سەرەنجام پاش زیاتر لە چوار دەیە هەڕەشە و گوڕەشە و هەڕوگیڤی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ، دەوڵەتی ویلایەتی فەقی ( نوێنەری خوا لەسەر عەرز) ئێرانی خستە ناو شەڕێکی قورس. شەرێک کە نیشانی دا سەرانی ئەو ڕژیمە شەڕەنگێزە نەک بۆ خەڵک بەلكوو بۆ حاڵی خۆشیان هیچ ئامادەکارییەکیان نەکردبوو. ئەو ڕژیمە کە “دوژمنی دەرەکی” تەنیا بۆ خۆسەپاندن و درێژەدان بە دەسەڵاتی نگریسی خۆی بەکار دێنا هەر لە یەکەمین ساتەکانی ئەو شەڕەی کە پێیان وابوو ڕوو نادا (نە شەڕ دەبێ و نە دانوستان دەکەین، قسە ناسراەوکانی خامنەیی) تێکڕووخا. بە دەیان سەرکردە و بڕیادەری سپای پاسداران و بە دیاریکراوی هەموو ئەوەی پێیدەڵێن “زانای ئەتۆمی ” کووژران. گرینگترین ناوەند و دامەزراوەکانی گرینگی نیزامی و ئەتۆمی و ئیدارەی وڵات پێکران و تێداچوون. ئاسمانی ئێران بە بێ هیچ بەرگرییەک کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ئیسراییل و هەموو جومگەکانی بڕیاردان لە ئێران لە گووشاری ورد و دەقیقی ئەو هێرشانەدا فشۆڵ بوونەوە. خامنەیی وەک سێمبوولی شیعەی دەسهەڵاتدار بێ سەروشوێن بوو و بوو بە هەوێنی گاڵتە و سەرکۆنە و سووکایەتی پێکردنی هەموو لایەک.
دیارە لەسەر ئەم ڕووداوە گەلێک وتار و چەندان چاوپێکەوتن و شیکردنەوەی گەلێک دێکۆمێنت و بەڵگەی زیندوو لە لایەن زۆر کەسایەتی و ناوەندی جێ متمانەوە کراون. بۆیە “ئاسۆی ڕۆژهەڵات” بە لەبەرچاوگرتنی هەموو پەراوێزەکانی ئەم شەڕە ١٢ ڕۆژیە و بە هەند وەرگرتنی زۆربەی لێدوان و شرۆڤەی کەسانی خاوەن ڕا، پێی باش بوو لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە لەم دیاردەیەک بڕوانێت و بۆ ئەم مەبەستەش چەند پرسیارێکی ئاراستەی بەڕێز “موختار ئەحمەدی” ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە کردووە کە لێرەدا دەقی ئەو دیمانە بۆ خوێنەرانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات بڵاو دەکەینەوە.
پرسیار: لەئەگەری دەستپێکردنەوە و بەردەوامبوونی شەر و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری ئابووری، کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئابووری و سەربازی و نیزامییەوە توانای درێژەدانی ئەو شەڕەی هەیە؟
وەڵام: رژیمی ئیسلامی ساڵانێکە لە پێناو سەپاندنی هێژموونی خۆی بەسەر ناوچەکە بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەراست هەموو سامانی نەتەوەیی ئێرانی بە فیڕۆ داوە، سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح لە لایەن مەجلسی رژیم و بەیتی خامنەیی و پڕوپاگەندەی میدیاکان و ژوورە فیکرییەکانی لە شەڕی ١٢ رۆژەی ئیسرائیل دەرکەوت کە نەک هەرتوانای بەرپەرچ دانەوەی هێزی ئیسرائیلی نەبوو بەڵکوو بەتەواوی لە ناویش چوون زۆرێک لە کەرەستە نیزامییەکان لە ئاسمانی، زەوینی و لۆجێستیک هێشتا نوێ نەکراونەتەوە.
فڕۆکەکان،تانکەکان و ناوە شەڕکەرەکان تا رێژەیەک بە تێکنۆلۆژی ناوخۆیی نوێکراونەتەوە بەڵام قابیل کێبڕکێ نین بەرانبەر نەک بە هێزە سوپێر پاوەرەکان بەڵکوو بەرانبەر بە هێزە ناوچەییەکانیش لاوازن وڵاتێ وەک عەرەبستان لە رۆژانی رابردوودا دژە مووشەکی تادی ئەمریکایی بۆ پاراستنی وڵاتەکەی دابین کرد. بەڵام پەدافەندی ئێران هێشتا تێکەڵەیەکە لە ئیس ٢٠٠ی رووسی و بەرهەمی ناوخۆیی باوەر ٣٧٣ کە دەرکەوت هیچ تواناییەکیان لە بەرپەرچ داناوەی هێرشە هەواییەکان نییە.
