By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: نەتەوەگەرایی کوردیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > نەتەوەگەرایی کوردیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛
وتار

نەتەوەگەرایی کوردیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/06/24 at 8:05 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
10 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

نەتەوە یەکە و یەکبوونێکی فرەچەشنە. زمانی هاوبەش و ناسنامە و کەلتور و داب و نەریت و مێژوو و تەنانەت  کۆمەڵێک هەست و هێژمۆنی و گوتارو بەرژەوەندیی هاوبەش و… هەرکامەیان چەشنی  ڕووبارێک دەڕژێنە ناو قووڵایی کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی و لە پانتایی جەمسەرێکی هاوبەشدا، دەبنە ئەو دەریایەی کە ئێمە وەک “نەتەوە ” پێناسەی دەکەین. واتە نەتەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی و چەمکی هاوبەشی نێوان کۆمەڵە مرۆڤێک لەخۆی دەگرێت کە بەگشتیی یان لە جوگرافیا و خاکێکی هاوبەش و دیاریکراودا دەژین و یان جاریواشە بەهۆکارگەلی جۆربەجۆر تاڕادەیەک لێکدابڕاو و پەرتەوازەترن.

نەتەوە لە ئاست دیرۆکی دوورودرێژی مرۆڤایەتیدا، چەمک و دیاردەیەکی ساوایە. هەربەو جۆرەی کە چەمکی “دەوڵەت ” (وەک پێکهاتە و سیستەمێکی ئیداریی و سیاسیی و یاسایی)، زۆر لە مێژووی نەتەوەش ساواترە. تەنانەت ژمارەی دەوڵەتانی جیهان تا سەدەکانی ١٧ و ١٨ی زایینی، واتە ئەوکاتەی کە ژمارەیەکی زیاتر لە نەتەوەکان بەمەبەستی پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان، بیریان لە سنووردارکردنی خەڵکی غەیری خۆیان و دەستهەلاتی دەرەکی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان کردەوە، زۆر لە ژمارەی دەولەتەکانی ئێستا، کەمتر بوون.

نەتەوەکان بەمەبەستی پاراستنی خۆیان، جگە لە ئامرازگەلی وەک دەوڵەتی بەهێز و دادپەروەرو، یاسا و ڕێسا فەرمییەکان و، داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و، سەرجەم ئەو بەربەست و لەمپەر و سنوورانەی بەدەوری خۆیاندا دروستی دەکەن، پێویستییان بە هەست و شعور و تێگەیشتنێکی هاوبەشی تاکەکانیان هەیە کە بە گشتیی، دەستەواژەگەلی وەک “هەستی نەتەوایەتی و نیشتمان خۆشەویستی”مان بۆ ساغ دەکاتەوە.

زۆر جارهەستی نەتەوایەتی لە ئەدەبییاتی سەردەمدا بە هۆکار و شێوازی جۆراوجۆر تووشی چەواشە و بەلارێداچوون هاتووە و هاوتەریب و هاومانای نەتەوەگەرایی زێدەخواز و ناسیۆنالیسمی تووندئاژۆ و فاشیسم و راسیسم و شوڤەنیسم و … هتد، کراوە کە لە ڕاستیدا بۆچوونێکی بەتەواویی هەڵەیە. هەستی نەتەوایەتی وەک یەکێک لە ئامراز و مەرجە سەرەکییەکانی پاراستنی نەتەوە، خۆی لە خۆیدا باری ئەرێنی هەیە. لەڕاستیدا بەتاڵبوونی تاکی کۆمەڵگا لە هەستی نەتەوایەتی دۆخێکی نائاساییە. چۆناوچۆن دەکرێت مرۆڤ هەست و خۆشەویستی بۆ نیشتمانی دایک و ئەو مرۆڤانەی کە لەو ژینگە هاوبەشەدا دەژین و مانای پێدەبەخشن، نەبێت. هەستی نەتەوایەتی ڕاستەقینە ناچێتە خانەی دوژمنایەتی و شیر و تیر کێشان لە خەڵکانی دیکە، بەڵکە واتە هەرکەسە و لەئاست خۆی، خەڵک و ئاو و خاک و سروشت و دار و بەرد و ژینگەکەی خۆت خۆش بوێت، ڕێزی لیبگریت و بەکردەوە، بیپارێزیت.

