کۆبوونەوەکە ڕۆژی شەممە ٦ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی، بە ئامادەبوونی شاندێکی کۆمەڵە بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان ناهید بەهمەنی ئەندامی دەفتەر سیاسی، جەمیلە ڕەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و حەمید ئەمینی بەرپرسی کۆمیتەی کۆمەڵە لە فەڕانسە و هاوکاری دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان وه لەلایەن ڕیزدار دیلان بوتیفلات، سکرتێری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی سۆسیالیستەوە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.
باسەکانی ئەم دیدارە لەسەر میحوەری شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و کاریگەرییە قووڵەکانی لەسەر کۆمەڵگای ئێران و کوردی بوو. لە دیدارەکەدا باسیان لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ژنان لەم ڕاپەڕینە مێژووییە و پێگەی دیار و بەرچاوی کۆمەڵە لە پێشخستنیدا کرد.
جگە لەوەش بارودۆخی ناوچەکە، بارودۆخی ئێران و بەتایبەتی پرسەکانی کوردستان و هەروەها چارەنووسی زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بەتایبەتی ژنانی کورد کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێنراوە، وەک نیگەرانییەکی جیددی خرانە بەرنامەی کار.
لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و فراوانکردنی هاوکارییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەت لە چوارچێوەی ئینتەرناسیۆنالی سۆسیالیستدا کردەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە دوو ڕێکخراویی نێونەتەوەییدا لە گەڵ پاڕتی سۆسیالیستی فەڕانسە هاوپەیمانە و هەردووک وەک سۆسیال دێموکڕات لە زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە گەشەی بەهاکانی سۆسیال دێمکرات وەک دوو پاڕتی دەستە خۆشک هاوکارن.
دەفتەری پەیوەندییە نێەنەتەوەییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
