By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: میکانیزمی ماشە (سنەپ بەک) لە هەڕەشەوە بۆ ڕاستی
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > میکانیزمی ماشە (سنەپ بەک) لە هەڕەشەوە بۆ ڕاستی
وتار

میکانیزمی ماشە (سنەپ بەک) لە هەڕەشەوە بۆ ڕاستی

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/10/17 at 7:23 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
12 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

سەرنجی زۆربەی باسە سیاسییەکان لە مانگی گەڵاوێژدا سەبارەت بە میکانیزمی ماشە تەنیا هۆشداریدان و لێکدانەوەی ئەگەرەکان بوو لە گەرانەوە و کارابوونەوەی ئەم میکانیزمی پەلەپیتکە، بەلام ئێستا بووەتە واقیعێکی تاڵ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

میکانیزمی گەڕانەوەی خێرا، ماشە یان پەلەپیتکە (سنەپ بەک)، ئەو دەستەواژە یاسایی و قانونییەی کە سەردەمانێک وەک “ئامرازێکی ڕێگری” لە دەقی ڕێککەوتنی بەرجام (JCPOA) دا هاتبوو، ئێستا بووەتە پەلەپیتکەی چەکێکی ڕاستەقینە کە ڕاکێشراوە و فیشەکەکەی ئاراستەی دڵی ئابووری، سیاسەت و رەوایی کۆماری ئیسلامی کراوە.

لە ٢٥ی سێپتامبری ٢٠٢٥ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە فەرمی گەڕانەوەی سزا هەڵگیراوەکانی سەر ئێرانی پەسەند کرد. سێ وڵاتی ئورووپایی (بریتانیا، فەرەنسە و ئاڵمان) لەگەڵ ئەمریکا ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە ڕەتکردنەوە و قەبوڵ نەکردنی داواکاری تەکنیکی و ڕێکخراوەیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ دۆخی پێش بەرجام (JCPOA) خۆش کردووە. لەو ڕۆژەوە ئێران ئیتر “لە لێوار و لە ئەگەر” نا بەڵکو لە ناوەڕاستی کەوتن و داڕمانی ئابووری و سیاسیدایە.

میکانیزمی گەڕانەوەی خێرای گەمارۆ نێو نەتەوەییەکان بە بێ ئەوەی پێویستی بە دەنگدان بێ چالاک کرا؛ تەنیا بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی فەرمی لەلایەن سێ وڵاتی ئوروپاییەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش. هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی کورت و پوخت و رووندا پشتڕاستی کردەوە کە “گەمارۆکانی پێشوو بەپێی بڕیارنامەکانی ١٧٣٧، ١٧٤٧، ١٨٠٣ و ١٩٢٩ دووبارە دەسەپێنرێنەوە و پێویست بە جێبەجێ کردن لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاننن .

لەو ساتەوەختەوە و دەستبەجێ  زنجیرەیەک کاردانەوەی جیهانی دەستی پێکرد.ئەمریکا دەستبەجێ لیستێکی نوێی کەسان و نیهادە ئێرانییەکانی تەحریم کرد و هۆشداریدا لەوەی هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، سزای لاوەکیی بەسەردا دەسەپێندرێت.

یەکێتی ئەوروپا لە دووی ئۆکتۆبرەوە دەستیکرد بە جێبەجێکردنی سزاکانی نەوت و بانکی و هەروەها هەناردەکردنی هەر جۆرە ئامرازێکی تێکنۆلۆژی بۆ ئێرانی قەدەغەکرد.

چین و ڕووسییە بە لێدوانی موبهەم و ناڕوون وەڵامیان دایەوە، نە بە ئاشکرا دژایەتیان کردووە و نە بە توندیش پشتگیریان کردووە؛ نیشانەیەک لەوەیکە چیتر ئامادە نین باجی سیاسەتە فەشەل و  بێبنەماکانی تاران بدەنەوە.

بەڵام سەرسوڕهێنەرترین کاردانەوە، کاردانەوەی تورکیە بوو. بۆ یەکەمجار لە ماوەی چوار دەیەدا تورکیە بە ئاشکرا لایەنگری ڕۆژئاوای کرد.

 ئانکارا کە ڕێگایەکی سەرەکی بووە بۆ دەربازبوونی ئێران لە گەمارۆکان و بازرگانی سنوور بەزاندن و دەوردانەوەی ئابلۆقەکان، لە بەیاننامەیەکدا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند کە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان” بڕیاری داوە دەست بە جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دژی ئێران بکات.

