By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: کۆماری ئیسلامی، کورد و سێ‌ژن و سێدارە
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > کۆماری ئیسلامی، کورد و سێ‌ژن و سێدارە
وتار

کۆماری ئیسلامی، کورد و سێ‌ژن و سێدارە

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/09/15 at 7:14 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
13 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

دوابەدوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و جەنگی دوازدەڕۆژە کە وەک دوو ڕووبەڕووبوونەوە و دوو شکست لە دوو بەرەی ناوخۆیی و دەرەکیدا بۆ کۆماری ئیسلامی دێتە هەژمار، بەو واتایە لە یەکەمدا ڕەوایی خۆی بەتەواوی لەدەستدا و لە دووهەمدا هەیمەنەی تێک شکا، شەپۆلێکی کەم وێنە لە سەرکوت و سێدارە دەستیپێکردووە. ژمارەیەکی زۆر لەسێدارە دراون و ژمارەیەکی زیاتر لەژێر حوکمی سێدارەدان یاکوو مەترسی دەرچوونی سزای سێدارەیان لەسەرە. هەروەک ڕابردوو نووکی ئەم هێرشانە ڕوو لە کوردستانە بەو جیاوازییەی ئەمجارە ژنانیشی کردووتە ئامانج. ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی پەخشان و وریشە و شەریفە و چەندین کوردی دیکە بەرزبووەتەوە. هەرچەند کورد لەگەڵ سەرکوت نامۆ نییە بەڵام مەبەست لەم خولە نوێیە لە سێدارە و توندوتیژیی حکومەتیی چییە؟ سەرچاوە و هۆکاری ڕقی کۆماری ئیسلامی بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ جیاوازی دەرچوونی ئەم حوکمانە چین و گرنگایەتی بەرەنگاربوونەوەی هەرچی زیاتری لەچیدایە؟

یەک لە پێناسەکانی دەسەڵاتگەلی تۆتالیتەر لەشێوەی کۆماری ئیسلامی، هەوڵ بۆ یەکدەستکردن و سڕینەوەی هەرجۆرە جیاوازی و دژایەتییەک بەرانبەر ئیدئۆلۆژی حاکمە لەڕێگای سەرکوت و قبووڵ نەکردنی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتی. بە واتایەک، پاراستنی زۆرەملێی دەسەڵات. لەم سونگەوە سەرکوت نە وەک ئامراز بەڵکوو یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتدارییە کە نەک لەهێز بەڵکوو لە ترس و دڵەڕاوکەیەکی هەمیشەیی سەرچاوە دەگرێت. هێز و دەسەڵات دوو چەمکی جیاوازن، یەکیان فەرمانکردن بەپێی زۆرداریی و سەپێندراوە، دووهەمیان فەرمانبردنی خوازراو بەپێی گرێبەستێکی دوولایەنەی عەقڵانی یان یاسایی کە بەرژەوەندی گشتیی و ئەرک و مافی هەردوولای تێدا ڕەچاو کراوە. لە یەکەمدا فەرماندەر تەنیا بە زەبری زۆر حوکم دەکا و فەرمانبەر چارەیەکی جگە لە قبووڵ نییە، لەوی دیکەدا ئەگەر فەرمانبەرێک نەیهەوێت، دەسەڵات لە مانا خاڵی دەبێتەوە. بۆیەش لای ئەوان هەرجۆرە نافەرمانی و ناڕەزایەتییەکی جەماوەر نە وەک داوکارییەکی خەڵکیی بۆ گەیشتن بە ماف و پشکیان لە گرێبەستەکە بەڵکوو وەک هەڕەشەیەک لەسەر دەوام و مانەوە دەبیندرێت و لەجیاتی وەڵامدانەوە یان چارەسەرکردنی سەرچاوەی کێشە، پەنا بۆ هێزی سەرکوت و تۆقاندن دەبەن بەڵکوو خودی پرس و پرسیارەکە بسڕێنەوە. ئەگەرچی سەرچاوە و قەبارەی هێز یەکسان و هەمیشەیی نییەو بەردەوامبوونی ناڕەزایەتی دەتوانێت درز بخاتە نێو پێکهاتە و پتەویی سەرچاوەکانی هێز و، یان هاوڕای بکا یاکوو تووشی دوودڵی و هەڵوەرین و هیلاکی بکات. 

