حیزب وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە خواست و ئامانجەکانی کۆمەڵگا، جگە لە کۆمەڵێک ئەندام و پێناسە و, بەرنامە و پێڕەو و, چەند دامودەزگایەک، پێویستی بە گوتاری ڕوون هەیە کە لە لایەن ڕێبەریی و ئەندام و دەزگای فەرمیی ڕاگەیاندنییەوە پێشکەش دەکرێت. بۆ ئەوەی حیزب لە ناوەرۆک و ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی بەتاڵ نەبێت، پێویستە گوتارە سەرەکییەکەی ئەو چەمک و پرسانە بگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان دان.
گوتاری ڕوون یان ” یەک گوتاریی” لە ژیان و بەردەوامیی حیزبێکی سیاسیدا، کە بە مەبەستی خوڵقاندنی هیژمۆنی و کاریگەریی لە گۆڕەپانی سیاسی و ئاڵوگۆڕ لە ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان دادەمزرێت، دەور و نەخشێکی کلیلی و یەکلاکەرەوەی هەیە. گوتاری هاوبەش کە هەموو یان زۆرینەی ئەندامانی حیزب و بەتایبەتی ئۆرگانەکانی ڕێبەریی لەسەری ڕێک و کۆکن، هۆکاری بنچینەیی بۆ یەکریزیی گشتیی حیزبە و پێچەوانەکەشی، واتە لە دۆخی نەبوونی گوتاری هاوبەش و چەند گوتارییدا، چەند بازنەیی و چەند جەمسەریی و ئاڵۆزیی لە سەرجەم جومگەکانی حیزبی بەدوادا دێت.
گوتاری حیزب، جۆری تێڕوانینی حیزبە بۆ بابەت و پرسە جیاجیا و گرینگەکان. ئەو ئەدەبییات و مێکانیزمە فکری و هزرییەیە کە شرۆڤە و شیکاریی بۆ ڕێڕەو و ڕەهەندەکانی گەیشتن بە مەبەست دەکات. هەربۆیە دیارییکردن و هەڵبژاردنی گوتاری گونجاو و دروست لە کاتە هەستیارەکاندا، پرسێکی هێندە گرینگە کە دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر چارەنووسی حیزب و کۆمەڵگا دابنێت.
کاتێک باس لە کاتە هەستیارەکان دەکەین، مەبەست ئەو کات و ساتە ئاوس بە ئاڵوگۆڕە مێژوییەکانن کە ڕەوڕەوەی نەتەوە و نیشتمانێک پێیدا تێپەڕ دەبن. لەوکاتانەدایە کە ڕوانگە و هەڵوێست و گوتاری بەجێ و دروست، جێگە و پێگەی هەر تاک و حیزب و لایەنێک دیاریی دەکات و تەنانەت دەریدەخات کە کێ لە بەرەی ڕاستەقینەی گەل دایە، کێ هاوتەریبی نەیار و دوژمنە و کێگەلیش لەوناوەدا، بەهۆی ڕوانگە و گوتاری ئاڵۆز و بێ سەرەوبەرە، ئاڵۆز و سەرلێشێواون و چۆناوچۆن لە درێژخایەندا متمانەی خەڵک و پێگەی جەماوەریی خۆیان لەدەست دەدەن.
ڕووداوە مێژووییەکان، ئاخێز و شۆڕشە فکری و سیاسیی و مەدەنییەکان، خوڵقێنەرن. کارلێکی ئەم چەمک و دیاردانە هێندە بەهێزو ناوازەن کە دەتوانن گوتاری نوێ ، کەلتووری نوێ، حیزبی نوێ و تەنانەت جیل وبەرەی نوێ و کۆمەڵگای جیاواز بخوڵقێنن. هاوکات دەتوانن گوتار و کەلتور و حیزب و ڕوانگەی جیل و بەرەکانی پێشووترکە سواو و ناتەبا لەگەڵ دنیای نوێن، لە ناوەرۆک و جیهانبینی بەتاڵ بکەن. ئەمەش بەتایبەتی ئەو کەس و لایەن و حیزبانە دەگرێتەوە کە لە ڕابردووی خۆیاندا دەژین و لە قۆناغێکی مێژوویی خۆیاندا قەتیس ماونەتەوە و لە جێی گۆڕان و بەڕۆژبوونەوە، نۆستالۆژی دەکەنە جیهانبینی و بەدیل و ئاڵترناتیو بۆ داهاتوو.
