەرهەنگ و هونەریش هەر بەم شێوەیە.

نەخێر، نەتەنیا لە زۆر بواردا کوردستان لە باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران پێشکەوتووتر نییە، بەڵکوو بە ئەنقەست و بە مەبەستی راگرتن و هێشتنەوەی سیاسەتی هەڵاواردن تەنانەت هەوڵ دراوە لە بواری گەشەی ئابووری و فەرهەنگی و هتد… دواکەوتوو بهێڵدرێتەوە. ئایا بە رێکەوتە رژیمە دەسەڵاتدارەکان لە ئێران ناوەندە ئابووری و پیشەییەکان لە کوردستاندا دانامەزرێنن؟ ئایا لەخۆتان پرسیوە لەبەرچی ناوەندە گەورە و بەربڵاوەکانی زانستی و لێکۆڵینەوە و سەربازی لە کوردستان دانامەزرێنن؟ بۆچی لە کاتێکدا کە گەلێک کان و سەرچاوەی سرووشتیی بە پیت و گرینگ لە کوردستان بوونیان هەیە و هەنووکەش پرۆسەی هەڵێنجان ودەرهێنانیان بەردەوامە، بەڵام دەرفەت و مۆڵەتی بنیادنانی دامەزراوەی پاڵاوتن و پیتاندنیان لە نزیک خۆیان پێنادرێ و دەبێ بۆ مەودایەکی دوورتر و بۆ دەرەوەی خاکی کوردستان رابگوازرێن؟ هەموو ئەوانە بۆ خەڵکی کوردستان جێگای پرسیارن و لەبەرچاویانە و بە درێژایی مێژووش بینیویانە و بەباشی لەوە تێگەیشتوون کە هەوڵدەدرێ خەڵکی ئەو ناوچەیە دەرفەت و توانی بەڕێوەبردنیان نەبێ. رژیمە دەسەڵاتدارەکان بە مەبەستی کوێرکردنەوە و وشککردنی هەموو بەستێن و بوارێکی دەسەڵاتی خۆجێی لە بواری ئابووری و پێشەسازی و تێکنۆلۆژی و هتد…لەو خەڵکە، نایانهەوێ هیچ پشکێک لە گەشە و پێشکەوتنی پیشەسازی و… بە خەڵکی ئەو ناوچەیە ببڕێ. ئەوان ئەزموونی ئەوەیان هەیە کە خەڵکانێک لە نەتەوەیەکی جیاواز و لەژێر گوشاری هەڵاواردندا چلۆن لەو وڵاتە دەژین، ئەو یاسا و رێسا زەق و بەرچاوانە دەناسن کە بە هۆیانەوە لە زۆر لایەنەوە پەراوێز خراون. بەڵام لە ئیسفەهان، شیراز، مەشەهد و ئوستانی مەرکەزی و هتد… ئەو جۆرە قۆرغکاری و بەربەست و گرفتانە بوونیان نییە. ئاشکرایە کە لەگەڵ ئەوەی هەژاریی و چەوسانەوە هەیە، سەرکوت و داپڵۆسین، برسییەتی و بێدادیی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بە زمانی زگماکی دەخوێنن، پرۆسەی پاڵاوتن و پیتاندنی سامان و سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو ناوچانە هەر لە جێی خۆیان بەڕێوەدەچێ و، بچووک و گەورەساڵیان هەست بە سووکایەتی نەتەوەیی ناکەن، دامودەزگا و دامەزراوە و… لە بنەڕەتدا بە خەڵکی خۆجێی بەڕێوە دەبرێن. ئەو جیاوازییانە گەلێک لێکەوتەی گرینگی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێ. بەڵێ! ئەمانەیە کە تایبەتمەندییەکی دیار و جیاوازی بە کوردستان بەخشیوە و لە زەین و ژیانی رۆژانەی خەڵکدا رەگی داکوتاوە و ئەو هەستەی تێدا ورووژاندون کە نەتەوەیەکی مافخوراون و، بەمجۆرەش هەست و هزرێکی تایبەتی نەتەوەیی سەریهەڵداوە کە بەردی بناغەی بزووتنەوەی نەتەوەی و رزگاریخوازانەی کوردستانە. بەڵێ! هەر بەم هۆکارەشە کە بچووکترین ناڕەزایەتی و جووڵانەوەی مەدەنی و پیشەیی لە کوردستان لەلایەن ناوەندگەراکانەوە وەک جێگرەوە و ئاڵترناتیوی دەسەڵاتی ناوەندی سەیر دەکرێ و، لە ریزی خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستانیشدا زۆر زوو رەنگ و رواڵەتی سیاسی بە خۆیەوە دەگرێ و ئاوات و هەست و سۆزی نەتەوەیی دەگەشێنێتەوە. بەڵێ! بزووتنەوەی کوردستانیش لە نیوخۆیدا خاوەنی جووڵانەوەی کرێکاریی، ژنان و مامۆستایان و هتد…ە، بەڵام هەموویان هاوخەباتی و هاوبەشی لە پێناو مافە نەتەوەییەکاندا بە ئەرکی خۆیان دەزانن. بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی بەستێنێکی فراوانە کە هەمووان تێیدا کۆدەبنەوە و ئامانجێکی هاوبەشی لێکەوتووەتەوە کە یەکێتی و یەکڕیزی رەوت و بۆچوونە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ساناتر کردووە. ئایا بە رێکەوت و بە هۆی گەشەی فەرهەنگی وئابووری و کۆمەڵایەتی بوو کە کوردستان کۆماری ئیسلامی و حکومەتی ئیسلامی رەد کردەوە؟ بێگوومان نا، بوونی داخوازیی بۆ رزگاریی نەتەوەیی و شێوەی وەڵامدانەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەو خواستە و ئەوەیکە گووتیان “هەموومان موسوڵمانین، ئیسلام کورد و فارسی نییە، نەتەوە ناناسێ و هتد…” بووبە هۆی ئەوە کە خەڵک درک بەو راستییە بکەن کە ئەمجارەش بە وشەگەلی تر و لە رووخسارێکی نوێدا مافی نەتەوەییان پێشێل دەکرێ. لە ئاکامی وشیاریی نەتەوەیی و خەون و ئاواتی لەمێژینە بۆ نەمانی چەوسانەوەی نەتەوەیی بوو کە کوردستان جیاواز دەرکەوت و ویست و داخوازی نەتەوەیی بوو بە خواستی سەرەکی بزووتنەوەکە و کوردستان رێچکەیەکی جیاوازی گرتەبەر. درووشمگەلی وەک “پووڵی نەوت هی خەڵک و بۆ هەمووانە، حکومەتی خانووە قوورەکان و هتد…”وەک باقی ناوچەکانی ئێران نەیتوانی خەڵکی کوردستان هەڵخەڵەتێنێ.

کۆمەڵە ئەو سەردەم لەو راستییانە بە باشی تێگەیشت و لەسەر ئەو بنەمایە دەستی دایە بەهێزکردن و پەرەدان بە داخوازیی پێشکەوتنخواز و دادپەروەریخوازانە و، خۆشی هاوتەریب لەگەڵ ئەو دۆخە گەشەی کرد و رەگی داکوتا. پێویستە بەبێ خۆف و نیگەرانی و راشکاوانە لەسەر ئەو تایبەتمەندییانەی کوردستان کە هەڵقوڵاوی بزووتنەوەی نەتەوەییە پێداگری بکەین و، وێرای قبووڵکردن و سەلماندنی لە دەربڕین و شیکردنەوەیدا دلێر و بوێر بین. نەتەنیا باسکردنی ئەو راستییانە نامانخاتە بەرەی “دژە کرێکار” و”ئاژاوەگێر”، بەڵکوو رووی راستەقینەی دەسەڵاتدارانی ئاژاوەگێر لە قاو دەدا. بەڵێ! لەم رووەوە کوردستان لەگەڵ مەشهەد و ئیسفەهان جیاوازی هەیە. دیارە خاڵە هاوبەشەکانمان لەبابەت دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دێمۆکراسی و خەبات بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر نکۆڵییان لێناکرێ، بەڵام هەر بەو رادەیەش جیاوازی لە بابەت بوونی مافی نەتەوەیی و هەڵاواردنی نەتەوەییش لە ناوچە جیاوازەکان حاشاهەڵنەگرە.

ئەگەر لە رەوتی راپەڕینی ١٣٥٧ی هەتاوی و پاش راپەڕین کۆمەڵە داخوازییەکانی جووڵانەوەی نەتەوەی ئاوێتەی سیاسەتەکانی خۆی نەکردبوایە و لە گونجاندن و بەرجەستەکردنیان لە بەڵگەنامەکانی و لە بڕیارنامەی ٢٦ بڕگەیدا (مادەیی) چالاک نەبوایە و، سیاسەتەکانی ئەمڕۆکەی کۆنگرەی هەژدەهەمی ئەو هاوڕێیانەی رەچاو کردبوایە، هەرگیز نەدەتوانی ببێتە ئەو سەنگەرە لەشکاننەهاتووەی رەوتی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان. هەرگیز نەدەکرا بە بێ بەشداری لە وەدیهێنان و رابەرایەتیکردنی داخوازییە نەتەوەییەکاندا سیاسەت و سوننەتی پێشکەوتنخوازانە لە جووڵانەوەی ژنان و خەباتە مەدەنی و جەماوەرییەکان بنەجێ بکرێ و بچەسپێندرێ. ئێمە مکورین و بە پێویستی دەزانین کە کرێکاران و رەوتی بەرابەریخواز لە کوردستان خۆی بە خاوەنی جووڵانەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی بزانێ و بوێرانە ئاڵای ئەو خواستە گشتی و جەماوەرییە بشەکێنێتەوە. کێشە و گرفت ئەوەیە کە بەشێک لە تێکۆشەرانی کۆمەڵە لە نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران گرینگیی ئەو تایبەتمەندییانەیان هەست پێنەکردووە و سەنگ و پێگە و توانی بزاڤی نەتەوەیی و پێوندیی لێکهەڵپێکراوی ئەو لەگەڵ باقی جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان نابینن و لە حاست ناسیونالیزمی سەردەستی ئێرانی بە چەپ و راستییەوە لاوازن و بە جوربزە و راشکاوانە بەرگریی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی ناکەن و، بەمجۆرەش لە بەشێکی گرینگی بزووتنەوەی جەماوەری کوردستان کە بزووتنەوەیەکی نەتەوەییە دادەبڕێن. قسەی ئێمە روو لەو روانگە هەڵە و سەرلێشێواوەیە لە کوردستان کە بەرامبەر بەو پرسیارە کە: “بۆ مەگەر داخوازیی کرێکاری کورد لەگەڵ کرێکاری شیرازی جیاوازی هەیە؟” مت دەبێ و ئەوەندە بوێر نییە کە بڵی: بەڵێ راستە، لە نێوان داخوازیی کرێکاری کورد و کرێکاری شیرازی و ئیسفەهانیدا جیاوازیی هەیە، لەبەر بوونی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵێ کرێکاری کورد داخوازیی گشتی و جەماوەریی خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەیی گەلی کورد بە داخوازیی خۆی دەزانێ و، بۆ ئەوەی پێگە و بارودۆخی بزووتنەوەی کرێکاریی کوردستان لاواز نەبێ، پێویستە ئەو خواستە ببێتە داواکاری هەنووکەیی کرێکارانی کورد. ئەم دۆستە رێ لێشێواوانەی ئێمە لە مۆرکی “ناسیۆنالیست و جیایخوازیی” نیگەرانن و، بەمجۆرەش نەتەنیا لە سەلماندنی وزە و پێگەی تایبەتی کوردستان بە هۆی خواستی نەتەوەیی بێجگە لە داخوازییەکانیتر خۆدەبوێرن و پشتیوانی لێ ناکەن، بەڵکوو خراپتر لەوە، تێدەکۆشن و بۆ ئەوە هەوڵ دەدەن هەتا بزووتنەوەی نەتەوەیی بە بزووتنەوەی سەرتاسەری و کرێکاری و چینایەتی ئێرانەوە گرێ بدەن و پێناسەی بکەن. ئەمەش سەرچاوەی هەموو هەڵە و بەلاڕێداچوونەکانی دواترە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە رەگ و ریشەی رەوتی چەپ و بەرابەریخواز و بزووتنەوەی کرێکاری لەبن دێنێ و بەرەو تەریک کەوتووی سیاسی دەبات. ئەگینا سیاسەت و روانگەی فیکری ناسیۆنالیستە راستە ئێرانییەکان و ئەو بەرواڵەت چەپانەی کە نووقمی کلتووری “عەزەمەتخوازیی ” و ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە هەر کامەیان بە شێوازێک و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە خەریکی حاشاکردن یان هەوڵدان بۆ نەزۆک هێشتنەوەی جووڵانەوەی نەتەوەیی و جەماوەرین لە کوردستان، بە بێ بوونی چالاکانی کوردستان کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێ. تەنیا ئەو کاتە جێگای مەترسی و نیگەرانین کە بوارەکە بە لەبار بزانن هەتا بە کەڵک وەرگرتن لە “ئەسپی ترۆوا” پەلاماری کوردستان بدەن. لەوانەیە رەوتی کۆمونیزمی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی حیزبی  کۆمۆنیست دەنگ هەڵبڕن و بڵێن کە ئەوانە بۆختان پێکردنە و ئەوان دان بە بوونی کێشەی نەتەوەیی لە کوردستان دادەنێن و تەنانەت لە بارودۆخێکی دیاریکراودا سەربەخۆیی کوردستانیشیان لا پەسندە (لە درێژەی بابەتەکەدا باسی دەکەم کە تا چ رادەیەک باوەڕیان پێیەتی و خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی ناکۆکییەکە چییە).