لە حکومەتگەلی دیکتاتۆر و پاوانخواز و دەسەڵاتخواز، پاڵپشتیی جەماوەر و ڕەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە نزمترین ئاستدایە. ڕێگایەک بۆ هەڵبژاردنی ئازادانە و دەستاودەست کردنی دەسەڵات یان گۆڕانکاری و گەیاندنی ئازادانەی دەنگی ناڕەزایەتی بەدی ناکرێت. بۆیە چارەیەک جگە لە پێداگربوون لەسەر ئیدئۆلۆژی سەپێندراو و وەبەرهێنان لەسەر زەبری زۆر و کونتڕۆڵی نیزامی و ئەمنییەتی نامێنێتەوە. سەرهەڵدانی هەر ناڕەزایەتییەک راستەوخۆ بەواتای رووبەڕووبوونەی خەڵک و حکومەتەو دەتوانێت کەلێنی نێوان کۆمەڵگا و حکومەت قووڵتر بکاتەوەو ئەگەر تەشەنە بسێنێت، بەرەو داڕمانی ببات. بۆیە حکومەت لەجیاتی پاشەکشێ یان دانوستاندن و وتووێژ کە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەی نایەتەوە، دەست بۆ سڕینەوە و سەرکوت دەبا. بەو مەبەستەی بەسازکردنی کەشوهەوای تۆقێنەر، تێچووی دەنگهەڵبڕین بباتە سەرەوە و دەنگی ناڕەزایەتی کپ بکا. ئەم شێوازە سەرکوتە پێویستی بە کۆمەڵێک کردەوەی دیکە وەک پڕۆپاگەندا، سیناریۆسازی، سانسۆڕ و بوختانە بۆ ئەوەی ڕەوایی پەیدا بکا و بە گێڕانەوەیکی ساختەو بەبیانووی پاراستنی تەناهی وڵات، زۆرینەی ناڕازیی بە دوژمن ناو ببا و گروپی بچووکی پاڵپشت بە قەناعەت بگەینێت. 

سیما و هێمای ئەم سەرکوت و تۆقاندنە لە کۆماری ئەسلامیدا سێدارەیە. ئەم وڵاتە بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی بەپێی دانیشتووان لە جیهاندا هەیە. لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٢ەوە هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە تەوژمی شۆڕشی ژینا کەم بوویەوە، ڕێژەی سێدارەکان بەرزتر بوونەوە. بەجۆرێک کە لە ٥٧٠ کەسەوە بۆ زیاتر لە ٨٥٠ کەس لە ٢٠٢٣ و زیاتر لە ٩٧٠ کەس لە ٢٠٢٤ بەرزبوونەوە، ئەمەش زۆرترین ڕێژە لە دوو دەیەی ڕابردوودایە. تەنیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە هەتا ئێستا نزیکەی ٨٥٠ کەس لەسێدارە دراون و پێدەچێت کۆی گشتیی بەرزتر لە ساڵی پار بێتەوە. زۆربەی ئەم سزانە بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر و قەساس دەسەپێت بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و بەناو ئەمنییەتی پەرەی سەندووە. پرسی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لەو ڕووەوە گرینگە کە بۆ بەردەوامبوونی ئەو سووڕەی توندوتیژی و ترساندنە، بۆ حکومەت پێویستەو بەدژی جیابیران و دژبەران بەکار دەهێندرێت.