حیزب بە ناوەرۆک و ئامانج و دروشمە ستراتێژییەکانییەوە پێناسە دەکرێت بەڵام بە گوتار و تاکتیەکەکانییەوە خۆی دەسەلمێنێت. دروشمی ستراتێژیک بۆ حیزب پرسێکی بنچینەیی و پێویستە بەڵام هەربەتەنیا ئەوە بەس نییە. حیزب بە کردەوە و کاری هەنووکەیی و شەو و ڕۆژییەوە دەناسرێتەوە. حیزبێک کە تەنیا لە دروشم و چوارچێوە هزرییەکانی سەروبەندی دامەزراندنیدا قەتیس بێت و لەئاست ڕووداوەکاندا خاوەنی تاکتیکی گونجاو و گوتاری ڕوون و هەلوێست و پەرچەکردار نەبێت، ڕەوتێکی زیندووی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە ولەگەڵ ئەو کتێبە هزری و تێئۆرییانەی زەمەنێک بەسەر نووسینیاندا تێپەڕیوە، هیچ جیاوازییەکی نییە. جیاوازییەکە دەبێ لە توانایی، پتانسێل و ئیستعدادی گۆڕان و بەڕۆژبوونەودا ەدابێت.
پێشتر باسمان لە کاتە هەستیار و مێژووییەکان کرد. ئەوکات و ساتانەی کە بە ئاڵوگۆڕ و وەرچەخانی بنەڕەتی ئاوسن، لەڕاستیدا پێوانەیەکی وردی ڕەسەنایەتی و تەرازوی سەنگ و سووکیی حیزبەکانن. شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی ( ١٩٧٦ی زایینی) یەکێک لەوانە. لەو ڕۆژانەدا هەرچەند سەرجەم حیزبە سیاسییەکان خاوەنی بەرنامە و دروشم و ئامانجی ستراتێژیی بوون بەلام ئەوانەی خاوەن گوتاری ڕوون و دروست بوون، دەگمەن بوون. ئێستا کە ئاوڕ لە هەڵوێست و گوتار و کردەوەی ئەوکاتی حیزبەکان دەدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت ” کێ ” لە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی دۆخەکەدا ڕاست دەرچوو. ئەوانەی کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە، بێ دڕدۆنگی و سڵەمینەوە ولامی ” نا “یان بەو ڕژیمەدا و تەنانەت هەموو ئەوانەش کە لە بەرزەخێکی فکریی و کردەیی ( وەهمی تەئییدی خومەینی و ڕژیمەکەی) دەژیان و پێیانوابوو کە” بەڵێ “وتن بۆ ئەو ڕژیمە مافیان دەداتێ و پێشیان دەخات، دەردەکەون.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، نموونەیەکی نێزیک و بەرچاوی دیکەی ئەو بیرۆکەیەیە. هەرچەند خەڵکی کوردستان زۆر یەکدەنگ و یەکڕیز بوون و تەنانەت لە نێوان حیزبە سیاسییەکانیشیدا جۆرێک لە هاوئاهەنگی و بەیەکەوە کارکردن لەئارادا بوو، بەلام دیسانیش سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی گوتار و چۆنیەتی لێکدانەوەی بارودۆخەکە و لێکەوتەکانی، لەنێوان حیزبە سیاسییەکان جیاوازیی ڕوون و بنچینەیی هەبوو. ئەوکاتیش حیزب هەبوو (حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، یەکێک لەوان) کە پێیوابوو ئەم شۆڕشە سەرەتا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گشتی و لە ئاکامیشدا ئاخێزێکی بەرینی سیاسییە و بۆ بەڕێوەبردن و پشتگیریی و سەرخستنی بە لەبەرچاوگرتنی ناتەرازیی هێز و بە کەمترین خەسار دەبێ لە ڕێگای” بەجەماوەریترکردنی” کە لە قۆناغەی ئەوکاتیدا پێویستی بە خۆپاراستن لە تووند و تیژیی و خەباتێکی هێمنانەی مەدەنی و سەرتاسەریی هەبوو، هەنگاو بنێن. هاوکات کەس و لایەن و حیزبی دیکەش بوون کە بەبێ خوێندنەوەیەکی ورد بۆ بارودۆخەکە و هەلسەنگاندنی تەرازووی هێز و خۆگێلکردن یان ناشارەزاییان لە سەرجەم پیلانەکانی ڕژیم بۆ بەتوندوتیژی کێشانی جووڵانەوەکە و لە ئاکامیشدا