رەتکردنەوەی دەسەڵاتی کوردستان و ئاشکرابوونی راستییەکان

یەکێک لە باسە گرینگ و جێ مشتومڕەکانی ئەوان لەگەڵ ئێمە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لەبابەت بەڕێوەبردنی کوردستان لە لایەن خودی دانیشتوانی و مافی دامەزراندنی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەرییە. هەم حیزبی  کۆمۆنیستی ئێران و رێکخراوە کوردستانییەکەی (کۆمەڵە) و هەم کۆمۆنیزمی کرێکاری بڕوایان بە خودموختاری و فێدرالیزم نییە و ئەو گەڵاڵانە بە گەڵاڵەی “بۆرژوازی و سازشکارانە” دەزانن و رەدی دەکەنەوە. لە بەرامبەردا مافی بەڕێوەچوونی رێفراندۆم و گشتپرسی پێشنیار دەکەن کە تێیدا خەڵک لەسەر مانەوە یان جیابوونەوە لە چوارچێوەی ئێراندا بریار دەدەن، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوە دەڵێن کە خۆیان دژ و نەیاری لێبڕاوی جیابوونەوەن و لە کاتی گشتپرسییەکەدا دەنگی “نا”ی پێدەدەن (سەیرە خودی خاوەن پێشنیارەکە دژی دەوەستێتەوە). ئەوان لایەنگری مانەوە لە چوارچێوەی ئێران و “دەسەڵاتی شووراکان” و خوازیاری مافی شارۆمەندین. (هەڵبەت لە کردەوە و دەربڕینی هەرکام لەو دوو رەوتەدا جیاوازی گەلێک هەن کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەکەم).

لە یەکەمین روانیندا بە رواڵەت بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی هەڵوێستێکی رادیکاڵ و بنچینەییان هەیە و تەنانەت ئەولاتریش و خۆیان لە ئێمە (لایەنگرانی رەوتی ساغکردنەوە و سەربەخۆکردنی کۆمەڵە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بە مافی رەوای خەڵکی کوردستان دەزانین، بەڵام لەسەر ئەو بڕوایەین کە قەوارەی فێدراتیڤ و داننان بە دەسەڵاتی خۆجێی خەڵکی کوردستان بەسەر خاکی خۆیاندا هەم رێگاچارەیەکی پەسند و شیاوی وەدیهاتنە و هەمیش لە بارودۆخی ئێستادا هەوێنی پاراستنی هاوپشتی و پێکەوەبوونی خەڵکانی دانیشتووی ئێرانە) پێ لێبڕاوترە. ئەوان تەنیا بە رواڵەت وا نیشان دەدەن کە سەربەخۆیی کوردستان لە ئەجندای سیاسەتیاندایە، بەڵام لە راستیدا تەنیا بۆ خۆنواندنە. هەر وەک پێشتر هێندێک ئاماژەی پێکرا تاقمێکیان (چوونکە هەر کامیان بە شێوازی خۆی بانگەشە بۆ خۆی دەکا) بچووکترین تایبەتمەندی دیاریکراو بۆ جووڵانەوەی کوردستان بە رەسمی ناناسێ و بە خڕوپتوونی وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سەرتاسەری پێناسەی دەکا و دەڵێ داخوازییەکانی بزووتنەوەکە لە کوردستان وئیسفەهان و هتد…. یەک بابەتن و بابەتی بێجگە لەوە بە “لەبەریەک ترازاندن” ناو دەبات، لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووس و دەنگدان بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆش دژایەتی هەیە. ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە دروشمی بەڕێوەچوونی رێفراندوم و جیابوونەوە بۆ ئیسفەهان هەڵناگرێ، بەڵام بۆ کوردستانی پێشنیار دەکات. ئەوەش هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا لێکدژییەکەی ئاشکرایە. دژوازیی بنگەیی ئەم گەڵاڵەیە زەق و بەرچاوە،خودمختاری، فیدرالیزم و هەموو دەسەڵاتێکی خۆجیی و ناوچەیی رەتدەکاتەوە وبۆ ئەوەی قسەیەکیشی کردبێ (ئێوە بە هەڵفریواندنی خەڵک لێکی بدەنەوە) دەڵێن گشتپرسیتان بۆ بەڕێوەدەبەین، ئەگەر جیابوونەوە باشە و ئەگینا وەک هەموو خەڵکی ئێران مافی شارۆمەندیتان هەیە و تەواو. (ئەو گشتپرسی و رێفراندۆمە تەنیا یەکجار بەڕێوەدەچێ). لە بیرمان نەچێت کە ئەوان رادەگەیەنن کە “کۆمۆنیستەکان دژی جیابوونەوەن”، بەواتایە کە لەگەڵ دەسەڵاتی سەربەخۆ دژایەتیان هەیە و دەڵێن لە کات و ساتی رێفراندۆمدا لەگەڵ جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان دژایەتی دەکەن و بەو پێیەش هەوڵ دەدەن کە ئەو پرس دەنگ نەهێنێتەوە.

سەرنج بدەن کە ئەم تاقمە هەرگیز پشتیوانی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ناکەن. رێفراندۆمەکەشیان تەنیا لەئەگەری پیکهاتنی دەسەڵاتی شوورایی ئەوان لە ئێران بەڕێوە دەچێ. بێگومان بیر لەوەش دەکەنەوە کە لەئەگەری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ئێراندا و بە هەڵخەڵتاندن و بەپاشکۆکردنی کوردستان بەرامبەر بە داخوازییە سەرتاسەرییەکان، کەواتە لە رۆژی بەڕێوەچوونی ئەو گشتپرسی و رێفراندۆمەشدا ئەو هێز و دەسەڵاتەیان دەبێ کە پێش لە دەنگدانی خەڵکی کوردستان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی نەتەوەیی بگرن. بۆ وەدیهاتنی ئەو ئامانجەیان پێویستە بەر لە سەرکەوتنی دەسەڵاتی شوورایی لە ئێران، بیر و هزری چەپی کوردی وەک خۆیان و خەباتکارانی کوردستان داگیربکەن و لە بزووتنەوەی سەرتاسەریدا بیانتوێننەوە. بەمجۆرەش هاوکات کە “ئەسپی ترۆوا”کەیان حازر ئامادەیە، ئیتربەستێن و دەرفەتی فیکری و کرداری بۆ دەنگدان بە دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی لەبارچووە و، هەمیش کەلەبەریان خستووەتە نێوان خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان و لەگەڵ بردنەوەی گرەوەکەیان کۆتاییان بە کێشە و داخوازی بزووتنەوەی کوردستان هێناوە. رێک بەو هۆکارەیە کە تەنانەت لەگەڵ دروشمی قوتابییەکانی خۆشیان بۆ دامەزراندنی “دەسەڵاتی شووراکان” لە کوردستان دژایەتی دەکەن و بۆ ئەوەی خەیاڵ و بیرۆکەی دامەزراندنی هەر دەسەڵاتێک لە کوردستان بە دەسەڵاتی شوورایشەوە لە مێشکیان بەرنەدەر، مۆرکی سوواوی “ناسیۆنالیست”یان لە بەرۆک دەدەن.

دژی خودموختارین، فێدرالیزم بە “بەش ویستی” و تەماحی بورژوازیی کورد دەزانن و هەروەک دیمان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی نین. سەرەڕای ئەو هەموو “شێر و رێوی هێنانەوە” سەرەنجام پەردە لەسەر راستییەکان لادەدرێ و دەبینین کە هەمان ئەو گوتارەی کە بە درێژایی مێژوو ناسیۆنالیزمی چەوسێنەر و سەردەستی ئێرانی بە ئاشکرا باسی کردووە و پێی لەسەر داگرتووە، ئەوجار ئەمان لە بەرگی “کۆمۆنیستی و شوورایی”دا دەرخواردی خەڵکی دەدەنەوە. دەڵێن “خودموختاری و فیدرالیزم دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی لە نێو کرێکارانی ئیراندا. (هەر هەمان بۆختانی جیاخوازی)، هەروەها لە رۆژی خۆیدا دەنگ بە سەربەخۆیی نادەن و لە دژی دەوەستنەوە. ئایا دەکرێ بڕوا بەو روانگەیە بکەین کە بچووکترین مافی نەتەوەیی دەسەلمێنێ؟ ئایا ئەوە ئێمەین کە “بورژوا و ساتوسەوداچی”ن، یان ئەوان شوێنکەوتووی ناسیۆنالیزمی سەردەست و زێدەخوازی ئێرانین؟ لە کاتێکدا لە بۆچوون و کردەوەیاندا جگە لە سووکایەتی و حاشاکردن لە شووناسی نەتەوەیی کوردەکان شتێکیتر بەدی ناکرێ، بەڵام ئەو رەواییە بە خۆیان دەدەن لە بابەت دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان ئێمە و هەموو حیزب و رەوتە کوردستانییەکان بە گەمژە و ساتوسەوداچی ناوبەرن. لە کاتێکدا کە هەر خۆیان دەستەواژەگەلی “پێکهێنانی پەرتەوازەیی لە نێو کرێکارانی ئێران”دا دەکەنە جێگرەوەی “جیایخوازی لە ئێران” و وەک پاساوی دوژمنایەتیکردنی بزووتنەوەی کوردستان کەڵکی لێ وەردەگرن. ئایا بێجگە لە گۆڕانکاری رواڵەتی و گەمکردن بە وشەکان، لە گرتنەبەری ئامانجێکی دیاریکراو (بەردەوام هێشتنەوەی چەوسانەوەی نەتەوەیی) سیاسەتی ئەمان چ جیاوازییەکی لەگەڵ سیاسەت و شێوازی ناسیۆنالیزمی سەردەستی ئێرانی هەیە؟ ئەمان کۆمەڵە و خەڵکی کورد بە دژە ئێرانی و خەڵکەکەی دەناسێنن و، ئەوانەش ئێمە بە دژە کرێکار و دژی بزووتنەوەی سەرتاسەری پێناسە دەکەن. لە کاتێکدا هەرتکیان بۆ گەلی کورد هاوشانی باقی دانیشتوانی ئێران تەنیا مافی شارۆمەندی بە رەوا دەزانن، واتە هەر ئەو مافەی کە هەموو چەوسێنەران پێداگرییان لەسەر کردووە و ئاکامەکەیشمان هەنووکە و لە میژووشدا بینیوە. لەوانەیە ئیدیعای ئەوە بکەن کە گوایە مافی شارۆمەندی ئەوان لە مافی شارۆمەندی چەوسێنەران و سەرکوتگەرانی پێشوو جیاوزە، بەڵام لە کوێوە دڵنیا بین؟ خەڵکی کورد بە روونی دەبینن کە ئێوەش سەرەڕای هەموو هەڵکێش و داکێشەکانتان هەموو هەوڵ و تەقالاتان ئەوەیە کە نەهێڵن ویست و ئیرادەی ئەم خەڵک بۆ دەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان بێتەدی.

هەر وەک پێشتر باسمان کرد بەرامبەر بە مافی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتی خەڵکی کوردستان بەسەر خاکی خۆیاندا، بێجگە لەو حەوترەنگیلە بوون و چەواشەکارییانەیان بە شێوازێکی ئاڵۆزترهەر هەمان پێناسە بۆ جوڵانەوەی نەتەوەیی و شووناسەکەی بەکار دەبەن. بزووتنەوەی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی پێناسە ناکەن، بەڵکوو هاوشان و لەجۆری بزووتنەوەی باقی ناوچەکانی ئێران دەیناسێنن و هەر بەم هۆکارەش بەبەراورد لەگەڵ خواستی بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێران و بە جیا هیچ بایەخێک بە تایبەتمەندی و هێز ووزە و سەنگ و پێگەکەی نادەن. بەڵام لەبەر ئەوەی دەزانن بە هۆی زاڵبوونی هەست و ئاواتی نەتەوەیی لە کوردستان وابەسانایی ناتوانن حاشا لە جووڵانەوەی نەتەوەیی بکەن و، بۆ ئەوەی بوارێکی قسەکردنیشیان بۆ شوێنکەوتوو و لایەنگرانی خۆیان رەخساندبێ، باس لە بوونی “کێشەی نەتەوەیی” دەکەن نەک “بزووتنەوەی نەتەوەیی” لە کوردستان. بە” کێشە” ناوهێنان و خۆبواردن لە وشەی “بزووتنەوە” لە راستیدا مەبەستیانە بزووتنەوەی نەتەوەیی بۆ ئاستی کێشە و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کۆڵبەری، بابەتگەلی فەرهەنگی ، ناکۆکییە ئاینییەکان و کێشە لاوەکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە (کە هەڵبەتە دەرد وئازار و گرفتی راستەقینەن و پێویستە چارەسەر بکرێن) نزم بکەنەوە. هەموو هەوڵ و کۆششیان ئەوەیە کە خەباتی جەماوەری بۆ سڕینەوەی چەوسانەوەی نەتەوەیی لە کوردستان بۆ بابەتێکی پەراویز و لاوەکی و،وەک بەشێک لە باقی جوڵانەوەکان و، سەرەنجام هەتا رادەی بەهەڵەداچوون و خەیاڵاویی مێژوویی بچووک بکەنەوە.

