زۆربەی ئۆپۆزسیۆن و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران “دێموکراسی” وەک بنەمایەک بۆ دوای ڕووخان و لە ناو چوونی ئەو ڕژیمە پێناسە دەکەن و زۆرجاریش وەک دروشمێک کەڵکی لێوەردەگرن. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دێموکراسی لە پێناسەی هەرکامیان جیاوازە و بەپێی ئەولەویەت و بەرژەوەندییەکانیان لێکیدەدەنەوە. ئەگەر بڕێک بەوردی لە بنەمای سیاسی و ئابووری هەندێک لە لایەن و گرووپەکاندا بڕوانین، دەردەکەوێت کە تەنیا لە هەندێک بابەتدا لەگەڵ ڕژیمی ئێستا جیاوازن و زۆر لە بنەما فکری و سیاسییەکانیان لەسەر هێڵێکی هاوبەش داڕشتووە و تەنیا بە چەند وشەی وەک دێمۆکراسی هەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. تا ڕادەیەکی زۆر تەنیا ئەوەی لەو لایەن و گرووپانەدا دەبیندرێت دژایەتی کردنی ئیدئۆلۆژی ئایینیە، بەڵام لەگەڵ دەسهەڵاتی پان فارسیزم یان فارسی توندڕەو، هیچ کێشەیان نیە و بگرە زۆر بە توندیش لایەنگری دەکەن. بۆیە تەنیا وشەی دێموکراسی وەک ئامانجێکی هاوبەش دەرخەری وێنەیەکی ڕوون لە داهاتوو نیە و هەر بۆیەش ناتوانێت فاکتەرێکی سەرەکی بێت لە یەکخستنی کۆمەڵگای فرەچەشنی ئێراندا.
بە دڵنیاییەوە دێموكراسی پایە و بنەمای تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام وڵاتانی دێموکراتیک بەگوێرەی پڕۆسەی سیاسی، مێژویی، پێکهاتەی نەتەوەیی و پرسە ناوخۆییەکان، شێواز و پلەی جیاواز لە دێموکراسی پەێڕەو دەکەن. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین کە ئەوە بارودۆخ و پرسەکانی وڵاتە کە شێوازی دێموکراسی دیاری دەکات، بۆیەش تا ڕادەیەکی بەرچاو لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەتوانێت جیاواز بێت. هەر بۆیەش پێویستە دێموکراسی لە ئێراندا بە شێوەیەکی گونجاو بتوانێت ئەو پرسانەی پەیوەندیدارن بە شوناسی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئایینی و چینایەتی و هتد، چارەسەر بکات و زوڵم و هەڵاواردن لە دژی ئەوان نەهێڵێت.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیەکە کە لە ئێرانی ژێر دەسهەڵاتی کۆماری ئیسلامی، چەندین بابەت و پرسی وەک، دیکتاتۆریەتی ئیدیۆلۆژیکی ئایینی شیعە، سیاسەتی تاک زمانی (فارسی) لە وڵاتێکی فرە زماندا و هەوڵی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دارێژڕاو بۆ تواندنەوە و ئاسەمیلە کردنی زمانەکانی دیکە و هەڵاواردنی ڕەگەزی و پیاو سالارانە و بە یاسا کردنی ئەو بابەتانە، ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ژیانی هەر تاکێکی ئەو وڵاتەدا داناوە کە چەندین پرس و کێشەی دیکەش بەدوای خۆیدا دێنێت. نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد، نایەکسانی دەرفەتەکان بۆ باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان، نەبوونی ئازادی چالاکی حیزبی، پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و ڕانت و گەندەڵی ئابووری و سیاسی، لێکەوتەی دیکتاتۆریەتی ئیدیۆلۆژیکی ئایینییە. بە دڵنیاییەوە سیاسەتی تاک زمانی (فارسی) لە وڵاتێکی فرە زماندا بۆتە هۆی پێناسەکردنی شوناسی ئێرانی