بەتاڵ کردنی لە تایبەتمەندییە هەرە گرینگەکەی، واتە جەماوەریبوونی، پێیانوابوو لە ڕێگای چالاکیی توندی مەیدانی و بەتایبەتیش خۆتێهەڵقورتاندنی چەکدارییەوە دەتوانن شۆڕشەکە بە سەرئەنجام بگەیەنن. ئێستا بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبینین کە هەرچەند ئەم شۆڕشە بە سەرجەم خواستەکانی خۆی و دوا ئامانجیش کە ڕووخانی ڕژیم بوو، نەگەیشت و لە قۆناغێکدا دامرکایەوە، بەڵام توانی لە ماوەیەکی کورتدا، سەرجەم بناغە و جومگەکانی ڕژیم بخاتە لەرزە و درزی زۆر گەورە بخاتە ڕاگر و کۆڵەکەکانی وگۆڕانکاریی زۆر گەورە دروست بکات و لەم پێناوەشدا بە سەدان و هەزاران کەس گیانی بەخت کرد و خەساری گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام دیسانیش لە ئەگەری دەستوەردانی چەکداریی حیزبە سیاسییەکاندا، ڕێژە و ئاستی خەسارەکان دەکرا سەد هێندە بن و کارەساتی زۆر گەورەتر بخوڵقێت. جگە لەمانەش، پێویستە ئاماژە بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەین کە سەرەڕای خاڵەلاوازەکانی، دیسانیش توانی تاڕادەیەک جۆرێک لە وێژە و هاوگوتاریی لە نێو بەشێکی گرنگی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و ئێرانیدا بێنێتە ئاراوە کە هەر ئەوەندەش دەستکەوتی بەرچاوی بوو.
نمونەی دیکەش زۆرن بەڵام ئەگەر بمانهەوێ باسەکە لە کورتیدا ببڕینەوە دەتوانین بڵێین کە هەر ڕەوت و لایەنێکی سیاسی کە نەتوانێت گەمەی ململانیی دەستهەڵاتی ناو ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە وردیی ببینێت و ڕواڵەت و ناوەرۆکی سیمای ڕاستەقینەی باڵبالێنە ماسکدارەکەیان نەناسێتەوە و لەنێو ئەواندا بەشوێن یار و نەیاری نەتەوەکەیدا بگەڕێت و لەگوتارەکانیدا لەگەڵیان هاوتەریب بێت و سواڵی بەخشش و بەخشین لەوان بکات، بێگومان ناتوانێت پێشەنگی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، مەدەنی، سیاسی، نەتەوەیی و دادپەروەرانە بکات.
بۆ حیزبی سیاسی و بەتایبەتی ئۆرگانی ڕێبەرییەکەی، چۆنیەتی لێکدانەوەی بارودۆخی ئێستا و هەلومەرجی نوێ و لێکەوتەکانی، فاکتۆری هەرەگرینگ و بناغەی هەڵبەستنی سیاسەت و تاکتیک و گوتاریەتی. کاتێک ڕێبەریی حیزب ئیستعدادی لێکدانەوەی دروست و هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی بارودۆخی هەنووکەی نەبێت، خۆی و حیزبەکەی تووشی قەیران دەکات. قەیرانی فکریی لە ڕێبەریی حیزبدا و نەبوونی سەرکردە و کەسایەتیی کارێزماتیک لە ڕیزەکانی یەکەمی حیزب ( حیزب لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بە کەسایەتی و کارێزماکان گۆش کراون و ئەو کەلتورە لە کۆمەڵگاکانیش تا ڕادەیەک بەمشێوەیە جێکەوتوون) قەیرانی قووڵی ڕێبەریی دروست دەکات. قەیرانی ڕێبەریی وشیار و کارامەش حیزب تووشی بێگوتاریی، چەند گوتاریی، یان سەرلێشواویی لە گوتارێکی یەکگرتوو دەکات کە لە ئاکامدا دیاردەگەلی وەک، ناڕوونی سیاسەتی دەرەکیی و ناوخۆیی حیزب، باڵ باڵێن و دەستە و گروپ و فراکسیۆن و چەند بازنەیی و چەند جەمسەریی دێنێتە ئاراوە. جگە لەمانەش، حیزب بەگشتی لە چوارچێوەی ئەرک و مەبەستە سەرکییەکەی لە بنیادنانی، واتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندیی گشتی نەتەوە و نیشتمان دووردەخاتەوە.