خۆشەویستیی نیشتمان و نەتەوە هەستێکی بەردەوام و ڕێژەیەکی نەگۆڕە. تەنانەت لە بارودۆخی جیاوازدا و لە هەلومەرجی شەڕ و ئاشتیدا، تەنیا شێواز و چۆنایەتییەکە گۆڕانی بەسەردا دیت. لە هەلومەرجی ئاشتی و ئارامیی و ئاساییدا، هەستی دلسۆزیی و خۆشەویستی بۆ پاراستنی سروشت و ژینگە و پەلەوەر و دار و بەرد و شار و گوند و شەقام و کۆڵان و فەرهەنگ و داب و نەریت و سەرجەم جوانییەکانی نیشتمان، گوڵ دەکات و لە دۆخی مەترسیی و شەڕ و ئاژاوە و پەلاماری دەرەکیشدا، یەکڕیزیی و مەتەرێزی یەکبوون و هاوچارەنووسی و هەرەوەزی سەرتاسەریی بەرگریی و کۆڵنەدان دەخوڵقێنێت.

بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە بزاڤی ڕزگایخوازانەی نەتەوەیی گەلی کورد ئەوەندەی خاڵی هەوبەشی لەگەڵ سۆسیال دێموکراسییەکی پێشکەوتووی دابینکەری ژیان و بوونێکی شایستەی مرۆڤی سەردەم هەیە یەک لەسەدی ئەوەش لە ناسیۆنالیسمی ڕادیکاڵ و بنەماخواز و ئیدئۆلۆژییە دەمارگرژ و بەرچاوتەنگەکان ناچێت.  هەستی نەتەوایەتی ڕاستە کە تا ڕادەیەک و بە شێوەیەک لە نەتەوەکانی دیکە جیات دەکاتەوە، بەڵام بە نەتەوەکەی خۆتەوە دەتبەستێتەوە. لێرەدایە کە مرۆڤی ژیر، وەک چۆن هەستی نەتەوایەتیی بە هەستێکی پاک و پاراو و وەک مافێکی ڕەوا بۆ خۆی و هاوچەشنەکانی دەبینێت، هەر بەم چاوەش دەڕوانێتە نەتەوەکانی دیکە و وەک مافێکی ڕەوای هەموو مرۆڤێک، ڕێزی لێدەگرێت. مرۆڤ کە لە هەست و خۆشەویستیی نیشتمان و نەتەوە بە دروستی تێگەیشت، ئەوکات بۆ خەڵک و نەتەوەکانی دیکەشی بەفەرمیی دەناسێت و ڕێزی لێدەگرێت و ئامادەی پێشێلکردنی مافی کەس نییە.

خەباتی نەتەوایەتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی  نەتەنیا دوو چوارچێوە و ناوەرۆکی پێچەوانە و دژ بە یەکتری نین، بەڵکە لە زۆر سۆنگەوە، یارمەتیدەر و تەواوکەری یەکترین. هەستی نەتەوایەتی نەک لەگەل دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناتەبا نییە، بەڵکە یارمەتیدەر و تەنانەت یەکێکە لە مەرجەکانی وەدیهاتنی. ئەم تێکهەڵکێش و ئاوێتە بوونە لە مێژووی خەباتی زۆر نەتەوە و وڵاتدا کە لە فەرهەنگی سیاسیی ئەمڕۆدا بە ولاتانی پێشکەوتووی ئوروپایی دەناسرێنەوە ڕاستییەکی مێژوویی و بەڵگەمەند و سەلمێندراوە. لەو وڵاتانەشدا مرۆڤەکان سەرەڕای پۆزیسیۆن و جێگە و پێگەی چینایەتی و تێڕوانینی هزرییان، تێکۆشانی خۆیان بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان، بە دوو بنچینەی ” نیشتمان خۆشەویستی” و ” وەدیهێنانی داپەروەریی کۆمەڵایەتی” بەستووەتەوە.  مادام مرۆڤ نەتەوەکەی خۆی خۆش بویت، هەوڵ نادات فێڵی لێبکات، یان تاکەکانی بچەوسێنێتەوە و بە پێچەوانەوە، هۆکار و ڕێگاخۆشکەری ئاسوودەیی و ئاسایش و گەشەی تاک و لە کۆتاییشدا ڕەزامەندیی و بەختەوەریی گشتیی دەبێت و یاسا و مافەکانی دەپارێزێت. هەستی نەتەوایەتی، خولیا و هەستی دادپەروەریی و هاوتەرازیی نەک هەر لە ناو سنووری نەتەوەکەی خۆتدا، بەڵکە لە ئاست نەتەوەکانی دیکەشدا دەبووژێنێتەوە. لە وەها دۆخێکدا خواست و ئاواتی بەرەوپێشچوونی نەتەوەکەی خۆت بەگشتیی و گەیشتن بە ئاستی نەتەوە بەختەوەر و پێشکەوتووەکانی جیهان، دەبێتە ستراتێژی و ئامانجی سەرەکی.