ڕاستە بەهۆی بەرزبوونەی ئاستی هوشیاری کۆمەڵایەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دژایەتی و وەستانەوە بەرانبەر بە سزای سێدارە زیادی کردووە؛ دەیان کەمپەینی مەجازی جۆراوجۆر بۆ ناڕەزایەتی و وەستانەوە لەهەمبەر ئەم قەتڵە حکومی و سیستماتیکە ڕێکخراوەو زۆر جار ئەکتی کردەوەیی و گشتیشی لێکەوتووتەوە بەڵام ئەم وەستانەوەیە لە کوردستان ڕەنگ و بۆنێکی دیکەی بووە. مانگرتنی گشتیی ٢٣ی گوڵانی ١٣٨٩ بەدوای لەسێدارەکانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی،  ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ لەدوای لەسێدارەدانی ڕامین و زانیار و لوقمان، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ بەبۆنەی لەسێدارەدانی پژمان و وەفا و هەژیر و موحسێن، هەروەها مانگرتنی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی کە بۆ یەکەمجار پێش لە بەڕێوەچوونی سزای پەخشان و وریشە بەڕێوەچوو، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە کۆمەڵگەی کوردستان چیتر قوربانیبوونی ڕۆڵەکانی بەدەست سەرکوتگەران قبووڵ ناکا و کاردانەوەی دەبێت. هاوکات هەڕەوەزی دیکە بۆ پێشگرتن لە جێبەجێ بوونی سزای سێدارەی سێ ژن و پێنج زیندانی سیاسی کورد کەوتووتە رێگا و توانیویەتی تا رادەیەک دەنگی بە گوێی کۆمەڵگای جیهانیی بگەیەنێت.

بەپێی سەرچاوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەر ئێستا ٥٤ بەندکراوی سیاسی لە چاوەڕوانی جێبەجێ بوونی سزای سێدارەدان کە ١٠ کەسیان کوردن و شەریفە موحەمەدی بە تۆمەتی ئەندامییەت لە ڕێکخراوێکی کوردستانی ئەو سزایەی بۆ دەرچووە. لەم ١١ کەسە تۆمەتی ٩ کەسیان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێوەندی بە بزووتنەوەی ژیناوە هەیە. لەم ڕێژەیە ٣ کەسیان ژنن کە دوانیان کوردن. لەبیرمان نەچێتەوە دوای کوشتاری دەیەی ٦٠ و  لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا دوایین بەندکراوی سیاسی ژن کە لەسێدارە درا، شیرین عەلەم هولی، کورد بوو. پەیامی کۆماری ئیسلامی بۆ کورد و ژنانی کوردستان چییە؟

کێشەی سەرەکی ڕژیم، پرسێکی بنچینەیی بەناو کورد و کوردستانە کە لە ئێران و ناوچەکە هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. نەتەوە و شوێنێک کە بەدرێژایی مێژوو کەوتووتە بەر شاڵاوی هێرش بەڵام هیچکات بەتەواوی ملکەچ و دەستەمۆ نەبووە. کوردەکان، لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە ناوەڕۆکی ئەم ڕژیمەیان بردە ژێر پرسیار و ڕووبەڕووی وەستانەوە. نەورۆزی خوێناوی سنە، تێکهەڵچوونەکان لە شار و ناوچەکانی دیکە، بایکۆتی ڕێفراندۆمی ٥٨، کۆچی مێژوویی مەریوان، بڕیاری بەرەنگاری لە ٢٨ی گەلاوێژ و خۆڕاگری چەندین ساڵەی دوای ئەوە کە هەتا ئێستاش لەلایەن خەڵک و حیزبەکانیانەوە بەردەوامە، کوردستانی کردووە بە سەنگەرێکی نەگیردراو و کوردی وەک دوژمنێکی سەرسەخت و کۆڵنەدەر بۆ ڕژیم هێشتووتەوە. کورد هیچکات بە خواستی خۆی دەسەڵاتی ڕژیمی قبووڵ نەکردووە، بۆیە وەک ناوچەیەکی داگیرکراو بووە کە تەنیا بەزەبری هێز و بەڕوانگەی ئەمنییەتییەوە ڕایگرتووە. بۆیە ئامانجی ڕژیم لەم سەرکوتە، پیشاندانی لێخۆشنەبوون و دڕندەیی بەنیسبەت نەیاران و دوژمنانیەتی لەپاڵ چاوترسێن کردنی نەتەوە بندەستەکانی دیکە و دانیشتووانی ئێران بەتایبەتیی خەڵکی کوردستان کە زۆرترین ئیستعداد و لێهاتوویی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هەیە. هێمایەک لە خۆسەپاندنی ناوەند بەسەر پەراوێزدا. بەو پەیامەوە کە لە کوردستان، هیچ چەشنە چالاکییەکی سیاسی و مەدەنی تەنانەت ئاشتیخوازانە ڕێگەپێدراو نییە.

