بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری “تەسنیم”ی سەر بە سوپای پاسداران، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پاساوی چالاكیی سەربازیی لەخاكی عێراق و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی كوردستانی عێراق و هێرشبردنە سەر بارەگای حیزبەكانی كوردستانی ئێران، رایگەیاندوە: “حیزبەكانی كوردستانی ئێران تێرۆریستن و لە خاكی كوردستانی عێراقەوەو چالاكی تێرۆریستی دژی كۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدەن”.

ئێمە سەرەڕای رەتكردنەوەی ئەم وتە بێ بنەما و پوچانەی نوێنەری رژیمی ئێران، رایدەگەیەنین: چ هێرشی موشەكی بۆ سەر بارەگاكانی ئێمە و چ پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان، لە درێژە سیاسەتی تێكدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی كۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەئێستادا كە ناڕەزاییە جەماوەرییەكان و لەسەرویانەوە ژنانی ئێرانی بۆ ئازادیی و هەڵوەشاندنەوەی یاسا دژە ژنەكان و هەڵاواردنی سیاسی و كۆمەڵایەتی خەباتێكی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بەڕێوەدەبەن، سروشتی دیكتاتۆری و دژە مرۆیی ئەم رژیمە بۆ رای گشتی جیهان زیاتر لە هەموو كاتێَك رۆشن بووەتەوە. رژیمی ئێران كە لەبەرامبەر ئەم ئاخێزە جەماوەرییەدا دۆشداماوە، لەهەوڵی ئەوەدایە بە هەڵگیرساندنی شەڕ لە دەرەوەی سنورەكان، سەرنجەكان لەسەر كوشتار و سەركوتی وەحشیانەی خەڵك لەشارەكانی ئێران بە لاڕێدا ببات.

بەبارمتەكردنی خەڵكی بیانی، بڵاوكردنەوەی دانپێدانانە تەلەفزیۆنییەكان لەژێر ئەشكەنجە كە تەنانەت هاوڵاتیانی بیانیشی گرتووەتەوە، هەوڵە نەزۆكە تێرۆریستییەكان لە ئوروپا لە لایەن بەكرێگیراوانی سەر بە باڵوێزخانەكانی ئێران، تێرۆری كەسایەتییە سیاسییەكان بەتایبەتی رێبەرانی كورد لە ناوخۆ و دەرەوە، پشتیوانی لە میلیشیا ترۆریستەكانی ناوچەكە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان، سیاسەتی بەردەوام و نەگۆڕی كۆماری ئیسلامییە.

خەڵكی كوردستان كە زیاتر لە چوار دەیەیە قوربانی سیاسەتی كوشتار و تێرۆرە، ئەمڕۆ هاوشان و هاوڕێ لەگەڵ خەڵكی سەرتاسەری ئێران ئاخێزێكی سیاسی بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی ئێرانێكی دیمۆكراتیك دەست پێكردوە.

داواكاری ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایش و سكرتێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەیە كە پشتگیری جیدی لە خواستی خەڵكی ئێران و كوردستان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بكەن و سەرەڕای مەحكومكردنی ئەم رژیمە تێرۆریست پەروەرە، كورسی نوێنەرایەتی ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوكان وەربگرنەوە و نوێنەری ئێستای ئێران كە ئەندامی ئۆرگانی تێرۆریستی سوپای پاسدارانە دەربكەن.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

21ی رەزبەری 1401

بابەتی پێشووپەیامی هاوخەمی ھاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکین کوردستان
بابەتی دواترناوەندی هاوكاری پشتیوانی لە بانگەوازی خۆپیشاندانی رۆژی شەممەی بەرلین دەكات و خوازیاری مانگرتن و ناڕەزایی سەرتاسەرییە لەئێران و كوردستاندا