هێزی نیزامی رژیمی ئیسلامی تەنیا لە شەڕی نیابەتی و ئەوەی کە بە پرۆکسییەکانی ناسرابو کە ئەویش دوای ٧ی ئۆکتۆبرەوە نەک هەر لاواز بەڵکو زۆربەیان لەناو چوو کە تەنیا لە یەمەن و عێراق ماوون کە لە عێراق تەنیا مەسرەفی ناوخۆیی ماوەتەوە کە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و لەبار بردنی ئەزموونەکەی بەکاری دێنێت و یەمەنیش زۆر کز و ئەگەری هێرشەکان بۆ سەری لە لایەن هاوپەیمانانەوە زیاتر لە هەرکاتە کە کۆتایی پێ بهێنرێت.
لە پاڵ ئەمانەدا فاکتەری سەرەکی درێژەدان بە شەڕ هێزی ئابوورییە کە رژیم لەم بوارەشدا بە هۆی گەمارۆکانی ساڵانی پێش زۆر لاوازەو تا ئێستاش هەروا ئاگادارن ناڕەزایەتی چین و توێژە جیاوازەکان لەسەر شەقامەکان سەلمێنەری ئەو راستیەن.هەر لەو ماوەی ١٢ رۆژەدا بێجگە لە تەریک کەوتنەوەی زیاتری رژیم لە بواری نێونەتەوەییدا و بڕینی دەستی ئێران لە بازاڕە ئابوورییە جیهانییەکاندا، لەناو چوونی ژێر خانە ئابوورییەکان لە بواری وزەو نەوت،فڕۆکەخانەکان،ناوەندە موشەکی و ئەتۆمییەکان ناوەند و سەنتەرە هەستیارەکانی هەواڵگری کە میلیاردها دۆلارتێچووی هەبووە هاوکاتیش خەسار بە کەرتی گواستنەوە، بازاڕی ئۆنلاین و کۆی ئابووری بە گشتی کۆی ئەمانە بە پێی لێکدانەوەی کارناسانی ئابووری ساڵانێک دەخایەنێت تا سەرلەنوێ درووست بکرێنەوە. لە روی سیاسیشەوە رژیم هەستی بە روخان و داڕمانی خۆی کردووە ٤٦ ساڵە باس لە ئۆمەتی ئیسلامی و ئۆمەتی ئیسلام دەکات کە چی لە سەردەمی شەڕی ١٢ رۆژەدا هیچ باسێکیان لێوە نەکرد. لە عەلی خامنەییەوە بگرە تا دەگاتە رێوڕەسمە مەزهەبییەکانی موحەڕەم بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی نەتەوەی ئێران و سروودی (ای ایران ایران) هەوڵیان دا هەستی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن کە تازە وەک نوشداروەکەی پاش مەرگی سۆهرابەو هیچ بۆشاییەکیان بۆ پڕ ناکاتەوە. لە پاڵ ئەمانەشدا ئەرزش و بەهاکانی نەوەی نوێی ئێران جیاوازە لەگەڵ ئەو نەسڵەی کە بە پێدانی کلیلی بەهەشت و گەیشتن بە کەربەلا بەرەو مەرگ دەڕۆیشتن. ئەم نەسڵە نەسڵی ئامازۆن، ئەپەڵ و سامسۆنگ و تێکنۆلۆژییە باوەکانی سەردەمن خواستەکان و خولیاکانی خۆیان لەوانە دەبیننەوە نەک لە نێو ئایدۆلۆژییە چەقبەستووەکانی رژیم.
بە پێی ئەم فاکتەرانە کە ئاماژەم پێدا رژیمی ئێران نەک هەر توانای شەڕی نییە بەڵکو بۆ ئیدارەو بەڕێوەبەری ناوخۆیی خۆیشی تووشی کێشەیە.
