By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی لە قووڵترین قەیرانی تەمەنی
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی لە قووڵترین قەیرانی تەمەنی
وتار

پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی لە قووڵترین قەیرانی تەمەنی

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/06/23 at 8:41 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
12 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

لەوەتەی  کۆماری ئیسلامی هەیە تەنانەت لە دەورانی جەنگی ٨ ساڵەی لەگەڵ عێراق، گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی ئامریکا و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، مردنی خومەینی و دەیان هەوراز و نشێوی دیکەی تەمەنی نگریسی،نەکەوتۆتە قەیرانێک بە قووڵی ئەم قەیرانەی ئێستا تێیدایە. بڕیارنامەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم  ئێران بە خۆدزینەوە لە دانی زانیاری  سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی و وەڵام نەدانەوە بەو پرسیارانە کە بەو هۆیەوە لە لایەن ئاژانسەوە  ئاراستەی کراوە تۆمەتبار دەکا و بۆ یەکەمین جار لە ماوەی زۆرتر لە ٢٠ ساڵی رابردوودا  بە هۆی کاری شاراوە و گوماناوی و پیلانگێڕی لەو بارەوە کۆماری ئیسلامی مەحکووم کردووە و بریارنامەکە بەرز دەبێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دوا بە دوای ئەوە و لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بە وەڵامی  “نا” بۆ پێشنیارەکەی ئامریکا و پێداگری لە سەر پاراستنی ئەوەی خۆیان پێیدەڵێن” مافی  پیتاندنی  یۆرانیۆم”،  بۆ دەوری شەشەمی دانوستانی بە وتەی خۆیان ناراستەوخۆ لە گەڵ ئامریکا خۆی ئامادە دەکرد، ئیسرائیل بە شێوەیەکی چاوەرواننەکراو دوو ڕۆژ پێش کاتی دانوستانەکە، چەندین سەرکردەی باڵای سپای پاسداران و ژمارەیەک  لە زاناکانی ئەتۆمی کردە ئامانج و لە ناوی بردن و دەستی کرد بە ڕێکخستنی هێرشێکی گەورە بۆ سەر توانا و کەرەسەی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و گورزێکی کوشەندەی لێوەشاندن و دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر تۆڕی بەرگریی ئاسمانی ئێرانی لە کار خست. بنکەکانی  پیتاندنی ئۆرانیۆم و پیشەسازیی ناوکی ئێرانیش بێبەش نەبووە لەو هێرشانە و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

لەو کاتەوە و ئێستاشی لە گەڵ بێت شەر بەردەوامە. ڕاستە بەشێکی کەم لە ژمارەی ئەو مووشەکانەی ئێران بەرەو ئیسرائیل دەینێرێ لە هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل تێپەر دەبن و خەساری مرۆڤی لێدەکەوێتەوە، بەڵام بە  بەراورد لە گەڵ ئەو گورزانەی ئیسرائیل وەشاندۆیەتی و  تا ئێستاشی لە گەڵ بێ هەر وا بەردەوامە زۆر بچووکترە.

 هەرچەند ئەو بابەتە خۆی تەرخان نەکردووە بۆ تۆێژینەوەی وردی شەرەکە، بەڵام دەتوانین بە پشت بەستن بە ڕەوتی ڕووداوەکان بە خاترجەمی و متمانەیەکی زۆرەوە بڵێین کە ئیسرائیل بە بێ ئەملاولا باڵادەستییەکی تەواوی لەو شەڕەدا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. ئەو باڵادەستییەی ئیسرائیل چەندەها لێکەوتەی هەیە کە لێرەدا بە چەند خاڵ لەوانە ئاماژە دەکەین.

1.        دیاریکردنی کاتی هێرشەکە بە جۆرێک کە لایەنی بەرامبەر چاوەروانی نەدەکرد و بە تەواوی تووشی هەژەند و داخورپان بوو. 

٢. ڕۆڵی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و دزە کردنی بۆ ناو هەموو پێکهاتەی دامودەزگای ئیداری و سەربازی ئێران جارێکی دیکە هەموو کەس و تەنانەت لێکۆڵەرانی سیاسی و سەربازیشی تووشی سەرسامبوون کرد.