مرۆڤی کورد هەرچەند لە پرۆسەی پێناسەکردنی خۆی وەک نەتەوەیەکی خاوەن کیانی سەربەخۆتا ئێستا نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت، بەڵام خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و تێکۆشانە و لانیکەم سەرانسەری سەدەی بیستەم و بەم چارەکە سەدەی ئێستاشەوە، دەنگی مافخوازانەی دلێرتر و بەرزتر و ڕاشکاوتر لە پێشووی بووە. هەرچەند گەشەی شعور و هەستی نەتەوایەتیی مرۆڤی کورد، لاواز و خاوتر لە ڕێژە و ئاستی پێویست بووە و ئەمەش هۆکاری خۆی بووە، بەلام دیسانیش خاوەنی گرینگترین ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندیی خۆیەتی. واتە نەتەوەگەرایی کوردیی لێوانلێو لە مرۆڤدۆستی و بەرابەرییخوازیی و بەریی و دوور لە بەرچاوتەنگی و دەمارگرژیی بووە. خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورد، هیچکات پەلاماردەر و داگیرکەر و زێدەخواز نەبووە و بەپێچەوانەوە، بزوتنەوەیەکی دژە داگیرکەر و پەرلاماردەر و زێدەخوازیی دراوسێ و نەیارەکانی بووە. گەلی کورد کە یەکێک لە کۆنترین گەلانی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و مێزوپۆتامیایە، بەردەوام خوازیاری تەبایی و بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە بووە. نەتەنیا ویست و نیازی دەستدرێژیی بۆ سەر ئاو و خاک و گیان و ژیانی خەڵکی دیکەی نەبووە، بەپێچەوانەوە هەموو کات بەوپەڕی نیازپاکییەوە دەستی دۆستی و برایەتیی بۆ هەمووان درێژ کردووە.

ئەم تایبەتمەندییە ناوازەیەی نەتەوەگەرایی کوردیی کە لە خەباتە بێوچانەکەشیدا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیی بە تەواوەتیی ڕەنگی داوەتەوە و ڕواڵەت و ناوەرۆکێکی تەژی مرۆڤدۆستیی پێبەخشیوە،  لە هەوییەت و روحی بەرابەرییخوازیخوازانە و دادپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانەی خەڵکەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. پێشکەوتنخوازیی و ڕێز لە مافی مرۆڤ و ناتەبابوون لەگەڵ هەرچەشنە هەڵاواردنێک و لەم دواییانەشدا، گەشەی خەباتی مەدەنی و ژینگەدۆستی و سروشتپاریزیی لەو تایبەتمەندییانەن کە گەلی کورد و خەباتەکەی لە بەشێکی زۆری نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی ( کە جیهانبینی بەشێکی زۆریان لەسەر ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکان بنیاد نراوە)، جیا دەکاتەوە.

نوێترین ئاخێزی خەڵکی کوردستان ( شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی)، کە یەکەم چەخماخەی لە کوردستانەوە لێدرا و دواتر بۆ ناو نەتەوە و ناوچەکانی دیکەی ئێران، تەشەنەی سەند،  گونجاترین ئاماژەیە کە لەلایەکەوە دەرخەری ڕوحی دادپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانە و تەبایی لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێرانمان پێشان دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە،  لە هێنانەوەی فاکتی دوورودرێژو کۆنتری مێژوویی بێنیازمان دەکات.