هەروەک بینیمان ئەم بۆچوون و روانگەیە لە بواری هزر و فیکرەوە ویست و داخوازی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەکاتە بابەتێکی پەراوێز و لاوەکی و، ناڕاستەوخۆش باس لەوە دەکات کە لە ئەگەری بەسەرکەوتن گەیشتنی خەباتی چینایەتی و دەسەڵاتی شوورایی، ئەم پرسە وەک پاشکۆی ئەم جۆرە دەسەڵاتە بۆخۆی چارەسەر دەبێ. مۆڵەتی یەکجار بەشداریکردن لە رێفراندۆمێکیان پێدەدا کە خۆی لە دژی هەڵویست دەگرێ، لەئەگەری جیانەبوونەوەی کوردستاندا نابێ متەقی لێوە بێت و وەک باقی خەڵکانیتر بە مافی شارۆمەندی رازی بێت. ئیتر بۆی گرینگ نییە کە دوو شارۆمەندی کورد و فارس کە دوو زمانی جیاوازیان هەیە، خاوەنی دوو کلتوور و دوو مێژووی جیاوازن، یەکیان لە پێگەی نەتەوەیی زاڵ و سەردەست، ئەوەی تریان چەوسانەوەی نەتەوەیی بە پێست و ئێسقان چەشتووە و رزگاریی نەتەوەیی بۆی وەک گرێ و ئاواتێکی خنکاوی لێهاتووە و لە دەروونی دا شەپۆل دەدا، چلۆن دەکرێ لە دۆخی مانەوەی هەمان ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەییدا دوو شارۆمەندی خاوەن مافی یەکسان و بەرابەر بن. پرسیاریان لێدەکەین کە ئەگەر لە ریفراندۆمە موژدەدراوێکی ئێوەدا بڕیاری جیابوونەوە نەدرا، ئایا لەسەر بەرێوەچوونی چەند جارەی رێفراندۆم لە ساڵانی دواییدا رەزامەندن؟ پاش بەرێوەچوونی پرۆسەی گشتپرسی و رێفراندۆمەکە ئایا بۆ دابینکردنی مافە نەتەوەییەکان هیچ گەڵاڵە و پرۆژەیەکتان هەیە ، یان لەگەڵ تەواو بوونی شانۆگەریی رێفراندۆمەکەتان هەموو بابەتێک کۆتایی پێدێت؟ بێگوومان ئەگەر خاوەن گەڵاڵە و بەرنامەیەکی رۆشن بوایەن باسیان دەکرد، و بەو هۆیەی لەسەر ئەو بڕوایەن کە بۆ ئەوەی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی لە ناو بچێ پیویستە سەرەتا شۆرشی کرێکاری و سۆسیالیزمە موژدەدراوەکەیان بە سەرکەوتن بگات، دیارە وەڵامەکەیان نەرێنییە. بەڵام ئەگەر پرسیاریان لێبکەین کە: با بڵێین ئەگەر هاتوو لە رێفراندۆمێکدا کرێکاران بۆ سۆسیالیزم، و یان خەڵکی ئێران دەنگیان بە هەڵوەشانەوە و نەمانی هەڵاواردنی رەگەزی ورزگاریی یەکجاریی ژنان نەدا، ئایا هەوڵدان بۆ سۆسیالیزم و رزگاریی ژنان لە ئەجندای خەبات وەلادەنرێ؟ دیارە ناکرێ وەڵامیان ئەرێنی بێ. دەبینن کە ئەو بۆچوونە لە ژێر کاریگەریی ئەو باوەڕ و روانگەیەدا کە بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی نەک بزووتنەوەیەکی واقیعی و کۆمەڵایەتی بەڵکوو وردە بابەت و داخوازیی فەرهەنگی و وەهمێکی مێژووییە لە بیر و زەینی خەڵکدا، دان بە بوونی کەمترین ویست و وزە و هێزی بزوێنەری بنچینەیی و واقیعی بزووتنەوەی نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەییدا نانێ.

بەمجۆرە سەرەتا حاشا لە توان و لێهاتوویی و هێزی بزوێنەری جوڵانەوەی نەتەوەیی دەکات و تێدەکۆشێ تەنیا وەک گرفتێکی خۆکرد و وەهمێکی فیکریی خەڵکی کوردستان پێناسەی بکا و دان بە رەوایی و شوناسی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەکەدا نانێ و خۆی لێدەبوێرێ. ئامادە نین داخوازیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان وەک راستییەکی سەلمێندراو و وەک ئاواتی گەلێک بۆ رزگاریی و وەک بزووتنەوەیەکی زیندووی کۆمەڵایەتی بسەلمێنن. هەر بەم هۆیەشە کە پێیان وایە بە بێ ئاماژەپێدان و دیاریکردنی هیچ ئامرازێکی بەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی دەتوانن لە رێگای شانۆگەریی رێفراندۆم و نۆشدارووی “حکوومەتی شوورایی” ئەو “وەهم”ە لە بیر و زەینی خەڵکی کورد بسرنەوە. هەوڵ دەدەن بەم چاوبەستن و فرت وفێڵ و چەواشەکارییانە خەڵکی کورد هەڵفریوێنن و لە رێگای بە لارێدابردنی بیری و زەینی تێکۆشەرانی کورد (جا بەهەر رادەیەک کە بۆیان بلوێ) لە ژێر کۆت وبەندی چەوسانەوە و هەڵاواردنی نەتەوەیدا بیانهێڵنەوە.

دەسەڵاتی شوورایی و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن

شێوەکارێکی ئەو رەوتە فیکرییە پیرۆزکردنی شێوازی دەسەڵاتی شوورایی و زێدەڕۆی بێ بنەما لە پێداهەڵگووتنێتی. لە روانگەی ئەوانەوە دەسەڵاتی شوورایی هێمای دێمۆکراسی راستەوخۆ و تاکە ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەیە بۆ دامەزراندنی حکوومەتی کرێکاری و کۆمۆنیستییە موژدەدراوەکەیان. بەڵام لێرەدا پێویستە بڵێین کە ئەم بانگەشە و ئیدیعایە لەبابەت شوورا و دەسەڵاتی شوورایی بە هیچ جۆرێک لەگەڵ راستییە مێژووییەکان و ئەزموونی هەتا ئێستای مرۆڤایەتی تەبا نییە و یەک ناگرێتەوە.

یەکەم: ئەم دەسەڵاتە شووراییەی کە بەرهەمی شۆڕشی ئۆکتۆبر بوو زۆر زوو بۆ شێویەک لە دیکتاتۆرییەکی ئاشکرا گۆڕا. دووپات بوونەوەی ئەو شێوازە لە دەسەڵاتی شوورایی لە چین و کۆرەی باکوور و هەتا رادەیەکیش لە کووبا هەر تووشی ئەو چارەنووسە بوون و وەک نێوزڕاوترین و هەوسارپساوترین دەسەڵات و دیکتاتۆری ناوبانگیان دەرکرد. لەو کۆمەڵگایانەدا بچووکترین ئازادیی ڕادەبڕین، ئازادیی رۆژنامەوانی، مافی پێکهێنانی رێکخراوی سیاسی و تەنانەت سەندیکا پیشەییەکان بوونی نییە. هەر لەسەرەتای سەرکەوتنی شۆرشی ئۆکتۆبر و لە کاتی ژیان و دەسەڵاتی لێنین دا دروشمی “یەک حیزب،یەک سەندیکا”یان بەرامبەر بە یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان بەڕێوەبرد و سەندیکا کرێکارییەکان ناچار بوون لە ژێر باری ئەو دروشمەدا سەر بە حیزبی دەسەڵاتدار بن. بێجگە لەو نموونانە ئایا خودی کۆماری ئیسلامی بە نێوی شوورا دەسەڵاتی بەدەستەوە نەگرت؟ بۆ مەگەر هەڵبژاردنی شوورا جۆرێک نوێنەرایەتیکردن نییە؟ مەگەر لە کۆبوونەوەدا و بە دەنگی خەڵک کەس یان کەسانێک وەک لێپرسراو و نوێنەر دەستنیشان ناکەن؟ بەمجۆرەش تەنانەت ئەگەر بۆ کورت ماوەش بێ نوێنەر هەڵدەبژێرن، کەوابوو نوێنەرایەتی دەنگدەرانیان دەکەن. ئەگینا ناکرێ دانیشتوانی کۆمەڵگایەک هەموو هەفتە و مانگێک سەرقاڵی هەڵبژاردن بن. دەڵێن دەسەڵاتی شوورایی شێوازی دەوڵەت و دەسەڵات کرێکارییە و هەڵاواردن تێیدا بوونی نییە و نموونەی دێمۆکراسییەکی پاک و بێگەردی خەڵکییە. ئەگەر وایە بۆچی لە سۆڤییەتی پێشوو و چینی ئێستا و کۆرەی باکوور و کووبا بە پێچەوانەی بانگەشەی ئێوە دیکتاتۆرییەکی دڕندە و هەوسارپساو و پڕ لە هەڵاواردن و چەوساندنەوە دەسەڵاتی بەدەستە و شوێنپێیەک لە دێمۆکراسی بەدیناکرێ و بێ سەروشوێنکردنی نەیاران دیاردەیەکی زەق و باوە؟ ئایا دەکرێ لە حاند گەورە سەرمایەدارانی چین و کاربەدەستە چەتە و گەندەڵەکانی شوورەوی چاو بنووقێنین؟ ئێمە دەزانین کە شێوازی هەڵبژاردنی دەورەیی پارڵمان لەسەر بنەمای دێمۆکراسی لە وڵاتانی دێمۆکراتدا و، هەمیش بە شێوەیەکی کارتۆنی لە وڵاتانی ژێر چنگی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و سەرکوتگەرەکاندا بەڕێوەدەچێ. بەڵام جیاوازییەکیش هەیە، ناکرێ پلۆرالیزم و فرەچەشنی سیاسی و ئازادیی رۆژنامەوانی و ڕادەربڕین لە سیستمی دێمۆکراسی و پاڕڵمانەکەی داماڵدرێ، دنیای ئازاد و دێمۆکراسی جێپەسندی مرۆڤایەتی هەتا ئێستا بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێ، ئەگینا هەڵبژاردنی ئازاد بێ مانا دەبێ. لەم جۆرە دێمۆکراسییەدا، بەڵێ رێک لەو دێمۆکراسییەدا کرێکاران و حیزب و پرۆژە سیاسییەکەشیان دەرفەت و هەلی سەرکەوتنیان هەیە، لەم بارەوە نموونەی مێژوویشی هەیە. پاڕڵمان گەلێکیش هەن کە نوێنەرەکانیان لە پرۆسەی پاڵاوتن و بەربەستی سانسۆرەوە گوزەر دەکەن و، لەو جۆرە وڵاتانەدا بچووکترین ئازادیی سیاسی بوونی نییە. ئەوانە بە دروست و بە جێ وەک پاڕڵمانی کارتۆنی نمایشی ناودێر کراون و لە پێودانگ و پێناسەی دێموکراسیدا ناپێورێن و رەتدەکرێنەوە. ئایا ئێوە نموونەیەکی سەرکەوتووی حکومەتی شوورایی شک دەبەن دێمۆکراسی و ئازادیی سیاسی دابین کردبێ؟ نەخێر. بەڵام بۆ؟ بەو هۆیە کە بنەمای دامەزراندنی شووراکان هەر هەمان روانگەی “یەک حیزب و یەک سەندیکا” و دەسەڵاتی چینێکی دیاریکراو بووە و هەیە. بۆچی دەبێ خەڵک بڕوایان بە نموونەی ئێوە هەبێ؟ بەڵام ئێمە بە پێچەوانە لەسەر ئەو بڕوایەین کە کێشە و گرفتەکە لە شکڵ و فۆرمدا نییە، بەڵکوو گرفت لە ناوەرۆک دایە. پێویستە بڵێین کە بۆ چەسپاندنی دەنگی زۆرینە و دەستاودەستکردن و ئاڵوگۆری دەسەڵات، سیستمێکی کامڵتر و گونجاوتر لە دێموکراسی بەو مەرجەی هەموو پێوانەکانی هەبن، سەرەڕای کەموکورییەکانیشی هەتا ئێستا لە جیهاندا دانەمەزراوە. پرسیار ئەوەیەکە ئایا دەبێ کرێکاران و سۆسیالیستەکان بە ئامراز و ئاڵترناتیڤی شوورا بچنە شەڕ و ململانێی دێموکراسی و ئەو پاڕڵمانەی کە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە لە راستیدا دەسکەوتی هەموو مرۆڤایەتی و خودی کرێکارانیشە، بە دەستی خۆیان پێشکەشی بۆررژوازیی بکەن و خۆشیان لە دژی بوەستنەوە؟ یان بە پێچەوانە بە قۆستنەوە و بەدەستەوەگرتنی ئەو دێمۆکراسییە چەسپاوە لە بەڵگەنامە و راگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان و لە بیروڕای گشتیدا، لە پێناو گەشەپێدان و پڕکردنەوەی کەموکووڕییەکانی و بەڕێوەبردنیدا تێبکۆشن؟ نموونەی لەمجۆرەشمان لەبەردەستە کە سۆسیالیستە دێموکراسیخوازەکان لە نێو سیستمی دێمۆکراسیدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە و، لە پێناو بەرژەوەندیی کرێکاراندا بەرەوپێشەوەچوون و دەستکەوتی بەرچاویشیان بووە. بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا نموونەی لەمجۆرەمان لە بابەت حکومەتی شووراکانەوە نەبینیوە.حاشا ناکەین و لەگەڵ ئەوەش ناکۆک نین کە رۆژێک ئەرکی بەڕێوەبردنی راستەوخۆی دێموکراسی لە ئەگەری کامڵ بوون و بنەجێ بوونی دێمۆکراسی و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی بیتەدی و، بە پێچەوانەی ئەوەی هەتا ئێستا بینیومانە لە دێمۆکراسی پارڵمانی گونجاوتر و باشتر نەبێ. بەڵام حیزبی  کۆمۆنیست (بۆ خۆشم رۆژگارێک کادر و ئەندامی رێبەرایەتییەکەی بووم وبانگەشەم بۆ سیاسەتەکانی کردووە)و، رەوتەکانی دوای ئەویش نەیانتوانیوە سیستم و نموونەیەکی کردەیی و هەمەلایەنە لە دەسەڵاتی شوورایی بخەنە بەرچاو.