٣.هەرچەند  کۆماری ئیسلامی زیاتر لە بیست ساڵە کۆمەڵگا و وڵاتی ئێرانی لە لێواری شەڕدا  ڕاگرتووە، بەڵام  دەبیندرێ لەم شەڕەدا کە هێشتا لە ڕۆژانی سەرەتای خۆی دایە  بەرگریی و خۆپارێزی سویل و مەدەنیش نائامادە و شپرز و دەستەوستان ماوەتەوە و بچووکترین ئامادەکاریی بۆ پاراستنی گیانی شارۆمەندانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کاتی شەڕ نەکردووە.

٤. بەڵام وادیارە دارێژەڕانی سیاسەت لە ئێران و لە سەرووی هەمووان خامنەیی، تەنانەت بۆ حاڵی خوشیان، تووشی هەڵەیەکی ماڵوێرانکەر هاتوون. بنچینەی ئەو سیاسەت دارشتنە لە سەر ئەو پێشفەرز و لێکدانەوەیە  داندراوە کە ئامریکا هێرشی نیزامی ناکا بۆ سەر ئێران و ئیسرائیلیش بە بێ گڵۆپی سەوزی ئامریکا نە ئیجازە و نە توانای ئەوەی هەیە خۆی تووشی شەرێکی هەمەلایەنە بکات لە گەڵ ئێران.

توێژینەوەیەکی هەمە لایەنە و پشتبەستوو  بە  فاکت و زانیاری لەو شەرە هێشتا زووە و دەبێ چاوەروان بین و بزانین ڕەوتی ڕووداوەکان و ئەنجامەکانی ئەو تێکهەڵچوونە بەرەو چ ئاراستەیەک دەروا. بەلام ئەوەی تا ئێستا بە خاترجەمی دەتوانین  وەک سەرەکیترین لێکەوتەی ئەو شەرە ٧ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی لە بەرچاوی چاوەدێران، دەسەڵاتداران و ڕای گشتی دەرەکی و بە تایبەت ڕای گشتی وڵاتانی ناوچەکە ڕووخاوە. نیشانی دا کە زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی  پووچەڵ وکارتۆنیە و بەشی هەرەزۆری فڕوفیشاڵ و بێ ناوەرۆک و بێبنەمایە. بە بێگومان یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەوە دەبێ کە دەسەڵاتدارانی جیهان و ناوچەکە چ لە ئاست نێونەتەوەیی و یان ناوچەیی لە حاند ڕژیم بوێرانەتر هەڵسوکەوت دەکەن. پێشتر بەرژەوەندی زۆربەی  وڵاتانی ڕۆژئاوایی هانی دەدان کە لە هەڵسەنگاندنی سەربازی و جێگەو پێگەی ڕژیم لە ناوخۆی ئێران  زیادەرۆیی بکەن و بیکەن بە پاڵپشتی سیاسەتی نەرم و نیانی خۆیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی.

بەڵام گرینگتر لە هەر لێکەوتەیەک، گۆڕانی هاوسەنگی نیوان خەڵکی نارازی و وەزاڵەهاتووی ئێران و ڕژیمە. باڵادەستی ئیسرائیل لەو شەرەدا کە هێشتا لە حەوتووی یەکەمی خۆیدایە، هەڵبەت دەوری سەرەکی دەگێڕێ لە گۆرینی ئەو هاوسەنگییە بەڵام ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە ئەم حاڵەتە دەرەنەنجامی پرۆسەیەکە کە زۆر لەوەپێش دەستی پێکردووە.

هەر دوابەدوای کردە تێرۆریستییەکەی حەوتی ئۆکتۆبری دوو ساڵ لەوەپێش  لە لایەن  حەماسەوە بۆ سەر دانیشتوانی بێ تاوان وسویلی ئیسرائیل و ڕەوتی خێرای ڕووداوەکان ئەم پرۆسەیە دەستیپێکرد. لەوانە کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر  حەماس و لاوازکردنی، گورزی کوشەندەی لە حیزبوڵڵا و پەکخستنی توانا و لێهاتووییە نیزامییەکەی بە تەواوی، بە ئامانجگرتنی یەک لە دوای یەکی فەرماندە باڵاکانی ئیران لە سورییە و سەرەنجام ڕووخانی بەشار ئەسەد واتە لە دەستچوونی سوورییە وەک قوڵایی ستراتێژیکی ئێران، توانای سەرسوورهێنەری دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و ئۆپێراسیۆنەکانی وەک کوشتنی هەنیەی حەماس و سەرەنجام لاوازکردنی بەرچاوی ئەو لق و پۆپانەی  کۆماری ئیسلامی ناوی مێحوەری موقاوەمەتی لێنابوون، کۆماری سێدارەی خستە لاوازترین حاڵەتی خۆی بە درێژایی تەمەنی نگریسی. ڕژیم لە حاڵەتێکی ئاوا و بە ناچاری ڕازی بوو بە دانوستان لە گەڵ ئامریکا. بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە ئەنجامی دانوستانەکان گومانێکی نەهێشەوە کە کۆماری ئیسلامی هێشتا ئامادە نیە دەستبەرداری پرۆژەی ناوکی خۆی بێت. بە پێچەوانە سوورترە لە جاران کە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تەنیا بژاردەیەکە بە دەستییەوە ماوە وتەنیا دەبێ بە دوای هەلێکی لەبارەوە بێت. پرۆسەی لاوازکردنی جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی بە هێرشی ئیسرائیل کەوتە قۆناغێکی تازەوە کە دەتوانێ قۆناغی کۆتایی لە دەستبەرداربوونی یەکجارەکی رژیم بێ لە خەونی گەیشتن بە چەکی ئەتومی.