بە ناسنامەی فارسی، دانانی ئیمتیازاتی تاڕادەیەک تایبەت بە زمان و کولتووری فارسی، بێبەشکردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە خوێندن بە زمانی خۆیان، تێڕوانینی ئەمنیەتی لە نەتەوە غەیرە فارسەکان، هەر ئەوەش ئاکامەکەی هەڵاواردنی ڕێژەی لانیکەم لە سەدا پەنجای دانیشتوانی ئێران لە زۆربەی پرس و بابەتە سەرەکیە سیاسی و ئابووری و بەڕێوبەرییەکانی لێدەکەوێتەوە. نایەکسانی نێوان ژن و پیاو لە دەستوور و یاسا و ڕێسا و دەسهەڵاتی دادوەریدا، یاسای دژە ژن لەسەر بنەمای شەریعەت، بە کاڵاکردنی ژنان و خاوەندارێتیکردنیان لەلایەن پیاوانەوە، جیاکاری لە دژی ژنان و شوناسە ڕەگەزییەکانی دیکە لە پۆستە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و حکومییەکاندا، وای کردووە نیوەی کۆمەڵگای ئێران بە کردەوە لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا هیچ ڕۆڵێکیان نەبێت و تەنیا چاولەدەستی نیوەکەی دیکە بن و بە واتایەکی دیکە، کۆمەڵگایەکی ئیفلیج کە نیوەی جەستەی لە کار کەوتووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتانەی باسمان کرد بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئەو سیستەمە گەنجاوەی کە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە لەخۆدەگرێت، پێی دەوترێت دێموکراسی تەواو (ڕادیکاڵ یان پێشکەوتنخوازانە) و بە کورتی دێموکراسی، فێدرالیزم، سکۆلاریزم و یەکسانی ڕەگەزی لەخۆدەگرێت.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە وتار و هەڵسووکەوتی گرووپە سیاسییە جۆراوجۆرەکان، دەتوانین بڵێین کە لە دوای کۆماری ئیسلامی، لانیکەم دوو تایبەتمەندی یەکسانی ڕەگەزی (نێوان ژن و پیاو) و سکۆلاریزم (جیایی ئایین و سیاسەت) لە دەستووردا دەتواندرێت بگونجێت. دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین کە ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانە لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژنان لە لایەک تووشی چەوساندنەوەی توندتر دەبن و لە لایەکی دیکەشەوە ئومێدێکی گەورەیان بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ڕەگەزی لەدوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگیرێت کە ڕەنگدانەوەی ئەم پرسانە لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگادا کاتی دەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی و گۆڕینی یاسا و مافە فەرمیەکان، مەرجێکی پێویستە و خاڵی دەستپێکی ئەو بابەتانەیە.
لەم چوار تایبەتمەندیەی کە بۆ حکومەتی دوای کۆماری ئیسلامی ئاماژەمان پێکرد (دێموکراسی، فیدراڵیزم، سکۆلاریزم و یەکسانی ڕەگەزی)، دێموکراسی بە گشتی و بە ڕواڵەت لەلایەن هەموو گرووپ و حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان قەبووڵ کراوە، بەڵام ڕادەی بەدیهێنانی پەیوەستە بە چەندین هۆکاری دیکەوە. یەکێک لەو هۆکارانە فۆرم و شێوازی سیستەمی داهاتووە، کە دەسهەڵاتی پاشایەتی و کۆماری (سەرۆکایەتی یان پارلمانی) وەک دوو سیستمی بەڕیوبەری بۆ داهاتووی ئێران لە ئێستادا زۆرترین قسە و باسیان لە ناو ئۆپۆزسیۆندا لەسەرە.