 هەمووان دەزانن کە زۆرێک لە زانایان و بیرمەندانی لایەنگری لێبڕاوی بۆرژوازی و سیستمی سەرمایەداری و، هەمیش خودی چینی بۆرژوا کاریگەریی حاشاهەڵنەگریان هەیە لەسەر پێشکەوتن و گەشەی دەستکەوتی زانستی، کۆمەڵایەتی و تێکنۆلۆژیکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی؛ ئایا دەبێ رەوتی چەپ و کرێکاران ئامۆژگاری بکرێن و رایانسپێرین کە پشت لەو دەسکەوتانە بکەن ئەگینا تووشی ڤایرۆسی بۆرژوازیی دەبن؟ ئایا هەر ئەو دەسکەتە زانستییانەش وەک باقی دەسکەوتە سیاسییەکان شوێنپەنجە و ئاسەواری خوڵقاندن، داهێنان، لێهاتوویی و خەباتی کرێکارانی پێوە نابیندرێ؟ ئایا دەکرێ زانست و گەشەی تێکنۆلۆژیک و گەشەسەندنە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی یاسا و گرێبەستە ئینسانییەکانی مرۆڤایەتی بە موڵکی چینێکی دیاریکراو بزانین و لە گشت کۆمەڵگایان داببڕین؟

دووهەم: ئێوە کە خوازیاری دەسەڵاتی شوورایین، لە کاتێکدا کە لە لایەک بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی بە دیاردەیەکی وەهمی لە بیر و زەینی خەڵکدا پێناسە دەکەن و، لە لایەکیترەوە هیچ شێوازێکی بەڕێوەبەری و دەسەڵات بۆ ئەو خەڵکە (گەلی کورد) ناسەلمێنن، چلۆن جێی متمانەن کە بە شێوەیەکی دێموکراتیک دەجووڵێنەوە؟ بەڵام لە تۆمار و بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکاندا ئەو مافانەی کە لە روانگەی ئێوەوە بۆرژوازین، بە بێ مەرج و پێشمەرجەکانی ئێوە، وەک مافی رەوای نەتەوە و کەمایەتییەکان دانی پێدانراوە. لە کاتێکدا کە مارکس داهێنەری چەمکی سوسیالیزم روو لە چینی کرێکاری بریتانیا دەیگووت: “ئەگەر دەنگ بە سەربەخۆیی ئیرلەند نەدەن ناتوانن خۆیان لە کۆتوبەندی چەوسانەوە رزگار بکەن”. ئایا پێتانوانییە کرێکاران و سۆسیالیستە ئازادیخواز و دێموکراتەکان لەو بۆچوون و روانگانەی ئێوە دەترسن و نیگەرانن؟ بەڵێ ئەوە هۆشداری و مەرجی مارکس بوو بۆ کرێکاری بریتانیایی، بەڵام ئایا ئێوە! ئێوەیەک کە دەتانهەوێ کرێکاری ئێرانی لە دژی بزووتنەوەی کوردستان هەڵخڕێنن و، ویست و داخوازیی نەتەوەیی و هەستی سەربەخۆیی بە هۆکاری “پەرتەوازەیی لە ریزی کرێکاران”دا دەزانن (بە پێی لۆژیکیش پێویستە کرێکارانی ئێرانییش لە دژی ئەم پەرتەوازییە رێکخەن و هانیان بدەن)، و خۆشتان بە میراتگری هزر و روانگەی دامەزرێنەری سوسیالیزم دەزانن، پێتانوایە جەماوەری خەڵک بڕواتان پێدەکەن، یان ساویلکەیی خۆتان دەردەخەن؟ نەخێر! ئەو دەورانە تێپەڕی، روانگە و بۆچوونی ئێمە روانگە و بۆچوونی ناسیۆنالیزمی سەردەست و عەزەمەتخوازیی ئێرانییە، ئیترقسەتان بڕەوی نییە.

ئەوەی کە سەروبنی قسەتان بووەتە کرێکار، تۆزقاڵێک لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە ئەم روانگە و بۆچوونە ناواقیعی و شۆوێنیستییەی ئێوە کە بە خۆشییەوە هیچکات لە کوردستان نەبووە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و لە داهاتووشدا نابێ (هەر ئەوەشە هۆکاری ئەم کەفهەڵخڕاندن و دووژمنایەتییە قووڵەتان بەرامبەر بە کۆمەڵە)، بزووتنەوەی عەداڵەتخواز و رەوتی چەپیش بەرەو کوێرەڕێی هەڵدێر دەبات. دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە هەتا سۆسیالیستەکانی بڕوامەند بە دێموکراسی و رەوتی چەپی بەرابەریخواز رێگا و ئاسۆی خۆیان لە ئێمە جیابکەنەوە، هەروەک چۆن هەتا ئێستاش سەرپۆشی شاراوەکانتان لاچووە و جۆری بەرابەریخوازییەکەتان دەناسن و بە باشی رەچاوکردنی مافە دێمۆکراتیکەکانیان تەنانەت لە نێوخۆی رێکخراوەکانیشتاندا ئەزموون کردووە. سەرەڕای ئەوانە ئایا “حکوومەتی شوورایی ئێوە بە رێبەرایەتی کرێکاران” بڕوای بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە؟ ئایا بۆرژوازی جارێکیتر ئەو مەجالە و دەرفەتەی دەبێ کە بە دەسەڵات بگاتەوە؟ ئەگەر وەڵامتان “بەڵێ” یە، چلۆن و بە کامە ئامراز و شێواز؟ ئەگەریش وڵامەکەتان “نا”یە، جیاوازی ئەو دروشمەتان لەگەڵ “دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا” لە چی دایە؟ئێمە دڵنیاین کە لەم بابەتەشدا ئاڵوگۆر و پاش و پێشتان بە وشە و دەستەواژەکان کردووە، ئەگینا لە ناوەرۆکدا هەر ئەم سیاسەت و روانگە سواو و پووچەڵە کۆمەڵایەتییانە دەخەنە بەر دەستی خەڵک.

کۆنگرەی هەژدەهەم: بە لاڕێداچوون،بەردەوام مانەوەی قەیران

کۆنگرەی هەژدەهەمی رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) لە لووتکەی ناکۆکی و کێشمەکێشی نێوخۆیی ئەو حیزبەدا بەڕێوەچوو. رەوتی ناسراو بە “زۆرینەی کومیتەی ناوەندی” رێک بە ئاراستەی روانگە و سیاسەتی هەڵە و چەواشەی کۆمونیزمی کرێکاریدا خۆی دەرخست و، ئەزقەزا بەدروست خۆی بە “پارێزەری سیاسەتی حیزبی  کۆمۆنیست” ناساند. کردار و هەڵسوکەوتی رێبەریی رێکخراوی کوردستانی حیزب (کۆمەڵە)ی لە ژێرناوی “رێکەوتن و سازان لە گەڵ حیزبە کوردستانییەکان، دوور کەوتنەوە لە دەسەڵاتی شووراکان لە کوردستان و هەڵگەڕانەوە و پاشگەزبوونەوە لە سۆسیالیزم، بایەخدان بە کوردستان، مەیل بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی بەدەر لە دەسەڵاتی شووراکان لە کوردستان و دژوازی ئەو سیاسەتانە لەگەڵ سیاسەت و روانگەی ناسراوی حیزبی  کۆمۆنیست” دەدایە بەر نەشتەری لۆمە و رەخنەگرتن.

بەڵام لە بەرامبەردا رێبەرایەتی رێکخراوی کوردستانی حیزبی  کۆمۆنیست(کۆمەڵە) نکۆڵی لە بوونی ناکۆکی سیاسی دەکرد و هەتا ئاستی ناکۆکی لە شێوەکار و تاکتیک سەرشکێنی دەکرد. دواتر لە هێندێک دەربڕین و لێدوان و چاوپێکەوتنی میدیاییدا بە شێوەیەکی سەرزارەکی لەسەر پلۆرالیزمی سیاسی، هاوکاری کاتی و دیاریکراو و سنووردار لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستان، پێویستی بەشداریی کۆمەڵە لە جووڵانەوەی کوردستان و پێگەی کۆمەڵە تێیدا و، گرینگی بزووتنەوەی کوردستان بۆ خەباتی کرێکاری و سەرتاسەری لە ئێران جەختی دەکردەوە. کێشەکە ئەوەیە کە رێبەریی رێکخراوی کوردستانی حیزب هیچکات نەتوانی، و یان نەویست بە رۆشنی سنووری جیاوازیی جیددی سیاسی خۆی لەگەڵ ئەوان دیاری بکات. تەنیا بە شیکردنەوە و داشکاندنی بۆ ئاستی ناکۆکی و جیاوازیی لە شێوەکاردا رەزامەند بوو، و بە خۆلادان لە بنچینەی ناکۆکییەکان و بە ئاڵوگۆڕ لە داڕشتنیدا، زۆرتر سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی لامەبەست بوو، و بەمجۆرەش ئارخەیانی دەدایە هۆگران و لایەنگرەکانی خۆی و، سیاسەتی “ئەمرۆمان لێ بڕوا، بەیانی رۆژێکی ترە”ی گرتەبەر. بەڵام ئێستا دەبینین کە سەرەڕای ئەم سەرکەوتن لەم قۆناغەدا،بە هۆی لێکدژی و کەموکووڕی جیددی لە روانگەی سیاسی و لە پێناسەکردنی بزووتنەوەی کوردستاندا، هێشتاش مەترسی لەسەر ئەو حیزبە و رێکخراوە کوردستانییەکەی نەڕەویوەتەوە. بێگوومان ئەگەر دۆخەکە هەر بەم شێوازە بەردەوام بێ داهاتووی ئەو حیزبە لەگەڵ قەیران و کێشمەکێشی دیکە بەرەوڕوو دەبێتەوە. بەشێکی زۆر لەو هاوڕێیان بەوپەڕی دڵسۆزی و راستگۆییەوە چارەنووس و داهاتووی کۆمەڵە و رەوتی چەپ لە کوردستان بۆیان گرینگە. هەڵسوکەوت و بوونیان بۆ کۆمەڵە بە قازانج و بەبایەخ دەزانم، لەگەڵ گیروگرفتیان کە خۆشم سەردەمانێک گیرۆدەی بووم ئاشنام. زۆر جێگەی داخە کە لە بواری فیکر و ئەندێشەدا پاشکۆی رەوتێکی چەواشە و بێ پێگەی کۆمەڵایەتی بن یان نەتوانن خۆیانی لێ قووتار بکەن. بۆ ئێمە و بزووتنەوەی پێشکەوتنخواز و بەرابەریخوازی کوردستان زیان و خەسارێکی گەورەیە کە لە دەور و کاریگەریی ئەرێنی ئەوان بێبەش بین. لەم روانگەیە و بەم مەبەستەوە دەچمە سەر شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی بڕیارنامەی کۆنگرەی هەژدەهەمی رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) دەربارەی پرسی نەتەوەیی کە بەداخەوە لە چوارچێوە و لەبەر رۆشنایی ئەو روانگەیەی کە باسکرا داڕێژراوە.

روانین بۆ پرسی کورد

خاڵی یەکەمی بڕیارنامەکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەقی قەیرانە جیهانییەکان دەزانێ و ئاماژە بەو شەڕانە دەکات کە زلهێزە جیهانییەکانی لە پشتە و بوونەتە هۆکاری ئاوارەبوون و بێ ماڵوحاڵی بە ملیۆن کەس، کە ئەمە بابەتێکی راست و پەسندە. دواتر بڕگەی دووهەم تەرخان دەکات بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین و دەڵێ: “پرسی نەتەوەیی کورد یەکێک لە کێشە و پرسە چارەسەرنەکراوەکانی رۆژهەڵات ناوەڕاستە. خەڵکی کورد بەسەر چواروڵاتی تورکیە، ئێران، عێراق و سووریەدا دابەش کراون، ئەم خەڵکە بەدەست چەوسانەوەی نەتەوەیی، واتە هەڵاواردن بە پێی نەتەوە ئازار دەچێژن و هەر بەم هۆکارەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەڵاواردن و نایەکسانی وبێ مافی، لە هەرچوار وڵاتەکەدا بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی لە ئارادایە”. ئەم قسانە لەگەڵ ئەوەیکە گشتین، بەڵام بەتایبەت کە بەبەراورد لەگەڵ روانگەی تاقمی یەکەم کە جەوهەری بزووتنەوەی نەتەوەیی ناسەڵمێنن، دروستن و هەنگاوێکە بەرەو پێش، بەڵام لێرەدا هەرچەند دەبینین بە درووستی باس لە بزووتنەوەی نەتەوەیی لەهەر چوار وڵاتەکەدا دەکات، لێ هێچ باسێک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران و لە پێگە و هەلومەرجەکەی ناکات کە هەڵوێستەکەش لەسەر ئەم بابەتەیە. لە کاتێکدا کە ئەم رەوتە لە کوردستانی ژێردەسەڵاتی ئێراندا چالاکی دەکا و خاوەن پێگە و پەسندی کۆمەڵایەتییە و خۆی بە بەشێک لە رەوتی کۆمەڵە پێناسە دەکات کە کۆمەڵە لە جووڵانەوەی کوردستانی ئێراندا خاوەن مێژوو و کاریگەریی و سوننەتێکی دیاریکراوە نەک لە کوردستانی عێراق یان کوردستانی تورکیە، زۆر ئاساییە کە هەمووان چاوەڕوانیی ئەوەمان هەبێ هەتا خەبات و هەڵسووران لە کوردستانی ئێران بکەنە ئەجندای تێکۆشانی خۆیان و، خۆیان بە هاوبەش و بەشدار تێیدا بزانن. بەڵام وایان نەکردووە و، ویستوویانە بە ئاماژەی ناوچەیی بوونی ئەو بزووتنەوەیە خۆیانی لێ بەدوور بگرن، لە درێژەی بابەتەکەشدا تێدەگەین کە مافی خۆمانە لەوە دوودڵ بین کە هەوڵ دەدەن رۆشن بوون و راشکاویی خۆیان بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران بشارنەوە و دەرنەبڕن.