خێرایی دارمانی ماشێنی جەنگیی کۆماری ئیسلامی تەنانەت بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی و ئیدارەی ترامپ لە ئامریکا و ئوروپاش چاوەرواننەکراو بوو. لەبەرئەوە گومانی ئەوە دێتە ئاراوە کە ئامانجی کۆتایی ئەو شەڕە لە لایەن ئامریکا و ئیسرائیلەوە ئەگەر تەنانەت لە سەرەتاشەوە نەبێ گواسترابێتەوە بۆ گۆڕانی ڕژیمی سیاسی ئێران جا بە هەر سیناریۆیەک کە هەلەکەی برەخسێ و کایەکەرانی مەیدانی گۆڕەپانەکە پێشکەشی بکەن.

بەداخەوە نەیارانی کۆماری ئیسلامی، بەو پەڕی نائامادە بوون دەچنە ناو ئەو قۆناغە و بە جێگای ئەوەیکە سناریۆی ئیرادەی جەماوەر وەپێش خەن لە پێشبرکێیەکی بێ سوود دان لە شەرمەزار کردنی ئیسرائیل و هەڵوێست گرتن بە دژی شەر. ئاشکرایە کە هیچ لایەنێک ناتوانێ بانگەشەی هێرشی سەربازی بکات بۆ سەر ئێران و بێخەم بێ لە حاند ئەو زەرەر و زیانەی لە ئەنجامی شەر تووشی دەبن بە مەرجێک ئاوات و ئارەزووی ئەوەی هەبێ کە خۆی وەک نوێنەری خەڵکی ئێران  پێناسە بکات و خۆی بە جێگرەوەی دیکتاتۆرییەتی ئیسلامی شیعە لە ئێڕان بزانێ. هەڵوێست گرتن لە دژی شەر و هاودەردی و سۆز بۆ نەهامەتی و ئەو کوێرەوەرییانەی کە شەرێکی لەمجۆرە تووشی خەڵکی دەکات، هەڵبەت پێویستە و بەهایەکی ئەخڵاقی و لە هەمانکاتدا لە باری سیاسیشەوە کارێکی بەجێ و دروستە. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە کە  هیچ لایەنێک لە ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی هۆکار و هاندەر و بیانووی هەڵگیرساندن و هەڵخراندنی ئەو شەرە نەبوون و نین، نابێ دژایەتیکردنی  شەر بکەین بە ئاڵای خەبات لەم قۆناغەدا،چوونکە ئەوە بە کردەوە ئۆپۆزیسیۆن دەباتە بەرەی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانیان و لە هەمانکاتدا دەورو ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی وەک فاکتەری سەرەکی لە هەڵخراندنی ئەم شەرە ئەگەر بە تەواویش نەیشارێتەوە بەڵام پەراوێزی دەخات.