ژینا کورد بوو. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستانەوە سەری هەڵێنا. ژنان لە ئایچی یەکەمین دروشمەکانیان دا و سەرپۆشەکانیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی هەڵدا، دواتریش سەدان فرەیم لە ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتی و ئازایەتی ژنان بوو بە سەمبۆلی پێشکەوتووترین بزووتنەوەی ژنانەی هاوچەرخ. شەپۆلێک لە کوردستانەوە دەستیپێکرد و بەخواستگەلێکی پێشکەوتوو، هەموو پانتایی ئێرانی گرتەوە و هەتا دوایین ساتەکان، لە کوردستان هەر بە زیندوویی و داینامیک مایەوە. کینەیەک کە ڕژیم لە کوردستان بە دڵی گرت، تەنیا وەبیرهێنەرەوەی ٤٦ ساڵ خۆراگری و نا وتن و وەستانەوە یان دڵەڕاوکێ کە ماتەوزەیەک نەبوو بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی وەدیهاتوو بوو کە بەرەو ترازانی دەبرد. بۆیە ئەو ئاستە لە دڕندەیی و سەرکوتەی لە کوردستان کردی و دەیکا، راستەوخۆ هەوڵ بۆ تۆڵەسەندنەوەیە لە دەستپێشخەران و بەشداربووانی ئەو بزووتنەوەیە واتە ژنان و لاوان و پیاوانی کوردستان.

ژن لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام و فەرهەنگی باوکسالارانە و پیاوسالارانەی دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام وەکوو جنسی دووهەم و ژێردەستە و شوێنکەوتوو پێناسە کرابوو. ئەوەی کە ئێستا ددان بەوەدا دەنێت کە ژنێک توانیوە ببێتە هەڕەشە بۆ دەسەڵاتی نوێنەری خودا، بەواتای گۆڕانکارییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی هاوکێشەکانە. ئەمە بەرهەمی تێکۆشان و خەباتی ژنان بووە بەڵام لەبیرمان نەچێت کە وەها پێشەنگایەتییەک، سەمەرەی بلوغی کۆمەڵایەتی و کەلتووری کوردستان بووە. لەو کاتەیدا لە تاران و قوم سەرپۆشی ڕەشیان بەسەر ژناندا دەکێشا، ژنان لە کوردستان بەگژ دواکەوتوویی و زۆرداریدا دەڕۆشتنەوەو لە پرسی سیاسەت و بەڕێوەبەری و کۆمەڵگادا بەشدار بوون. ڕژیم بە سەپاندنی سزای سێدارە، بەدوای سڕینەوەی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت و زەربەلێدان لە ڕێبەریی کۆمەڵایەتیی ژنانە. پەیامێکی ڕوون کە تێچووی بەشداری ژنان لە سیاسەتدا و خواست بۆ یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، لێسەندنەوەی مافی ژیانیانە. لە پێکهاتەیەکدا کە جەستە، جلوبەرگ، ئیختیار و دەورونەخشی کۆمەڵایەتی ژنان بە وردی لەلایەن ڕژیمەوە کونتڕۆڵ دەکرێت، لەسێدارەدانی ئەم سێ ژنە جیاواز لە حەزفی سیاسی و فیزیکی، تەنبێ کردنێکی جینسییەتییە بەو مەبەستەی ژنان بباتەوە نێو سووچی ماڵان و ڕۆڵە سوننەتییەکانی وەک دایکبوون و ژنی پیاوبوونیان بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەوان لەو چوارچێوە و سنوورەی بۆیان دیاریکراوە تێنەپەڕن، حکومەتیش نەزمی باوکسالارانە و پیاوسالارانەی خۆی بپارێزێت.