بەخشین و رادەستکردنێکی هەڵە، رێگایەک بەرەو خاو بوونەوە

لەدرێژەی بڕگەی دووهەمی بڕیارنامەکەدا هاتووە: “رێبەریکردنی ئەو بزووتنەوانە (مەبەست بزووتنەوەی نەتەوەیی) لە بنەڕەتەوە و بە رابردووی مێژوویی ستراتێژی جیاوازەوە لەدەست حیزبە بۆرژواییەکان دایە”.

یەکەم: لەبەر چی دەرفەت و ئامرازی جووڵانەوەی نەتەوەیی لەسەر دەستان پێشکەش بە بۆرژوازیی دەکەن و هیچ مەجالێک بۆ پێشەنگایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەو بزووتنەوەیە ناهێڵنەوە؟ بە ئاشکرا لەم قۆناغەی ئێستادا بیرۆکە و سیاسەتێکی بێ بنەما و بێ جێیە. بزووتنەوەی نەتەوەیی هەرگیز لە پاوانی چینێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکوو هەموو خەڵک و هەموو چین و توێژەکانی گەل تێدا بەشدار و هاوبەرژەوەندین. بەشداریی رابردوو و ئێستای کۆمەڵە پووچەڵکردنەوەی ئەو ئیدیعایە و، سیاسەت و روانگەی ئەو هاوڕێیانەش پێداچوونەوەیەکی ئاشکرایە بە مێژووی کۆمەڵەدا.

دووهەم: ئەوەش روون نییە کە ئەگەر پرسی کورد لە هەموو ئەو وڵاتانەدا یەک بابەتە و ئەویش نەهێشتنی چەوسانەوەیی نەتەوەییە و، رێبەرایەتیکردنی بزووتنەوەکەش لەدەست چینی بۆرژوازی دایە، ئەو جیاوازیی ئامانج و ستراتیژییە لە کوێوە هاتووە؟ ئەوەش دەزانین کە بێجگە لە “پەکەکە”هەموویان مافی دیاریکردنی چارەنووس هەتا جیابوونەوە لە ئەجندای گەڵاڵە سیاسی خۆیاندا گونجاندووە.لە کاتێکدا هەمووان، واتە هەم بۆرژوا و هەمیش بزووتنەوەکە نەتەوەیین، ئەو جیاوازی ستراتیژییە هەڵقوڵاوی چییە؟ هەڵبەتە ئەو بابەتە رۆشن سەلمێندراوە کە بە هۆی جیاوازییە ئابووری و سیاسییەکان و پێگەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان رێکاری هەنووکەیی جیاوازیان هەبێ، بەڵام باسکردن لە بەشداریی بۆرژوازی لە بزووتنەوەی کوردستان بە “ستراتێژیگەلی جیاواز” هەڵە و بێ بنەمایە. چاوەڕوان دەبین هەتا هاوڕێیان ئەو جۆراوجۆری لە “ئامانج و ستراتێژی”مان لە بزووتنەوەی کوردستاندا بۆ رۆشن بکەنەوە. (لەو بروایەدا نیم لەو بابەتەوە سەرکەوتوو بن). هەڵەی “تێئۆریک”ی لەم چەشنە ئاکامی تێخزاندن و هەڵدانی کەمتەرخەم و خەمساردانەی وشە و دەستەواژەکانە لە روانگە و بۆچوونێکدا کە بەردەوام تێدەکۆشێ لە سەنگ و بایەخ و وزە و توانی سەربەخۆی ئەو بزووتنەوەیە کەم بکاتەوە و، بە خۆبواردن لە مشتومڕی راشکاوانەی فیکری لەم بارەوە، دەیهەوێ بە پاساوی “رێبەریی بۆرژوازی” بە هاسانی و بێ چەرمەسەریی خۆی لێ بەدوور بگرێ. هەر لە درێژەی بڕگەی دووهەمدا باس لە دەورونەقشی کۆمەڵە دەکەن و لێرەدا دژوازی و کەموکووری روانگەکەیان زیاتردەردەکەوێ: “بەڵام کۆمەڵە وەک رەوتێکی سۆسیالیستی کە لە کوردستانی ئێراندا ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ وەدەستهێنانی داخوازیی ئابووری، خۆش بژیوی و دێموکراتیکی کرێکاران و توێژی زەحمەتکێش، ژنانی چەوساوە و لاوانی کۆمەڵگایە، لە هەمانکاتدا لێبڕاوترین هێزی خەبات لە پێناو نەهێشتنی چەوسانەوەی نەوتەوەییە”. لەم رستانەدا هەرچەند بە نادیاریی، بەڵام هەڵوێستیان بەرامبەر بە بزووتنەوەی نەتەوەیی دەردەکەوێ. ئەم هاوڕێیانە بێجگە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی، لە کوردستان خۆیان بە ئاڵاهەڵگری هەموو خەبات و بزووتنەوەیەک دەزانن و، بەشداریی کۆمەڵە بێجگە لە جووڵانەوە و خەباتی نەتەوەیی و رێبەریکردنی، لە هەموو جووڵانەوە و خەباتێکدا بە رەوا دەزانن. تەنیا ئەوەندە دەڵێن کە: “لە هەمانکاتدا کۆمەڵە لێبڕاوترین هێزی خەبات لە پێناو نەهێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەییە”. ئاساییە لەژێر کاریگەریی روانگە و بۆچوونەکەیاندا کە خەباتی نەتەوەیی بە “ناسیۆنالیستی”دەزانن، نایانهەوێ لە رێبەریی بزووتنەوە و خەباتی نەتەوەییدا بەشدار بن و خۆی لێنادەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بەو روانگە و بۆچوونەوە چلۆن دەکرێ “لێبڕاوترین هێز بۆ نەهێشتنی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی” بن؟

یارانی ئازیز! ئێوە کە دەستان لە رێبەرایەتیکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی شۆردووە، بە کام شێواز و لە کامە رێگاوە دەتانهەوێ ببنە هێزی “پەیگیر”ی ئەو بزووتنەوە نەتەوەییەی کە رێبەرایەتییەکەی لەدەست بۆرژوازی دایە؟ ئایا بۆرژوازی ملکەچی ئەوە دەکەن هەتا بکەوێتە شوێن لێبڕاوبوونی ئێوە، یان بە پشت بەستن بە هێزی باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بۆرژوازیی بە چۆک دادێنن و رێبەرایەتی بزووتنەوەکەی لەچنگ دەردێنن؟ ئەگەر وایە، دروستەکەی ئەوەیە کە بە رۆشنی لە بابەت سیاسەتی دیاریکراوتان بۆ بەڕێوەبردن و رابەرایەتیکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی بدوێن. یان وادیارە بە قسەوباسی بە رواڵەت “رادیکاڵ” دەربارەی جوڵانەوەی نەتەوەیی خۆ لە وەڵامدانەوە دەبوێرن. هەر بەراست هاورێیان! سیاسەتی “لێبراو”تان چلۆن بەسەرەنجام دەگەیەنن؟ ئایا دەتانهەوێ بۆ رێبەرایەتیکردنی باشتری بزووتنەوەی نەتەوەیی بۆرژوازی هان بدەن، یان بۆخۆتان لەو پێناوەدا گەڵاڵە و پرۆژەیەکتان بەدەستەوەیە؟

بەهەر رادەیەک شەنوکەوی پەسندکراوەکانیان دەکەین بێجگە لەوەی رەخنەگری بۆرژوازین هیچی ترمان بەرچاو ناکەوێ، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خۆشیان هیچ پلان و پرۆژەیەکی دیاریکراویان رێبەریکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی نییە و ناشخوازن لە پرسی ئەو رێبەریکردنەدا ببنە جێگرەوەی “بۆرژوازیی”، بەمجۆرەش لە بۆچوونی خۆیاندا ئەو کارە بە پشتهەڵکردن لە بنەما فیکرییەکان دەزانن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە لە هیچ شوێنێک قسەیەک لە رێبەرایەتیکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە لایەن کرێکاران و کۆمۆنیستەکانیشەوە ناکەن و تەنیا باس لە “چارەسەری پرسی نەتەوەیی” دەکەن. هەرئەوە نییە کە خۆیان هیچ پلانێکیان نییە و نەتەنیا لە بنەڕەتدا رابەرایەتی جووڵانەوەی رزگاریی نەتەوەیی بۆ رەوتی خوازیاری بەرابەری و سۆسیالیزم بەرەوا نازانن، بەڵکوو ئەم کارە بە هەڵگەڕانەوە لە بڕوا و بیروباوەڕ و ئیدئۆلۆژی” دەزانن و، ئێمەومانانیش کە لەسەر ئەم بابەتە پێداگری دەکەین بە هەڵگەڕاوە و سەرلێشێواو و “ناسیۆنالیست” دەزانن. بە تۆزێک وردبوونەوە وسەرنجدان لە بڕگەی دووهەمی هەر ئەو بڕیارنامەیە ئەم بۆچوونە بە روونی خۆی دەردەخات.

لە بەشێکی دیکەی بڕگەی دووهەمی بڕیارنامەکەدا هاتووە: “کۆمەڵە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی ژێردەستە بە هێزی بزوێنەری بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان و هەموو گۆڕانکارییەکی دێموکراتیک لە کۆمەڵگادا دەزانێ و، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بە هاتنەمەیدانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییانە بەستێن و پێشمەرجەکانی چارەسەری پرسی نەتەوەییش دەرەخسێ”. پرسیار ئەوەیە کە مەگەر هەتا ئێستا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش هێزی سەرەکی جووڵانەوەکە نەبوون و بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە بەشداریکردنی بزووتنەوەی نەتەوەییدا لە ریزی پێشەوە نەبوون و زۆرترین قوربانییان نەبەخشیوە؟ ئایا نکۆڵی لەوە دەکەن کە کرێکاران و ژنان و چین و توێژی ژێردەستە و چەوساوە بە بەرینی لە جووڵانەوەی نەتەوەییدا بەشدار بوون؟ بە بڕوای من نووسەران و داڕێژەرانی بڕیارنامەکە لەوە ژیرتر و وشیارترن کە ئەو راستییانە نەبینن و حاشای لێبکەن. وادیارە مەبەستی ئەوان لایەنی چینایەتی بابەتەکەیە، بەو واتایە کە پێشکەوتن و گەشەی بزووتنەوەی چینایەتی و کرێکاری و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن کرێکارانەوە، بە تاکە جێگرەوە و ئاڵترناتیوی “چارەسەری پرسی نەتەوەیی” دەزانن، (سەرنج بدەن “چارەسەری پرسەکە” نەک دابینکردنی مافە نەتەوەییەکان؛ چوونکە دواتر بۆمان روون دەبێتەوە کە هیچ مافێکی دیاریکراوی نەتەوەیی ناخەنەروو). لە راستیدا بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی سەربەخۆی ئەو بزووتنەوەیە ناسەلمێنن، بە بۆچوونی ئەوان ئەو بزووتنەوەیە خاوەنی هیچ ئامراز و توان و هێزی بزوێنەری بنچینەیی تایبەت بە خۆی نییە و، لە ئەگەری بوونیشدا ئەوە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازانە و شیاوی پشتیوانی لێکردنی نییە. لەم بارەوە روانگەکەیان لەگەڵ روانگەی کۆمونیزمی کرێکاری لە جەوهەر و ناوەرۆکدا جیاوازییەکی نییە، بەڵام ئەو هاوڕێیانە گەورەییان نواندووە و هێشتا وەک “وەهم” و خەون و خەیاڵ پێناسەیان نەکردوە.

سۆسیالیسم، چارەسەری پرسی نەتەوەیی

لە بڕیارنامەی “دەربارەی پرسی نەتەوەیی”دا هەروەک پیشتر ئاماژەم پێدا، دەڵێن: “… لەگەڵ هاتنە مەیدانی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە (مەبەست کرێکاران و…هتد) بەستێن و پێشمەرجەکانی چارەسەری پرسی نەتەوەیی دەرەخسێ..”. بێگوومان بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە رادیکاڵ، پێشکەوتوو، ئازادیخواز و دێموکراتیکەکان لە بەرژەوەندی و لە ئاراستەی بەهێزکردنی جووڵانەوەکە و وەدیهاتنی داخوازییە نەتەوەییەکان لە کوردستان دایە و، لە پیتاندن و دەوڵەمەندکردنیدا دەور و کاریگەری بەرچاویان هەیە. دەبێ ئەوەش بڵێین کە بە دیوەکەیتریشدا، واتا بەرەوپێشچوون و گەشەی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییش لە زۆربەی کاتەکاندا بووەتە هۆی بەهێزبوونی باقی بزووتنەوە دێموکراتیکەکان. ئێمەی کۆمەڵەییەکان بنەڕەت و جەوهەری نەگۆڕی بوومان پشتیوانیکردن لە چەوساوە و ژێردەستەکان، بەهێزکردنی رەوت و رەهەندە پێشکەوتنخواز و ئەمڕۆییەکان لە کۆمەڵگا و، خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەرییە. بەڵام ئەم جۆرە داڕشتن و دەربڕینەی هاوڕێیان لەبابەت پێوەندی بزووتنەوەکانیتر لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی، رەنگدانەوە و پشتبەستوو بە سیاسەتی ئەو کۆمەڵەیە نییە کە رابەرایەتیکردنی بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی بە ئەرکی خۆی زانیوە، بزووتنەوەی کوردستانی بە “میللی دێموکراتیک”ناودێر کردووە. لە راستیدا ئەم روانگە هەڵەیە هاوکات لەگەڵ چەواشەکردنی ئامانج و ناوەرۆکی جووڵانەوەی کوردستان لە سەردەمی گەشەی کۆمونیزمی کرێکاری و داگیرکردنی زەین و بیر وهزری بەشێک لە کادرەکانی کۆمەڵە، رێک لەو کاتەدا کە ملیتاریزمی دڕ و هەوسارپساوی کۆماری ئیسلامی و هەروەها پاشەکشە و شکستی نیزامیی قۆناغێک لە بزووتنەوەی کوردستان لە نێوان ئێمە و خاک و سەرزەمینمان مەودایەکی جوغرافیایی لێکەوتەوە سەریهەڵدا و گەشەی کرد. لە بنەڕەتدا ئامانجی ئەم جۆرە قسانە دەربڕینی ئەو بابەتە سواو و سەرتاپێ چەواشەیەیە کە گوایە: بە بێ بزووتنەوەی کرێکاری و، تەنانەت ئەولاتر لەوەش، یانی بە بێ حکومەتی کرێکاری و سۆسیالیستی، چارەسەری کێشە و پرسی نەتەوەیی محاڵە و، بوار و پێشمەرجەکانی چارەسەرکردنیشی تەنیا ئەوکات دەرەخسێ.