لێکەوتەکانی جەنگی ئێسرائیل و ئێران دەتوانێ هەم بە قازانجی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بێت و هەم لانیکەم لە کورت ماوەدا بە زەرەر هەڵگەرێتەوە. چیرۆکی ئێڕان وەک چیرۆکی مارە بریندارەکەی لێدێت، گەر کۆماری ئیسلامی لە ژێر ئەو زەخت و گوشارەدا کە ئێستا لە ژێڕیدا چەماوەتەوە ڕەها بێت، یەکەمین کارێک کە دەستی بۆ دەبات  تۆڵەسەندنەوەیەکی سەخت و بێبەزییەیانەیە لە نەیاران و دژبەرانی خۆی لە هەموو پێکهاتەکان. زیادەرۆی نیە ئەگەر بڵێین لەو حاڵەتەدا دەبێ چاوەروانی ڕەشەکوژییەک بین لەو مارەی بریندار بووە بەڵام سەری پان نەکراوەتەوە و هێشتا دەتوانێ ژەهری خۆی بڕێژێ. نەیارانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە ئاستی سەرانسەری  لە ئێران ئەرکێکی قورس و دیاریکەریان لەو بارەوە هەیە و زەمەنێکی زۆریشیان بە دەستەوە نیە. تەواوکەری ڕاستەقینەی ئەو جەنگەی لە ئارادایە ئاگربڕ نیە بەڵکو ئاخیزێکی جەماوەرییە کە دەبێ دامودەزگای کۆماری ئیسلامی بۆ هەمیشە هەڵپێچێ و بیخاتە زبڵدانی مێژووە. سروشتیە کە بانگەشە بۆ ئاخێزێکی جەماوەری بۆ هەڵپێچانی دامودەزگای ڕژیم دەبێ بەو پەڕی هەست بە بەرپرسیارەتی هەڵسوکەوتی لە گەڵ بکرێ، هەنوکە سەرەکیترین دڵەڕاوکێ ڕژیم ئاخێزی جەماوەرە دەنگوی ئەوە هەیە کە جەندین هەزار هێزی حەشدی شەعبی گواستراونەتەوە بۆ ئێران تا بۆ حاڵەتێکی بەو جۆرە بە دژی خەڵک بە کاریان بهێّنن. بە پەلەترین کارێکی ئێستا ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری ڕژیم دەبێ بیکا، پێکهێنانی شۆڕایەکی بەرفراوانە لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئێڕان وەک مەرجەعێک کە بە متمانەیەکی زۆر هەم بتوانێ خۆی وەک نوێنەری خەڵکی ئێران پێناسە بکات و هەم لەخۆی ڕاببینێ کە بریاری قورسی وەک ئاخێزی جەماوەری ڕاگەیەنێت. کورد مسۆگەرە دەبێ لەو مەیدانەدا دەور و ڕۆڵی دیاریکەری خۆی ببینێ و لە لایەن ئۆپۆزیسیۆن ددانیپێدابندرێ.

بەڵام ئەوەی کورد دەبێ چ بکات و چۆناوچۆن بچێتە ناو ئەو قەیرانە کە بێگومان قووڵترین و سەخترینە لە هەموو تەمەنی ئەو ڕژیمە نگریسە، خۆی مەجاڵێکی دیکەی دەوێ. هەرچەند زۆریەک لەو بابەتانەی لێرە وروژێندراوە دەتوانێ کوردیش بگرێتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی جێگە و پێگەی کورد لە بزووتنەوەی گشتی ئێران و ئاستی ئەزموون و پێشینەی دیرۆکیی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد، بە بێگومان شایستەی شرۆڤەیەکی بەرفراوانترە کە بە تایبەت و لە مەجاڵێکی دیکەدا پێویستە بیخریتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

لە ئاخرین کاتەکانی بەر لە ڕۆیشتنی ئاسۆی ڕۆژهەڵات بۆ چاپ هەواڵی هێڕشی ئاسمانی فرۆکەکانی ئامریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، ئیسفەهان و فەردۆ بڵاو کرایەوە. هاتنی ئامریکا بۆ ناو جەنگەکە هیچ لە شرۆڤە و تۆژینەوەکانی ئەو بابەتە ناگۆڕێ، بەڵام بە بێگومان قەیرانەکەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی قوڵتر دەکا و هاوکێشەکان تا ڕادەیەکی دەگۆڕێ و هاوسەنگی نێوان خەڵک و ڕژیمیش بە قازانجی دژبەرانی ڕژیم تا ڕادەیەک دەگۆڕێ. تەنیا دەتوانین بڵێین کە کاردانەوەی ڕژیم بەرامبەر هێرشی ئامریکا دەتوانێ کاریگەری هەبێ لە سەر سناریۆکان.

TAGGED: پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی
KomalaMedia 2025/06/23
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر بەشداریی شاندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە کۆنگرەی  هاوبەشی پاڕتی سۆسیال دێموکڕات “پاڕتی کار” و چەپی سەوزی هۆڵەند.
بابەتی دواتر نەتەوەگەرایی کوردیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?