ئەم ئاماژانەی سەرەوە لەگەڵ ئەوەی کە بۆ نەتەوەی کورد، جێگای شانازیی و سەرفیرازین، بەڵام بەهۆکارگەلی وەک ناکۆکیی و ناتەبابوونی لەگەڵ فەرهەنگ و رۆحی پاوانخوازانە و کۆنەپرستانەی بەشێک لە دەوڵەت و دانیشتوانی ناوچەکە، زۆرجاریش تووشی گرفتی گەورەی کردون. کەم نین ئەو خەڵک و دەستهەڵاتانەی کە سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوونی وەها نەتەوەیەک بەو تایبەتمەندییانەوە، بە مەترسیی بۆ سەر خۆیان و بەرژەوەندیی و داهاتوویان دەبینن. هەربۆیە لە پەرڕاوێزخستن و خستنە ژێر گوشاری و تەنانەت پەلاماردانیشیدا، کەمترەخمییان نەکردووە. ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بە مێژووی کۆن و نوێی ناوچەکە ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنن. نیشتمانی کوردەکان بە درێژایی مێژوویان لەلایەن نەتەوە بەهێز و سەردەستەکانەوە لە ژێر هێرش و پەلاماردا بووە، داگیر کراوە، خەڵکەکەی چەوساونەتەوە و لەوپەڕی بێمافیدا ڕاگیراون. هاوکات ئەوەش دەبینین کە نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەوەی زۆرجاریش دەرفەت و دەستهەڵاتی بووە، بەلام دیسانیش نەتەنیا پەلاماری نیشتمانی هیچ نەتەوەیەکی نەداوە، بەڵکە هەوڵی تەبایی و بەیەکەوەژیانێکی ئاشتییانەی لەگەڵ داون.

وەک دەڵێن، کورد گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانە. کەواتە بۆ کۆتایی هێنان بە ناوەرۆکی ئەم ڕستە باوە کە هەڵگری ڕاستییەکی تاڵ و پڕ ئێش و ئازارە، گەلی کورد پێویستیی بە خەباتێکی بێوچان و شێلگیرتر هەیە. لەوانەیە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی بەتەنیا چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نەتەوەی کورد نەبێت، بەڵام لانیکەم دەتوانێت کۆمەڵێک دەرفەتی ناوازە بخوڵقێنێت و سەرەتایەک بێت بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی نەتەوە باڵادەستەکان کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکێیەکانی بێمافی و کۆسپێکی گەورەی سەرڕێگایەتی بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر و بەختەوەر. واتە تاکی کورد پێویستە لە هەستی نەتەوایەتی و رۆئیای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وەک دوو ئامرازی بنچینەیی تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەجۆرێک کەڵک وەربگریت، کە هیچ بۆشاییەک بۆ دووپاتکردنەوەی هەڵەکانی پێشووی و لەدەستدانی دەرفەتە گونجاوەکان، نەهێلیتەوە.

وەک چۆن تاک و ئەندامانی نەتەوە بەختەوەر و پێشکەوتووەکانی جیهان شانازیی بە ناسنامە و نیشتمان و نەتەوەی خۆیان دەکەن، بۆ تاکی کوردیش ڕەوایە کە بە مێنتاڵیتەی شانازیی بە ناسنامە و نیشتمان و نەتەوەی خۆی، بەرەو بنیادنانی دنیایەکی باشتر و ژیانێکی شیاوی مرۆڤ بۆ خۆی و نەوەکانی داهاتووی، هەنگاو بنیت.    

TAGGED: دادپەروەریی کۆمەڵایەتی, عەلیڕەزا قادری, نەتەوەگەرایی کوردیی, نەتەوەگەرایی کوردیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی
KomalaMedia 2025/06/24
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر پەلەقاژەی کۆماری ئیسلامی لە قووڵترین قەیرانی تەمەنی
بابەتی دواتر گەندەڵی دوانەی جیانەکراوەی کۆماری ئیسلامی!

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?