ئەم بۆچوونە سەرکەوتنی جووڵانەوەی نەتەوەیی دەبەستێتەوە بە بزووتنەوەی چینایەتی و کرێکاری. بەداخەوە دەبێ بڵێین کە لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە و بە زمانێکی گۆنەکردوو، هاوڕایی و چاولێکەری بۆچوون و سیاسەتەکانی ناسیۆنالیزمی “چەپ”ی ئێران و کۆمۆنیزمە کرێکارییەکان رەچاودەکەنەوە. ئەم هاوڕێیانەش لە بڕیارنامەی کۆنگرەی هەژدەهەمی خۆیاندا رەچاوی روانگەیەک دەکەن و پشتی پێدەبەستن کە حاشا لە بوونی هەرجۆرە هێزێکی بزوێنەری بنچینەیی تایبەتی لە جووڵانەوەی کوردستاندا دەکات، بەم پێیە و بە پیی لۆژیکیش بووبێ پێویست ناکات پاڵنەرێکیان هەبێ بۆبەشداریکردن تێیدا و بەدەستەوەگرتنی رێبەرایەتی بزووتنەوەکە بە ئەرکی خۆیان بزانن. بەڵام ئێمەی کۆمەڵەیی مافی خۆمانە بڵێن: هەروا بە هاسانی و بە دێڕێک هەوڵی سڕینەوەی ناوی کۆمەڵە لە رێبەرایەتی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کوردستان مەدەن، یان لانیکەم بۆ ئەم گۆڕینی رێبازە، ئەرکی شرۆڤە و خوێندنەوەی راشکاوانەی ئەو روانگە و سیاسەتانەی کە بوونە بەردی بناغەی پێگەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی کوردستاندا بخەنە ئەستۆی خۆتان. بەڵام کاری لەم چەشنە ناکەن، بەڵکوو تەنیا دەڵێن “لێبڕاوترینن” بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەو لێبڕاوبوونە چۆناوچۆنە؟ لە روانگەی منەوە لێبڕاو و شێلگیرن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە جووڵانەوەی نەتەوەیی تەنیا بە “رێبەرایەتی بۆرژوازی” لە ئارادایە و بەمجۆرەش لێی بپریگێنەوە. بە هۆی دۆستایەتی بۆرژوازی نییە کە ئەرکی رێبەریکردنی پێشکەش دەکەن، بەڵکوو بە بڕوای ئەو هاورێیانە گوایە بە هۆی لەپەراوێزدا بوون، بێ توانا و دواکەوتووانە بوونی بزووتنەوەی نەتەوایەتییە کە رێبەرایەتیکردنەکەی تەنیا بە شیاوی بۆرژوازی دەزانن. بەم بێ بەهاکردن و بایەخ پێنەدانە بە بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی، زۆر ئاسایی و سرووشتییە کە مەیلێکیشیان بۆ بەشداریکردن تێیدا نەبێ و بەجۆرێک ئەرک و قورساییەکەی لەشانی خۆیان داماڵن. هەرچەند بە ئاشکرا نایڵێن، بەڵام بە روون و بەرچاوە کە بە نووسین و داڕشتنی ئەم بڕیارنامەیە هەلی خۆدوورخستنەوە لە بزووتنەوەکە لەبار دەکەن. ئەم هاوڕێیانە خۆبەدوورگرتنی خۆیان لە چوارچێوەیەکی دیکەدا و بە بیانووی بێ بنەمای “رێبەریی بۆرژوازی” پاساو دەدەن. لە کاتێکدا کە ئەرکی رێبەریکردنی جووڵانەوەکە دەدەنە دەست چینێکی دیاریکراو، بیانهەوێ و نەیانهەوێ دوورکەوتنەوەی خۆیان لە بزووتنەوەکە بنەجێ دەکەن (چوونکە خۆیان سەر بە چینی بەرامبەر دەزانن). بوونی ئەم جۆرە بۆچوون و بیرکردنەوەیەیە ناچاریان دەکات بۆئەوەی دان بە هیچ هێزێکی بزوێنەری جووڵانەوەی نەتەوایەتیدا نەنێن و کرێکاران و چین و توێژی زەحمەتکێش وەک هێزی بزوێنەری بزووتنەوەی نەتەوەیی هەڵاوێرن و بڵێن: تەنیا کاتێک وزە و دێموکراتیک بوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی مووکینە کە بزووتنەوەکانیتر (بە تایبەت بزووتنەوەی چینایەتی) ناوەرۆکەکەی پربکەنەوە. یانی جووڵانەوەی دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی لە ناوەرۆک و جەوهەری خۆیدا بە دێموکراتیک نازانن مەگەر ئەو کاتەی کە ببێتە بزووتنەوەیەکی چینایەتی. هەر بۆیە هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن کە ئەم بزووتنەوەیە بە تەنیا خۆی هیچ داهاتوویەکی نییە، هێز و توانی جووڵەی جەوهەری تێدا نییە، هەر بەو هۆکارەشە کە پێیانوایە تەنیا لە ئەگەری گەشەی خەباتی چینایەتی و سەرەنجام لە دوارۆژی سەرکەوتنی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا ویست و داخوازییە نەتەوەییەکان دێنەدی (لەوە گەریین کە جەماوەر چلۆن بڕوا بەو وادە و بەڵێنانە دەکەن).

بێ دوودڵی و راڕایی گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری هەم لەسەر ناوەرۆکی پێشکەوتنخوازانەتری جووڵانەوەی نەتەوایەتی و هەم لەسەر هێز و توانی زیاتری ئەو کاریگەری خۆی هەیە و جێی شک و گوومان نییە کە گرینگی پێدان و بردنەسەرەوەی ئاستی داخوازییەکان و گەشەی بزووتنەوەی مافخوازانەی چین و توێژی چەوساوە و ژێردەستە دەبێ ئەرکی سەرشانی کۆمەڵە بێت. بەڵام تەنیا زەقکردنەوەی ئەم لایەنەی و، بەستنەوەی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی جووڵانەوەی نەتەوەیی بەو بارودۆخەوە، لە بواری “تێئۆری”یەوە هەڵەیە و لێکەوتەی کردەیی و کۆمەڵایەتی ئەم بابەتە پەرەدان بە دیاردەی خاوبوونەوە و بێ کاریگەری بوون، هیوابڕاوی و چاوەروان هێشتنەوەی خەبات بۆ دەستەبەربوونی داخوازییە نەتەوەییەکانە. ئەم جۆرە لە بۆچوون و روانگەیەی هاوڕێیانی “لایەنگری لێبڕاوی بزووتنەوەی نەتەوایەتی” رەنگدانەوەی ئاسەواری هەمان سیاسەتی داماڵین و سڕێنەوەی فیکری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و، بچووک کردنەوە و پەراوێزخستنی و کردنی بە پاشکۆ و بەشێک لە بزووتنەوەی سەرتاسەرییە. ئایا کەس و لایەنێک کە بەم شێوەیە لە بزووتنەوە و جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بڕوانێ و هەڵیسەنگێنێ، دەتوانێ لە بەڕێوەبردنیدا رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەتۆی هەبێ؟ بێگوومان نەخێر. “لایەنگرانی لێبڕاو وشێلگیر” بە ناچاری و گرتنەبەر و رەچاوکردنی ئەو بۆچوونە هەڵە و بەلارێداچوویە شانیان لەژێر ئەم ئەرکە خزاندووە و سپاردوویانەتە دەست کەسانی تر. بەڵام لەوە خراپتر ئەوەیە کە تەنیا بەوەندە رازی نابن و هێرش دەکەنە سەر ئەو رەوت و لایەنانەش کە لە هەوڵی بەدەستەوەگرتنی ئاڵای خەباتی نەتەوایەتی و وەئەستۆگرتنی ئەو ئەرکەن.

بە بڕوای ئێمە حیزبی سیاسی پێشەنگ و چالاک دەتوانێ و دەبێ هاوکات تێبکۆشێ و هەوڵ بدات لە نێوان هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و حەقخوازانەکاندا هاودەنگی و یەکریزی پێکبێنێ و بە بینین و هەستکردن بە کاریگەریی بزووتنەوەکان لەسەر یەکدی، لە لێکدانەوەکانی خۆیدا لەبەرچاوی بگرێ. بڕیارنامەی ئەو هاورێیانە لە کۆنگرەی هەژدەهەمدا هەڵگری ئەو روانگەیەیە کە بێجگە لە سیاسەتی چاوەڕوانی و دەست لەسەر دەست دانان هەتا رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی سەرتاسەری کرێکاران، یان گەشەی بزووتنەوەی چینایەتی، باقی هیوا و دەرفەتەکان لە بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی زەوت دەکات، وزەی خەباتکارانەی دادەچۆڕێنێ و هێز و توانی تایبەت بە خۆی لەبەر چاو ناگرێ؛ بەڵام بەوەشەوە لەگەڵ ئەوەی رەوایی دەدا بە خۆی، بەو کەسانەدا کە وەک ئەو بیر ناکەنەوە هەڵدەشاخێ و بوختانی “سازشکاربوونیان” دەخاتە پاڵ. بە هەموو ئەوانەشەوە پێداگرن بۆ ئەوەی بڕوایان پێ بکەین کە لە پێناو نەهێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەییدا لە هەمووان لێبڕاوتر و تێکۆشەرترن. بە پێی لۆژیکی بڕیارنامەی کۆنگرەی هەژدە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوە بۆ دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان و هەرجۆرە بزووتنەوەیەکی دێموکراتیکی دیکە لە خۆیدا هەڵگری هیچ هێزێکی بزوێنەری بنچینەیی نییە و ناتوانێ هیچ داهاتوویەکی روو لە گەشەی هەبێ و، ناوەرۆکی دێموکراتیک و گەشە و سەرکەوتنیان بەندە بە گەشەی جووڵانەوەی کرێکاری و سۆسیالیستییەوە. بەڵام ئەو جۆرە روانگە و بۆچوونەی ئەو هاوڕێیانە تەنیا جووڵانەوەی رزگاریی نەتەوەیی لە خۆ دەگرێ و، لە بابەت بزووتنەوە دێموکراتیکەکانی تر وخەباتی مەدەنی و جەماوەرییە غەیری کرێکارییەکاندا فتوا و بڕیاری لەم جۆرەمان لەو هاوڕێیانە نەدیوە و نەبیستووە. هەڵبەتە خودی ئەوەش دیاردەیەکی زیانبارە کە لە روانگە و هەڵوێستی ئەو هاورێیانەدا بە مەبەست یان بێ مەبەست بزووتنەوە دێموکراتیک و جەماوەرییەکان لە دژی هەڵاواردن و چەوسانەوە بەسەر دوو بەرەی “خودی” و”غەیرەخودی”دا دابەش دەکرێن و، بزووتنەوەی خەڵکی کورد بۆ وەدەستهێنانی مافی دێموکراتیکی نەتەوەیی ناچێتە بەرەی “خودی”یەکانەوە.

 لە وانەیە هاوڕێیان حاشا لەو بابەتە بکەن و بەوە تۆمەتبارم بکەن کە زیدەڕۆیم لە بابەتەکەدا کردووە و لە روانگەی خۆمەوە لێکدانەوەیەکی دڵخوازانە لەسەر روانگەکانی ئەوان دەخەمەروو. لە بەرپەرچدانەوەی ئەوەدا هەمیسان سەرنجی هاوڕێیان بۆ بڕیارنامەکەی کۆنگرەی هەژدەهەمیان رادەکێشم.

