خەڵكی خەباتكار و ئازایخوازی كوردستان کۆماری ئیسلامی كە لەگەڵ راپەڕینی بەرین و سەرتاسەریی جەماوەریی لە ئێراندا رووبەڕووە، داماوانە و بۆ جارێكی دیكە بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتیی لەناڕەزاییە ناخۆییەكان تاوانێكی دیكەی ئەنجامدا و، كوردستان و حیزبە سیاسییەكانی كە هەر لەسەرەتای هاتنە سەركاری ئەم رژیمەوە “نا” یان پێووتوە، كردە ئامانجی هێرشەكانی خۆی.
سپای تیرۆریستی رژیم رۆژی 6ی رەزبەر، بە موشەك و درۆن هێرشی كردە سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە مەتەرێزی خۆڕاگری و ئازادین. هێرشی رژیم بۆ سەر بارەگاكانی ئێمە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی رای گشتیی لە ناڕەزاییەكانی ئێستاو، دوژمنایەتی لەمێژینەی ئەم رژیمە لەگەڵ بزوتنەوەی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە.
ئێمە داوا لە هەموو جەماوەری خەڵكی كوردستان دەكەین كە رۆژی شەممە 9ی رەزبەر بە مانگرتنێكی گشتیی‌و سەرتاسەری ناڕەزایی خۆیان ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر حیزبەكانی كوردستانی ئێران دەرببڕن و بۆ جارێكی دیكە پشتیوانی هەمیشەیی خۆیان لە بزوتنەوەی كوردستان و رۆڵەكانی خۆیان لە حیزبەكانی كوردستان نیشان بدەن.
داوا لە هەموو خەڵكی خەباتكاری ئێران و رەوتە سیاسی و كەسایەتییەكانی سەرتاسەری ئێران دەكەین كە بە ناڕەزایی سەرتاسەری لە ئێمە و خەڵكی كوردستان پشتیوانی خۆیان نیشان بدەن و هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بارەگاكانی حیزبە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران مەحكوم بكەن.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
7ی رەزبەڕی 1401ی هەتاوی

بابەتی پێشووڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
سەبارەت بە: هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئۆردوگا و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ئێران
بابەتی دواترڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە رووداوی بوومە لەرزە لە کوردستانی رۆژهەڵات