خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی ئێمە لە کوردستانی عێراق.
دەزانین ئەمە دەرەنجامی ئاخێز و خرۆشانی یەکگرتووانەی ئێوەیە کە تەنگی بە ڕژیم نگریسی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵچنیوە. دەشزانین کە سەرەڕای سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی خرۆشاو و دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی چالاکانی مەدەنی و سیاسی، بەتایبەت چالاکانی ژن، نەک هەر نەیتوانیوە لە پانتایی و بەرینایەتی ئەم خرۆشە نوێیە کەم بکاتەوە بەڵکو لەگەڵ ئازایەتی و چاونەترسی بێ وێنە و ورەی بەرزی لاوەکاندا ڕووبەروو بووەتەوە.

لە مێژە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوە دەدەن ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە دەستی دەرەکی و پیلانی ئیسرائیل یان هەوڵ بۆ جیابوونەوەو پارچەکردنی ئێران و هتد ببەستنەوە. ئەمجارەش هەراسان لە خرۆشانی خەڵکی ئێران، ئێمەی حیزبە سیاسییەکانی ناوەندی هاوکاری بە بکەر و هاندەری ئەم خۆپیشاندانانە ناو دەبەن، بەڵام خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت ئەم هاوپشتی و هاودڵییە گەورە و گشتگیرتر لە جارەکانی پێشووە و ئاکامی ئازار و ناڕەزایەتییەکی دەیان ساڵەی پەنگخواردووە و لەسەر بەستێنی ناڕەزایەتی و سەرکوتەکانی پێشوو ڕاوەستاوە کە لەگەڵ جارەکانی پێشووش دا جیاوازە.
هێرش بۆ سەر ئەو بنکە و بارەگانەی کە باخچەی ساوایان و مەدرەسەی لێیە و شوێنی حەوانەوەی خەڵکانی سڤیل و مەدەنییە، پیشاندەری ئەوپەڕی داماوی و داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی و دڕەندەیی سەرکردەکانی ڕژیمە. لەو باوەڕەداین ئەگەرچی ئەنجامی ئەم جووڵە و کردەوە ساویلکانەیە خەسار و زیانمان پێدەگەیەنێت و قوربانیمان لێدەگرێ، بەڵام دڵەکان و دەستەکانی تەبایی و یەکگرتوویی خەڵک لە کوردستان و ئێران پێکەوە گرێ دەدا و پێوەندی ئێمەو ئەوان پتەوتر دەکا. ئەو خەڵکەی کە دروشمی “کوردستان چاو و ڕووناکی ئێران”، یا “ژن، ژیان، ئازادی”یان دەوتەوە، دڕوویان لە چاو و خەنجەریان لە دڵی کۆماری ئیسلامی وەشاند. ئەو ڕاپەڕین و بزووتنەوەیە هیچ چارەسەرێکی نییه جگە لە ڕووخانی ئەم ڕژیمە دژە خەڵکییە. هێرشی درۆن و موشەک بە ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەر وەڵام وەردەگرێ و یەکڕیزی سەراسەری لە ئێران و کوردستان بە دوای خۆیدا دێنێ. هەر بۆیە داوا لە هەموو خەڵکی ئێران و کوردستان دەکەین بەرامبەر بەم دڕەندەییەی سەرکوتگەرانی ڕژیم ناڕەزایەتی دەربڕن. یەکێتی و یەکڕیزی خۆیان لە گەڵ سەرجەم چین و توێژەکان پەرە پێ بدەن و گرینگی بە درێژەدانی ئەم ڕاپەڕینە بدەن.
لە ئازادیخوازان و سەرجەم ناوەندە نێونەتەوەیی و مافی مرۆییەکان و هەروەها ڕای گشتیی جیهان و دەوڵەتان داوا دەکەین لەهەمبەر ڕژیمی تیرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیدەر و هاوکاری خەڵکی کوردستان و ئێران بن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٦ی رەزبەری ١٤٠١ی ھەتاوی

بابەتی پێشووراگەیاندنی سکرتاریەتی کۆمەڵە سەبارەت بە بۆردمانەکانی ئەمرۆی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە
بابەتی دواتربانگەوازی ناوەندی هاوكاریی بۆ مانگرتنی گشتیی لە كوردستان