قەیران لە گوتار و ڕێبەرییدا، یان کەلێنی گەورە دەخاتە نێوان سەرکردایەتی حیزب لەلایەک و ئەندامانی وشیار و خاوەن بیر و هەڵوێست ” بەدەنەی حیزب ” لەلایەکی دیکەوە و یان هەر بە گشتی بەدەنەیەکی ناوشیار و دەستەمۆ و نابەرپرسیار و حیزبێکی ناتەندروست و خەسیو و بەلاڕێداچوو بەرهەم دێنێت کە نەتوانای ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆی هەیە و نە توانایی بەڕۆژبوونەوەی دەمێنێت و لە مێژووی کۆنی خۆی یان خالێکی زەمەنیی بەسەرچوودا، قەتیس دەمێنێتەوە کە لە کۆتاییدا، زەرەری لە قازانجی بۆ کۆمەڵگا زیاتر و نەبوونی لە بوونی باشتر دەبێت.
بنیادنانی حیزبی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە خواست و ویستی بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا و لە نیهایەتیشدا پێکهاتەیەکی کاریگەر لە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، تێچووی خۆی هەیە. واتە حیزبی سیاسی لەسەر حیسابی سەروەت و سامانی ئینسانی و مادیی گشتیی نیشتمان دادەمەزرێت و هەربۆیە نەتەنیا مڵکی تاکەکەسیی یان دەستە و گروپ نییە، بەڵکوو وەک مڵکی گشتیی لێدێت و خۆی نیشتمان خاوەندارییەتی دەکات. هەربۆیە لە کۆمەڵگایەکی یاسامەند و تەندروستدا، حیزب بەگشتی و ڕێبەرییەکەی بەتایبەتی لەبەرانبەر کردەوە و گوتاریاندا بەرپرسیار دەکرێن. لە کۆمەڵگا وشیار و پێشکەوتووەکاندا، جگە لە یاسا فەرمی و بنەڕەتییەکان، ئەندامەکانی کۆمەڵگاش لە ڕێگای دەنگدان و دەنگنەدان، پێوەندیی یان پشتگوێخستن و بایکۆت، هەڵوێستی خۆیان لەبەرانبەر حیزبە سیاسییەکانیاندا دەردەخەن.
بە هۆی بارودۆخی جیاوازی سیاسی، تێچووی خەبات و دروستکردنی حیزب بەم مەبەستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بەتایبەتیش لە ئێران و کۆردستان، بەراورد بە ئەوروپا و کۆمەڵگا یاسامەند و پێشکەوتووەکان زۆر زیاترە. لێرە جگە لە تێچووی مادیی و هێزی ئینسانی، ئەمنییەتی گیان و ژیانی مرۆڤەکانیش لەئارا دایە. بەم پێیەش، بەرپرسیارەتی بەڕێوەبەرانی حیزبەکانیش هەستیارتر وگەورەترە.
بەکورتی دەتوانین بڵێین کە بارستایی ئەوەی گوتاری ڕوون و گشتگیر بۆ حیزب و کۆمەڵگا، هاندەر و کۆکەرەوە و پڕدەستکەوتن، هەر بەم پێیەش، ناڕوونی و ئاڵۆزیی لە گوتاردا، خوڵقێنەری بێهیوایی و پەرەوازەیی و لەکیسدانی دەرفەت و دەستکەوتەکانن. هەر بۆیە هەر لایەن و ڕەوت و حیزبێکی سیاسی کە لە لە چەند قۆناغی هەستیاری مێژوویی نەتەوەکەیدا و، لە چەندین دەرفەت و تاقیکردنەوەدا، لێکدانەوە و هەڵوێست و گوتاری هەڵە و نەگونجاوی بووبێت بەو مانایەیە کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا ، واتە خزمەت بە ئامانجە ستراتێژیکەکە، کە جگە لە بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان نییە، سەرکەوتوو نەبووە و شیاوی پێشەنگایەتی هیچ ئاخێزو شۆڕشێک نییە و ئەگەر خۆیشی دان بە شکستەکانیدا نەنێت، بێگومان ڕۆژێک بەرداشی بێڕەحمی زەمەن و مێژوو دەیهاڕێت.