لە خاڵی نۆیەم(٩) و لە چەپکەوشە (پاراگراف)ی کۆتایی ئەو خاڵەدا هاتووە: “بەفەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووس بە مانای مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، گونجاوترین و واقیعبینانەترین چارەسەرە بۆ نەهێشتنی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی…  کۆمۆنیستەکان خوازیاری دابینکردنی بێ مەرجی ئەو مافەن بۆ خەڵکی کوردستان”. لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم رستانە مرۆڤ دڵخۆش و شاگەشکە دەبێ کە سەبارەت بە مافی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان هەڵویستێکی راشکاو و رۆشن و بەجێ دەردەبڕن، بەڵام بەداخەوە لە دێرەکانی دواتردا مرۆڤ هیوابڕاو دەبێ کاتێک لە درێژەی خوێندنەوە دا و هەر لە هەمان چەپکەوشەی هەمان خاڵی بڕیارنامەکەدا هاتووە: “بە بڕوای ئێمە جیابوونەوە کاتێک دەتوانێ جێ پەسند بێ کە سیستمێکی ئەمڕۆیی و پێشکەوتنخوازتر بتوانێ بارودۆخێکی لەبارتر ودێموکراتیکتر بخوڵقێنێ و، بەمجۆرەش رێگا و دەرفەتێکی گونجاوتر و لەبارتر بۆ دەستڕاگەیشتنی چینی کرێکار بە ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر بێت”. کەوابوو بە راشکاوی دەریدەخەن کە مافی جیابوونەوە بەو شێوەش کە لە دوو دێڕی سەرەوەتردا باسیان کردووە “بێ شەرت ومەرج” نییە، بەڵکوو بە تەواوی لە گرەو دایە. تەنیا لەو ئەگەرەدا کە “سیستمێکی ئەمڕۆیی ترو پێشکەوتنخوازتر، ژیانێکی گونجاوتر” و… بێنێتەگۆڕێ، جیابوونەوە بە رەسمی دەناسن و لایان پەسندە. ئایا بەڕاستی ئەو هاوڕێیانە پرسیاریان لە خۆیان کردووە کە ئەوە هەتا چ رادەیەک هەڵپەسێردراو و نادێموکراتیکە؟ لە راستیدا مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێت کە بەم شێوە نادێموکراتیکە خەڵک دەخەنە ژێر گووشار و هەر بۆ خۆشیان، هەر دەسەڵاتێکی ناوەندی، چ شوورایی یان دێموکرات و لیبراڵ بڕیاردەر بن و هەڵیبسەنگێنن کە ئایا ئەو دەسەڵات و سیستمە بەڕێوەبەرییەی داهاتوو کە ئەو گەلە بێ دەرەتانە بڕیارە پاش جیابوونەوە دایبمەزرێنن پێشکەوتنخواز و ئەمڕۆییە یان نا. ئەمە لە راستیدا گاڵتەکردنە بە بنەمای بنچیەیی مافی دیاریکردنی چارەنووس و سووکایەتییە بە ئاستی تێگەیشتوویی ئەو خەڵکەی کە بەهەر مەبەست و ئامانجێک دەنگ بە سەربەخۆیی دەدا. ئەم هەڵسوکەوتە بەچەند قات خرابترە لەو روانگەیەی پێشوو کە دەیگووت: کۆمۆنیستەکان لە پێناو پاراستنی یەکریزی و یەکیتی چینی کرێکاردا دەنگ بە سەربەخۆیی نادەن. بەڵام نووسەرانی بڕیارنامەکە بەو مەرجە نادێموکراتیکانەش رازی نین و دڵنیایی لە هاتنەسەر کاری سیستمێکی پێشکەوتنخوازتر و ژیانێکی شیاوتریش دایاننامرکێنێ و بۆ ئارخەیانی زیاتر دەنووسن:” … و بەمجۆرەش دەرفەتێکی لەبارتر بۆ دەستڕاگەیشتنی چینی کرێکار بە ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی دێتەگۆڕێ”. ئایا بەڕاست ئەوە منم لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنمدا زیادەڕۆییم کردووە؟ با رۆشنتر لەوە بڵێن کە تەنیا کاتێک مافی گەل و نەتەوەیەک بە رەسمی دەناسن کە دەسەڵاتی سیاسی بۆ چینی کرێکار بەدیاری بێنێ. بەڵێ هاوڕێیان! ئێوە چاوەڕوانیتان لە بزووتنەوەی کوردستان و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد ئەوەیە کە دەرفەتی دەسەڵاتی سیاسی و باڵادەستیی چینی کرێکار و، بە کورتی لەبارکردنی هەل و دەرفەتی دامەزراندنی سۆسیالیزمی لێبکەوێتەوە و، رێک وەک بۆچوونە نادروست و کلاسیکەکەی پێشووی رەوتە  کۆمۆنیستییە سەرەڕۆ و تۆتالیتەرەکان دەیکەنە پاشکۆ و هێزێکی سڕکراو، و ئەگەر نەبێتە هەوێنی دەسەڵاتی سیاسی بۆ چینێکی دیاریکراو، ئەوە نەک شیاوی پشتیوانی کردن نییە، بەڵکوو دەبێتە رەوتێکی کۆنەپەرست و دواکەوتوو. لێرەدا پێویستە لەو هاورێیانە پرسیار بکرێ کە ئایا: بەم جۆرە سیاسەت داڕشتنانەتان سنووری جیاوازییەکانی نێوان خۆتان و بۆرژوازی لە بزووتنەوەی کوردستاندا دیاری دەکەن، یان ئەوپەڕی سەرلێشێواوی و بەلارێداچوونی فیکریی خۆتان سەبارەت بەو بزووتنەوەیە دەردەخەن وخۆتان لە بەرپرسیارەتییەکەی دەدزنەوە؟ خستنە ئەستۆی ئەرکی بەدەسەڵات گەیاندنی چینی کرێکاری ئێران و تەنانەت کوردستانییش بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی، نابێتە سیاسەتی “شێلگیر و لێبراوانە”، بەڵکوو پاساوهێنانەوەیە بۆ لەکۆڵ خۆکردنەوە و خۆقوتارکردن. ئەوە بە مانای دیاریکردنی ئامانجێکە بۆ بزووتنەوە کە لەتوانای دانییە و بێگوومان تێکشکانی بزووتنەوەکەی لێدەکەویتەوە. ئەم روانگەیە لە لایەکەوە نادێموکراتیک و ناڕەوایە و، لە لایەکی دیکەوە دبێتە هۆی کەوتنە پەراوێزی رەوتی چەپ و کرێکارانی کوردستان.

پشتهەڵکردن لە داخوازیی نەتەوەیی و حاشاکردن لە دەسەڵاتی خۆجێیی

 بە مەبەستی دەرخستنی زیاتری دژوازییەکان و ئاڵۆزی و ناڕۆشنی فیکریی نووسەرانی بڕیانامەکە، لەسەرلێکدانەوەی ئەم روانگەیە لە دێڕەکانی دواتری بڕیارنامەکە بەردەوام دەبم.

لە خاڵی دەیەمی بڕیارنامەی “دەربارەی پرسی نەتەوەیی کورد”دا ئاوا نووسراوە:” فیدرالیزم و خودموختاری وەک رێکارێک بۆ چارەسەری چەوسانەوەی نەتەوەیی ناتوانێ لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستاندا ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی بسڕێتەوە، چوونکە فێدرالیزم گرینگی بە ناوەرۆکی سیستمی دەسەڵاتدار نادا، گەڵاڵەیەک بۆ دیاریکردن و ئاستی دەستڕۆیشتووی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەند، لە وەها گەڵاڵەیەکدا هەروەک دیارە هەموو کەرەسە و ئامرازەکانی چەوساندنەوە و سەرکوت لە دەست دەسەڵاتی ناوەندیدا دەمێنێتەوە”. هەروەها لە درێژەدا دەڵێ:” فێدرالیزم بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی ناوەرۆکێکی ساتوسەوداکەرانە (سازشکارانە)ی هەیە و پۆیەکی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسەوە نییە”. لێرەدا پێویستە روو لەو هاورێیانە بڵێین کە ئایا سۆسیالیستەکان و بزووتنەوەی کرێکاری مافی ئەوەیان نییە بۆ بردنەسەری هەقدەستەکانیان و بۆ چەسپاندنی یاسای کاری باشتر لەگەڵ دەوڵەت و خاوەنکار وتووێژ بکەن، لەسەر دەسکەوتی زیاتر رێکبکەون و گرێبەستیان لە نێواندا بێ؟ ئایا لە ئەگەری وەها رێککەوتنێکدا بزووتنەوەی سۆسیالیستی لەحاندی بەرپرسیار نییە؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێنییە ئەوە بە تەواوی لە هەڵەدان، سۆسیالیزم و دامەزراندنی هەرجۆرە دەسەڵاتێک لە قازانج و بەرژەوەندی کرێکاراندا رێک دەبێ بەو ئاراستانەدا تێپەرێ. ئەگەریش وەڵامەکەتان نەرێنییە، ئەم سیاسەتی “بانێک و دوو هەوا”یە چلۆن پاساو دەدەن؟ بەڵێ! جووڵانەوەی نەتەوایەتی و دەستەبەرکردنی مافی چارەنووسیش هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی دەکرێ رێگە و قۆناغی جۆراجۆر ببڕێ. هاوڕێیانی خۆشەویستم! بەڕاستی چلۆن ئەو بڕیار و فتوایانە دهۆنەوە و دایدەڕێژن کە لەلایەکەوە سەر لە خەڵک بشوێنن و، لە یەکیترەوە پێی خۆتان تێدا بچەقێ؟ دەپرسین ئایا بزووتنەوەی ژنان ئەو هێز و توانایەی نییە کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسا و رێسا دژە ژن و پڕ لە هەڵاواردنەکان خەبات بکا و تێبکۆشێ و، لەگەڵ بەرەپێشچوونی دەسکەوتیشی هەبێ؟ یان نەخێر دەبێ هەتا سەرهەڵدانی شۆڕشی کرێکاری و یەکلابوونەوەی چارەنووسی خەباتی چینایەتی چاوەڕان بێ و بەردەوام ئێوەش بە گوێیدا بخوێنن کە بەبێ گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری بەستێن و بوارێکی دێموکراتیک بۆ ئەو بزووتنەوەیە بوونی نابێ؟ بۆ مەگەر کەمن ئەو نموونەگەلە مێژووییانەی کە لە ئاستی جیهاندا بە بێ گەیشتنی چینی کرێکار بە دەسەڵاتی سیاسی خەباتیان کردبێ و سەرکەوتنیشیان بەدەست هێنابێ؟ کاتێک کە هەم لە رابردوو و هەم لە سەردەمی ئێستادا بە دەیان نموونەی بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی، بزووتنەوە بۆ رزگاریی ژنان و گەشە و بەرەوپێشچوونی خەباتی کرێکارانمان هەیە کە سەرەڕای ئەوەی “ئامرازەکانی سەرکوت لەدەست دەسەڵات”دا بوون، دەسکەوت و سەرکەوتنیان وەدەست خستووە، هۆکارچییە بۆ بزووتنەوەی کوردستان ناکرێ، یان قەدەغە و بڤەیە؟ مەگەر خۆتان ورە وەبەر کرێکاران و ژنانی خەباتکاردا ناهێنن کە دەبێ بەو ئاراستەیەدا تێپەڕن؟ رۆژانە هانیان نادەن لە پێناو هەلومەرجی باشتری شوێنی کار و هەقدەستی زیاتر و دادپەروەرانەدا خۆیان رێکخەن، خەبات بکەن و بەگژ دەوڵەتی ناوەندی و خاوەنکاردا بچنەوە و گرێبەستیش واژۆ بکەن؟ کە هەڵبەتە تەنیا لەو حاڵەتەشدایە کە بزووتنەوەی کرێکاری رەگ دادەکوتێ و گەشە دەکا و، بزووتنەوەی ژنان بەرینتر دەبێتەوە … هتد و، لە روانگەی ئێمەوە لەبەرئەوەی لەگەڵ دەسەڵات و خاوەنکار گرێبەستیان لە نێواندایە، نەتەنیا “سازشکار” نین، بەڵکوو هێز و هاوپشتی و سەرکەوتنی خۆیان چەسپاندووە و هەر لە بەیانی ئەو رۆژەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە توان و دەرفەتی زیاتر و باشتر بەهرەمەندن. بەڵام نە دەسەڵاتیان رووخاندووە و نە ئامرازەکانی سەرکووت و ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسییان وەدەست خستووە. دەکرێ بۆمان شیبکەنەوە هۆکار چییە هەرکات قسە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان دەکرێ (لە بابەت فەلەستینیش وا نییە)، سیاسەتی “یان هەموو شت،یان هیچ” دەگرنەبەر و، ئەو رەواییە بە خۆتان دەدەن زۆر بە هاسانی سیاسەت و نەخشەرێگا و تاکتیک و رێکارەکانی دەستەبەرکردنی داخوازییە نەتەوایەتییەکان بخەنە بەر شاڵاوی چەواشەکاری و لۆمەکردن، بەو پاساوە کە: لە گەڵاڵەی فێدراڵیدا هەموو ئامرازەکانی سەرکوت لە دەست دەسەڵاتی ناوەندی دەرناهێنن، ئەوە “سازشکار” و هاوپەیمانی بۆرژوازی دەسەڵاتدارن؟ بەڵام هەر لە هەمان خاڵی دەیەمی بڕیارنامەی جێی باس، وێرای رەتکردنەوەی توندی فیدرالیزم نووسیویانە: “بەڵام ئەو بابەتەی کە وڵاتێک لە بواری دابەشبوونی ئیداری و جوغرافیایی بە شیوەی فێدراڵ یان لامەرکەزی بەڕێوەبچێ، ئەوە بابەتێکی جیاوازە کە لە روانگەی ئێمەوە وەها گەڵاڵەگەلێکیش لە کۆتاییدا هەر دەبێ لە لایەن زۆرینەی خەڵکی بەشدار لە شوورا هەڵبژێردراوەکانی خەڵکدا بڕیاری لەسەر بدرێ”.

لەم دێڕانەدا دەبینین کە یەکەم: روانگەی زاڵ بەسەر بڕیارنامەکەدا لایەنگری دەسەڵاتی ناوەندگەرایە و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرجۆرە ئاڵوگۆرێک و لامەرکەزی(ناناوەندیی) کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە “وڵات”دا بە دڵی هاورێیان نییە. هەڵبەتە روانگەیەکی سەیرە، لە کاتێکدا کە هەمووان بە دێموکراسی سوئیس و باقی ئەو وڵاتانەدا هەڵدەڵێن و پێیان باشە کە سیستمێکی دێموکراتیک و هەتا رادەیەک لامەرکەزی تێیاندا جێگیرە، لایەنگرانی حکومەتی شوورایی لەگەڵی ناکۆک و ناتەبا و دژن.

دووهەم: لەوە سەیرتر ئەوەیە کە ئەو رەزامەندییە زۆرەملێیەش تەنیا ئەو کات دەردەبڕن کە “زۆرینەی خەڵکی نێو شووراکان” دەنگیان لەسەر دابێ. ئەوەش یانی ئەو کەسانەی کە ئەندامی شووراکان نەبن مافی دەنگدانیان نییە و دەنگەکانیان پووچەڵە؛ هەڵبەتە تەنانەت ئەوەش بە فێدرالیزمی کوردستان رەوا نابینن. با لەوە گەرێین.