پرسیار: کۆماری ئیسلامی بە نێوی “خەڵکی ئێران” و لەژێر نێوی نوێنەرایەتی خواست و ویستی میللەتی ئیران سیاسەتی شەرەنگێزانەی خۆی پێناسە دەکات. پرسیار ئەوەیە ئایا رژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا خاوەنی ئەو پێگە و رەواییە هەیە کە بە نێوی خەڵکی ئێران قسە بکات و سیاسەتی شەرفرۆشانەی خۆی پاوساو بکات؟
رۆڵ و نەقشی خەڵک لەسەر سیاسەتی شەرەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی چۆن دەبینن؟
وەڵام: کۆماری ئیسلامی پاش هاتنە سەرکاری دەستی بە هەناردەکردنی شۆڕش(صدور انقلاب) کرد کە راگەیاندنی شەڕ بوو بەرانبەر بە باقی ئایدیا و ڕوانگە فیکرییە جیاوازەکان کە بانگەشەی جۆری سەلەفییەتی شێعەگەری و نوێنەرایەتی ئەم ڕەوتە دەکات ئێستاشی لەگەڵ بێت.
بەڵام لە دو سەردەمی جیاوازدا رژیم شەڕی راستەوخۆی کردووە، جاری یەکەم کە شەڕێ عێراق –ئێران بوو کە بە ناوی ئایدۆلۆژی شێعەگەری و جوڵاندنی هەستی مەزهەبی شێعەکان و بە بیانووی رێگای قۆدس لە کەربەلاوە تێپەڕ دەبێت زۆرێک لە لاوانی ئێرانی بە کوشت دا کە ئەمەیش خراپ بەکار هێنانی هەست و سۆزی پێڕەوانی شێعە بوو لە پێناو بوون، مانەوەو درێژەدان بە حوکمڕانی خومەینی بەسەر ئێراندا بوو.
ئەم سیاسەتە نەک هەر خەڵکی ئێرانی تووشی رۆژڕەشی کردووە بەڵکو خەڵکی لۆبنان، فلستین، یەمەن و عێراقیشی تووڕەو ناڕازی کردووە لە دەسەڵات و حاکمییەتی خۆیان.لە ناوخۆی ئێرانیش تا هاتووە ئەو نیوە ڕەواییەی کە هەیبووە تووشی داڕمان بووە.
هاوکات نەوەیەکی دیکە هاتنە مەیدان کە هیچ سنخییەت و نزیکایەتییەکیان لەگەڵ ڕوانگە ئیدئۆلۆژیکەکانی رژیمی ئیسلامییان نەک هەر نەبووە بەڵکو دابڕانێکی هزری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا پێک هاتووە.
بەشداری لاوان لە بەڕێوەبەری و رێبەری کردنی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزڵوەری ٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وقوربانیدانی ئەم نەوەیە و پاشەکشە لە داسەپاندنی یاسای حیجابی زۆرە ملێ بەرهەمی ئەو خەبات و دابڕانە بووە کە هاتوەتە پێش.
رژیم لە ناوەرۆکدا دەسەڵاتێکی هەڵقوڵاوی خەڵکی نییە تا بڕیاراتی وەک بڕیاری جەماوەر پێناسە بکرێت. وڵاتێک کە تاک بە ئازادانە نەتوانێت بەشدار بێت لە چارەنووسی وڵاتەکەی و تەنانەت بڕگە یاساییە پەسەند کراوەکانی خۆی پێشێل بکات و هەموو بڕیارێکی تاکە کەس واتە “خامنەیی” دەری بکات و ٩٠ میلیۆن حەشیمەت دەبێ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان ڕەچاوی بکەن جیاوازییەکی لە گەڵ پینۆشە، ستالین،سەدام و کیم جون ئۆندا نییە.سیاسەتی شەڕئەنگێزانەی رژیم هیچ کات لە ئیرادەو دەسەڵاتی خەڵکی ئێراندا نییە.
درووشمەکانی ( نە غزە نە لبنان جانم فدای ایران)و (دشمن ما همینجاست دروغ میگن امریکاست) هەڵقوڵاوی ناڕەزایەتی پەنگخواردووی شەقامە کە لەو ساڵانەی رابردوودا کە هیلالی شیعی لە لوتکەی هێژموونی خۆیدا بو لە ناوچەکە لە لایەن خەڵکی ناڕازی ئێرانەوە دەوترانەوە.
نەک هەر خەڵکی ئێران بەشداری سیاسەتی شەڕخوازانەی کۆماری ئیسلامی نییە بەڵکو قوربانیانی ئەو سیاسەتەن کە بە ناوی جۆراوجۆرەوە تا ئێستا هاتوەتە ئاراوە هەر بە هۆی ئەم سیاسەتەوەیە کە لە درێژەی شەڕی ١٢ رۆژەدا خەڵکی ئێران پێیان خۆش بوو کە شەڕەکە بەردەوام بێت و ئێستاش هیواخوازن بە هۆی ئەو شەڕەوە رژیمی ئیسلامی کۆتایی پێ بێت. هەر ئەم جەماوەرە ناڕازییە وزەو پوتانسییەڵی ئەوەیان هەیە کە ببنە هێزی گۆڕانکاری رژیم لە ئێراندا.