بە تیشک خستنە سەر ئەو بابەتە کە لە ڕاستیدا ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ئێراندا زۆر بە باشی ڕێکنەخراون، (ئەوەش بۆ سیاسەتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی کۆماری ئیسلامی دەگەڕیتەوە نەک بۆ خودی ڕێکخراو و چالاکانی مەدەنی)، ئەگەری ئەوەی کە کەسێک بتوانێت لە ڕێگەی بەدیهێنانی قەیرانی جۆراوجۆرەوە دەست بەسەر دەسهەڵاتدا بگرێت و قۆرغی بکات، زۆرە. لە لایەکی دیکەوە بەداخەوە مەرجی دێموکراسی هاوبەش لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و مەدەنی، تا ئێستا تەنیا ئەوەیە کە دەسهەڵاتی داهاتوو تەنیا ئیدئۆلۆژیک و ئایینی نەبێت. ئەگەرچی ئەوە مەرجی پێویستە بەڵام لە ڕاستیدا تەواوکەر نیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕێک لە گرووپ و لایەنگرانیان، بێ بەری خۆیان لە ئیدئۆلۆژی پان ئێرانیزم و پەهلەویەت ڕانەگەیاندووە و هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوبابەتە. ئەم ئیدئۆلۆژیە کە لە بنەڕەتدا ناوەندگەرایە و دژی لامەرکەزییەتە و بنەما و تەوەری سەرەکیەکەی بۆ قۆرغکاری دەگەڕیتەوە، هەر بۆیەش هیچ ئەوەیکە ناتوانێت زوڵم لە دژی نەتەوە غەیرە فارسەکان نەهێڵێت، بەڵکوو گوتاری توندوتیژی و نەتەوە پەرەستانەی پاشایی خوازەکان، ترس لە گەشەکردنی ئەو بیرو باوەڕانە زیاتر دەکات.
هۆکارێکی دیکە کە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕێژە و چەند و چۆنی وەدیهاتنی دێموکراسی، پێکهاتەی سیستەمی کارگێڕی وڵاتە لە ڕوانگەی ناوەندگەرایی یان لامەرکەزیی بوونەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی جیهانی، سیستەمی لامەرکەزی (فێدرالیزم) چارەسەری کێشەی فرە نەتەوەییە. فێدرالیزم لە ڕاستیدا سیستمێکە کە پلۆرالیزم (سەربەخۆیی گرووپە سیاسیەکان) و فرە زمانی جێبەجێ دەکات؛ بە ڕاسپاردنی ئیدارەی کاروباری ناوخۆ بۆ خەڵکی ناوچە و هەرێمەکان، مافی چارەی خۆنووسین دەستەبەر دەکرێت و ئەو هەلە دەرەخسێنێت بۆ خەڵک کە خۆیان چاودێری ڕووداوەکان بکەن و بەشداری ڕاستەوخۆیان هەبێت لە بابەتەکاندا و یارمەتیدەر بن بۆ بەدیهاتنی زیاتری دێموکراسی؛ فێدرالیزم، بە دابەشکردنی دەسهەڵات و ئابووری و سەروەت و سامان لە نێوان ناوەندە جیاوازەکاندا، ڕێگری دەکات لە کەڵەکەبوونی لە دەستی یەک ناوەند، دەزگا یان کەسێک و هەروەها بەربەستێکی کاریگەر دەبێت بۆ سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت. هەموو ئەمانە پێکەوە جیاوازیەکان دەگۆڕن بۆ یەکگرتویی و بەم شێوازە یەکپارچەیی خاک و وڵات مسۆگەر دەکرێت.