یەکێک لە کەموکورییەکانی دێموکراسی پارلمانی ئەوەیە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەموو کەس یان زۆرینەی بەرچاوی خەڵکی وڵاتێک بەشداری تێدا ناکەن؛ ئێمە چۆن دڵنیا بین کە شوورای ئەو هاوڕێیانە بەرهەمی بەشداریی و دەنگی هەموو خەڵک بێت؟ شوورا رێکخراوەیە یان سیستمێک بۆ بەڕێوەبەری و دەسەڵات (هەڵبەتە دیارەکە بە پێی ئەم بۆچوون و روانگەیە دەبێ رێبەریی شوورا لە دەست چینێک دابێ).

هاوڕێیان! ئەگەر لە هەموو بوار و بابەتەکانی خەبات و بزووتنەوەی دێموکراتیکدا بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە، بە داوای لێبوردنەوە فڕتان بە خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی ، خەباتی خەڵکی بەشمەینەت و ژێردەستە و یاسا و رێساکانییەوە نییە؛ لە لایەکەوە ئەوە “چەپڕەوی”یەکی ناکۆمەڵایەتی و بێ پێگەیە و، لە لایەکیترەوە توندئاژۆیی و”ئانارشیزم”ە.

 ئێمە دەزانین کە ئێوە لە هەڵسوڕان و چالاکیی کۆمەڵەدا مێژوویەکی دوور و درێژتان هەیە و، خاوەنی ئەزموونی هەڵسوڕان و رێکخستنی جەماوەرین و، گەلێک جاران دژی ئەو بۆچوون و روانگە هەڵانەی ئێستای خۆتان هەڵوێستان گرتووە،کەوابوو ناتوانن لە هەموو بوارەکاندا و لە کردار و هەڵسوکەوتتاندا هەڵگری بیرکردنەوەیەکی لەم چەشنە بن وپشت بەو روانگە و بۆچوونانە ببەستن، تەنیا لە بابەت بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە کوردستان نەبێ کە لەبەر ترس و نیگەرانیتان لە ناسیۆنالیزمی سەردەست لارەمل بوون و گیرۆدەی شیلەی سۆسیالیستی چەپێکی بێ پێگە و ناکۆمەڵایەتی بوون و رێتان لێ هەتەڵە بووە و هەتا ئێستاش جوربزەی تەواوتان بۆ خۆدەربازکردن لەو بازنە داخراوە خۆکردە ئیدئۆلۆژیکە نییە و، هەر ئەوەشە سەرچاوەی سەرەکی جیابوونەوە و لەبەریەکترازانەکانی پێشووتر و ئێستا و داهاتوو لە نێو حیزبی  کۆمۆنیستدا.

 هاوڕێیان! ئایا کۆمەڵە بۆ بەدەستەوەگرتنی رێبەرایەتی و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان تێنەدەکۆشا و نەچووە لووتکەی ئەو جووڵانەوەیە؟ مەگەر ئێمە و ئێوە پێکەوە لە پێناو خودموختاری و گەڵاڵەی ٢٦خاڵی(٢٦ماددەیی)ی خەڵکی کوردستان خەباتمان نەکرد؟ ئایا لەو هەنگاوە گرینگە کۆمەڵایەتییانە پاشگەزبوونەتەوە؟ بۆ مەگەر ئەو کاتەی کە بەشدار و چالاکی ئەو گەڵاڵە و پرۆژانە بووین کە ئەمڕۆ لە روانگەی ئێوەوە “ناسیۆنالیستی و بۆرژوازیین”، هاوکات لەسەر باقی داخوازییە پێشکەوتنخوازەکانی چین و توێژە ژێردەستە و چەوساوەکان پێداگریمان نەدەکرد؟ ئایا بە بڕوای ئێوە هەر ئەو روانگەی ئێمە بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی نەبوو کە دەست و باڵی ئێمەی بۆ دەربڕینی دەنگی ئازادیخوازی لە بوارەکانی تردا ئاوەڵاتر کرد؟ مەگەر هەر ئەو بەخاوەن دەرکەوتن و پشتگرتن و سیاسەتگەلی بەرۆژ و شوێندانەرانە نەبوون کە کۆمەڵەیان بە بەرینی بردە نێو کۆمەڵگا و کردیانە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک؟ لەبیرتان نەماوە کە ئەوە کۆمەڵە بوو لە شاری بۆکان یەکەمین رێورەسمی ساڵیادی کۆماری کوردستانی بەڕێوەبرد و وێرای رێزگرتن لە رەخنە و قسەکردن لەسەر کەموکوڕییەکانی ئەو کۆمارەش خۆی نەبوارد؟ مەگەر هەر ئەو هەڵویستە دروستەمان بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی هۆکاری ئەوە نەبوو کە چاو و گوێی خەڵک بەرامبەر بە سیاسەتگەڵی پێشکەوتوو و ئازادیخوازانەی کۆمەڵە زیاتر بکرێتەوە؟ ئایا ئاراستە و روانگەی مێژوویی کۆمەڵە پێش دامەزراندنی حیزبی  کۆمۆنیست و ماوەیەکیش پاش ئەو، گەڵاڵەداڕێژی بۆ پرسی نەتەوایەتی و، بە میللی دێموکراتیک زانینی بزووتنەوەی کوردستان نەبوو؟ ئێوە پێتانوایە لە ئێستادا و بە چاونووقاندن لە ناسنامەی “بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی کوردستان” و تەنیا بە نێوهێنانی” بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان” (هەڵبەت لەوە تێدەگەم کە مەبەستان لایەنی چینایەتی، یان بەشی نانەتەوەیییەکەیەتی) دەتوانن ناوەرۆکی نەتەوەیی بوونی بسڕنەوە؟ ئایا بزووتنەوەی بەربڵاو و شۆڕشگێرانەی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستییە( خۆزگە وا دەبوو)، یان بزووتنەوەیەکی دێموکراتیک و هەڵگری خواستە نەتەوەییەکانە کە هاوکات تێیدا بزووتنەوەی عەداڵەتخوازانەی چین و توێژی کرێکار و خەڵکی چەوساوە بۆ رزگاربوون لە هەڵاواردن و چەوسانەوە و بزووتنەوەی ژنان بۆ رزگاریش سەریانهەڵداوە و چالاکن؟ ئایا بەو روانگە و روانینەتان بەرامبەر پرسی نەتەوایەتی لە کوردستان، خەڵک مافی خۆیان نییە بیر لەوە بکەنەوە کە بەشداریی ئێوەی نووسەران و داریژەرانی بڕیارنامەی پرسی نەتەوەیی لە کۆنگرەی هەژدەهەم لە بزووتنەوەکەدا تەنیا بۆ کەڵک وەرگرتنی هاسانتر لە دەسکەوتەکانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ بەرژەوەندیی بزووتنەوەی سەرتاسەرییە و، جیاوازیتان لەگەڵ باڵی بەرامبەرتان تەنیا لەوەدایە کە گوایە ئەوان بە باشی لەو پرسە تێناگەن؟ ئایا پەردەپۆشکردنی جەوهەری ناکۆکییەکان و خۆبواردنتان لە باسکردنی ناکۆکییە فیکری و سیاسییەکانتان و تەنانەت هێندێک جار حاشاکردن لێیان، بە هۆی خاڵی لاوازی فیکری و سیاسی ئێوە و کۆنگرەی هەژدەهەم نییە؟ بەڵی هاوڕێیان! ئێوە لە رووی فیکرییەوە خۆتان لەگەڵ یەکلا نەکردونەوە، چونکە هێشتاش خاڵی سەرەکی و واقیعی و جیددی سیاسی هاوبەشتان لە نێواندایە، رەوتی زاڵی نێوخۆتان نەیویست خۆی لە قەرەی ئەو بابەتە بدا.

لەبەر ئەوە راست دەکەن،جیابوونە لەدەست دەرنەچووبوو، دەکرا جیانەبنەوە، وەک خۆتان دەڵێین ئەوان ئاکامی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانیان لە پێناو هاوفیکری حیزبی قبووڵ نەکرد، هەڵخراندن و پێداهڵگووتنی گرووپەکانی کۆمونیزمی کرێکاری غەڕڕە لە رێ بەدەری کردن.

ئەوان بە بنەجێ بوونی ئەم روانگەیە لە بیرکردنەوەیاندا وردە وردە وبە تێپەڕینی کات دڵیان لە کوردستان و بزووتنەوەکەی هەڵکەند. ئێوە لە من باشتر دەزانن کە گەرای قەیران و کێشمەکێشی داهاتوو بوونی هەیە و بەکامە دڵنیایەوە پێتانوایە ئەم دڵ هەڵکەندنانە لە داهاتووشدا دریژەی نابێ؟ هەر کات لە بواری فیکری و بیرکردنەوەدا پێوەندی و هۆگری کاڵ دەبێتەوە، درەنگ یان زوو بەکردەوەش دەستلێکبەردان و لێکترازان روو دەدا. هاورێیانی ئازیز! ئێوە هەتا بە شێوەیەکی جیددی خۆتان لەگەڵ روانگەکانی حیزبی  کۆمۆنیست کە میراتی دامەزرێنەرانی کۆمونیزمی کرێکارییە یەکلا نەکەنەوە، قەیران و کێشمەکێش کۆتایی پێ نایە.

دوایین قسە روو لە هاوڕێیانی رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)

هاوڕێیانی خۆشەویست! دەزانم شێوەکاری ئێوە لەگەڵ شێوەکاری کۆمونیزمی کرێکاری جیاوازیگەلێکی هەیە، بەڵام بنەڕەتی بیرکردنەوەتان خاڵی هاوبەشی تێدایە. باش دەزانم ئێوە پەرۆشی خەڵکی چەوساوە و خەمخۆری بزووتنەوەی کوردستانن و لەو پێناوەدا گەلێک ئازارتان بینیوە. لەم بارەوە خۆم لە ئێوە بە جیا نازانم. لەم نووسراوەیەدا مەبەستم بوو نیشانی بدەم و بڵێم: روانگەیەکی هەڵە و نادروست لە هەموو ئەو لایەنانەوە کە لە سەرەوە لێکدانەوە و شرۆڤەیان بۆکرا، باڵی بەسەربیرکردنەوە و هزری ئێوەدا کێشاوە و، لە زۆربەی بوارەکاندا دەرفەتی جووڵە و خۆدەرخستن بە شێوەکارتان لە بزووتنەوەکەدا نادا و، بە بەردەوامی ئەو دژوازییە بە شوێن خۆتاندا رادەکێشن. لەبەر ئەم هۆکارەشە کە لە زۆر جێ قسە و کردەوەتان جیاوازە. من و ئێمەو مانانێکیش کە سنووری جیاوازییەکانی خۆمان لەگەڵ ئەو روانگە چەپە ناکۆمەڵایەتییە دیاریکردووە و ئامانجمانە کۆمەڵە لە ترۆپکی جووڵانەوەی نەتەوەییدا بێ، ئەم گرفت و لێکدژییە باش دەناسین. بە بڕوای ئێوە روانگەیەکی سیاسی کە بە کردەوە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بێجگە لە قەیران خوڵقێنی، دژایەتی وناکۆکی، راڕایی بەردەوام و، سەرەنجام جگە لە تەریکبوونەوە پەراوێزکەوتن هیچیتری بەدواوە نەبووە، شیاوی پێداچوونەوەیەکی جیددی نییە؟ ئەم هەموو کاتە بەس نییە بۆ ئەوەی چاو بکەینەوە و لە کەموکووری و هەڵەکانی بکۆڵینەوە؟ هەڵسوکەوت و کردار و بوونی کۆمەڵایەتی ئێوە لە چوارچێوە و ئاراستەی یەکسانیخوازی، دژایەتی لەگەڵ چەوساندنەوە و پشتیوانی لە پێشکەوتنخوازیدا مانای هەیە نەک لە باوەڕمەندی و سووربوون لەسەر سیاسەتدارێژی و روانگەی ئیدئۆلۆژیک کە زیانی بە ئێوە و بەمجۆرەش بە ئێمە و بزووتنەوەی نەتەوەیی و مافخوازانەی کوردستان گەیاندووە، هەتا ئەو ئاستەی کە بووەتە هۆکاری رەچاوکردن و داڕشتنی سیاسەتی ناعادڵانە و ناڕەوای هەڵقووڵاوی ناسیۆنالیزمی باڵادەست لە بابەت مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستانیش.

راستی بابەتەکە لەوە بەدەر نییە کە گەلی کورد وەک نەتەوە لە خەباتێکی مێژوویی دایە و ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردستانیش لەو راستییە مێژووییەوە سەرچاوە دەگرن. نە چەپ و نە راست، نە کرێکار و نە بۆرژوا توانای گۆڕینی ئەو ئاوات و ئامانجانەیان نییە، رێک هەر بەو جۆرەی توانای گۆڕینی جەوهەری رزگاریی ژنان و خەباتی یەکسانیی رەگەزییان نییە. کەوابوو تەنیا بە بەشداربوون لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئەو داخوازی و ئامانجانەیە کە دەتوانرێ لەسەر شێواز و رێگای دەستەبەربوونیان شوێندانەر بێ. چاوەڕوانیی ئێمە و خەڵکی کوردستان لە ئێوە تەنیا هەر ئەوەیە.

بابەتی پێشووکۆنفرانسی ساڵانەی ئەندامانی ئاڵمانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ، لەشاری کۆڵن بەڕێوە چوو
بابەتی دواتراول ماه مه، ۱۱ اردیبهشت، روز جهانی کارگر گرامی باد!علیه جمهوری اسلامی ، برای آزادی و برابری