پرسیار: بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی بە تایبەت پاش ئاگربڕی نێوانیان لە گەڵ ئیسراییل دەستی داوەتە سەرکوت و زەبروزەنگی لە دژی خەڵک زۆر زیاتر لە پێشوو پەرە پێداوە،هەوڵ دەدا زۆر زیاتر دۆخی سیاسی و مەودای چالاکی هەڵسووراوان و رێکخراوە مەدەنییەکان بەرتەسک کاتەوە و بە گشتی دەتوانین بڵێین شەری راستەقینەی رژیم لەدژی خەڵک چۆتە قۆناغێکی تووندتر و ئاشکراترەوە،ئایا لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دووبارەی ئەم شەڕە، چاوەروان دەکرێ گۆرانکاری جیددی لە ساختار و پێکهاتەی رژیمدا روو بدات؟
وەڵام: سەرکوتی ناوخۆیی هەمیشە بەشێک لە سیاسەتی نەگۆڕی رژیم بووە لە دژی خەڵکی ئێران هەرکات لە دەرەوەی سنوورەکان تووشی شکست و روخان بووە لە ناوخۆ دەستی داوەتە سەرکووت، کاتێک لە شەڕی عێراق ئێراندا توشی شکست بوو و خومەینی جامە ژەهرەکەی نۆشی بە هەزاران کەس لە ئێران ئێعدام کران.
روونە کە سەرکووت وەک پڕۆژەو پیلانێکی نەگۆڕ و نەبڕاوەی رژیم لە ئێران تا هاتووە درێژەو پەرەسەندنی چۆنایەتی بە خۆوە بینیوە. سەرکوتی سیاسی،بێبەشکران لە هەڵسووڕانی سیاسی، کەڵک وەرگرتن لە توندووتیژی، پچڕانی ئینتێرنێت،سەرکوتی کۆمەڵایەتی و کلتووری،سانسۆری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، سەرکووتی خوێندکاران و گۆڕانی بنەڕەتی زانستگاکان پەرەی سەندووە.
پاش راگەیاندنی یەک لایەنەی ئاگربڕ لە لایەن ترەمپەوە رژیم بە پەسەند کردنی یاسای نوێ لە مەجلسی شۆرای ئیسلامی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی یاسای سیخوڕی و ئەندامەتی لە حیزبە شۆڕشگێڕەکان( قانون مجازات جاسوسی و همکاری با گروههای متخاص) ی هێنایە بەرباس و بە داخەوە تا ئێستاش کەسانێکی بەو تاوانەوە دەسگیرو ئێعدام کردووە کە پشکی ئێمەی کوردیش نەریتەن پشکی شێرمان بەرکەوتووە.
ئامێرەکانی سەرکووت لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە زیاتر بووە، هێز و ئۆرگانە ئەمنییەتییەکانی وەک بەسیج، سپا، دەزگای قەزایی، دادگای ئینقلابی شارەکان، میدیاو رەسانەکانی رژیم،یاسا ناڕوون و قابیل تەفسییرەکانی وەک هەنگاو دژی ئاسایشی نەتەوەیی،پڕوپاگەندا دژی رژیم، فەساد فی الارض بۆ سەرکووتی ناڕازیان و جیابیران لە دەسەڵات وەک شمشێری داموکلس ئامێری سەرکوت و تۆقاندنن.
پەسەند کردنی ئەو یاسایانەو دابین کردنی بودجەو دیاریکردنی لێژنەی ئیژەیی، رادان و دادگای ئینقلابی رژیم بۆ سەرکووتی خوێناوی جەماوەری ئێران نیشان لە ترس و وەحشەتە لە ئاخێزی جەماوەری چون رژیم دەزانێ ئەوەی دەیروخێنێت و پاڵی پێوە دەنێت بزووتنەوەی جەماوەرییە. سەبارەت بە بەشی کۆتایی پرسیارەکەتان ئەوە دەڵێم کە روخانی ناوەرۆکی ، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی رژیم ساڵانێکە دەستی پێکردووەو لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی گەیشتە لووتکەو ئەو رەوتەیش تا هاتووە گەشانەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
دابڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێو ئێراندا لە نێوان رژیم و جەماوەر رو لە هەڵکشانە چوون کۆمەڵگا لە هەمو روویەکەوە بەرەو پێشکەوتن هەنگاوی ناوە، دونیای دیجیتاڵ و پێشکەوتنەکانی گەیاندن تازە هیچ لەمپەرێک ناتوانێ رێگر بێت لە بەرەو پێش چوونی.