ئەم سێ ژنە بەندکراوە سیاسییە، لە چەند بواری گرنگدا وەک مافی ژنان، کرێکاران، پرسی کۆمەڵایەتی و مەدەنی هەروەها ژینگەپارێزی چالاکییان کردووە کە هاوئاراستە لەگەڵ چالاکی بۆ مافی نەتەوایەتی، بەرچاوترین کێشە و پرسەکانی ئێستای ئێرانن. کەوابوو وەک هێمای ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵاواردن جینسییەتی، نەتەوەیی، چینایەتی و ژینگەیی دێنە هەژمار و نوێنەرایەتی پڕاوپڕی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەکەن. حوکمی سێدارەی ئەوان پەیامێکی ڕوونە بۆ بزووتنەوەگەلی نەتەوەیی، ژنانە، مەدەنی، کرێکاری، پیشەییەکان و ژینگەپارێزی کە سووتەمەنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن. ئەم بوارانە ماتەوزەیەکی زۆریان بۆ سازبوونی ناڕەزایەتی جەماوەری هەیە و هەڕەشەیەکی ناوەڕۆکیی بۆ نەزمی سیاسی و جەندەری ئێستای کۆماری ئیسلامین، حوکمەکەش وەک هێما و رەمزی سەرکوتێکی چەند ڕەهەندیییە. یەک لە هۆکارەکانی سەرکوتی بێ بەزەییانە و حوکمی سێدارە، سەپاندنی کەشوهەوای تۆقێنەرە. ژن، سەمبولی ژیانە. لەسێدارەدانی ژنان بەهۆی دەگمەن بوونەوە، کارتێکەری دەروونی زیاترە و کۆمەڵگا تووشی پەشۆکان و تۆقانی زیاتر دەکا. ئەمەش پەیامێکی سیاسی دیکەیە کە هەرشێوە ناڕەزایەتییەک کە جێگەوپێگەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بخاتە مەترسییەوە، بەتوندترین شێوە بەرپرچ دەدرێتەوە.

بەندکراوانی لەژێر سزای سێدارە، تۆمەتی هاوکاری و ئەندامییەت و چالاکی لە حیزبە سیاسییەکانیان لێدراوە.  ئەم رستەیە بەسە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی ئێران وێنا بکات. کوردستان، وێڕای داخوازی ڕەوای کەلتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی، جەوهەری ماف و سەرچاوەی خواستەکانی بە تەواوی سیاسییە. خواستەکانی بزووتنەوەی کورد، قووڵتر و بنەڕەتیی تر لەوەن کە بە گۆڕانی ڕەواڵەتی پێکهاتەیەکی سیاسی لە تاران وڵام وەرگرێت. کێشەی سەرەکی دەسەڵاتی ئیدئۆلۆگ و تۆتالیتەر و پاوانخوازیش، ئامادە نەبوون بۆ قبووڵی هەقیقەت، هاوبەشکردنی دەسەڵات و بەشداریدان لە سیاسەت و بەڕێوەبەرییە. بۆیە پشکی کورد لە ڕێژەی سێدارەکانی تایبەت بە تۆمەتگەلی سیاسی، زیاتر لە نیوەی ڕێژەی گشتییە. کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی تەنگی بە ڕژیم هەڵچنیوەو هاوکات گیرۆدەی شەڕی دەرەکی و دیپلۆماتیکە، بەتەمایە خۆی بە سێدارە و سەرکوت دەرباز بکا و پیشانی بدا، هەرچەندەش لاواز و بێ دەسەڵات بێت، هێشتاکە بەشی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی پێماوە. ئامانجی ئەو سەرکوتی زیاتری چەوساوەکان و ژنان و کورد و کەمینەکانە بەمەبەستی زاڵکردنی کەشوهەوای تۆقێنەر و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی لەپێناو ڕاگرتنی نەزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی، ئەرک و ئامانجی خەڵکیش، تێکهەڵپێچانی ئەو سیستەم و پێکهاتەیە. ئەگەرچی زۆر رێکخراوە و کەسایەتی لەدژی سزای سێدارەی کوردەکان وەدەنگ هاتوون و ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقی کوردە لە هەموو ئێران رووبەڕووی ئەو سزا نامرۆڤانەیە ببێتەوە، بەڵام پێویستە وەک کوردستان خاوەندارێتی لە ڕۆڵەکانی خۆی بکا و بە کەڵکوەرگرتن لەهەموو توانا و ئیمکانێک، پێش لە دووبارە بوونەوەی تاوانەکانی تاران بگرێت.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئومید تاهێری, کۆماری ئیسلامی، کورد و سێ‌ژن و سێدارە, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/09/15
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر لێکدانەوەی کۆمەڵگای ئێران بە تیۆرەکانی “لاکان”

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?