دوابەدوای ئەم بڕیارە، بانکەکانی تورکیا هەژمارە ئێرانییەکانیان بەست و دەیان بارهەڵگری ئێرانی لە سنووری بازرگان ڕاگیران و مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

شیرکەت و کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە پارێزگاکانی وان و هەکاری کە سوودیان لە بازرگانی لەگەڵ ئێران وەرگرتووە، ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێران راگرتووە.

لە هەمان کاتدا دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو بە تایبەتی عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و بەحرەین هەموو هاودەنگی ئەمریکا بوون لە جێبەجێکردنی سزاکان.

بەندەری فوجەیرە لە ئیمارات ڕایگەیاند کە هیچ کەشتییەکی بارهەڵگری نەوت (کەشتی تانکێری نەوت) کە هی ئێران بێت و ئاڵای ئێران هەڵبکات قبوڵ ناکەن. عەرەبستانی سعودی هاوردەکردنی هەر جۆرە کاڵایەکی لە سەرچاوە ئێرانییەکانەوە قەدەغە کرد و تەنانەت عومانیش وەک  نزیکترین وڵاتی عەرەبی لە ڕووی سیاسییەوە بە ئێران، چالاکی بەشێکی بەرچاو لە کۆمپانییە ئێرانییەکانی لەسەر خاکەکەی ڕاگرت.

لەم گۆرانکاریە کە پتر لە بواری ئابورییەوە مانای هەیە، بۆ یەکەمجارە جیهانی عەرەبی و تورکیە لە یەک بەرە و لەیەک تەوەردا لە دژی کۆماری ئیسلامی یەکگرتوو بوون.

ئەو مەحالەی  پێش کارابوونەوەی میکانیزمی ماشە و سنەپ بەک بوو، ئێستا مومکین بووە و خەریکە نەزمی نوێی ناوچەکە لە قاڵب دەدات.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی کارابوونەوەی میکانیزمی پەلەپیتکە و گەرانەوەی خێرای گەمارۆ و سزاکان ، بازاڕی تمەنی تاران لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە تەواوەتی داڕما.

نرخی دۆلار و زێر مەرزە نەبڕاوەکانیان بەزاندووە و چرکە بە چرکە ڕێکوردەکانی پێشووی خۆیان تێپەر دەکەن، پێوەری بازاری بورس لە ماوی کەمتر لە یەک حەوتودا بە ڕێژەی 40% دابەزیوە و ئەم رەوتەش لە بەردەوامیدایە.

بانکی ناوەندی کە پێشووتر بە چاپی لە رادەبەدەری پوڵ (کە پێی دەڵێن تەزریقی مەسنوعی و دەستکرد) هەوڵی ئەوەی دابوو بازار کۆنترۆڵ بکات، هەموو پاشکەوتەکانی خۆی لەدەست داوە.

زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە حەوڵی ئەوەدان پارە و تمەنەکانیان بگۆرنەوە بە دۆلار و زێر و بۆیە رۆژانە و هەموو شار و شرۆچکەکان شایەتی سەفی دوور و دڕێژی خەڵکین بۆ کڕینی دۆلار و زێر.

بازاڕی ماشێن و ئۆتۆمبێل و خانووبەرەش تووشی شۆک بووە؛ لە هەندێک شاردا نرخەکان دوو هێندە زیادی کردووە، بەڵام لەولاشەوە کڕیار نییە.

بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی سەرەتایی و کەمیی دەرمان جارێکی دیکە خەریکە هەنگاو بە هەنگاو خەڵکی نارازی دێنێتەوە سەر شەقام.

لە مەشهەد و ئیسفەهان و سنە دروشمی “نان، دەرمان، ئازادی” وتراوە؛ دروشمێک کە هەم باسی هەژاری و هەم بێمتمانەیی بە داهاتوو دەکات.

لەراستیدا دۆخی سیاسی و ئەمنی لە ناوخۆی ئێران لەو پەڕی ناسەقامگیریدایە. لەناو حکومەتدا کەلێنی نێوان فراکسیۆنەکانی “دەسەڵات” قوڵتر بووەتەوە.

هەرچی پزیشکیان و کابینەکەیەتی پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی “بەرخۆدانی چالاک (مقاومت فعال)” دەکەنەوە، بەڵام فەرماندەکانی سوپای پاسداران بە پەیرەوی لە خواستەکانی خامنەیی دەیانەوێت “وەڵامی ڕێگریکردن (پاسخ بازدارندە) ” بە ئەمریکا و ئیسرائیل بدەنەوە.

هەندێک لە ئەندامانی بەناو پارلەمان و مەجلیس باسیان لە “کشانەوەی ئێران لە NPT” کردووە، بەڵام بەشێکیش لە پسپۆڕانی ناوخۆیی دەسەڵات هۆشدارییان داوە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت بزماری کۆتایی بێت لە تابووتی رەوایی نێودەوڵەتی ئێران.

لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتیەکان بەشێوەیەکی وردە وردە و بەربلاو، بەڵام بەردەوام بەڕێوەدەچێت. کۆماری ئیسلامی بۆ چاوەترسێنکردنی خەڵک و لە ترسی گیانی خۆی ماشێنی ئێعدامی چالاکان و زیندانیانی سیاسی خێراتر و کاراتر کردووەتەوە. جاربەجار بانگهێشت و هەڕەشە بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی روولە زیادبوونە. کوژانەوەی ئینتێرنێت و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

لە هەمان کاتدا هەڵاتنی سەرمایە و کۆچی کەسانی نوخبە  زۆر لە جاران چڕتر بووەتەوە و هەزاران لاو و گەنج لە حەولدان و ڕیزیان گرتووە بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن.

لە بواری ئەمنییەوە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە جاران ناوچە کوردستانییەکانی بە هێنانی هێزی نیزامی سوپای پاسدارنی لەرادەبەر و چەکی قورس میلیتاریزە کردووە، لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان ئاستێک لە حکومەت نیزامی بەڕێوە دەبات و هیچ کەس و دوکان و بازارێک بۆی نییە لە کاتژمێر 23:00 بەولاوە کراوە و لەدەرەوە بێت. ئێعدامی زیندانیانی سیاسی کوردی لە ژێر ناو و تۆمەتی جۆراوجۆردا خیراتر و چڕتر بووەتەوە. هێزە سەربازییەکان لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی شار و شارۆچکەکان جێگیرن و کەشوهەوایەکی گرژ و ئاڵۆزی هەیە.

جیا لەم کاردانەوانەی رژیمی کۆماری ئیسلامی بە کارابوونەوەی میکانیزمی ماشە لە کوردستانی رۆژهەلات دەبینین و بەرچاوە کە کاریگەری گەمارۆکان لەبواری ئاوبووری و بژێوی ژیانی خەڵکیش لە کوردستانی رۆژهەڵات زووتر و توندتر لە ناوچەکانی تر هەستی پێکراوە. بازاڕە سنوورییەکانی باشماق، بانە، و سەردەشت و  پیرانشار بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەو داخرانی بازەرگانی دەچن. هەزاران کۆلبەر کارەکانیان لەدەستداوە، بێکاریش لە کوردستانی رۆژهەڵات گەیشتووەتە ئاستێکی نەبیندراو. ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕە سنوورییەکان لەگەڵ تورکیە تارادەی زۆر بر ئەنجام گێشتووە و نرخی خۆراک و کەلوپەلی سەرەتاییش بۆ سێ هێندە زیادی کردووە.

چالاکبوونی میکانیزمی ماشە هاوکێشەی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕیوە. بە پێی هەواڵەکان لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ناوەندە بەڕیوەبەری و سەربازییەکانی ئێران ئەنجامداوە.

هەروەها ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە کەنداو و ناوچەکە بەهێزتر کردووە و چەندین فڕۆکەی تانکەری سوتەمەنی فرۆکەی شەڕ و کەشتی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

لەبەرامبەردا کۆماری ئیسلامی بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ گرووپە نیابەتی و پروکسییەکانی لە عێراق، یەمەن و لوبنان هەوڵی داوە ” جیبهەی مقاومەت (بەرەی خۆڕاگری)” هێزی خۆی نیشان بدات.

بەڵام ئەم مانۆر و ڕێوشوێنانەی کۆماری ئیسلامی نەک هەر نەیانتوانیوە ڕێگری و بەرگری لێبکەن، بەڵکو بیانوویەکیشیان بۆ ڕۆژئاوا دابینکردووە تا دۆسیەی ئێران لە “پرسێکی ئەتۆمی”وە بۆ “مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهانی” بەرزبکاتەوە.

لە جیهانی عەرەبیدا، بە تایبەت عەرەبستانی سعودی و ئیمارات، لێکنزیکبوونەوەیەکی بێ وێنەی هاوکاری هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە جموجۆڵەکانی ئێران ڕوویداوە. لە ئەنجامدا تاران لە هەموو کاتێک زیاتر گۆشەگیرتر و تاک تەریکترە. لە ڕۆژهەڵاتدا هاوپەیمانی ڕاستەقینەی نییە، نە لە ڕۆژئاوا، نە لە وڵاتانی جیران و  دراوسێکانیشیدا.