بە پێی ژێرخانی فیکری و سەرخانی بەڕێوەبەری رژیم کە نامۆیە بە هەرچەشنە پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی و کلتووری بەرکەوتنی هزری سیاسی لە نێوان دو لایەن واتە رژیم و خەڵکی ئێران هاتوەتە ئاراوە کە هیچکامیان ناتوانن ئەویتر قەبووڵ بکات و لە ئاکامدا بیری چەقبەستووی رژیم دەبێ روخان و شکستی خۆی قەبووڵ بکات.
پرسیار: ئایا پێشرەوی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و سەنگ و قورسایی هەڵسووراوانی مەدەنی و پیشەیی لە ئێران هەتا چەند دەتوانێ لەسەر پاشەکشەکردن بە سیاسەتی شەرەنگێزانەی کۆماری ئیسلامی و هەروەها سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی رژیم شوێندار بێ؟
وەڵام: کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتانی پێشکەوتو دیمۆکراتدا پردی پێوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتن و داخوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری، سینفی و هەربابەتێکی دیکەی کۆمەڵگا لە لایەن کۆمەڵگای مەدەنییەوە بە ژوورە فیکرییەکانی دەسەڵات دەگات و بەپێی ئەو داخوازییانە پلان، تاکتیک و ستراتێژی بۆ دادەڕێژن و بە پێی بەرژەوەندییە گشتییەکان سیاسەتی خۆیان دادەڕێژن. کۆمەڵگای مەدەنی وەک هێزی فشار و بزوێنەری کۆمەڵگا کار دەکەن.
بەڵام لە وڵاتە نادیمۆکراتیکەکاندا هاوشێوە ئێران هەرچەشنە داخوازییەکی کۆمەڵگای مەدەنی، چالاکیان و هەوڵە بونیاتنەرەکانیان بە هەڕەشە، زیندان و کوشتن وڵام دراوەتەوە.
چالاکی مەدەنی لە گەڵ چەندین چالێنجی وەک پێشێلکارییە مافی مرۆڤییەکان، کێشە یاساییەکان کە بە پێی یاساکانی رژیم چالاکییەکانیان سنووردارەو ناتوانن دەست ئاوەڵاییەکیان هەبێت.
چوون هەوڵدان بۆ ریفۆرم و گۆڕانکاری لە سیاسەتی کەلان روبەدەرەوە، وەک هەنگاو دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پاڵپشتی لە حیزبە شۆڕشگێڕەکان ناوی لێدەبرێت ئەم بڕگە یاساییە توانیویەتی زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی تووشی زیندان و ئەشکەنجە بکات و ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆرێک لەو چالاکانە لەزیندانن.
بەڵام روبە ناوخۆ سەرەڕای ڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتەیش هەنگاوە مەدەنییەکانی خەڵکی ئێران وەک مانگرتنی کامیۆنداران، موعەلیمان، ژنان و کرێکاران چوون بەرژەوەندییە سینفی و هاوبەشە کورت مەوداکان توانیویەتی پاشەکشە بە رژیم بکات. پێک هێنانی کەمپەینی جەماوەری نا بە سەرکووت نا بە ئێعدام، نا بۆ توندووتیژی وەک رابردوو کە ئەگەر جەماوەری بن رژیم تووشی پاشەکشە دەکات.
پاشگەزبوونەوە یا سڕکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ ئاکامی هەوڵە مەدەنییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئێرانن کە بەباشی جوابی داوەتەوە. بەڵام تا ئێستا ئەم هێزە واتە کۆمەڵگای مەدەنی نەیتوانێوە بەرانبەر بە فەتوای خومەینی هەناردە کردنی ئینقلاب یا دەستتێوەردان و تێرۆرە ناوچەیی و دەرەکییەوکانی رژیم بە باشی خۆی نیشان بدات.
بەڵام پێم وایە لە ئەگەری لاوازی زیاتری رژیم و بێهێز بوونی ناوەندەکانی سەرکووت دەتوانێ رۆڵی خۆی چ بۆ ریفۆرم و چ بۆ رووخان و ئاخێزی جەماوەری زیاتر بنوێنێت و رساڵەتی خۆی بە باشی بەڕێوە ببات.