بەبێ فێدرالیزم، دێموکراسی بێتوانایە لە بەدیهێنانی مافە گشتیەکان و نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوە جیاوازەکان. بە پێچەوانەشەوە فێدرالیزم بەبێ دێموکراسی لە چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی لاوازە. چین نموونەی وڵاتێکە کە سیستەمێکی فێدرالی هەیە کە دێموکراسی تێدا نییە، کە نەک هەر پرسی نەتەوەیی چارەسەر نەکردووە، بەڵکوو زیاترین چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەییەکان لەو وڵاتەدا ڕوودەدات. بۆیە فێدرالیزم و دێموکراسی تەواوکەر و پێویستی یەکترن، کە پێکەوە (لەگەڵ هەندێک فاکتەری دیکە) دێموکراسییەکی تەواو پێکدەهێنن. ئەمەش بەو مانایەیە کە، لە سیستمێکی فێدرالی دەبێت لەسەر بنەمای دێموکرسی پێکبێت، واتە هەم حکومەتی ناوەندی و هەم حکومەتە ناوچەییەکان، دەبێت دێمۆکراتیک بن. ئەوەش کاتێک پێک دێت کە پایەکانی دێموکراسی وەک ئازادیی ڕادەربڕین، پەیوەستبوون بە حیزب و لایەنەکان، کۆبوونەوە، هەڵبژاردنی ئازاد و هتد، دەبێت لەسەر هەردوو ئاستی هەرێم و فێدرال (سەرتاسەری وڵات) بەدیبهێنرێن.
بە دڵنییایەوە زۆربە حکومەتەکان هەوڵ دەدەن بۆ حکومەتیکی ناوەندی و دژایەتی لامەرکەزیەت و فێدرالیزم دەکەن، هەر بۆیە ئەو بابەتە پێویستی بە هەوڵێکی جددی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەدا هەیە. هۆکارێکی سەرەکی کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەهێزکردنی بەرەی نەتەوەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ناوەندگەرییەکان دەگێرێت، هاوکاری لایەنەکانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکانە، هەروەها هاودەنگی نێوان تاکەکانی ئەو نەتەوانەیە. تا حیزب و گرووپە نەتەوە غەیرە فارسەکان بە یەکگرتوویی زیاترەوە پێکەوە بوەستن و پێشوەختە لەسەر داواکارییەکانیان ڕێکبکەون و بە یەکسانی بیخەنە ڕوو، زیاتر دەتوانن نەک تەنیا لە دوای کۆماری ئیسلامی بەڵکوو لە هاوپەیمانی ڕێبەری کردنی ناڕەزایەتییەکان، پێگەیەکی پتەوتریان هەبێت. بەڵام دەتوانین بڵێین بنەڕەتیترین ئاستەنگ له بەڕدەم لێکنزیک بونەوەی حیزب و نەتەوەکانی غەیرە فارس، بابەتی داواکاریەکانە سەبارەت بە ناوچە و خاک و سنووری هەرکام لەوانەیە. ئەم بابەتە دەتوانین بڵێین یەکێکە لە سیاسەتە بەرنامە بۆ داڕێراوەکانی ڕژیم لە دەورانی دەسهەڵاتی خۆیدا بووە کە بەردەوام هەوڵی بۆ داوە تا بتوانێت نەتەوە جیاوازەکانی ئێران دژ بەیەک بوەستێنێتەوە و نەهێڵێت یەک بگرن. جا بە تایبەت ئەو نەتەوانەی کە سنووری هاوبەشیان هەیە زیاتر ئەو بابەتەی تێدا زەق کردوونەوە. بەڵام ئەوەش بە هۆشیاری حیزب و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکان تا ڕادەیەکی زۆر کەم ڕەنگ بۆتەوە و درووشمەکانی خەڵک لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە ڕوونی ئەو بابەتەی دەرخست.
هەر بۆیەش لە ئێستادا بۆ بەرفراوانکردنی بەشداریی خەڵک لە ناڕەزاییەتیەکان بۆ ڕووخانی یەکجاری ڕژیم، یەکگرتووی و یەکڕیزی سەرجەم نەتەوە جیاوازەکانی ئێران پێویستە و بەشداری گشتگیر و یەکلاکەرەوەی خەڵک پەیوەستە بە ئەوەی لە داهاتووی ئێراندا چ ڕۆڵێک دەبینێت. هەر بۆیەش دەبێت (دێموکراسی، فیدراڵیزم، سکۆلاریزم و یەکسانی ڕەگەزی) کە لە پرسە هەرە گرنگەکانە بۆ داهاتووی خەڵک، مسۆگەر بکرێت و هەوڵ بدرێت لە دەستوور و یاسای دوا ڕۆژدا جێگیر بکرێن.