زۆربەی لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی دۆخی ئێستای ئێران بە بەرهەمی نزیک پێنج دەیە هەڵەی ستراتیژی دەزانن؛ لە پشتگوێخستنی یاساکانی قاعیدەی گەمەی جیهانییەوە بۆ گۆڕینی دیپلۆماسی بە ئامرازێکی ئیدیۆلۆژی. بەتایبەت لە دوو دەیەی رابردوو و لەسەر پرسی پیتاندنی ئۆرانیۆم، کۆماری ئیسلامی لەبری دووبارە بونیادنانەوەی متمانەی جیهانی پشتی بە دروشمی پووچ و نمایشی مقاومەت و خۆڕاگری بەست.

لە کاتێکدا جیهان لەسەر بنەمای کارلێککردن و بەرژەوەندی هاوبەش بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر میحوەری “گۆشەگیری، ئینزوا و  دوژمنایەتی” دەسوڕایەوە. ئەمڕۆ نەک هەر گەمارۆکان گەڕاونەتەوە، بەڵکو چەمکی “دیپلۆماسیەتی ئێران”یش لەسەر ئاستی جیهانیدا بێ بایەخ و بێ ئێعتبار بووە.

چین و ڕووسیە کە سەردەمانێک بەرگرییان لە تاران دەکرد، ئێستا لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بێدەنگن. هەروەها ئوروپا چیتر دیالۆگی ناوێت، بەڵکو سزاکان جێبەجێ دەکات. بە سادەیی، کۆماری ئیسلامی لە سەر مێزی دانوستان لە ئاستی جیهانی دوور خراوەتەوە و لابردراوە.

لەم بارودۆخەدا چارەنوسی کۆماری ئیسلامی  بە سێ سیناریۆدا دەتوانێ تێپەرێت؛ یەکەم، داڕمانێکی هەنگاو بە هەنگاو؛ واتە تێکەڵبوونی قەیرانی ئابووری و داڕمانی نرخی ئەرز و تمەن و ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی دەتوانێت لە ناوەوە ڕژێم ماندوو و فەرسودە بکات. لەم سیناریۆیەدا، رژیم بەبێ شەڕ داڕدەرمێت؛ وەک شۆرەوی  لە دەیەی نەوەددا.

دووەم، گۆڕانی ناو سیستەم؛ بەو واتایە کە بەشێک لە سوپای پاسداران یان دەزگا ئەمنییەکان دەتوانن هەوڵ بدەن ئەو ساختارە بە لابردنی کەسایەتییە سەرەکییەکان لە حکومەت ڕزگار بکەن؛ کودەتایەکی نەرم یان گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی نەرم و کۆنترۆڵکراو.

سیهەم، چوونە ناو قۆناغێکی ململانێی ناوچەیی؛ بەو واتایە کە ئەگەر حکومەت هەست بەوە بکات کە داڕمان حەتمییە، لەوانەیە بە وروژاندنی ململانێی نیزامی لە کەنداو و خەلیج یان ئیسرائیل قەیرانەکە بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات؛ سیناریۆیەکی مەترسیدار کە دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە قۆناغێکی نوێی شەڕەوە.

بەهەر حال  ئەوەی ئێرانی گەیاندووەتە ئەم ئاستە، دوژمنێکی دەرەکی نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەک بڕیاری هەڵە و گەندەڵی پێکهاتەیی و ئینکاری واقیع  و راستی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. ئەو خەڵکەی ئەمڕۆ بۆ دەرمان و نان و دۆلار لە سەفدا راوەستاون، قوربانی ئەو سیاسەتانەن کە رژیمی ئێران ساڵانێکە عەقڵ و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کردووەتە قوربانی ئیدیۆلۆژی نێهزەتی کۆماری ئیسلامی و دەسەلاتی شێعەی دوازدە ئیمامی و هەناردەکردنی بۆ جیهان.

میکانیزمی ماشە یان پەلەپیتکە تەنیا  دەستپێکەر و ماشەیەکی یاسایی نییە؛ ئاوێنەیەکە هەموو شکستە سیاسی و ئابووری و ئەخلاقیەکانی کۆماری ئیسلامی بە جیهانی نیشان دا. ئێران کە لەسەر ڕێگای داڕمانی وردە وردەدایە، چیتر ناتوانێت بە دروشم بژی و مەرگ و نەمان یان بە هەڕەشە جیهان بێدەنگ بکات.

ئەمجارەیان، پەلەپیتکەی ئەم چەکە راستەقینەیە راکێشراوە و فیشەکەکەشی ئاراستەی دڵی ئابووری، سیاسەت و رەوایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوەشی نییە.

TAGGED: ئاسۆی رۆژهەڵات ژمارە ٢٠٠, دارا قوڕەیشی, کۆمەڵە, میکانیزمی ماشە (سنەپ بەک) لە هەڕەشەوە بۆ ڕاستی
KomalaMedia 2025/10/17
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر پابەندبوونە یاساییەکانی “سناپبەک “بەپێی یاسای یەکێتی ئورووپا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?